میدیایهكی بابهتیی بێلایهنه
هەرکەس گومانی ئەوەی هەبێت کە کوردێک هەبێ و سەربەخۆیی نەوێت، ئەوا گومان لە ژیریی خۆی بکات، هەرچەندە لە رووی سیاسیی و خەباتەوە راپرسیی گشتی پرەنسیپێکی گرنگە بۆ پرسێکی گشتی. بەڵام پرسیارە جەوهەریەکە لە بارەی دەنگۆکانی راپرسی لە کوردستاندا بە ئامانجی دەوڵەت و بەدیهێنانی ماف و خواستێکی رەوای گەل، ئەوەیە ئایا بەڕاست بەم مۆدێل و تەرکیبەو جۆرە بەناو لەسەرکردەو حزبایەتیە ئەم دەنگۆیە تاکتیکە یان ستراتیژە؟ پەکخستنی پەرلەمان و پەکخستی پرۆژەی چاکسازیی لەکوردستاندا پەکخستنی رێگای راستەقینەیە بۆ گەیشتن بەسەربەخۆیی. ئێستا هەرێمی کوردستان بە قۆناغی شکستپێهێنانی تەواوەتی ژیانی دامەزراوەیی دەڕوات. بۆ نمونە کێ خەمیەتی و دەزانێ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی بەوەکالەت بەڕێوە دەبرێت و سەرۆکەکەی دوای تەواو بوونی ویلایەتەکەی بەڕێزەوە چووەتەوە ماڵی خۆی، کە یەکێکە لە سێ پایەکەی دەسەڵات لە کوردستاندا، سەرۆکی داواکاری گشتی لە کوردستاندا بەوەکالەت بەڕێوە دەبرێت. سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ بەیاسا ماوەکەی بەسەرچووەو داوای کردوە چارەسەری یاسایی بۆ بدۆزرێتەوە، سەرۆکایەتی دەستەی دەستپاکی و سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی ماوە یاساییەکەیان نزیکبۆتەوە لە تەواو بوون. ئەم دەزگا گرنگانەی کە بنەمای حکومەتێکی راستەقینەن، ئەمە جگە لەوەی بەپێی یاسا کارپێکراوەکان یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و یاسای درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم ، سەرۆکایەتی هەرێم پشتیوانی یاسایی نییە. سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رێگای پێنادرێت لەپەرلەمان دەوام بکات و بەمەش ساڵێک و شەش مانگە دایکی دامەزراوەکانی کوردستان(پەرلەمان) کارەکانی پەکخراوە.
حکومەت تووشی گەورەترین و قورسترین قەیرانی ئیدارەدان بۆتەوەو بەشێک لە وەزیرەکان بە بڕیاری حزبی ناهێڵن دەوام بکەن لە وەزارەتەکانیان و بەشێک لەوەزارەتەکانی تر بەوەکالەت بەڕێوە دەبرێن، پەتای گەندەڵی سەراپای حوکمڕانی هەرێمی ناشرین کردوە لە ئاستی خەڵک و هاونیشتمانیان و لە ئاستی دەرەوەی کوردستانیش. بەم حاڵە دروستکراوە نەخوازراوەو بە نەبوونی خواستی کرداریی بۆ چارەسەرکردنی هەڵە ستراتیژییەکان، خەڵک ناهەقی نییە گومانی هەبێت لە دروشمەکانی دەوڵەتداریی کوردستان. سەربەخۆیی واتە بە دەوڵەتبوونی کوردستان ئەم ئامانجە پیرۆزەش عەقڵ و کارو کرداریی دەوڵەتداریی دەوێ نەک بەکارهێنان و بەموڵککردن بۆ بەرژەوەندی کەس و گروپ. سەدان سەرکردەی کورد بۆ سەربەخۆیی چوونە بەر قەنارەو گیان بەخشین، بەڵام سەرکردەکانی ئێستا ئامادە نین لەم پێناوەدا بەرژەوەندی خۆیان لەگەڵ دیموکراسیی و دامەزراوەو دەسەڵاتی گەلدا یەک بخەن!
باشە سبەینێ بە کەسوکاری شەهیدان و خاوەن قوربانیانی ئەنفال و کیمیاباران و پێشمەرگەکانی سەنگەرو کەمئەندامانی سەنگەرو تێکۆشەرە جەرگسوتاوەکان بپرسین و بڵێین ئێوە سەربەخۆییتان دەوێت؟ چەند پرسیارێکی شەرمنانەیە بە خاوەن قوربانی بۆ سەربەخۆیی بڵێی تۆ سەربەخۆییت دەوێ؟!
خەڵکی کوردستان هەقیانە لە سەرکردایەتی حزبەکان بپرسن ئێوەیەک ناتوانن رێز لەمێژووی خۆتان بگرن ناتوانن پێکەوە کار بکەن و پێکەوە هەڵبکەن، ناتوانن دەست لە بازاڕ بەربدەن، رێگریەکان لە چاکسازیی ئێوەن نەک خەڵک. ئەم پرسیارانەو چەندینی تر رەوان چونکە گەندەڵی حزب و دەستوەردانی بەشی زۆری سەرکردەکانی لە بازاڕو کەسابەت و کۆمپانیا مەترسیە گەورەکەی سەر ئەزمونەکەی ئێستامانن. بەم کەرەستەیەوە گومان دەکرێت باسی ریفراندم و سەربەخۆیی بۆ داپۆشینی ئەو ماڵوێرانیە بێ کە دروستتان کردوە. ئەگینا هەمووان دەزانین دۆخی کوردستان لە چوارچێوەی گۆڕانکاریەکانی ناوچەکەو لاوازبوونی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان و بەرژەوەندی کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەرفەتی تێدایە بۆ پێشکەوتنی کوردستان و بەدیهێنانی ئامانجە گەورەکە، بەڵام دواجار هەنگاوی کرداریی و ئیرادەی دەوێت لە ترازان لەسەر خەتی حزبی و گروپی کەسی بۆ سەر هێڵی نیشتمانیی. بەکورتی و کرمانجی بۆ نیاز راستی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەیەکی سەرەتایی دەبێت بۆ دروستکردنی ماڵێکی فراوانترو پارێزراوتر لەم ماڵە وێرانکراوە.
ئەگینا خەڵکی کوردستان هەقیانە راپرسی رووبەرووی ئێوە بکەنەوەو بپرسن ئەرێ بەڕاست ئێوە سەربەخۆییتان دەوێت؟