ئه‌و گه‌نجانه‌ی بۆ خوێندن چوونه‌ توركیا مێشكیان شۆرایه‌وه‌

حه‌شدی ئه‌ردۆغانیی.. كوردستان و داعشێكی تر

لاوان عوسمان عه‌لی 2021.06.06 12:46 AM
983 جار خوێندراوەتەوە

لاوان عوسمان عه‌لی

نوسه‌ر
خوێندکاری بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ـ زانکۆی سلێمانی

ڕەنگە، هەرکەسێک چاوی بچێتە سەر ناونیشانی ئەم بابەتە یەکسەر بییر لە دەستەواژەی “ د١عشی ئەردۆگانیی” بکاتەوە، و بیەوێت لە مەغزا و مەبەستی بەکارهێنانەکەیی تێبگات. مەفهومی حەشد کە لە " التحشید"ی عەرەبییەوە هاتووە، واتە کۆکردنەوە و تەیارکردن و تەجنیدکردنی گرووپێک لە خەڵک بۆ بڵاوکردنەوە و جێکەوتکردنی یٔەجێندایەکی دیارییکراو. جا یٔیتر یٔەو تەحشید و ئەجندایە عەسکەریی بێت یان سیاسیی بێت یان فیکریی. هەر وەک چۆن حەشدی شەعبیی- شیعیی، لە عێراقدا بەپێی فەتوایەکی دیینیی/ سیاسیی، بەر لەچەند ساڵێک تەحشید کران، و ئێستا لەژێر ناونیشانی هەیئەیەکدا کۆبوونەتەوە، و چیدیی یٔەدەبیاتی سیاسیی و فیکریی جیاوازی خۆیان هەیە تا ڕادەیەکیش دیار و یٔاشکران و بەجۆرێک خەڵک لە مەترسییەکانیان گەیشتووە و دەزانێت کە ئەگەر هەرچیی زووە چارەسەر نەکرێن ئەوا نەک هەر خۆیان بەڵکوو دەکرێت دەوڵەتی عێراقیش وەکوو کیانێکی سیاسیی بەرەو هەڵدێر ببەن. ئاواش حەشدی یٔەردۆگانیی- بەدیدی من، مەترسییەکی گەورەن.
 حەشدی ئەردۆگانیی: ئەمانە گرووپێکن لە خەڵک لەناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان چالاکانە خەریکن لەڕووی فیکرییەوە تەجنیدی گەنجی دڵپاکی ئێمە دەکەن بەوپێیەی ئەو چیینە زۆرجار خێراتر و ئاسانتر دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە. بێگومان ئەم کار و هەوڵەش ویست و غەرەچی سیاسیی و یٔایدیۆلۆجییان لە پشتەوەیە. رەکیزەیەک لە ڕەکیزە سەرەکییەکانی کاری یٔەم گرووپە جوانکردنی وێنەی رژێمی عیدوانیی تورکیا و شەخصی رەجەب تەیب یٔەردۆگانە، لە عونصورە جێبەجێکار هەرە کاراکانی یٔەم حەشدەش کەسانێکن کە لەسەرەتاوە بە درۆی گەشەپێدانی مرۆیی و جەنگی هۆشیاریی و کۆمەڵێک ناونیشانی باق و بریقی دیکەوە لە ڕێگەی پلاتفۆرمە جیاوازە میدیاییەکانەوە خۆیان خزاندە نێو ماڵەکانی ئێمەوە. بەداخەوە یٔەوانە، تاڕادەیەک زادەی ئەو هەلە زۆروزەبەندانەن کە دەوڵەتی تورکیا بەر لە چەند ساڵێک خستیانە پێش گەنجی ئەم هەرێمە تا بچنە ئەوێ بۆ خوێندن، لەوێوە ئەوان ڕێگای گەیشتن بەئامانجی دوورمەودای خۆیانیان داڕشت، کە ئەویش بریتییە لە “ غەزووی فیکریی و کلتووریی کۆمەڵگەی کوردستانیی”. بەداخەوە، ئێمە بمانەوێت یان نا ئەو چیینە لە گەنجی کورد، لەو قۆناغەدا رووبەرووی «غسیل دماغ» ێکی ترسناک بوونەوە، بەجۆرێک کە لەباری فیکرییەوە ئێستا تێیاندایە کە چ خۆی و چ بەشێک لە ئەوانەشی کە گوێی لێ رادەگرن، مەترسییان لە داعش و گرووپە توندیٔاژۆکانی ناو حەشدی شەعبیی کەمتر نییە! بەداخەوە، کە تێیاندایە لە پشت مۆبایلێکەوە بەئاشکرا دەنووسێت و دەڵێت: سوێند بەخوا ئەگەر دەسەڵاتم هەبووایە زۆر کەسێک ( کە بێگومان ئەو مەبەستی گرووپێکی زۆر لە خەڵکە)م، سەردەبڕیی!

