شه‌ڕێكی سیاسیى نه‌بڕاوه‌ له‌ فه‌یسبووك

جەنگ لە ئاسمان و تۆز لەسەر زەوی

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.07.23 07:58 PM
1107 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

لە ماوەی دە رۆژی رابردوو (٨-١٨ی تەمموزى 2021) تەنیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک (سۆرانی) لە هەرێمی کوردستان، زێدەتر لە ٣١ هەزار و ٩١٣ بابەت لەبارەی دۆخی نێوخۆیی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان بڵاڤبوەتەوە، زۆرینەی پۆستەکان هی سەکۆکانی نزیک لەو حزبەن.
ئەو بنکۆڵکارییەی دێسکی ڤێرجواڵ ئێنڤێستیگەیتی ئایپڵەس ئەنجامیداوە، ئاشکرایدەکات، تەنیا سەکۆکانی فەیسبوکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان یان نزیک لەو حزبە، ٢٤ هەزار و ٥٩٣ بابەتیان لەبارەی دۆخی نێوخۆیی حزبەکە بڵاڤکردوەتەوە، زۆربەی رەخنە و شکاندنی سەرکردەکانی یەکێتیی بون، هەروەها سەکۆکانی فەیسبوکی پارتی دیموکراتی کوردستان (یان نزیک لەو حزبە) حەفت هەزار و ٣٢٠ بابەتیان لەبارەی دۆخی نێوخۆیی یەکێتیی بڵاڤکردونەتەوە.
بەگوێرەی بنکۆڵکاریێکە، لەماوەی ئەو دە رۆژەی رابردوو، لاپەڕەکانی پارتیی دیموکراتیی کوردستان، بابەتی دژی حزبەکە، یان بەرپرسانی پارتییان بڵاڤنەکردونەتەوە.
بنکۆڵکاریێکە دەریخستوە، سەرجەم ئەو لاپەڕە و وێب تیڤی و کەناڵانەی سەربەیەکێتیین یان نزیکن لێى  زێدەتر لە ١٩ ملیۆن و ٩٦٥ هەزار فۆڵەوەرسیان هەن، سەرجەم کەناڵ و سەکۆکانی فەیسبوکی پارتیی دیموکرارتیی کوردستان یان نزیک لەو حزبە، ١١ ملیۆن و ٧٧٥ هەزار فۆڵەروەرسیان هەن.
ئەو تەوژمەى بڵاڤکردنەوەى بابەتەکان زێدەتر لە بازنەى ئەو گۆڕانکاریانە بون کە لە ٨ى تەمموز لەنێو یەکێتىی نیشتیمانیى کوردستان رویاندا، کاتێک بەرپرسی چەندین دەزگەی سەر بەو حزبە گۆڕدران.
سەرەتای جەنگ
"جەنگی هەورەکان" لە تۆڕەکانی کۆمەڵایێتی، سەرەتا لە فەیسبوک دەستیپێکرد، تاوەکو ئێستا کار و کاردانەوەکان هەر لەو تۆڕە زێدەترن.
 لە ساڵی ٢٠١١ یەکەمین روبەڕوبونەوە لەنێوان هەردوو سەکۆی (من یەكێتیم خوێنم سەوزە و گەنجانی پارتیی دیموكراتیی كوردستان) دروستبوو، ئەوكات تەنیا پارتیی و یەكێتیی لە گۆڕەپانەکەبون، دواتر بزۆتنەوەی گۆڕان، بوە دەسەڵاتداری تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی كوردی (سۆرانی)، بەوهۆیەوە ئاڕاستەی جەنگەکە لەنێوان یەکێتی و پارتی گۆڕا، بۆ نێوان گۆڕان و پارتی، ئەو ململانێیە شەس ساڵ بەردەوامبوو.

لەدوای ساڵی ٢٠١٧ جڵەوەکە لە گۆڕان سەندرایەوە و کەوتە دەست جوڵانەوەی نەوەی نوێ، پاشئەوەی بەشی بەرچاوی ئەدمین و سەکۆکان لەلایەن ئەو حزبە و سەرۆکەکەیەوە کڕدرانەوە، یان بەکرێگیران.

