له سه‌ره‌تادا ده‌مه‌وێ وه‌ك پێش ده‌ستیه‌ك روونكردنه‌وه‌یه‌ك بده‌م، یه‌كه‌م ناونیشانه‌كه ووشه‌ى تهریقهتم دانا له جیاتى رێباز، چونكه ووشه‌ى ته‌ریقه‌ت باوتره، دووه‌م ووشه‌ى شێخایهتیم دانا چونكه ووشه‌یه‌كى باشتره وه‌ك له‌وه‌ى بڵێم سۆفیگه‌ریى، چونكه سۆفیگه‌رى له‌وانه‌یه به‌س بۆ ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندى بێت.
هه‌روه‌ها به‌شێكى ئه‌م نووسینه‌م له كۆڕێك باس كردووه ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له شارى كه‌ركوك، به‌ڵام له ئێستادا كه بابه‌تى مردنى شێخ محه‌مه‌د كه‌سنه‌زانى و هاتنى دهروێشهكانى هاته كایه‌وه گوتم هه‌لێكى باشه ئه‌م بابه‌ته بكه‌مه نووسین و بڵاوى بكه‌مه‌وه، دواى ئه‌وه‌ى شه‌پۆلى باسكردنى ده‌روێشه‌كان به باش و خراپ له سۆشیال میدیا كپ بۆوه.
ساڵى 1514 زاینى كه شه‌ڕى چاڵدێران له‌سه‌ر خاكى كوردستان روویدا له نێوان هه‌ردوو ئیمپراتۆریه‌تى توركى سه‌فه‌وى و عوسمانى، ئه‌نجام شكستى سوپاى سه‌فه‌وى مه‌زهه‌ب شیعه‌ى موسڵمان بوو له به‌رامبه‌ر سه‌ركه‌وتنى سوپاى توركى عوسمانى سوننه مه‌زهه‌ب، دواى ته‌واو بوونى شه‌ڕه‌كه به‌شى هه‌ره زۆرى خاكى كوردستان به‌ر ده‌وڵه‌تى عوسمانى كه‌وت. میره كورده‌كان ئه‌مه‌یان لا خۆشتر بوو چونكه به‌هۆى جیاوازى مه‌زهه‌بى یارمه‌تیده‌رى عوسمانى بوون بۆ بردنه‌وه‌ى شه‌ڕه‌كه، له‌وانه‌یه گه‌ر كورده‌كان نه‌بوونایه زه‌حمه‌ت بوو سوڵتان سه‌لیمى یه‌كه‌م(1470_1520) جه‌نگه‌كه له شا ئیسماعیڵى سه‌فه‌وى (1487_1524) بباته‌وه.
له بنه‌ڕه‌تیشدا سوپاى عوسمانى كه ئاراسته‌ى سوپاى له رۆژئاوا و كیشوه‌رى ئه‌وروپا سوڕانده‌وه بۆ ئاسیا و رۆژهه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى له‌سه‌ر داوا و پاڕانه‌وه‌ى مه‌لا ئیدریسى به‌دلیسى (1452_1520) بوو، كه یه‌ك بووه له پیاوه ئاینى و كۆمه‌ڵایه‌تى و دیاره‌كانى ئه‌وكاتى كورد، له‌ژێر پاله‌په‌ستۆ و ته‌وژمى جیاكاریى مه‌زهه‌بى شیعه‌ى توركه سه‌فه‌ویه‌كان په‌ناى بۆ توركه عوسمانیه‌كان بردووه، جا هۆكاره‌كه زوڵمى زۆرى سه‌فه‌ویه‌كان بووه یان بیركردنه‌وه‌ى دهمارگرژانهى مه‌زهه‌بى و ئاینى بووه، له‌وانه‌یه لایه‌نى مه‌زهه‌بى زیاتر كاریگه‌ر بووبێت ئه‌گه‌رنا هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌كه تورك بوونه و هه‌ردووكیشیان چه‌وسێنه‌ر بوونه و هیچیان جگه له كوشتن و باج و سه‌رانه سه‌ندن زیاتریان پێ نه‌بووه بۆ كورد وه‌ك میلله‌ت و نه‌ته‌وه.
