میدیایهكی بابهتیی بێلایهنه
هەر هەموو لایەنگری یەكێتیو نووسەرو ڕۆشنبیری خاوەن قەڵەمو خاوەن ویژدان، دەپرسن: نازانین صاین ئەركەداش بەهرۆز، چۆن ڕوی هاتووە لە یادی هەڵەبجەدا قەڵەم هەڵبگرێو باسی یەكێتیو نەخشە ڕێگا بكاو ڕەخنە بگرێ؟ ئەم فس فس پاڵەوانەی كە چەمكی چاكەتەكەی مام جەلالی دەگرت هەتا ڕابردووی خۆی بسڕێتەوەو ببێتە نوێنەری یەكێتی لە توركیا، زۆر لەوە بچووكترە ڕەخنە لە نەخشە ڕێگاو هزری هەڤاڵ مەلا بەختیار بگرێتو بە قولە قافی قەڵای یەكێتیدا هەڵشاخێت.
من لە بنەماڵەیەكی جەلالیمو بە ڕاشكاوی، دەڵێم: ئەم كابرایەم لە توركیا لای ئۆردۆغان ناسی، خۆ هیچ پاڵەوانێتیو ڕابردووی پاكو چالاكی پێشمەرگایەتی نیە شانازی پێوە بكات! من لە هەشتاكان چیرۆكو نووسراوی خۆمو برادەرانی كەركوكم ئەبرد بۆ تیپی (21) ی كەركوك هەتا بگاتە ڕاگەیاندنی یەكێتی لە سەرگەڵوو، هەموو پێشمەرگەی كەركوكو گەرمیان شانازیان بە كاك بەختیارەوە ئەكرد هەرچەندە ئەو كاتە هەڤاڵ مەلا بەختیار دەیوت هەتا لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی عێراق یەكێتی دروست نەكەین، كورد بە تەنها ناتوانێت ڕژێمی صدام بڕووخێنێت. ئەم بۆچوونە ئەوكات وەك (ئاش) و عێراقچێتی لای هەندێ هاوڕێی كۆمەڵەی ڕەنجدەران پەسەند نەبوو، بەڵام لای كەركوكە حەیاتەكە پەسەند بوو، چونكە ئێمە ئێستاش باجی ئەو جیاوازیە ئەدەینو لە ڕاپەڕینی 1991 ئەم بۆچوونە گەرمیانیە ڕاست دەرچوو.
دوای هەرەسی 1975 و ڕوخانی كوردو بێهیوایی كورد كاتێك بەرخودانو شۆڕشو جۆشدانی خەباتی مامی گەورە هەڵگیرسا. دوای هەوڵی كوشتنی پارێزگاری سلێمانی لە 1976/12/21، پریشكی مەشخەڵانی شۆڕشی نوێ گەیشتە كەركوكو دەشتی گەرمیان، ئەرێ ئەركەداش تۆ لە كوێ بوویت؟
زۆربەی حزبە كوردستانیەكانو حزبی شیوعی عێراقیو ساڤاك/ شای ئێران، میت / توركی، مخابرات / حزبی بەعس دژایەتی یەكێتیان ئەكرد، پێش شەهید كردنی علی عەسكەریو حوسێن بابە شێخو دكتۆر خالد، مەلا بەختیار لە كەركوكو گەرمیان ناسرابوو. لە یادمە لە ناوەندی (باوەگوڕگوڕ) بووم، لە بەرەبەیانی 1997/7/23، حەمە غەفوور ئاغجەلەری شەهید كرا بە ناحەق.. لە تۆڵەی ئەوشەهیدە قارەمانە، هەڤاڵ مەلا بەختیار (مەجید هەیبەیی) لای چیمەنی كەركوك كوشت، لە ترسانا قالە فەرەجو تحسین شاوەیس تەسلیم حكومەتی عێراقی بوون!
