ئازاردانی تێكۆشەران بەهۆی جیاوازی بیروڕا شانازیە یان شەرمەزاری؟
وەڵامێك بۆ هەڤاڵ بەهرۆز گەڵاڵی

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2017.03.23

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

پاش تێپەڕبونی 26 ساڵ بەسەر سەركەوتنی ڕاپەڕینی بەهاری 91 ی باشوری كوردستان و وێڕای گۆڕانكاری گەورەش بەسەر ژیانی سیاسی و عەقڵیەتی حزبایەت و فەزای دیموكراسی هێشتاش كەسانێك ماون لەگەڵ قوڵبونەوەی ناكۆكیە سیاسی و ئایدیۆلۆجی وپێكدادانی بەرژەوەوندیە شەخسیەكانی نێوان كەسایەتی و سەركردەكان ، بەمەبەست و بۆ شاردنەوەی گەندەڵی و خواروخێچی و كارە قێزەونەكانیان و بەلاڕێدابردنی خەڵك دێن كۆنە قین هەڵدەڕێژن وئەو برینانە دەكولێننەوە كە خەریكە بەهۆی تێپەڕبونی كات ساڕێژ دەبن بەتایبەتیش ئەو برینە قوڵانەی كە بەهۆی عەقڵی پاوانخوازی خەباتی چەكداری و بەرتەسك كردنەوەی ئازادیەكان و ڕێگریكردن لە ئازادی خوازان و تێكۆشەران بۆ جیابونەوە لە حزبێكی سیاسیدا كە بە هۆی بەرتەسك بونەوەی فەزای ئازادی سیاسی و ڕێكخراوەیی تیایاندا بەدرێژایی زیاتر لە پەنجا ساڵی هەردو شۆڕشی ئەیلول و نوێی گەلەكەمان ڕویانداوە و دەیانەوێ هەمو تێكۆشەرانی ئەو ڕێكخراوو حزبە جودابوەوانە ناوزڕا و تەنانەت تەخوینیش بكەن . ئەوەی كارێكی ئاساییە مرۆڤەكان هەروەك ئازادانە حزبەكان وەك چوارچێوەیەكی ڕێكخراوەیی بۆ خەبات هەڵدەبژێرن ئازادانەش دور لە هەر پاڵەپەستۆیەك وازیشی لێ بهێنن ، ئەوەی كارێكی ناسروشتی و نامرۆڤانە و قێزەونە بەهەر بیانویەك هەر حزبێكی سیاسی ڕێگا لە ئەندام و كادیر و سەركردەكانی بگرێت ئەم مافە پیادەبكەن ،تەنانەت تاوان و شەرمەزاریەكی گەورەشە هەوڵی ڕاوەدونان و دەست بەسەركردن و زیندانی كردن و ئازاردان و كوشتن و تیرۆكردنی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دوێنێت بدەیت وەك شانازی و سەروەریش بە خەڵكی بفرۆشیتەوە و ناو و ناتۆرە ی خائین و خۆفرۆشیان بخەیتە پاڵ . لەوەتەی حزبی سیاسی دروست بوە بە هەزاران جیابونەوە و ئینشقاق و لێكترازان و لەت لەت بون لە نێو حزبەكان لە جیهانداڕویان داوە و حزبی كوردستانیش لەم دیاردە بەدەر نەبوە ،وەلێ مەخابن كەم جیابونەوە هەبوە لەناو حزبی كوردی دیموكراسیانە مامەڵەی لەگەڵ كرابێت و كارەساتی لێ نەكەوتبێتەوە ئەویش بەهۆی بڕوانەبونی ڕێبەر و سەركردەكانیانەوە بوە بە دیموكراسیەت وپەیوەست بونیان بوە بەو عەقڵیەتە عەسكەرتاریەتە شمولەیەی ڕێبازی پاوانخوازی خەباتی چەكداری كە هەمیشە حزبی دایك پەنای بردۆتە بەر چەك و توندوتیژی بۆ ڕێگری كردن لە جیابونەوەكان و جوداخوازانی وەك تاوانبار و ناپاك و جێبەجێكەری پلانی دوژمنان و...تاد هەژمار كردوە. خۆ ئەگەركاری قیزەون و پڕوپاگەندەی ژەهراوی و تۆمەت بەخشینەوەی ناپاكی لەم چەشنە ڕەوا و ڕاست بوایە وەك لەو چەند ڕۆژەی ڕابردو لە لایەن هەڤاڵێكی ناو یەكێتی بۆ لێپرسراوی دەستەی كارگێری حزبەكەی هەڵیبەستوە ئەوا دەبێت پێشی هەمو كەس باڵی مەكتەبی سیاسی پارتی دەستیان بۆ خیانەتێكی لەم چەشنە بردبێت و ئاوی خیانەت و ناپاكیان ڕشتبێت تا خوێنكاران و نەوەكانی دوای ئەوان خلیسكانی خیانەتیان لەسەر كردبێت ، دوای ئەوانیش بێگومان زۆربەی سەركردە و تێكۆشەرە دیارەكانی یەكێتی كە لە هەناوی پارتی دیموكراتی دایك جیاببونەوە ، خۆ ناكرێت بۆ هەندێك شانازی و بۆ هەندێكی تر شەرمەزاری بێت . ئەم عەقڵە نەخۆشانەی ئەم بالۆرانە دەهۆننەوە و دەیانەوێ ئەم كەلتورە ناشیرن و نادیموكراسیەی سەردەمی شاخ و پاوانخوازی خەباتی چەكداری لە شار و شارستانیەت و لە سەردەمێكدا كە مرۆڤایەتی قۆناغی مۆدیرنەتەشی بڕیوە