دواى ته‌واو بوونى جه‌نگ سوڵتان سه‌لیم ویستى یه‌ك له میره كورده‌كان بكات به میرى میرانى كوردستان وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه، به‌ڵام گوایه هیچ یه‌ك له میره‌كان ڕه‌زامه‌ند نه‌بوونه كه هاونه‌ته‌وه و هاوزمانى خۆیان ببێته گه‌وره‌یان، بۆیه سوڵتان كۆنه سه‌درى ئهعزهمێكى خۆى ده‌كاته سه‌رپه‌رشتیاریان، به‌ڵام له‌وێ فه‌رمانى ده‌ره‌به‌گ بوون بۆ (16) میرى كورد ده‌رده‌كات كه میراتى به پشتاوپشت به‌سه‌ر میرنشینه‌كانى خۆیانه‌وه بكه‌ن، بێگومان ده‌ره‌به‌گ له بنه‌ڕه‌تدا به ماناى خاوه‌نى دۆڵ یان سه‌ردار و ئاغاى چه‌م و دۆڵ دێت.
له‌و رۆژه‌وه گه‌لى كوردستان دابه‌شى سه‌ر دوو به‌شه خاكى گه‌وره بوو به ناوى كوردستانى عوسمانى و كوردستانى سه‌فه‌وى، ئه‌م دوو به‌شه‌ش دابه‌شى سه‌ر چه‌ندین ئه‌ماره‌ت و كانتۆنى ناوچه‌یى و لۆكاڵى بوون، نموونه به‌شه‌كه‌ى عوسمانى شازده میرنشین بوو جگه له‌و شار و ناوچانه‌ى راسته‌وخۆ له ژێر ده‌سه‌لاتى ده‌وڵه‌تى عوسمانى بوون، بۆیه كوردستان پارچه‌پارچه كرا و له زۆر بابه‌تى سیاسى و كه‌لتورى و ئابوورى لهیهكى دابڕى.
تێكشكانى نه‌ته‌وه‌ى كورد له ڕووى سیاسییه‌وه:
وه‌دیع جوێده (1916_2000) مێژوونووسى ئه‌مه‌ریكى به ره‌گه‌ز عێراقى له كتێبه‌كه‌یدا (الحركه القومیه الكوردیه) باس له یه‌كه‌م هه‌نگاوى تێكشانى نه‌ته‌وه‌یى كورد له رووى سیاسیه‌وه ده‌كات، ئه‌ویش ئه‌و فه‌رمانه‌ى سوڵتان سه‌لیمى عوسمانى كه كوردستانى به‌سه‌ر شازده میرنشین دابه‌شكرد، ئه‌م دابه‌شكارییه له ڕووى سیاسیه‌وه نه‌ته‌وه‌ى كوردى له‌یه‌ك دابڕى، ئه‌گه‌رچى له ڕووى زمان و كه‌لتوره‌وه هه‌ر بهیهكگرتووى مایه‌وه، به‌ڵام له رووى سیاسیه‌وه بۆ ماوه‌ى زیاتر له سێ سه‌ده كوردستانى به شێوه‌یه‌كى سیستماتیك تێكشكانده ناوخۆى خۆى، چونكه له‌م پێودانگه میرنشینه‌كان كێشه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ى كورد كه‌متر مایه‌وه ئه‌وه‌ندى كێشه‌كانیان بۆ ناوخۆى خۆ بوو بۆ دووژمنانى ده‌ره‌وه نه‌بوو، تاكو شهرفخانى به‌دلیسیش (1543_1603) له كتێبه‌كه‌ى دا شه‌رفنامه باس له كێشه و شه‌ڕ و ئالۆزیه‌كانى ناوخۆى كوردستان ده‌كات.
هه‌میشه ئه‌گه‌ر میرنشینێكى كورد خه‌ون و خولیاى فراوان خوازى و تۆكمه كردنى ده‌سه‌ڵاتى خۆى هه‌بووبێ یه‌كه‌م رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ میرنشینه‌كانى ده‌ورووبه‌رى بووه، نموونه میرنشینى سۆران كێشه‌ى سه‌ره‌كى له‌گه‌ڵ میرنشینى بابان و بادینان هه‌بووه، بابان له‌گه‌ڵ سۆران و ئه‌رده‌ڵانى هه‌بووه، بادینان له‌گه‌ڵ سۆران و هه‌كارى و بۆتانى هه‌بووه، جا پێ به‌پێ به‌ناویه‌كدا چڕژاون، له هه‌ر كاتێكیش ئه‌گه‌ر یه‌كیان زیاد له پێویست گه‌شه‌ى كردبێ و به میرنشینه‌كانى ده‌وروبه‌رى كۆنتڕۆڵ نه‌كرابێ ئه‌وه ده‌وڵه‌تى عوسمانى خۆى له‌شكر كێشى كردۆته سه‌رى، وه‌ك ئه‌و لهشكركێشیهى كه له ساڵى (1654) كرایه سه‌ر میرنشینى به‌دلیس و ده‌رپه‌ڕاندنى میر عه‌بداڵخان له وڵاته‌كه‌ى.