د١عش، بەهەموو هێزی خۆی و سەرەڕای هەوڵێکی زۆر هێشتا مەترسییەکانی بۆسەر کوردستان سنووری مەترسیی ئەمنیی و سەربازییان تێنەپەڕاند، وەلێ ئەم ڕەوتە، لەباری فیکرییەوە کۆمەڵگەی ئێمەیان خستووەتە بەر هەڕەشەیەکی جیدیی، بەجۆرێک کە من بە ئەرکی هەر تاکێکی دڵسۆزی ئەزانم کە لەلای خۆیەوە بەرپەرچی دەنگ و قەڵەم و چەهرە دیارەکانی ئەم ڕەوتە بەر لەوەی کار لە کار بترازێت بداتەوە. وەکوو وتم ئەمانە، لەباری فیکرییەوە مەترسییان، لە د١عش زیاترە و گەر پێشیان پێنەگیرێت، لەماوەی چەند ساڵێکدا دەبنە ئەو مێرووەی کە دار کرمەژەن دەکات و دواتر بەتەواوەتیی نەسیجیی کۆمەڵایەتیی و کۆمەڵگەیی ئێمە لەبەر یەک هەڵدەوەشێننەوە. بەدیدی من، ئەم ڕەوتە، بەجۆرێک لە جۆرەکان درێژبووەوەی ( امتداد)ی ئەو شەپۆلە لە بەرهەمی دۆبلاژکراوی تورکیی - ن کە چەند ساڵێکە میدیا و تەلەفیزیۆنەکانی ئێمەیان داگیرکردووە، کە ئەیش بۆ خۆی بەشێک بوو یان بەشێکە لە ستراتیجی غەزووی فیکریی بۆ سەر ئێمە.

