لە ناو دڵی ئاو و سەحرادا

قەتەر.. وڵاتێك قسه‌ی له‌ خۆی گه‌وره‌تر ده‌كات

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.01.14 09:39 AM
1657 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

هه‌ردی عه‌باس ـ مامۆستای زانكۆ

وڵاتێکی بچوک لە ناو دڵی ئاو و سەحرادا، خاوەن ڕۆڵی کاریگەری سیاسی و میدیایی و ئابوری لە ناوچەکە و جیهاندا، قەتەر دەستەواژەی "قسەی لە قەبارەی خۆی گەورەتر ئەکات" ی گۆڕیوە بۆ واقیع و کردەیەکی ئاسایی.
جگە لە چیرۆکی بێشوماری پەلهاویشتن و سەرکەوتنی قەتەریەکان، ئەوەی مایەی سەرنجە  لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردودا لە بەر هەندێک ڕەفتار و هەڵوێست کە نابەدڵی زڕبرا کەنداویەکانی بوو، لە هەڵمەتێکدا کە عەرەبستانی سعودی ڕابەرایەتی دەکرد و  یارمەتی ئیمارات و میسر و موبارەکەی لایەنی تریشی لەگەڵ بو. قەتەر ڕوبەڕوی فشاری گەورەی سیاسی و ئابوری بویەوە، تا خەریک بو کار بگاتە حەسیر مەیدان و هێرشی سەربازی، بەجۆرێک کە  ئەگەر زیرەکی قەتەریەکان نەبا ئەوا حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتە بەرەو ڕوخانێ دەچون.
تاوەکو ئەوەی سعودیەکان پلانی ئەوەیان هەبوە ئەو سنورە وشکانیەی کە هەیانە لەگەڵ قەتەر ئاوی بۆ ڕابکێشن و بیکەنە نۆکەند، بەوەش ئەو وڵاتە وەک دورگەیەک بەتەواوەتی فڕێبدەنە دەریاوە!

ده‌وحه‌ ـ پایته‌ختى قه‌ته‌ر


دوای شپرزەبونێکی ماوەکورت، لەو چەند ساڵەی گوشاردا(حصار) ، قەتەریەکان زیرەکانە مانۆڕە سیاسی و ئابوریەکانی خۆیان وەگڕ خست بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی فشارەکە، لە لایەک گرێبەستی سەربازی و ئابوری لەگەڵ تورکیا و نزیکبونەوە لەگەڵ وڵاتی ئێرانی دژبەری کەنداویەکان، لە لایەکی ترەوە نزیکبونەوە لە ڕوسیا و پاراستنی هاوسەنگی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکان، وایکرد کە ڕۆژبەڕۆژ قەتەریەکان لەو گۆشەگیریە سیاسی و ئابوریە بێنە دەرەوە و دوبارە ڕۆڵی دەسپێشخەر بگێڕن، تەنها پلانی خۆژێنی خۆراکی قەتەر لەو ماوەیەدا بەنمونە (هێنانی مانگایەکی زۆر لە ئوسترالیاوە)، هەروەها دروستکردنی هەڵای میدیایی گەورە لەسەر کەیسی کوشتنی  ڕۆژنامەنوس (جەمال قاچوخچی) و بەکارهێنانی بۆ ئیحراجکردنی دەسەڵاتدارانی سعودیە لە بەردەم ناوەندە نێودەوڵەتیەکاندا، بەسە بۆ ئەوەی ژیری و کارامەدی قەتەریەکانمان بۆ دەربکەوێت. 

قه‌ته‌ر ماڵئاوایی له‌ به‌رهه‌مه‌ سپیاییه‌كانی مه‌راعی سعودیه‌ كرد

لەو ماوەیەدا گەورەترین پرۆژەیەک کە قەتەر سەرقاڵی خۆ ئامادەکردنە بۆی و هەموو جیهان چاوی لەسەریەتی، کە ئەویش بەڕێوەبردن و میوانداریکردنی جامی جیهانی فوتبۆڵی 2022 ە، کارەکانی وەک خۆی و بە باشی بەڕێوە دەچێت و هیچ جۆرە لەمپەرێکی ئەوتۆی بۆ نەهاتۆتە پێش.
لەم دواییانەدا و دوای چەند ساڵێک فشار و دژایەتی، بە نێوەندگیری دەسەڵاتدارانی کوێت، پەیوەندیەکانی میرنشینی قەتەر و عەرەبستانی سعودی بەرەو هێوربونەوە چوون، لە پێشهاتێکێ نوێدا تەمیم کوڕی حەمەدی میری قەتەر لە سەردانێکی مێژوویدا گەیشتە عەرەبستان بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی شاری عولا (قمه‌ العلا)، لەوێش لە لایەن شازادە محەمەد کوڕی سەلمانەوە پێشوازی لێکراو بێ گوێدانە پرۆتۆکۆلە تەندروستیەکانیش باوەشێکی گەرمی پێدا کرد!
بە تێڕوانین لە قەیرانەکەی نێوان قەتەر و دراوسێ کەنداویەکانیدا، بۆمان دەردەکەوێت کە فشار و قەیران ئەگەر تەدبیر و پلان و ئیرادەی بۆ بخرێتە کار، ئەوا دەتوانرێت لە مەترسیەوە بگۆڕدرێن بۆ دەرفەت.

میری قه‌ته‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران هه‌یه‌


پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتیش تەنها ئیرادە و هەوڵدانی دەوێت و کارێکی نەکردە نیە.
جا ئەگەر بەرواردی بکەین بە کوردستانەکەی خۆمان کە چەندەها جار لە قەتەر دەوڵمەندتر و پڕ توانا ترە، لە کاتی قەیرانی چەند ساڵی دواییدا کە بۆخۆشی ڕاستەقینە نیە و دروستکراوە، لە جیاتی دانانی پلانی ڕزگاربون و کارکردنی تاقەتپڕوکێنی دەسەڵاتداران لە پێناو گەشانەوەی ئابوری و چێکردنی ڕۆحی هاونیشتمانی لای تاک، کەچی ڕۆژبەڕۆژ زیاتر یاسا ژێرپێ دەخەن و  ئەوەی دەیکەن تەنیا وەک چەتە و شەوکوت خەریکی کاری قێزەونی قاچاخچێتی و داگیرکردنی زەویوزار و تاڵانکردنی سامانی سروشتین، بە جۆرێک کە بێ ئەخلاقانە بەهایان بۆ هیچ شتێک نەهێشتۆتەوە، لەبەرامەبەریشدا خەریکی شیعاری درۆینەی نەتەوایەتی و بەڵێنی دروستکردنی ئایندەیەکی باش ئەدەن!!


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