سه‌ركێشى و ئاڵۆزى میرنشینه كورده‌كان به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر یه‌ك هێل تاكو نیوه‌ى یه‌كه‌مى سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌م، له‌م ماوه‌یه‌دا میرنشینه كورده‌كان له‌به‌ر ململانێى و تێكهه‌ڵچوون له‌گه‌ڵ یه‌كتر نه‌یان توانى بیر له بنیادنانى شارستانیه‌تێكى وا بكه‌نه‌وه كه ببێته هۆكارى دروست بوونى ژێرخان و سهرخانێكى سه‌رده‌میانه تاكو فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بى كوردى گه‌شه بكات و ئاراسته‌یه‌كى سیاسى نه‌ته‌وه‌یى بێته به‌رهه‌م و قه‌واره‌یه‌كى كوردى بێته به‌رهه‌م.
شاعیرێكى وه‌ك ئه‌حمه‌دى خانى (1650_1707) كه ده‌توانین بڵێین فه‌یله‌سوفى بیرى نه‌ته‌وه‌یى كوردییه هاوار ده‌كات ئیتر هه‌قه كورد له خۆخۆرى بوه‌ستێ و یه‌ك بگرێ و قه‌واره‌یه‌كى نه‌ته‌وه‌یى تایبه‌ت به‌خۆى دابمه‌زرینێ و هیچى تر نه‌بێته دارده‌ستى بێگانه، به‌ڵكو خۆى رێبه‌رایه‌تى خۆى بكات، له پارچه شیعرێك ده‌نووسێت:
گـــه‌ر دێ هه‌بوا مه ئیتیـــــــــــــفاقهك
ڤێــــــــــــــــگرا بـكرا مه ئینقیــــادهك
روم و عـــــهرهب و عهجــــــــهم ته‌مامى
ههمیــــــــا ژ مهرا دكر غــــــــــــــولامى
تهكمیــــــــــــل دكر مه دین و دهولــــهت
تحصیــــــــل دكر مهعیلم حیـــــــــكمهت
دۆخى میرنشینه‌كان به‌رده‌وام بوو، تاكو له كۆتایى سه‌ده‌ى هه‌ژده‌هه‌م و سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیسته‌م جۆرێك له هۆشیارى گه‌یشته بیرى میره كورده‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌وژمه سیاسى و فهرههنگیهى كه هیواش هیواش له ئه‌وروپاوه ده‌په‌ڕیوه رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و سنورى قه‌له‌مڕه‌وى ده‌وڵه‌تى عوسمانى.
بۆیه له سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌م گۆڕ‌انى سیاسى و فه‌رهه‌نگى له میرنشینه كوردییه‌كان به ئاشكرا به‌ده‌ركه‌وت، ئه‌مه وایكرد ئه‌ماره‌ته كوردیه‌كان خۆیان به‌هێز بكه‌ن و سوود له شپرزه‌یى ده‌وڵه‌تى عوسمانى وه‌ربگرن.
جوڵانه‌وه‌ى سیاسى ده‌ستىپێكرد میرنشینى سۆران له‌سه‌ر ده‌ستى میر محه‌مه‌د پاشاى گه‌وره ساڵى 1826گه‌شه‌ى به‌رچاوى به‌خۆیدا، هه‌روه‌ها میرنشینى بۆتان له‌سه‌ر ده‌ستى میر به‌درخان پاشا ئه‌ویش جوڵانه‌وه‌یه‌كى سیاسى و سه‌ربازى ده‌ست پێكرد تاكو ساڵى 1846 له ئه‌نجامى له‌شكركێشى عوسمانى و خیانه‌تى یه‌زدان شێرى ئامۆزاى كۆتایى به ده‌سه‌ڵاتى هێنرا، میرى بابان و هه‌كارى و وان و به‌دلیس و یه‌زدان شێر و چه‌ندانى تر به‌ڵام ده‌وڵه‌تى عوسمانى له ژێر فشار و داواى وڵاتانى ئه‌وكاتى ئه‌وروپا و ناوخۆى خۆى هه‌ڵسا به ئه‌نجامدانى له‌شكر كێشى بۆ سه‌ر میرنشینه‌كان له ماوه‌ى چه‌ند سالێك كۆتایى به قه‌ڵه‌مڕه‌وى ته‌واوى میرنشینه ده‌ره‌به‌گه‌كان هێنا.
