"پارتی ناکئاوت و نەوەی نوێ تەخت کرا"

یه‌كێتی.. براوه‌ی هاوكێشه‌ی ناوخۆیی و ئیقلیمی

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2023.12.19 06:27 PM
1019 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

ڕێبوار کەریم وەلی
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و بەتایبەتیش لە کەرکوک، یەکەم ئەزمونی جووتبرا بوو لە دوای کۆنگرەوە. دۆڕانیان مانای کۆتایی تەمەنی سیاسییان دەبوو. بۆیە نەشتەرگەرییەکی سیاسیی گەورە گەرەک بوو تا حزبی جووتبرا، لە نەخشەی سیاسیی ناوچەکەدا رۆڵ و پێگەیەکی بەهێزیان هەبێ و بە هەمانشێوەش لە رۆڵ و پێگەی پارتی بدرێ.
وەکچۆن لە 2005، ئەمریکا و UN مەبەستیان بوو کە دەستوری عێراق بە هەر نرخێک بێ تێپەڕێ، ئەمجارەش چوارچێوەی هەماهەنگی و ئێران هەمان مەتڵەبیان هەبوو کە لە بەرامبەر بایکۆتەکەی رەوتی سەدردا کەم نەهێنن و هەڵبژاردنەکان بکرێن. 
ئەنجامەکان دیزاین کرابوون.بۆیە چاوپۆشی لە خروقات و تەزویر کرا. دەبوایە کوڕانی تاڵەبانی ئەنجامێکی وا بەدەست بێنن کە بەجۆرێک پاداشتیان درابێتەوە.
جارێ هەر ئەنجامی بەرایی دیارە، بەڵام لێرە بەدواوە پارتی لە کەرکوک قسەیەکی ئەوتۆی بۆ گوتن پێ نەماوە. لە رووی قوڵایی ستراتیژییەوە کەرکوک تەسلیمی کوڕانی تاڵەبانی کرا و دابەشکارییەکی وەک دوای ئۆکتۆبەری 1996 هاتە ئاراوە کە باری لەنگی جووتبرا لە هاوکێشەی سیاسیی ناوخۆی هەرێمیش راست دەکاتەوە.

وتارى بافڵ تاڵه‌بانی له‌ كه‌رنه‌ڤاڵى بانگه‌شه‌ی یه‌كێتی ـ كه‌ركوك

نفوزی و تورکیا و پارتی لە کەرکوک، لە بەرامبەر هەژموونی ئێران و یەکێتی شکستی پێهێندرا. ئەو یەکێتییەی کە جاران لە پارتی دەپاڕایەوە بۆ پارێزگارێکی سەربەخۆی، ئەمڕۆ ئیتر بێمنەتە.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لە بنەڕەتدا بۆ حوکمڕانیی لۆکاڵییە و هێندە شتێکی ستراتیژی نییە، بەڵام ئەمە سەرەتای نەخشەڕێگایەکی درێژترە؛ یەکێتیی کوڕانی تاڵەبانی ئیتر داشیان سوارە و بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیش ئامادەن، چونکە ئەنجامی کەرکوک تەنها پارتیی ناکئاوت نەکردووە، بەڵکو نەوەی نوێشی تەخت کردووە و لەو کەشکەلانی فەلەکە هێنایاننە خوارێ!

ئەو یەکێتییەی کە جاران لە پارتی دەپاڕایەوە بۆ پارێزگارێکی سەربەخۆی، ئەمڕۆ ئیتر بێمنەتە.

بردنی کۆتای کەمینە ئایینییەکان لە لایەن کەسانی نزیک یان سەر بە یەکێتیش لە کەرکوک پەیامێکی دیکەیە کە ئیتر کەمینەکان لە رەهنی پارتی دەرهاتوون و رێخۆشکەرە بۆ ئەوەی تەمسیلی کەمینەکان لە کوردستانیش بەشێکی رادەستی کوڕانی تاڵەبانی بکرێ.

ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی كه‌ركوك نه‌وه‌ی نوێی ته‌خت كرد

 

پوختەی کەلام، کوڕانی تاڵەبانی براوەی ئەو هاوکێشە ئیقلیمی و ناوخۆییە بوون کە هەندێکی پاداشتی بەرزەفتکردنی پارتی بوو لە ساحەی سیاسیی عێراق و، هەندێکیشی وەکو عەسای سیحری، ئاییندەی سیاسەتی ناوخۆی هەرێمی پێ دیزاین کرایەوە. دیزاینێک کە لەمپەرەکانی بەردەم، ئەم دوو برایە بۆ ئەگەری سەرهەڵدانی هێزی دیکەش لە داهاتوودا، بەرتەسک دەکاتەوە و وێنەی پاڵەوانی نەتەوەییان پێدەبەخشێ. لە بەرامبەر پارتیشدا لە ناوخۆی هەرێم چیتر سەرکز و کۆڵەوار نین.
ئەم بردنەوەیە قازانجەکەی تەنها دەچێتە گیرفانی سیاسیی کوڕانی تاڵەبانی و  بە مەترسیی هەژموونی کورد بەسەر داهاتووی کەرکوکەوە هەژمار ناکرێ؛ هەمواری دوو بڕگە لە قانونی ژمارە 12ی ساڵی 2018 دەڵێ: یەکەم ئەنجامی هەڵبژاردن ناتوانێ ببێ بە بنەمای بڕیاردان لە چارەنووسی کەرکوک و دووەمیش ئەنجام هەر چییەک بێ، دەبێ ئیدارەکەی 33بە 33 بە 33 بێ.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