سۆزی ئاینیی به‌كارده‌هێنن بۆ جوانكردنی وێنه‌ی ئه‌ردۆغان

وەک وتم بەشێک لە کاری ئەم ڕەوتە و فیگەرە ئاشناکانی بریتییە لە جوانکردنی وێنەی رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆکی دەوڵەتی تورکیا، کە چەند ساڵە، بە غوباری داروپەردووی ئەو ماڵ و خانووانەی کە سوپاکەی لە لیبیا ڕوخاندوویەتی تەڵخ و تۆزاویی بووە و بەهێندەی ئەو تۆپ و خومپارەیەشی کە لە عەفرین و کۆبانێ تەقاندوویانە ڕەش بووە! بۆیە ئەو کەسە بەدناوانە هەرچەندە کە بە دوو چنگ هەوڵی پاککردنەوەی وێنەی سوڵتانەکەیان دەدەن، لەمسەرەوە خۆیان زیاتر ڕەش دەبن و زیاتریش بۆنی خوێن و بارووت دەگرن!
شوبهاندنی گوتار و فیکری دیارتریین فیگەرەکانی ئەم ڕەوتە، بە گوتاری گرووپێکی وەکوو د١عش لەخۆڕا نییە، بەڵکوو ئەساسیاتێکی روون و مەنتیقیی هەیە، ئەگەر بێت و خوێنەر ورد بێت و هەندێک خوڵقی بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن ل وتار و بابەتی لەم جۆرە هەبێت، بۆی روون دەبێتەوە. یەکێک لەو بنەمایانەی کە د١عشیان لەسەر تیرۆرایز( واتە: بە تیرۆر لەقەڵەم درا) کرا، بریتیی بوو لە ڕەتکردنەوەی هەموو سنوورە بەیاسا و ڕێککەوتن کێشراوەکانی جیهان. ئەوان کە لە بەشێکی سوریا و عێراق حوکمیان دەکرد هەموو سنوورە کێشراوەکانیان ڕەتدەکردەوە، لەجێی ئەوە حوکم و سنوورکێشیی خۆیان دادەنا. لەهەر کوێیەک موسڵمانێک هەبووایە وایان هەژمار دەکرد کەوا لە بنەڕەتدا بەشێکە لە دەوڵەتەکەی ئەوان وەلێ ئێستا بە جەبری جوگرافیا یان لەبەر هەر هۆکارێکی دیکە لە ( دارالکُفر) نیشتەجێیە. ئەم ڕەتکردنەوە بۆ سنوورە نێودەوڵەتییەکان بنەمایەک بوو بۆ بە تیرۆریست ناساندنی ئەو گرووپە و گەلێک گرووپی دیکەی تریش. لەبەرامبەردا و بۆ خراپی بەختی ئێمە ڕەوتی مەبەست تێیاندایە بەهەمان ئەو نەفەسی زەر.قاویی و بین.لاد-ن و بەغدادیی قسە دەکات و جاری وا هەیە بە ئاستەم مرۆڤ دەتوانێت گوتار و بۆچوونەکانیان لە گوتار و بۆچوونەکانی ئەو گەورە تیرۆریستانە جیابکاتەوە! ئاخر بە قەولی هەرە ژییرەکەی نێو ئەم ڕەوتە: ئێمەی کورد ( کوردی باڵا) دەبێت رۆژێک بێت خەممان ئەوە بێت کە چۆن بە یەک خەت و بێوەستان و یەکڕا و یەکبار لە سلێمانییەوە بچین بۆ قودس؟ ئێوە و خوداتان ئەمە هەر هەمان خەیاڵاتەکانی ئەیمەن ز-ەواهـیریی نییە بەڵام بە تۆزێک مروونەتەوە؟ ئاخر ئەمەش ناڕاستەوخۆ یەکسانە بە رەتکردنەوە و سریینەوەی سنوورە دانپێدانراوەکان!

یەکێک لە مەترسییە دیار و گەورەکانی تری ئەم ڕەوتە، دەشێت ئەو تەناقوزات و دووفاقییانە بێت، کە زووزوو و لە زۆر بابەتدا تێیدەکەون. لە سەرووبەندی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دا، هەبوو لە ڕووخسار و دەنگە هەرە ناسراوەکانی ئەم ڕەوتە، کە شەوی وەسەر رۆژ خستبوو، بۆ ئیدانە و شیین و ڕۆڕۆ و گریان بۆ “شکۆی نەتەوەیی” کە گوایە کە بە هاتنەوەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبیی بۆ کەرکووک شکاوە و تازە چیدی ئێمە ناگەڕێینەوە پێش ئەو خاڵە. جا نازانم ئەو کەسە یان ئەو رەوتە بەگشتیی لەبییریانچووە یاخود لەبییر خۆیان بردووەتەوە کە بەپێی ئەو دەستوورەی دەنگمان پێداوە سوپای عێراق دەتوانێت تا زاخۆش بڕوات بەبێ ئەوەی کەس مافی ئەوەی هەبێت کەپێی بڵێت: ئۆغر؟ هەرچیی حەشدیی شەعبییشە هەر لایەنە سیاسییە کوردییەکان خۆیان لە ساڵی ٢٠١٦ لە پەرلەمانی کوردستان دەنگیان بە یاساکەی دا و کردیان بە دامەزراوەیەکی فەرمیی، دەقاودەق هاوتای سوپا! ئەم ڕەوتە هەر وەک وتم: بەرامبەر ئەو ڕووداوە دەماری ناسیۆنالیستبوونیان ڕەپ بوو وەلێ ئێستا بۆ سەلماندنی بێحەیسیەتیی و بێئابڕوویی خۆیان بیانوو بۆ ئەو هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی سوپا جەڕاڕەکەی “ خەلیفە” دەهێننەوە، گاهێک دەڵێن « ئەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتیی دایە» و گاهێکیش لایەنی دیکە دەکەن بە هۆکار!