وورده وورده شوێن كاریگه‌رى و هه‌ژموونى ده‌ره‌به‌گه كورده‌كان به پیاوانى ته‌ریقه‌ت و پیاوه ئاینیه ناوداره‌كان پڕ ده‌كرایه‌وه، له كۆتایى سه‌ده‌ى هه‌ژده‌هه‌م و سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌م ته‌ریقه‌تى شێخایه‌تى له كوردستان گه‌شه‌ى كرد و شوێن پێى خۆیان قایم كرد و دواتر له‌گه‌ڵ دروست بوونى بۆشایى سیاسى به نه‌مانى ده‌ره‌به‌گه كورده‌كان، ئه‌وان بوون به ده‌مڕاست و نوێنه‌رى بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى و فه‌رهه‌نگى كورد، چاك و خراپ ئه‌وان زۆر به ئاسانى توانیان شوێن گۆڕكێ بكه‌ن له‌گه‌ڵ ده‌ره‌به‌گه كورده‌كان، ئه‌م شوێن گرتنه‌وه‌یه چه‌ند هۆكارێكى له پشته‌وه بوو به‌ڵام ده‌ره‌به‌گه كورده‌كان واته میره‌كان تاكو ئه‌م چركه ساته‌ش نه‌یان توانى بارى كهوێندراوی خۆیان ڕاست بكه‌نه‌وه.
سه‌رهه‌ڵدانى ته‌ریقه‌تى شێخاتى له كوردستان:
وه‌ك دیارده‌یه‌كى ئاینى و كۆمه‌ڵایه‌تى ته‌ریقه‌تى سۆفیگه‌رى و عیرفانیه‌ت و شێخایه‌تى له كۆتایه‌كانى سه‌ده‌ى هه‌ژده‌هه‌م به‌ره‌و گه‌شه‌كردن رۆیشت له كوردستان، دواى ئه‌وه‌ى ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندیش له‌سه‌ر ده‌ستى مه‌ولانا خالیدى نه‌قشبه‌ندى و سه‌ید ته‌هاى نهیرى هێنرایه كوردستان، ململانێ و ركابه‌رى ده‌ستى پێكرد له‌گه‌ڵ ته‌ریقه‌تى قادرى كه تهریقهتێكى كۆنتر بوو له كوردستان.
بۆ ڕ‌ازى كردن و خستنه ژێر باڵى خۆیان میرنشینه كورده‌كان زوو كه‌وتنه رازى كردنى شێخه‌كانى ته‌ریقه‌ت له رێگاى پێدان و وه‌قف كردنى زه‌وى و زارى زۆرى كشتو‌كاڵى بۆ ته‌كیه و خانهقاكانیان.
دواى ئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى عوسمانى له ژێر فشارى وڵاتانى ئه‌وروپا ده‌ستى به چاكسازى كرد، سوڵتان مه‌حمودى دووه‌م (1808_1839) سوپاى یهنیكچهرى هه‌ڵوه‌شانده‌وه و بنه‌ماى ده‌ستوورى به‌ناوى خه‌تى گوڵخانه دانا، له هه‌مان كاتدا سوپایه‌كى گه‌وره‌ى نارده كوردستان و میرنشینه كورده‌كانى یه‌ك له دواى یه‌ك رووخاند، ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌تى عوسمانى به‌سه‌ر شار و ناوچه‌كانى كوردستاندا چه‌سپاند، به‌ڵام ئه‌مه نه‌یتوانى وابكات ده‌وڵه‌تى عوسمانى كۆنتڕۆڵى ته‌واوى كوردستان بكات، بۆیه له نیوه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌م ده‌وڵه‌تى عوسمانى هه‌ڵسا بیرى له رێگا چاره‌ى تر كرده‌وه بۆ كۆنتڕۆل كردنى كوردستان، چونكه پێشتر میرنشینه‌كان یاخود ده‌ره‌به‌گه كورده‌كان وه‌ك ناوچه‌یه‌كى ئۆتۆنۆم هه‌موو كاروبارى خۆیان به‌ڕێوه ده‌برد و باج و سه‌رانه‌یان یه‌ك جێ ده‌دا به ده‌وڵه‌تى عوسمانى، له كاتى پێویستیش ده‌بوایه سوپا ئاماده بكه‌ن بۆ به‌شداریكردن له شه‌ڕ به‌ڵام دواى رووخاندنى میرنشینه‌كان دۆخه‌كه قوڕس بوو بۆ ده‌وڵه‌تى عوسمانى كه خۆى ده‌وڵه‌تێكى په‌رپوت و سواڵكه‌ر و تاڵانچى بوو، بۆشایه‌كى گه‌وره له كوردستان دروست بوو، بۆیه ده‌وڵه‌تى عوسمانى بیرى كرده‌وه له جێگاى ده‌ره‌به‌گه كورده‌كان بایه‌خ به شێخه‌كانى ته‌ریقه‌ت بدات و پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئاینیان گه‌وره بكات و مووچه‌یان پێبدات و وه‌قفى زه‌وى و زاریان له‌سه‌ر بكات.
