شه‌ڕه‌كه‌ ده‌ستی ئه‌ردۆغانيشی كه‌شف كرد

ئیسرائیل و حه‌ماس.. كامیان براوه‌ی شه‌ڕی غه‌ززه‌ بوو؟

د.سه‌نگه‌ر سه‌ید قادر 2021.05.21 01:24 PM
1109 جار خوێندراوەتەوە

د.سه‌نگه‌ر سه‌ید قادر

توێژه‌ر له‌ (ناوه‌ندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژیی)

دوای ١٢ ڕۆژ لە شەڕ ئیسرائیل و حەماس گەیشتنە ڕێككەوتن بە چاودێری میسر و قەتەر بەبێ هیچ مەرجێك، چونكە ئەو ئامانجانەی شەڕەكەی بۆكرا كاتی بوون و بەدەست هاتن، بەڵام كۆمەڵێك پرسیاری گرنگ هەیە كە لە شرۆڤه‌یەكدا دەیخەینە ڕوو:

پانۆرامای شەڕەكە
شەڕی حەماس و ئیسرائیل كە ١٢ ڕۆژ بەڕدەوامی هەبوو زیانێكی زۆری ئابوری و گیانی بەهەردوولا گەیاند:
١- تێچووی شەڕەكە و زیانەكانی بۆ ئیسرائیل نزیكەی ٢ ملیار دۆلاڕ بوو، لە بەڕامبەردا زیانەكانی بۆ غەزە نزیكەی ٣٥٠ ملیۆن دۆلار بووە.
٢- لە ڕووی زیانی گیانیشەوە لە شەڕەكەدا ٤ سەربازی ئیسرائیلی و١٧١چەكداری  حەماس و ٣٣ سەركردەی مەیدانی حەماس و جیهاد شەهید بوون.

لەسەر ئاستی مەدەنیش لە شەڕەكەدا ٨ هاوڵاتی ئیسرائیل و٩٦ هاوڵاتی فەڵەستینی بوونە قوربانی، جگە لەوەی زیاتر لە ٢٠٠٠ هاوڵاتی فەڵەستینی و ٧٦ هاوڵاتی ئیسرائیلی بریندار بوون.

شه‌ڕه‌كه‌ ژێرخانی ئابوریی غه‌ززه‌ی وێران كرد

لە شەڕەكەدا ١٠٨ هەزار هاوڵاتی فەڵەستینی ئاوارە بوون و زیاتر لە ٨ هەزار خانوو یەكەی نیشتەجێبوون خاپور كراون و زیانیان پێگەشتووە.
٣- لە ڕووی سەربازییەوە حەماس بۆ یەكەمین جار موشەكی عەیاش١ی تاقیكردەوە، كە  توانای بڕینی ٢٥٠ كیلۆمەتری هەیە و هەرچی ئیسرائیلیشە لە شەڕەكەدا دەیان چەكی نوێی خۆی تاقیكردەوە و كۆگای موشەكی حەماسی خاڵیكردەوە. 

دەسكەوتە سیاسییەكانی شەڕەكە
شەڕەكە وەك ڕوونە بەبی هیچ مەرجێك ڕاگیراوە، چونكە شەڕەكە هەر لە سەرەتاوە ئامانجەكانی سیاسی بوون بۆ لایەنەكانی شەڕه‌كه‌:
١- بۆ ناتایاهۆ شەڕەكە گرنگ بوو، چونكە دەیویست ڕێگری لە لابیدی ڕكابەری بكات كە حكومەت پێكبهێنێت و ئاستی جەماوەری لە بەڕەی ڕاستڕەو بەهێز بكات.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش فشار بوو بۆ ئیدارەكەی بایدن، بۆ ئەوەی لە پرسی ڕێكەوتنی ئێراندا ڕای ئیسرائیل بەهەند وەربگرێت.
٣- بەڵام ئیسرائیل ئامانجە ستراتیژییەكەی خۆی پێكا، ئەویش ئاوارەكردن و ڕووخاندنی ژێرخانی ئابوری غەزە و بەتاڵكردنەوەی توانای موشەكی حەماسە، چونكە ئیسرائیل هەر چەند ساڵ جارێك شەڕێك بەرپا دەكات، بۆ بچوكردنەوەی غەزە و لە كۆتایدا قوتدانی بەبێ شەڕ.

ئامانجی نه‌ته‌نیاهۆ ئه‌وه‌ بوو خۆی حكومه‌ت پێكبهێنێ

٢-هەرچی حەماسیشە دەرفەت بوو بۆ لەبیر بردنەوە و داپۆشینی پرسی هەڵبژاردن و لە ئاستی دەرەكیش بۆ جوڵاندنی ڕای شەقامی ئیسلامی بوو، كە ماوەیەك بوو پرسی غەزە كەناگیر خرابوو.
٣- ئێرانیش كە بەشێك بوو لە شەڕەكە، ئەو پەیامەی بە ئیسرائیل دا كە دەتوانێت لە ڕێگەی هاوپەیمانەكانییەوە ئاسایشی ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە.
٤- ئەوەی گرنگ بوو هەڵوێستی توركیا و ئه‌ردۆغان بوو، كە شەڕەكە سەلماندنی بانگەشەی ئه‌ردۆغان بۆ پشتیوانی فەڵەستین، تەنها دروشمە و كرداری نییە.
٥- وڵاتانی عەرەبیش هاوشێوەی توركیا پشتیوانیان لە غەزە تەنها لە چوارچێوەی دروشمدا بوو.
- لە كۆتایدا ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بكرێت ئەوەیە لە شەڕەكەدا، حەماس و فەڵەستینییەكان نەیانتوانی بستێك خاك بگێڕنەوە و تەنها نەهامەتی و باری قورسی ژیانیان زیادی كردووە، كێشەی غەزە وەك هەمیشە بۆمبێكی تەوقیتكراوە بەپێی بەرژەوەندی هێزە ناوچەیی  و جیهانییەكان لە كاتی دیاریكراودا دەتەقێنرێتەوە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