نزیكه‌ی 10 ساڵه‌ 'جەنگی هەورەکان' لە تۆڕەکانی کۆمەڵایه‌تی ده‌ستیپێكردووه‌

ماوەیەکی کورت دەسەڵاتخوازیی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بەسەر تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بەردەوامبوو، بەتایبەت پاش دەستگیرکردنی هەندێ لەوانەی لە سەکۆکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی نەوەی نوێ لە فەیسبوک کاریاندەکرد، ئیدی دەسەڵاتی نەوەی نوێ بەتەواوی لاوازبوو.
جارێکی دیکە گۆڕەپانی جەنگی هەورەکان گەرمبوو، لەنێوان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتیی دیموکراتیی کوردستان، لەنێو هەردوو حزب، زێدەتر لایەنگرانی دوو بەرپرس پێشڕەوایەتی جەنگەکەیان دەکرد.
کۆرۆنا هەورەکانی چڕکردەوە
جەنگی هەورەکان لەنێوان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتیی دیموکراتیی کوردستان، زێدەتردەبو، بەڵام حزبەکانی دیکە و هەندێ کەسێتیی بەردەوامبون لە دروستکردنی جەنگاوەر و کردنەوەی گۆڕەپانی جەنگی هەورەکان، جگە لە حزبەکان هەندێ پەرلەمانتار و دەوڵەمەند و خاوەن کۆمپانیا و گروپ چونە نێو جەنگەکە، دابەشبونى سەکۆکان تاوەکو ساڵی ٢٠١٩ جیاوازبون.
پاش بڵاوبونەوەى ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ (کۆرۆنا)، زێدەبونى بێکاریی و مانەوە لەماڵ وەک خۆپارێزی، دۆخەکە گۆڕا، کارکردن بە ئۆنلاین لە جیهان چوە قۆناخی تازە، بەتایبەت راگەیاندن، لەوڕوانگەیەوە شۆڕشێکی تازەی بەرپاکرد، لە نێو کورد و بەتایبەت لە حزبە کوردییەکانی باشوری کوردستان، گۆڕەپانی جەنگەکە فراوانتربوو.
ئێستا دەیان ماڵەپەڕ، وێب تیڤی و لاپەڕەی تۆڕی کۆمەڵایێتی نزیک لە حزبەکان یان کەسێتی و بەرپرسانی نێو حزبەکان سەریانهەڵداوە، چەندین ملیۆن فۆڵەوەرسیان هەن.
بنکۆڵکاریی دێسکی ڤێرجواڵ ئینڤێستیگەیتی ئایپڵەس، بە وردی ئەو لاپەڕانەی دیاریکردوە لە نێو حزبەکان و بەتایبەت لەنێو یەکێتیی و پارتیی سەر بە چ کەسێتییەکن، بەڵام بۆ پاراستنی نێوبانگ و پیشەییبون، لەم راپۆرتەدا، تەنیا ئاماژەدەدەین بە فۆڵەوەرس و ئەو بابەتانەی بڵاڤکراونەتەوە.
ئەم بنکۆڵکاریە لە ٨ تاوەکو ١٨ی تەمموزی ٢٠٢١ کاری تێداکراوە، رەنگە پاش ئەو رۆژە، گۆڕانکاری دیکە رویدابێت.
هەورەکانی یەکێتیی
میدیا و وێب تیڤی و لاپەڕەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان  یان نزیک لەو حزبە، جا راستەوخۆ نزیکبن یان ناڕاستەوخۆ بەهۆی بەرپرسێک یان کەسێتیی حزبەکە، سەر بەیەکێتییبن نزیکەی ٩٠ سەکۆ دەبن.
 کۆی لاپەڕە و وێب تیڤی و کەناڵەکانی (سۆرانی) یەکێتیی یان نزیک لەو حزبە زێدەتر لە ١٩ ملیۆن و ٩٦٥ هەزار فۆڵەوەرسیان هەن، لەماوەی دە رۆژدا (٨-١٨ی تەمموز) ٢٤ هەزار و ٥٩٣ بابەتیان لە بارەی کیشەی نێوخۆی یەکێتیی و لە دژی یەکدی بڵاڤکردونەتەوە.
سەکۆکانی یەکێتیی بەسەر کۆمەڵێک گروپ و کەسێتیی دابەشبون، گروپی یەکەم کۆی فۆڵەوەرسیان پێنج ملیۆن و ٢٦٦ هەزارن، جگە لەوانەی بەنێوی لایەنگر و هەواداران هەن، کە فۆڵەوەرسەکانیان لەنێوان ٥ بۆ ٣٥ هەزار کەسن.