دیاره جگه له‌و بۆشایه‌ى كه به‌هۆى نه‌مانى ده‌ره‌به‌گه كورده‌كان هاتبۆ كایه‌وه هۆكارێكى تر له پشتى ئه‌م بایه‌خ پێدانه‌وه بوو ئه‌وێ رۆژێ، ئه‌ویش موژده‌به‌ره مه‌سیحیه‌كان (مسیۆنێره‌كان) به هه‌موو لایه‌كى كوردستاندا بڵاوبووبوونه‌وه بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى ئاینى مه‌سیحى، له‌وانه‌یه ئینجیل یه‌كه‌م كتێبى كوردى بێت كه به زمانێكى ره‌وان و چاپێكى جوان چاپ كرابى، ئه‌مه‌ش هۆكارێكى تر بوو بۆ ئه‌وه‌ى مه‌سیحیه‌ت له كوردستان گه‌شه نه‌كات و پێگه‌ى وڵاتانى ئه‌وروپى له كوردستان به‌هۆى ئاینى مه‌سیحى به‌هێز نه‌بێت.
بۆیه له نیوه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌م ته‌ریقه‌تى شێخایه‌تى زۆر گه‌شه‌ى كرد، قادرى و نه‌قشبه‌ندى له هه‌موو شار و ناوچه‌یه‌كى كوردستان بڵاوبووونه‌وه، له باشورى كوردستان بهرزنجیهكان و تاڵه‌بانیه‌كان ركابه‌رى یه‌كتر بوون بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى ته‌ریقه‌تى قادرى، ته‌ریقه‌تى نه‌قشیش له دواى ده‌رچوونى مه‌ولانا خالید له سلێمانى ناوچه‌كانى هه‌ورامان و شه‌ده‌له بوونه ناوه‌ندى بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌م ته‌ریقه‌ته، له‌ولاش گوندى نهیرى ناوچه‌ى هه‌كارى ناوه‌ندى بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌م ته‌ریقه‌ته بوو.
سه‌ره‌ئه‌نجام شوێنى ده‌ره‌به‌گه كورده‌كان زیاتر به ته‌كیه و خانه‌قاكان پڕكرایه‌وه، نموونه له شوێنى ئه‌ماره‌تى بابان بنه‌ماڵه‌ى كاكه ئه‌حمه‌دى شێخ بوونه جێگره‌وه له سلێمانى، له كه‌ركوك و كفرى تاڵه‌بانیه‌كان و بنه‌ماڵه‌ى خانه‌قا له ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندى، له سۆران بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و شێخ ره‌شیدى لۆلان، له هه‌كارى بنه‌ماڵه‌ى شێخ عه‌بدوڵاى نهیرى، له بادینان بریفكانى و ئه‌تروشى و چه‌ندانى تر.
له هه‌مان كاتدا له پاڵ شێخانى ته‌ریقه‌ت بنه‌ماڵه ئاینیه‌كانیش بوون به خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموون بۆ كۆنتڕۆل كردنى بارى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى و ئابوورى ناوچه‌كانى خۆیان، هه‌روه‌ها سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانیش رَۆڵیان هه‌بوو، به‌ڵام هه‌میشه سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان وه‌ك جۆریك له ئیلتیزام ده‌بوایه سه‌ربه ته‌ریقه‌ته‌كان بوونایه، بۆیه له زۆر شوێن سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و ته‌ریقه‌ت له یه‌ك كه‌س و بنه‌ماڵه یان له دوو بنه‌ماڵه‌ى هاوپه‌یمان پێكده‌هات.