دایی بەهرۆز لە سەرەتای دروست بوونی یەكێتیو كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان، جوامێر وتەنی: ژمارەمان پەنجەكانی دەست بوون، هەندێ پەنجەش بێ نینۆك بوون! لەو هەموو شەڕە دەستەو یەخەیەی شەهید سیروان تاڵەبانیو ئازدی سەگرمەو شەهید حەمە غەفور ئاغجەلەریو هەڤاڵ مەلا بەختیارو سامان گەرمیانیو مام ڕۆستەمو مامە ڕیشەی جەربەزەو شەهید ئەنوری قازانە لەو دەشتی كاكی بە كاكی گەرمیانە تۆ لە كوێ بوویت؟
كاك ئازادی سەگرمە، سەرتیپی تیپی 57 سەگرمەبوو، كاك ئازادو پێشمەرگەكان باسیان دەكرد: لەدوای شەهید كردنی شەهید ئارام، لە ساڵی 1978، رژێمی بەعس، هێرشیان بۆ كورد قڕانو قڕكردنی هێزو مەفرەزە سەرەتاییەكانی یەكێتی دەستپێكردبوو، لە میریاسی خواروو، هێرشیان كردەسەرمان، بۆ ئەوە هاتبون كەسمان دەرنەچین شەڕ دەستی پێكرد، لە پشتی بەڵخەو هۆمەر قەڵا (14) كۆپتەرو لەبەری میریاسو دەلوجەو قەڵاقایمزیش (19) كۆپتەر بە بەشداری زیاتر لە 200 قوات خاسە هێرشیان دەستپێكرد، لە شەڕەكەدا كاك مەلابەختیارو كاك دلێری سەید مەجیدو كاك سامان گەرمیانیو كاك فەرید ئەسەسەردو كاك شێركۆ یەخیماڵیو شەهید كاوە مەخموریو كاك ئاوات قارەمانیو چەند پێشمەرگەیەكی تر بووین. خۆمان راگرتو خۆمان بۆ شەهیدكردن ئامادەكردبوو، نەشڵەژاین، لە ناو گوندەكە بەرپەرچی هێرشەكانمان دایەوە، شەوەكەی رۆیشتینو بەیانیەكەی هاوڕێیانو پێشمەرگە لە دێی قەڵاقایمز یەكمانگرتەوە... ئەوسا جاشو جیش ئاوایی بە ئاوایی بە دوای مەفرەزە سەرەتاییەكانی یەكێتیەوە بوون.
لە دوای ڕاپەڕینی 1991 چەندین جار هەوڵدراوە كاك بەختیار تیرۆر بكرێت بە هۆی هەڵوێستی جوامێرانەو هزری ڕۆشنبیریو دانایی، بە ڕاستی هەموو یەكێتیەكان ئەڵێن: هەڤاڵ مەلا بەختیار داینەمۆی هزری نوێی یەكێتیە، زەردەشت وتەنی: بیرو ڕەوشتو وتەی چاكی یەكێتیانەیەو لە بەرژەوەندی یەكێتیە، هەر حزبێك، گروپێك، لایەنێك ڕەخنەی ناڕەوای لە یەكێتی گرتبێت یان وتبێتی بەر چاوی یەكێتی بە كلەوەیە بە (تۆڵە بە سەبرە ئەمما بە زەبرە) وەڵامی داوەتەوە كە ڕەخنەگر پەشیمان بێتەوە... ئەرێ ئەو كات دایی بەهرۆز تۆ لە كوێ بوویت؟
لە زانكۆی چەرمۆ/ چەمچەماڵ، ئەو كات سەرۆكی بەشی ئینگلیزی بووم، لە هەڵبژاردنی ئەیلولی 2009 هەموو مامۆستاو فەرمانبەران بۆ (هۆڵی ڕۆشنبیری) سلێمانی هاتین، هەڤاڵ مەلا بەختیار لە سەدەكانی پێشوو بۆ شێخ محمود، بۆ شۆڕشی ئەیلول، بۆ سەرەتای شۆڕشی نوێی گەلەكەمان هەتا 2009، لایەنی فیكریو ئابووریو سیاسی كوردستانی باس كرد (ئایا هیچمان نەكردووە؟) بە داتا مێژووی سلێمانیو خزمەتو گەڕەكی نوێو زانكۆكانو خوێندنگەو پرۆژەكانی هەرێمی كوردستانی باس كرد. یەكێك لە مامۆستا ئیسلامیەكان لە تەنیشتمەوە بوو بە ڕاشكاوی، وتی: هەرچەندە لەگەڵ مەلا بەختیار زۆر لە یەك دوورین وەك بیروڕاو منی ئیسلامی، بەڵام ماشاڵڵا وا دوو سەعاتە باسی هەموو شتێكی كرد لە سیاسەت، ئابووری، ناكۆكی، سیاسەتی ئەقلیمیو ئەمریكاو دونیا بێ ئەوەی ڕستەیەك دووبارە بكاتەوە!
