بۆچى عێراق نه‌یتوانی به‌رگریى بكات؟

ورده‌كاریى نه‌خشه‌ی سه‌ربازیى پاسداران بۆ گرتنی هه‌ڵه‌بجه‌

هونەر تۆفیق 2021.03.16 02:33 PM
3126 جار خوێندراوەتەوە

سوپای ئێران لە پاش گرتنی فاو ١٩٨٦ ەوە، لە زۆربەی بەرەکانەوە زۆری بۆ سوپای عێراق هێنابوو، هێرشە بەردەوامەکانی بە ناوی فەجر و فەتح و کەربەلاوە ناونابوو کە زنجیرەیەک بوون لەو هێرشانەی ناویان نابوو دیفاعی موقەدەس. 
هێرشی گرتنی هەڵەبجە سەر بە زنجیرە هێرشەکانی فەتح بوو بە ناوی فەتحی پێنجەمەوه‌، لە ١٣ ی ئازاری ١٩٨٨ دا بە هاوبەشی سوپا و پاسداران و پێشمەرگە کوردەکانی دژ بە عێراق دەستپێکراوە.
پلانە سەربازییەکە (کەماشە) یی بۆ ئابڵۆقەدانی سوپای عێراق بووە لە سێ لاوە (ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باشور)ی هەڵەبجە بە دەشتی شارەزوورەوە و دواتر لە باکورەوە لە عەرەبەت هەر سێ سوپاکە یەکبگرنەوە و بەرەو سلێمانی هێرش دەست پێبکەنەوە.
ئەگەر ئەو پلانە بە تەواوی سەریبگرتایە، سوپای ئێران دەربەندیخان و کەلاریشی دەخستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، بەهۆی دابڕینی سلێمانی لە سێ لاوە هەمان ئابڵۆقەدانی سەربازی ( کەماشە) ی دووبارە دەکردەوە و بەئاسانی سلێمانیشی داگیر دەکرد. 

نه‌خشه‌ دابه‌شبوونی هێزه‌كانی ئێران و عێراق له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌وروبه‌ری 

هێڵی بەرگری سوپای عێراق بریتی بوو لە دوو فیرقەی ٤٢ لە ناو هەڵەبجە و ٣٦ لە دەربەندیخان، فیرقەی ٤٢ بە سەرلەشکری عەمید ڕوکن عەلی حسێن عەلگاوی، لیواکانی ٦٠٧ ، ٦٠٢ ، ٤٣٤ ی بەدرێژایی سنوری عێراق - ئێران لە سورێنەوە تا هەورامان و شنروێ و باڵانبۆی لەژێر دەستدابوو.
فیرقەی ٣٦یش کە سەرلەشکرکەی عەمید فەرحان جاسم عەباد بوو،  بە دوو لیوای ٥٠٦، ٦٦ ئەرکی پاراستنی خۆرئاوای ڕووباری سیروان و دەریاچەی دەربەندیخانی لە ئەستۆ بوو. 
ئێرانییەکان لە ١٣ ی ئازاردا لەگەڵ پیشمەرگەدا لە چیای شنروێ وە دەستیان بەهێرشەکە کرد، لە هەمان شەودا پێشمەرگە دەچنە ناو شاری هەڵەبجەوە و سوپای عێراق بەخۆیانەوە سەرقاڵ دەکەن.

سوپای پاسداران له‌ شاخه‌كانی نزیك هه‌ڵه‌بجه‌ ـ 1988

فیرقەی فەتح ی سوپای ئێران لە ڕووباری سیروان و چیای باڵانبۆوە هێرشە سەرەکییەکەیان دەستپێدەکەن، بە خێرایی دەپەڕێنەوە بەرەو ناوچەی زەڵم و یەکگرتنەوە لەگەڵ هێزی پاسداراندا کە لە هەورامان و خورماڵەوە هێرشیان دەستپێکردبوو و لە نێوان سەیدسادق و زەڵمدا یەکدەگرنەوە، پێکەوە پێشڕەوی دەکەن بەرەو سەیدسادق، بەشێک لە فیرقەی فەتحیش هێرش دەکەنە سەر لیواکانی ٥٠٦ و ٦٦ بەڵام لیوای ٦٦ بەرگرییەکی سەخت دەکەن کە فه‌رمانده‌كه‌ی مقەدەم فەرید حەمودەی بەڕەگەز فەڵەستینی بووە. 

نه‌خشه‌ی سه‌ربازیى پاسداران بۆ گرتنی هه‌ڵه‌بجه‌

کاتێک فیرقەی ٤٢ لە ڕۆژی ١٤ی ئازاردا بۆیان دەردەکەوێت ئابڵۆقەدراون هیچ دەرچەیەکیان لە بەردەمدا نەماوە، هەموو ڕێگاکانی بەهاناوە چونیان لێگیراوە، داوای هێزی دابەزینی ئاسمانی دەکەن، سوپای عێراق هێزێکی مغاویریان بە هه‌لیکۆپتەر لە چیای باڵانبۆ بۆ یارمەتیدانیان دەنێرێت بەڵام هیچیان پێ ناکرێت.
لە ١٥ ی ئازاردا فیرقەی ٤٢  تەسلیم بە ئێرانییەکان دەبن، سەرلەشکرەکەیان لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەمن و ئیستخباراتەکانی هەڵەبجە دەیانەوێت بە پیادە لە ڕووباری سیروان بپەڕنەوە و خۆیان دەرباز بکەن به‌ڵام زۆرینەیان لە ڕووبارەکەدا خنکاون . 

پاش گرتنی هه‌ر ناوچه‌یه‌ك پاسداران ئاماژه‌ و تابلۆكانی ده‌كرده‌ زمانی فارسى

عەمید عەلی حسێن عەلگاویش لەناو ڕووبارەکەدا فیشەکێک بەخۆیەوە دەنێت و خۆی دەکوژێت.
لە ١٦ی ئازاردا، سەدام حسێن فەرمان دەکات تەڕ و وشک لە هەڵەبجەدا پێکەوە بسوتێنن و شارەکە بە چەکی کیمیایی بۆردمان دەکات.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