ئه‌گه‌رچى به‌پێى سه‌رده‌م زۆر له بنه‌ماڵه‌ى شێخه‌كان لاواز بوونه، به‌ڵام ته‌ریقه‌ت هێشتا له كوردستان بوونى هه‌یه و خاوه‌ن هه‌ژموونى خۆیانن، سه‌ره‌ڕاى گه‌شه‌ى كۆمه‌ڵگاى كوردیى به‌ڵام چونكه كۆمه‌ڵگایه‌كى پاشخان ئاینى و كه‌لتورێكى عه‌شایریه بۆیه ته‌ریقه‌ت تێیدا به هێزه، له دواین جار حزبى ئیسلامى و ره‌وتى سه‌له‌فیه‌ت هاته كایه‌وه به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتى كوردى بۆ راگرتنى باڵانس هه‌تا راده‌یه‌كى زۆر گرنگى به ته‌ریقه‌ت و ته‌كیه و خانه‌قاكان ده‌دات، له هه‌مان كات لایه‌كى له ره‌وتى سه‌له‌فیه‌تیش كردۆته‌وه بۆ پاراستنى باڵانس و بوونى هه‌ژموونى خۆى له‌م دوو رێگایه‌وه له به‌رامبه‌ر پارت و ره‌وته ئیسلامیه سیاسیه‌كان به‌تایبه‌ت ئیخوان موسلیمهكان.
گه‌شه‌ى ته‌ریقه‌ت له ناو كۆمه‌ڵگاى كوردیی:
له‌م ناوچه‌یه ته‌ریقه‌تى شێخایه‌تى یان عیرفانیه‌ت و سۆفیگه‌رى ده‌ڵێى هه‌ر بۆ كورد داهێنراوه، چونكه له ناو كورد زۆر زوو و به‌خێرایى گه‌شه‌ى كردووه، كۆمه‌ڵگاى كوردى زیاتر كۆمه‌ڵگایه‌كى كشتوكالى و كۆچه‌رى بووه، یاخود به دیوێكى تر شار له كوردستان دره‌نگتر گه‌شه‌ى كردووه، به ده‌قیق تر له ناوه‌ڕاستى كوردستان شاره‌كان شارى گه‌وره و قه‌ره‌باڵغ نه‌بوون و پیشه‌گه‌رى و پیشه‌سازى تێیدا لاواز بوو، چونكه شار زیاتر فكر و مه‌عریفه تێیدا گه‌شه ده‌كات.
له‌وانه‌یه بۆ رۆژهه‌ڵاتى ئیسلامى زیاتر مه‌زهه‌ب و رێ باوه‌ڕ له شاره‌كان سه‌رى هه‌ڵداوه و به‌شێك له كاروبارى كۆمه‌ڵگاى رێكخستووه به‌پێى باروودۆخى سه‌رده‌م به‌ڵام ته‌ریقه‌ت بۆیه له كۆمه‌لگایه‌ك زیاتر گه‌شه ده‌كات كه خه‌ریكى كشت‌وكال و كۆچه‌رى بن، چونكه بیركردنه‌وه‌یان ساده و ساكارتره، له لایه‌كى تریش ته‌ریقه‌ت وه‌ك به‌دیلێك بۆ ئاینێكى سوك و ئاسانتر و جێگاى كۆمه‌ڵێك ئه‌رك و ئیلتیزاماتى ئاینى قوڕسى گرتۆته‌وه وه‌ك له شاره‌كان هه‌بووه، له‌وانه‌یه بۆ كوردێكى ساده و ساكار له‌م كێ‌و ده‌شت و شاخه وابه‌سته بوونه‌كه‌ى به ئاین به ته‌ریقه‌تێك زۆر زیاتر ئاسووده‌ى كردووه وه‌ك له‌وه‌ى مولهتزیمى مه‌زهه‌ب و كۆمه‌ڵێك ئه‌رك و سوننه‌تى قوڕسى بكات.
هه‌روه‌ها دیوه‌كه‌ى تر عیرفانیه‌ت موناجاتهكهى به زمانێكى ساده و ساكارى ناوچه‌یى ده‌كرێ به‌ڵام دیوه راستهوخۆكهى ئاینى ئیسلام قوڕستر بووه بۆ كوردێكى ساده و ساكار كه‌وا به ئاسانى له زمان و تێكسته‌كان نه‌گه‌یشتووه.