له‌ ڕێی گۆرانی و هونه‌ر و سیاسه‌ته‌وه‌ ئه‌ردۆغانیزم خۆی خزاندووه‌ته‌ كوردستان

کە پێیان دەڵێیت کاکە تۆ کە هێندە چەلەنگ و پاڵەوانیت، و وەهاش هەستیاریت بۆ “ شکۆی نەتەوەیی” خۆت، بۆچیی بەرامبەر ئەو هەموو شکۆشکێنییەی سوپاکەی ئاردۆگان دەنگ دەرناهێنیت؟ چما تۆ نەبوویت کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ سەرەتا هەڕەشە و پاشان نەفرەتت لە سوپای عێراقیی دەکرد؟ ئەی ئێستا بۆ بێدەنگیت؟ دەڵێت: بەقەولی حکومەتی تورکیی حکومەتی هەرێم خۆی ئەو ناوچە و رووبەرانەی بەوان فرۆشتووە! ئەی لەوە  چما فەڵەستیین و ئەقصای پیرۆز هەر عەرەب و تێشیاندا بەشێک لە فەلەستینییەکان خۆیان نەیانفرۆشت؟ ئەی بۆچی ٢ هەفتە لەمەوپێش لەکاتی عدوانە ئیسرائیلییەکەدا بۆ سەر ئەقصا لە من بوبویت بە یەحیا سنوار و بە یەشماغێکی رەش و سپیی حەماسییانەوە کە لە ملت ئاڵاندبوو هاوارت دەکرد و پێتوابوو کە دەبێت هەر کەس لای خۆیەوە بەرگریی لە فەلەستین و ئەقصا بکات؟ باشە خۆ بە پێوەرەکەی تۆ بێت( لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێم خۆی رووبەرە داگیرکراوەکانی فرۆشتووە نابێت تۆ ئێمەش دەنگی لەسەر هەڵبڕیین) ئاوا دەبوو خەڵکی غەزە و فەلەستینیش بەرامبەر ئیسرائیل بێدەنگ ببونایە و ئەو بەرەنگارییەیان نەنواندایە. (ان المنافقین كانوا اخوان الشیاگین وكان الشیگان لربه كفورا).
دووفاقییەکی تر لە دووفاقییەکانی ئەم ڕەوتە لەوەدایە کە زۆرجار گلەیی لە جەبری مێژوو و جوگرافیا دەکەن و پێیانوایە مێژوو ستەمێکی گەورەی لێکردووین کەوا لە ساتێک لە ساتە مێژوویەکاندا ئێمە بەناحەق لکێندراوین بەم عێراقەوە کە ژیانی تێدا نییە! چونکە بە قەولی ئەوان عێراق ناسنامەی نیشتیمانیی نییە و وڵاتێکە داڕزاوە و قەت خێرلەخۆی نابینێت! کەچیی هەر ئەوانە هێندەی ئەردۆگان لە خەمی“ ویلایەتی موسڵ” دان و خەون بە دەوڵەتێکی نوێی عوسمانییەوە دەبینن. ئەمەش لە ژێر ناوی “ ئومەی ئیسلامیی”دا، جا ئیتر نازانم ئایا ئەو کەسانە هەستیان پێکردووە یان نا، کە ئەو دۆخە فیکرییەیان، دووجار نیفاقە؛ یەکەم نیفاقێکی ڕووتە ئەگەر ئەو دۆخەت لەگەڵ عێراق پێ قەبووڵ نەبێت وەلێ لەگەڵ تورکیا و مۆدێلی عوسمانیی پێی شاگەشگە ببیت، دووهەمیش نیفاقە لەبەر ئەوەی بێجگە نیفاق هیچ مانایەکی تری نییە کە تۆ لەمسەرەوە داوای ناسنامەی نیشتیمانیی لە عێراق بکەیت و تانەی لێبدەیت چونکە وەها ناسنامەیەکی نییە، لەوسەریشەوە داوای زییندووکردنەوەی ناسنامەی” ئوممەی ئیسلامیی” بکەیت چونکە ئەوی دووەم هەر جۆرێک لە ناسنامەی نیشتیمانیی هەیە هەڵیدەوەشێنێتەوە و ڕەتیدەکاتەوە! من پێموانییە ئەم نیفاقە هۆکارەکەی نەزانیی و کەمسەوادیی بێت! نەخێرپێموایە کە ئەم پرۆژەیەکی سیاسیی و ئایدۆلۆجیی ترسناکە و بەشێلگیریی و لەرێگەی ئەدواتی تایبەتەوە کاری لەسەر دەکرێت!
