یادی روخاندنی بەعس‌و
گەڕانەوە بۆ خانەقین

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2017.04.09

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

ئەمڕۆ (14)مین یادی روخاندنی یەكێك لە رژێمە فاشیەكانی سەرەتای سەدەی نوێ‌ یە. دوای (35) ساڵ، بەعس، خرایە سڕكەوانی (زبڵدانی) مێژوو. منیش دوای (28) ساڵ دووریم لەشارەكەم، گەڕامەوە.
بەندە، لەلایەن (مام جەلال)ەوە مانگێك پێش روخانی بەعس، راسپێردرابوم، ئامادەكاری بۆ رزگاركردنی خانەقین بكەم. لەگەڵ هەڤاڵانی فەرماندەو سیاسی و ئیداری، كەوتینە خۆسازدان. گرنگترین ئەركمان، راماڵینی تەعریب و بەستنەوەی خانەقین بوو، بە كوردستان. ئەرك بە ئەرك، لەناو گەڕەك بەگەڕەك سپێردرایە هێزەكان و فەرماندەو بەرپرسە سیاسیەكان. تێكڕا لە شارو دێ‌ (54) هەزار تەعریب هەبوو. چەكدار بوون. هۆزی دڕی وەكو (كروی) یان تیابوو.
لەو مانگەدا دەوروبەی (35) كۆبونەوەی گشتی و تایبەتیم بە خەڵك و هێزەكە كرد. خانەقینیەكانم كۆكردەوە. تابلۆی فەرمانگەو قوتابخانەو گەڕەك و شەقامەكانمان بەكوردی ئامادەمان كردن. لیژنەو بەرپرسی گشتیمان دروست كرد. مەفرەزەی پاراستنی فەرمانگەو سوتەمەنی و كتێبخانەو بانكمان دانا. بڕیاردرا كەوا:
یەكەم، تەعریب سازشی لەسەر ناكرێ‌! دەركردنیان، مەرجی سەركەوتنی رزگارییە، واسیتەش ناخوات.
دووەم: فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان دەپارێزرێ‌ و دەخرێنەوە خزمەت.
سێیەم: سزای بێ‌ یاسا، قەدەغەیە. تەنانەت لێدانی تەعریبەكانیش بڤەیە، بەڕێزەوە دەردەكرێن. ئەگەر شەڕیان كرد، لێیان دەدرێ‌!
چوارەم: دوای رزگاری، خوێندن و تاقی كردنەوەی قوتابخانەكان ، بەسرودی ئەی رەقیب دەست پێ‌ دەكاتەوە.
پێنجەم: بۆ ماوەی یەك مانگ، هیچ لایەن لە حوكمڕانی قبوڵ ناكرێ‌، هەتا تەعریب دەردەكرێ‌، دوای ئەوە دۆخەكە ئاسایی دەكرێتەوە.
شەشەم: بەبێ‌ دادگا هیچ كۆنە بەعسیەك ناگیرێ‌ و گیانی تۆڵەسەندن، قەدەغەیە. كوشتن، تەنانەت كوشتنی بەعسیەكانیش تاوانە.
حەوتەم: تەلەفۆن كردن ئازادەو لەفەرمانگەی تەلەفۆندا، چاودێری هاوڵاتی بەبێ‌ بڕیاری دادگا قەدەغەیە.
هەشتەم: بەڕێوەبەرێتی پەروەردە بۆ زمانی كوردی دەكرێتەوەو دەبەسترێتەوە هەرێمی كوردستان.
نۆیەم: لەباتی هاتوچۆی بەعقوبە، نەقڵیاتی تایبەتی بۆ (كەلار- دەربەندیخان- سلێمانی- هەولێر- كەركوك) دەكرێتەوە.
دەیەم: شار، دەست بەجێ‌ پاك دەكرێتەوە (بۆ ئەم مەبەستە شارەوانی سلێمانی هەڵمەتیان كرد بەسوپاسەوە).
یانزەهەم: هیچ بەرپرسێك بۆی نییە توخنی بانك بكەوێ‌ (بە مەلا بەختیار)یشەوە.
دوانزەهەم: بیری سەلەفی قەدەغەیەو ئەوانەی بنەمای قاعیدەو تاڵیبان و وەهابی بوون، خەفە كران!
سێنزەهەم: ئازادی ژیانی مەدەنی شارەكەو یادەوەری و بۆنەكانی دەبوژێتەوە.
چواردەهەم: رێز لە مامۆستاو بڕوانامەدار دەگیرێ‌، هەتا زۆربەیان بگەڕێنەوە شارەكە. بۆ ئەم مەبەستەش كۆلیژو پەیمانگاو بەشی ناوخۆیی دەكرێتەوە.
پانزەهەم: ئەقڵیەتی باوكسالاری ناسەپێنرێ‌. كچان و ژنانی خانەقین، ئازاد بن و بەشداری چالاكیەكان بكەن.
شانزەهەم: دەست بەجێ‌ خولی كۆمپیوتەر بكرێتەوەو بەبێ‌ پارە، بەشدار وەربگرێ‌.
هەڤدەهەم: موچە خۆر، بەتایبەتی مامۆستاو پۆلیس و ئاساییش ، لەسەر كوردستان دابمەزرێن.
هەژدەهەم: كەناڵی  T.V و رادیۆ، بۆ ئاراستەو پەروەردەی خەڵك بكرێتەوە.
هەروەها، كۆمەڵێك كارو ئەركی تریش، هەموویان جێ‌ بەجێ‌ كران. تەعریب بەیەك هەفتە كۆتایی هات. بانك و سوتەمەنی و خەستەخانەو شارەوانی و پەروەردە، دەست بەجێ‌ خرانە خزمەتی خەڵك. تاقە بانكی شارە ئازادكراوەكانی كوردستان، بە پارێزراوی درایە دەستی وەزارەتی دارایی، بانكی خانەقین بوو (48) ملیۆن دیناری تیابوو. لەگەڵ دەیان هەزار دۆلار. من، ئێستاش بانكی خانەقینم نەدیوە.
لەكۆتاییدا دەڵێم: دوای (28) ساڵ هەڵهاتنم لە خانەقین، بە ئازادی گەڕامەوە. كە گەیشتمە ناو شارەكەم، گریام. سەیارەكەم بەرزكرایەوە. باوەشم كردەوە بەدایكم. ئەو شەوەی رزگاری هەتا بەیانی نەخەوتم. كۆڵان بەكۆڵانی شارەكەم گەڕام و یادەوەریەكانی مناڵی ئازاری خۆشیان پێ‌ دەبەخشیم.


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