هه‌روه‌ها شێخى ته‌ریقه‌تیش وه‌ك رابه‌رى رۆحى زۆر له واجباته‌كانى بۆ سوك و كورت كردبێته‌وه، بۆیه ئه‌و ئیحا رۆحیهى له لایه‌ن تاكى كوردى بۆ ته‌ریقه‌ت زۆر ئاسانتر رێك خراوه، له هه‌مان كاتدا كه‌متر خه‌ڵكى شاره‌كان وابه‌سته‌ى ته‌ریقه‌ت بوونه، ئه‌وان زیاتر وابه‌سته‌ى ناوه‌نده ئاینیه زانستییه‌كان بوونه واته مه‌دره‌سه و مه‌لا و زاناى ئاینى، هۆكاریش ئه‌وه بووه خوێنده‌وارى له شاره‌كان هه‌بووه و شه‌ریعه‌تیش زیاتر كاروبارى زه‌كات و میراتى بۆ رێكخستووه، بۆیه ته‌ریقه‌ت زیاتر له قوڵاى كوردستان و ناوچه دووره‌ده‌سته‌كانى دوور له شاره گه‌وره‌كان بڵاوبۆته‌وه، هه‌تا به ئاراسته‌ى ناوچه شاخاویه‌كان بڕۆیى كاریگه‌رى ته‌ریقه‌ت زیاتر بووه.
شێخانى ته‌ریقه‌ت و رابه‌رایه‌تى كردنى دۆزى نه‌ته‌وه‌یى
دواى رووخان و له‌ناوبردنى هه‌ندێك له میره كورده‌كان و دوور خستنه‌وه‌ى هه‌ندێكیان بۆ شاره گه‌وره‌كان و دابڕانیان له كوردستان، شێخانى ته‌ریقه‌ت گه‌شه‌یان كرد و شوێن پێگه‌ى گه‌وره‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئاینى و سیاسى و ئابووریان وه‌رگرت.
ده‌وڵه‌تى عوسمانى راسته‌وخۆ مامه‌له‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ده‌كرد، ئه‌م گهشهكردنهى پێگه‌ى شێخانى ته‌ریقه‌ت وایكرد له‌گه‌ڵ ره‌وتى گه‌شه‌كردنى رووداوه سیاسیه‌كان ئه‌وانیش تێكه‌ڵ به كاروبارى سیاسى و نه‌ته‌وه‌یى بن.
بۆ یه‌كه‌مجار راپهڕینێكى گه‌وره و كاریگه‌ر بۆ وه‌ده‌ست هێنان و دامه‌زراندنى قه‌واره‌یه‌كى سیاسى نه‌ته‌وه‌یى بۆ كورد له ساڵى 1880/1881 له لایه‌ن شێخ عوبێدوڵاى نهیرى به‌ڕێوه چوو، ئه‌م راپه‌ڕینه به یه‌كه‌م راپه‌رینى كوردى تۆخ كرا‌و له هه‌ستى ناسیۆنالیستى كوردى داده‌نرێ.
ده‌وڵه‌تى عوسمانى و ده‌وڵه‌تى قاجارى هه‌ماهه‌نگ بوون بۆ كۆتایى هێنان به‌م راپه‌رینه و دوور خستنه‌وه‌ى شێخ عوبێدوڵاى نهیرى بۆ شارى مه‌ككه، ئه‌گه‌رچى راپه‌ڕینه‌كه زیاتر له سنورى ده‌وڵه‌تى قاجاڕى بوو به‌ڵام ده‌وڵه‌تى عوسمانى ده‌یزانى ئامانجى دوور له‌م راپه‌ڕینه چیه، ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ گرتنه ده‌ستى رێبه‌رایه‌تى بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وایه‌تى كورد له لایه‌ن شێخانى ته‌ریقه‌ته‌وه.
ئه‌وه بوو راپه‌ڕینه‌كانى تر زۆرینه‌ى شێخانى ته‌ریقه‌ت سه‌ركردایه‌تیان ده‌كرد، ئه‌گه‌رچى وورده بۆرژواى شارى و خوێنده‌وارى كورد له ئه‌سته‌مبۆل پێگه‌یشتبوون و كاریگه‌رى جوڵانه‌وه نوێخوازیهكانیان له‌سه‌ر بوو، رۆژنامه و كتێب لێره‌وله‌وێ ده‌رده‌چوو به‌ڵام نه‌یانده‌توانى له‌ناو كۆمه‌ڵگاى كوردى ببن به سه‌ركرده و رێبه‌ر چونكه هێشتا كۆمه‌ڵگایه‌كى دواكه‌وتوو و نه‌خوێنده‌وار بوو، زه‌حمه‌ت بوو كه‌سى شارى و به‌قه‌ولى سه‌رده‌م ئه‌فه‌ندى وابه‌ئاسانى قبوڵ بكه‌ن به رێبه‌ر و سه‌ركرده‌ى خۆیان، بۆیه ئه‌وانیش ناچار له په‌ناى ئه‌و سه‌ركردانه‌ى كه به‌هۆى عه‌شیره‌ت و ته‌ریقه‌ته‌وه خاوه‌ن پێگه و هه‌ژموون بوون ده‌جوڵانه‌وه.