ئەم ڕەوتە و ڕووخسار و دەنگە ناسراوەکانیا لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێم، زووزوو داخ و ئەسەف ئەڕێژن بۆ ئەو سەردەمەی کە ئێمەی کورد لە دەستمان چوو! مەبەستیشیان ئەو سەردەمەیە کە لە دەوڵەتی عوسمانییدا بە قەولی ئەوان ئێمەی کورد کولفیکول بووین و خۆمان حوکمی خۆمانمان کردووە. جا بۆیە دەبێت هەموو رەحمەت بنێرین بۆ ئەو سەردەمە و ئەگەر ویستمان ببینەوە خاوەن حوکم و ڕێزلێگیراو بین، دەبێت هیوا بخوازین و کاریشی لە پێناودا بکەین سا بەڵکوو سەردەمێکی هاوشێوەمان بەسەردا بێتەوە! جا منیش لێرەدا  ئەرکمە کە سەردەمێک و ساڵانێکی دیارییکراو بخەمەوە بەرباس و بپرسم: ئایا دەزانن کە بە درێژایی زیاتر لە ٣٠٠ ساڵی سەرەتای تەمەنی دەوڵەتی عەباسیی (٧٥٠-١٥١٧)، زۆربەی پۆست و پلە باڵاکانی دەوڵەت بەدەست بنەماڵەی “ بەرامیکەکان” ەوە، بووە و ئەوان خاوەن قسە و بڕیار بوون، کە ئەم بنەماڵەیەش بۆخۆیان لە بنەچەدا کورد بوون؟ ئەدی خێرە ئێوە قەت ئاوات ناخوازن بە دووبارەبوونەوەی حوکمێکی هاوشێوەی عەباسیی، بەڵام بۆ مۆدێلە عوسمانییەکە بەدڵ و بەگیان لەگەڵیدان؟ چما بەو حسابەی ئێوە بێت ئەوکاتیش کورد هەر خاوەن دەسەڵات و ڕێزلێگیراو نەبوون؟ ئەمە یەکێکە لە بەڵگە بێپێچوپەناکانی تر لەسەر دڵسۆزیی ئێوە بۆ هەر شتێک کە بۆنی “ مۆدێلی ئیسلامیی تورکیی” لێوە بێت!
ئەگەر من تەنها بمەوێت ئەو نیفاق و دەبڵمۆڕاڵییانەی کە ئەم رەوتە و رووخسارە ناسراوەکانی پێیانەوە دەنالێنن باس بکەم ئەوا بە چەند وتارێکی تریش لێنابمەوە! بۆیە ئەمەوێت کۆتا نموونە لەو نیفاقانە باس بکەم: بەر لە چەند ڕۆژێک “بەشار ئەسەد” ی گەورە تاوانبار و سەرۆکی سەپێنراوی سووریی جارێکی دیکە و لە مەهزەلەیەکی نوێدا کە ناوی لێنرابوو “ هەڵبژاردن” بوویەوە بە سەرۆکی سوریا. جا ئیدی ئەم ڕەوتە کەوتنە هاوار و لەخۆدان گوایە بۆچی کوردی ئێمە تەنها باسی خۆسەپاندنەکەی ئەردۆگان دەکات؟ ئەی بۆچ باسی بەشار ناکەن؟ وەک بڵێی راستەوخۆ و بەئاشکرا دان بەوەدا بنێن کە ئەردۆگان و بەشار لە ئیجرام و خۆسەپاندندا هاوشانی یەک بن! هەروەها وەک بڵێی بیریان چووبێت کە ئەوە هەر ئەردۆگان و حیزبەکەی ئەو بوون کەوا لەماوەی ساڵانی حوکمیان دا تا ئێستا چەندیین جار دەستووری تورکیایان هەموار کردووەتەوە و گۆڕانکارییان تێدا کردووە بۆ ئەوەی زیاتر بمێننەوە و خۆیان بسەپێنن! وەک بڵێی ئەوە ئەردۆگان نەبووبێت کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ٢٠١٩دا و دوای دۆڕان لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی ناچار کرد بەوەی کە هەڵبژاردن لە ئەستەمبوڵ دووبارە بکەنەوە!
بەڕاستیی نیفاق و پارادۆکس لای ئەم ڕەوتە و رووخسار و دەنگە ناسراوەکانی هەرگیز نە کۆتایی دێت و نە دەژمێردرێت.