بەردەوامی پێ بدەن بۆ ئەوە باشن لەگەڵ گروپەكەی ئەسحاب الكهف لە خەوی بەجێماوی مێژودا بۆ هەتا هەتایی بخەون و ڕاست نەبنەوە ،بەڵام دیارە ئەوەندەی مەبەستیان دەست خەرۆكردنی خەڵك و بەلاڕێدابردنیانە و شاردنەوەی ئەو تۆمەت و گومانانەیەكە لەسەر خۆیان هەیە ئەوەندە بڕوا بون نیە بە قسەكانیان . دەبێ ئەم برادەرە كە تۆمەتی وا دەخاتە پاڵ مەلابەختیار و هاوڕێیانی تری بە ناهەق زیندانیكراو و تەواوی تێكۆشەرانی ڕێكخراوی ئاڵای شۆڕش هەمان تۆمەتیش بخاتە پاڵ هەڤاڵانی خۆی لە بزوتنەوەی سۆشیالیست بەتایبەتیش تێكۆشەرانی وەك ڕەسول مامەند و مەحمود عوسمان و قادر عەزیز و هەمو تێكۆشەرانی تری سۆشیالیست و زەحمەتكێشان و یان دەبێ چی بە نەوشێروان مستەفا و زۆربەی ڕموزەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بڵێت كە لە هەناوی یەكێتی جیابونەوە و حزبێكی نوێیان دامەزراند . یان دەبێ چی بە خۆی بڵێت كە سۆشیالیستی بە پێی لێكدانەوەی خۆی خیانەتكار لە یەكێتی بوە و پاشان گەڕاوەتەوە ناو یەكێتی ؟! بە قسەی ئەم هەڤاڵە بێت هەر لە هەڤاڵانی باڵی مەكتەبی سیاسی تا هەرچی تێكۆشەر و سەركردەی نێو شوڕشی نوێ گەلەكەمان كە ڕۆژێك پارتایەتیان كردبێت تا هەمو بزوتنەوەی سۆشیالیست و زەحمەتكێشان و هاوڕێیانی ئاڵای شۆڕش و تا كاك نەوشێروان و زۆربەی گۆڕانخوازانیش ...تاد خائین و ناپاك دەردەچن.. ڕەنگە زۆرێكمان ئاگادار بین مەلا بەختیار بەهۆی گەندەڵی وبەرژەوەندی ئابوری ژێربەژێر و تێوەگلانی بەشێكی بەرپرسە باڵاكانی یەكێتی لەو پرسە و بەتایبەتیش مەلەفی نەوت و بێ دیسپلینی لە ڕیزەكانی یەكێتی بێ دەنگی شكاندو داوای لێكۆڵینەوەی لە گەندەڵكارانی ناو یەكێتی كرد پێش ئەوەی داوای بڕینی دەستی گەندەڵكاران لەناو حكومەت و حزبەكانی تر بكریت و بایكۆتی كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی كردو ئەمەش كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێنا،ئەگەر چیش هەمومان دەزانین گەندەڵی ڤایرۆسێكە لە جەستەی یەكێتی و حكومەت و حزبەكانی تریش كە ئەگەر زو بنبڕ نەكرێت و لەناونەبرێت سەری یەكێتی و حكومەت و حزبەكان و دەسكەوتەكانیشمان دەخوات و درێژترین ئەزمونی حوكمڕانیمان بە دەردی ئەزمونە شكتخواردوەكانی ترمان دەبات و زوش بێت یان درەنگ مافیاكانی دزی و فزی كە یاری بە قوت و موقەدەساتی ئەم میلەتە و نیشتیمانە دەكەن دەستەكانیان كەشف دەبێت و لە سزای گەل نەجاتیان نابێت. مەسەلەی گەندەڵی و تێوەگڵانی خەڵكانێك كە هێزی یەكێتی بۆ بەرژەوەندی لە كۆمپانیا و بیری نەوت و گەندەڵیەكان بەكار دەهێنن پرسێكی زۆر هەستیارە و نە بە بایكۆتێكی مەلا بەختیار و نە نوسینی مەقالەیەك و دوان چارەسەر دەبێت ،بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە و دەبیندرێ ئەم هەڤاڵە وخەڵكی تریش هەركاتێك پرسێكی هەستیاری وەك گەندەڵی و فایل و فایلداری دێتە گۆڕێ پەنا بۆ تەشهیر و تەخوین كردنی تێكۆشەرانێك دەبەن كە ڕۆژانێك بەهۆی جیاوازی بیروڕا و نەبونی فەزای دیموكراسی و بەلاڕێدابردنی حزبەكان و عەقڵی پاوانخوازی خەباتی چەكداریەوە جیاوازی بیروڕایان لەلایەن هاوڕێ و هەڤاڵانیان قبوڵ نەكراوە و شەڕی پڕ شەرمەزاری براكوژیان لە دژداهەڵگیرساندون و بەهەزاران تێكوشەری كەم وێنەی گەلەكەمانیان كوشتوە و تیرۆركردوە و زیندانی كردوە و ئازار وئەشكەنجە داوە و وەك شانازیەك دەیگێڕنەوە كە هەق وایە وەك پەڵەیەكی شەرمەزاری دابندرێت كەس جورئەت نەكات هەڵیانداتەوە و برینی قوڵی هەزاران تێكۆشەری ئەم وڵاتە و كەسوكاری شەهیدە غەدرلێكراوەكانیان زامداربكاتەوە.


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