نموونه‌ى عهبدوڵڕزاق به‌درخان لاى سمكۆى شكاك بوو، چه‌ندانى وه‌ك مسته‌فا پاشاى یاموڵكى و ره‌فیق حیلمى لاى شێخ مه‌حمودى حه‌فید بوون، دكتۆر فوئاد و شێخ عه‌بدولقادر لاى شێخ سه‌عیدى پیران بوون.
بزووتنه‌وه سیاسى و چه‌كداریه‌كانى كورد به سه‌رۆكایه‌تى شێخانى ته‌ریقه‌ت به‌رده‌وام بوو تاكو نیوه‌ى یه‌كه‌مى سه‌ده‌ى بیسته‌م، وه‌ك بزووتنه‌وه‌كانى شێخ محمودى حه‌فید (1886_1956) له باشورى كوردستان، شێخ سه‌عیدى پیران ساڵى 1925 له باكورى كوردستان، شێخ ره‌زاى ده‌رسیم ساڵى 1937 له باكورى كوردستان، شێخ ئه‌حمه‌دى بارزان تاكو ساڵى 1947 دواتر مه‌لا مسته‌فا ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ش هه‌ر له رێگاى ته‌ریقه‌ته‌وه توانیان جوڵه بكه‌ن، چونكه له دواى لاوازبوونى بنه‌ماڵه‌ى نهیرى ئه‌وان كه‌وتنه سه‌ركێشى له شێخ عه‌بدولسه‌لامه‌وه كه ده‌وڵه‌تى عوسمانى ساڵى 1914 گرتى له شارى موسڵ له سێدارهىدا.
زۆرجار له سه‌رده‌مى شه‌ڕى ناوخۆى نێوان یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان و پارتى دیمۆكراتى كوردستان (1994_1998) ده‌گوترا ئه‌مه شه‌ڕى درێژكراوه‌ى ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندى و قادرییه، چونكه به‌و پێیه‌ى ماڵى مه‌لا مسته‌فا نه‌قشبه‌ندین و مام جه‌لال تاڵه‌بانیش كه سكرتێرى یه‌كێتى بوو خۆى له شێخانى ته‌ریقه‌تى قادریى بوو.
له دواى كۆتایى هاتنى ده‌ره‌به‌گه كورده‌كان له نیوه‌ى یه‌كه‌مى سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌م جوڵانه‌وه‌ى سیاسى نه‌ته‌وه‌یى كه‌وته ده‌ست شێخانى ته‌ریقه‌ت، له هه‌موو ئه‌و جوڵانهوانهى تاكو نیوه‌ى یه‌كه‌مى سه‌ده‌ى بیسته‌م جگه له جوڵانه‌وه‌كه‌ى سمكۆى شكاك(1887_1930) و ئیحسان نورى پاشا (1896_1976) ئه‌گه‌رنا زۆرینه‌ى شێخانى ته‌ریقه‌ت بوون، قازى محه‌مه‌د (1893_1947) كه سه‌رۆك كۆمارى كوردستان بوو ئه‌ویش زیاتر پێگه ئاینیه‌كه‌ى وایكرد زۆرینه له‌سه‌رى كۆك بن.
بۆیه تاكو ئه‌مڕۆش شێخانى ته‌ریقه‌ت بوون و كاریگه‌رییان هه‌یه له كۆمه‌ڵگاى كوردى به تایبه‌ت له ڕووه سیاسییه‌كه‌ى ئه‌گه‌رچى رووخسار و شێوه‌ى تازه‌ى وه‌رگرتووه، به‌ڵام هه‌ر بوونى هه‌یه.
حزبه سیاسیه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانى كوردستان جگه له‌وه‌ى خۆیان پێشینه‌یه‌كى مێژووى ته‌ریقه‌تیان هه‌یه، به‌ڵام هه‌ر یه‌كه‌ى به‌جۆرێك هاوكار و یارده‌ده‌رى شێخانى ته‌ریقه‌ته بۆ پته‌و كردن و مانه‌وه‌ى پێگه‌ى جه‌ماوه‌رى خۆیان.
سه‌رچاوه‌كان:
1_ودیع جویده, الحركه القومیة الكردیة,
نشاتها و تطورها,دار اراس للطباعه و النشر, اربیل, 2013.
2_ www.medaratkurd.com/2013/06/الكرد-و-الإسلام-الطرق-الصوفیة-وأدواره.
3_محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كى، خولاصهیهكى تاریخى كورد
و كوردستان، چاپخانه‌ى شڤان، سلێمانى،2004.