ئه‌و گروپه‌ ده‌یانه‌وێ باشوری كوردستان بكه‌نه‌ قوبرسێكی تر بۆ توركیا


سەرەڕای ئەوەی کە بەداخم بۆ ئەو کەسانەی کە بەهەڵەدا براون و بەجۆرێک لە جۆرەکان هەڵخەڵەتێنراون، و سەرەرای ڕێزیشم بۆیان، بەڵام لاموایە کە بێئەرزشتریین و هەرزانتریین کەسانێک ڕووخسارە ناسراوەکانی نێو ئەم ڕەوتەن! دەمەوێت لێرەدا بە نموونەیەک بێئەرزشییان بەیان بکەم: گریمان من کەسێکم کە هەمیشە ڕەخنەی زۆر توندم لە کەسی یەکەمی حیزبی “ س” هەبووە و هەیە، هەرگیزیش لە هیچ قۆناغێکدا بڕیارەکانی خۆی و حیزبەکەیم پێ باش نەبووە، بەڵام ئەگەر بێت و ئەو کەسە کۆچی دوایی بکات و لە دنیا دەربچێت، ئەخلاقییەن من خۆم بە مولزەم دەزانم کە لەبەر هەستی لایەنگرانی یان لەبەر هەستی ئەو دۆستانەم کە شوێن ئەو حیزبە یان ئەو کەسایەتییە کەوتوون بۆ ماوەیەک ڕابوەستم و هیچ نەڵێم، دوای تێپەربوونی رووداوەکە گەر ویستم دەستبکەمەوە بە ڕەخنەکانم. ئەمە پێی دەوترێت رەچاوکردنی هەستی بەرامبەر، وە  لەخۆشیدا بەهایەکی ئەخلاقیی باڵایە. ئا لێرەوەیە کە من ئەو کەسانەم پێ بێئەرزشە و لاشم وایە کە لە بێڕەوشتییش( بەو مانایەی کە وتمان) گەلێک نزیکبوونەتەوە، چونکە تێیاندایە کە لەم ١٠ رۆژەی کۆتاییدا کەوا تورکیا هێرشێکی بەربەرییانەی کردووەتە سەر ناوچە سنوورییەکان و ئیبادەیەکی ژیینگەییشی دەستپێکردووە، ئەوان لە ئێستادا و لەم تەوقیتەدا زۆرتریین تەمجیدی ئەردۆگان و ڕژێمەکەیان کردووە و بەشان و باڵیدا هەڵیانداوە، بەبێ ئەوەی هیچ ڕەچاوی هەستی ئەو ملیۆنان مرۆڤە بکەن کە بەو رووداوانە دڵتەنگ بوون. ئا لێرەوەیە کە من ئەم زومرەتەم لە مرۆڤ پێ گەلێک بێئەرزشە! بۆ من ئەم پیاهەڵدانەی ئەوان بە شان و باڵی تورکیای ئەردۆگانییدا وەک ئەوە وایە کە کەسێک بەسەر ماڵی کەسێکدا بدات و هەرچی کە بە کێش کەم و بە قیمەت گران بێت بیبات و فەرهوودی بکات لە پەناشیدا چیینێک خاوەن ماڵ بکوتێت، لێ خاوەن ماڵ لەجێی ئەوەی کە بەرگریی لە ماڵ و کەرامەتی خۆی بکات یان هیچ نەبێت بە ( اضعف الایمان ـ یش بێت، لێی بێتە دەنگ) بەڵام نەخێر وبەپێچەوانە ئەو بێت و بە شان و باڵی کابرای دزدا