لە ڕەخنەی نەخشە ڕێگای یەكێتی (پلاتفۆڕمی دابڕان)یش بە ناڕەوا بەر ڕەخنەی ناقۆڵاو (لامعقول) ی كۆلن ویلسن گەڵاڵی كەوتووە، ڕاستە كاك بەختیار برا گەورەیە لە پلاتفۆڕمی كۆمەڵێكی ڕۆشنگەرو بیرمەندو ژیر، بەڵام ئەركەداش بەهرۆز فەرموو ئەوە عەرزو ئەوە گەز، ئەوە گۆو ئەوە مەیدان، ئەگەر بتوانیت نیو سەعات بۆ نووسەرانو خوێندكارانو مامۆستایانی زانكۆو ڕۆشنبیران قسە بكەیت... سەدەیەك دوای سایكس - بیكۆو دابەشبوونی كوردستان لە كۆنفراسی (بەرەو ناسنامەو سەربەخۆیی كوردستان لە سەردەمی جیهانگیریدا) لە بەرواری 2016/5/16، كاك قوبادی مام جلال دوای سەرپەرشتیار كاك بەختیار قسەی كرد، بە پێكەنینەوە؛ وتی: نەگبەت ئەو كەسەیە دوای مەلا بەختیار قسە ئەكات!
لەو هەموو خەباتەی یەكێتیو نەگبەتی كوردو ئەنفالو كیمیابارانو قەتلو عامو كورد قڕانو لە سێدارەدان تۆ لە كوێی هاوكێشەكان بوویت؟ ماستاوچیو دزو جەردەو خاوەن كۆمپانیا كە هەزارانی وەك منیان لە یەكێتیە پاكەكە تۆراند، نەك بوار نادەین ڕەخنە لە یەكێتیو هەڤاڵ مەلا بەختیارو مام بگرن، بۆیان نیە لە یەكێتیەكی دوای ساڵی 2000 و نەوەی سێیەم ڕەخنە بگرن. دەبێت ئەم جۆرە كەسانە خوا خوایان بێت خەڵك بەزەیی پێیاندا بێت نەك ڕەخنە بگرن لە خۆیان گەورەترو بەڕێزترو خۆشەویستتر. یەكێتی یەكێتیە مەزنەكەی مامی گەورەمان، مام لای كەركوكیەكانو گەرمیانیەكان وەك حوسێنی شیعەكان تەقدیس ئەكرێتو بۆ دەیان ساڵی تر، بۆ سەدەیەكی تر ناهێڵن لاواز بێتو بەرگری لێدەكەن... هەر كەسێك، هەرلایەنێك، هەر حزبێك هەڵە بكات بەرامبەر یەكێتی وەك جوامێر (شێركۆ بێكەس) لە دانوستانی 1983 – 1984، بە حكومەتی صدام ئەڵێت:
شان هەر شانەو
سەنگەریش هەر
هەمان سەنگەر!