میدیایهكی بابهتیی بێلایهنه
گەندەڵی ڤایرۆسە، گەندەڵکاریش داینەمۆی گەشەکردنیەتی، گەندەڵی دژی سیستەمە، ناکرێت هەڵکردنی ئاڵا لە کەرکوک تەنها لە سۆزی نەتەوەیی سەیر بکەین، بەڵێ گەر چاومان لە ناعەدالەتی داخەین، هەر بەتەنها بە چاوی پڕگریاوی دایکی شەهیدان و قارەمانێتی پێشمەرگە سەیری هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە کەرکوک بکەین، دەبێ لەوخۆشیەدا ئاهەنگی گەورە بگێڕین و لە مەزاری شەهیدان سەری رێزو ئاڵا لە یەک بەیەکی کێلەکانیان بەرز بکەینەوە. بەڵام، کە لێکدانەوەو هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی باشوری کوردستان وڵاتانی ناوچەکەو سیاسەت و بەرژەوەندی ئابوری.. ئەمریکا وڵاتانی زلهێز دەکەیت، دەبێ پێشتر هەڵکردنی ئاڵا لە بەرژەوەندی نیشتیمانیەوە لە رویی( ئاسایش، ئابوری، کۆمەڵایەتی،سیاسی و پەیوەندیە هەرێمایەتیەکان و نێونەتەوەیی..) لە ئێستا و دوور مەودادا، هەڵبسەنگێنین، ئەوسا ئەو پرسیارە بکەین ئایا هەڵکردنی ئاڵا لە کەرکوک کاتی بوو؟! لە کاتێکدا کێشەی گەورە لە هەرێم بونی هەیە، بەرژەوەندی حزبی و دەسەڵاتداران لە پێش بەرژەوەندی نیشتیمانی و نەتەوەییە، ئەم بەرژەوەندیەش هەموو کاتێک ئامادەیی هەیە هەرێم بکاتە دوو ئیدارەوە و کێشە و ئاڵۆزیش بۆ کەرکوک پێکبهێنێت! حزبەکان، بە تایبەت پارتی لە ئاستی پەیوەندییە هەرێمایەتی و نێو نەتەوەییدان، لە ئاستی ئەرکی نیشتیمانی و نەتەوەیی دان؟ یان ئەم بارە ناهەموارەی کە بەسەر هاوڵاتیانی هەرێم داهێندراوە، کە کەرکوکیەکانیش بەشێکیان بەرکەوتوە،هەرێمیش لە تەنگژەیەکی ئابوری داشکاوی گەورەدایە، بە چەندین ساڵی تر ئەم دەورانە ئابوریە ناگاتە ئاستی هەستانەوەو گەشەکردن! لە بارودۆخێکی ئاوادا ئایا بە هەڵکردنی ئاڵا ئەگەری خراپتر لەسەر گوزەرانی کەرکوکیەکان، ئەمنیەتی کەرکوک و دەستخستنی تورکیا و ئێران بۆ ناو کەرکوک، کاری لەپێشینەیی ئامادەگی بۆ کراوە؟! یان روانگەی ئەمریکا بەجیا بۆ پارتی لە کەرکوک،و بەرژەوەندی هاوبەشی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا لە کەرکوک بە هەموو ئەگەرەکانەوە بە چ ئاقارێکدا دەروات، یەکێتی کە دەسەڵاتی یەکەمە لە کەرکوک، ئامادەیە بۆ هەر پێشهاتێک!؟ ئایا هەڵکردنی ئاڵا پرۆسەیەکە بۆ بنیاتنانی سیستەم؟! لە کاتێکدا ئەو پرۆسەیە لە هەرێمی کوردستان وێران بوە!! یان ئاڵا بۆ دابپۆشینی ئەو کارە هەڵانەیە کە دەسەڵاتدارانی کەرکوک، لەسەر یەکێتی و گوزەرانی کەرکوکیەکان ئەنجامدراوە؟