هەڵبڵێت و بڵێت: بەخودا کابرایەکی ئازا و بەدەست و پل بوو! چ زوو فەرهوودی کردین و ڕۆشت. هەر تاکێک کە وڵات و شاری خۆی خۆشبووێت، گەر بێت و ئەم تەشبیهە بخوێنێتەوە ڕەنگە هەمان هەستی بۆ درووستبێت. بۆ نموونە: کەسە ناسراوەکانی ڕەوتی مەبەست ئەگەر بێت و رووداو و حاڵەتێکی وەها بەسەر ئەستەمبوڵ و ئەزمیردا بێت!
لەکۆتاییدا، دەمەوێت بڵێم: ئەرکی بەرپەرچدانەوەی ئەم ڕەوتە دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان بەگشتیی و ئەندامان و دڵسۆزانی لایەنێکی سیاسیی ئەم هەرێمە بەتایبەتیی. بەوپێیەی کە دوو لە دیارتریین رووخسارەکانی ئەم ڕەوتە باش بن یان خراپ بەداخەوە لەسەر ئەو لایەنە حسابن. جا بۆیە پێویستە ئەوان وەکوو یەکەم لایەن چ بە رەسمیی و چ بەڕێگە و ئامرازی دیکەی میدیاییش پێش بەمانە بگرن و لە سنوورێکدا بیانوەستێنن. چونکە بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ زیانێکی زۆریان بەردەکەوێت، کە ڕەنگە لە داهاتوودا هەستی پێبکەن. واشدەزانم کە ئەو لایەنە بەپێی پێویست ئەندام و لایەنگری هۆشیاریان هەبێت کە بتوانن ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرن!
بەو پێیەی کە پانتایی یەکەمی چالاکییەکانی ئەو رەوتە و رووخسارە ناسراوەکانی بریتییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆیە دەبێت یەکەم هەنگاوی بەرپەرچدانەوەشیان هەر لەوێوە بنرێت. زۆر میتۆد هەیە کە دەتوانێت سیحری ئەمانە بەتاڵبکاتەوە. هەر لە وەڵامدانەوەی جیدیی و ئەکادیمییەوە تا بایکۆتکردنیان و لەوێشەوە تا دەگات بە بەکارهێنانی میتۆدی گاڵتە و مەسخەرەپێکردنیان کە بە ئاشکرا دیارە لەم ماوەیەی دواییدا ئەو میتۆدەیان زۆر کاریگەریی لەسەر چەند کەسێکی نێو ئەم ڕەوتە داناوە و هاوسەنگییەکەیانی شێواندووە و وەهای لێکردوون کە بە ڕاست و چەپدا بەخەڵک و نەیارە فیکرییەکانیاندا بە ئسلوبێکی زۆر نزم بێنە خوارەوە. بۆ خۆشبەختییش وەکوو وتم ئەم رێگا و میتۆدەی کۆتایی ماوەیەک دەبێت سەرپێخراوە و هیواداریشم کە جارێک بەردەوام بێت و رانەوەستێت.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