گروپی یێکەم لەماوەی ئەو دە رۆژە  ١٧ هەزار و ٣٦٠ پۆستیان بڵاڤکروەتەوە، بەشێوەی (تێکست، ڤیدیۆ، وێنە، ڤیدیۆگرافیک، ڤیدیۆ، فۆتۆگرافیک، فۆتۆ و ئەنیمەیشن و کاریکارتێر) لەو ژمارەیە،  ١٥ هەزار و ٣٠٨ پۆست پەیوەستبون بەو دۆخەی یەکێتیی و بەرگریبوە لە بەرپرسێکی نێو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بڵاڤکردنەوەی وێنە و دیمەن و چالاکیێکانی.  دوو هەزار و ٢٧٨ پۆستیان دژی پارتیی دیموکراتیی کوردستان بون.
هەر ئەو لاپەڕانەی نزیک لەو بەرپرسە، هەزار و سەت و ٧٥پۆستیان هێرش و تۆمەتبارکردن بۆ سەر بەرپرسانی حزبی لەنێو یەکێتیی. هەزار و ١٤٠ پۆستیان دژی دوو کەسێتی و بەرپرسی باڵای پارتیی بون. ٦١٠ پۆستیان دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بون. ٧٨٠  پۆستیان دژی دوو ماڵباتی نێو یەکێتیی بون، ٣٠٠ پۆستیان وەڵام و راگەیێندراوبون لەبارەی بابەتەکە،  ٧٠٠ پۆستیان لەبارەی ئەو کەسانەبون کە هێیرشیان کردوەتە سەر ئەو بەرپرسەی نزیک لەو لاپەڕانە و وەڵامیان داونەتەوە.
گروپی دوەمی سەکۆ و ماڵپەڕی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردسان نزیکەی یەک ملیۆن و ٨٨٥ هەزار فۆڵەوەرسیان هەن و ٤٢٩٧ بابەتیان لەو دە رۆژە بڵاڤکردوەتەوە. 
ئەوسەکۆیانە لەماوەی ٨ تاوەکو ١٨ تەمموزی رابردوو، ٤ هەزار و ٢٩٧ پۆستیان بڵاڤکردوە، لەو ژمارەیە هەزار و ٨٧٦ تایبەت بە دۆخی نێوخۆی یەکێتیی، ئەوانەی دیکە تایبەتبون  بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنیا دوو بابەتیان تایبەتبون بە چێلاکی دوو بەرپرسی پارتیی. ٢٨٠ پۆستیان تایبەتبون بە پیداهەڵگوتن بە ماڵباتی نزیک لەو سەکۆیانە و بەرگریکردن لەوان.  ٣٠٤ پۆستیان تایبەتبون بە بابەتی گشتی و حکومەت پێوەندی بە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و دۆخەکە و هەروەها ئەو بابەتانەی لەسەر دۆخی یەکێتی بلاڤکراونەتەوە.
گروپی سێیەمی سەکۆکانی یەکێتیی، کۆی فۆڵەوەرسیان ٣ ملیۆن و ٧٢٧ هەزارە و  لەو دە رۆژەدا ٣٣٩٤ بابەتیان بڵاڤکردوە.
 هەزار و ٦٧٢ پۆست تایبەتبون بە بابەتی گشتی و هەواڵ و زنیاری بەدەر لە ململانێی سیاسی و حزبی. ٧٢٠ پۆست تایبەتبون بە دۆخی ئێستای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڵام تەنیا پشتیبەستوە بە راگەیاندراوی فەرمی و راپۆرتەکان و گفتوگۆکانی تایبەت لەبارەی روداوەکە. ٥٨٣ پۆستیان تایبەتبون بە کارەکان و چالاکیی کەسێتییەک. ٣٠٨ پۆستیان تایبەتبون بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارو چالاکیی.  ١١١ پۆست تایبەتبون بە حزبەکانی دیکەی کوردستان و عیراق. 
ئەو سەکۆیانەی ئەم گروپە، کەمتر گرنگیانداوە بە دۆخی نێو یەکێتیی، خۆیان پاراستوە و بەوردی مامەڵەیانکردوە لەبارەی دۆخەکە و تەنیا پشتیانبەستوە بە سەرچاوەی راست و لیدوانی فەرمی.

یه‌كێتی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نزیكه‌ی 90 سه‌كۆی هه‌یه‌

گروپی چوارەمی سەکۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، زۆرتر وەک ئۆرگانی حزبەکە نێودەهێندرێن، بەگشتی نزیکەی  ٧ ملیۆن و ٩٠٣ هەزار کەس فۆڵەوەرسیانن،  لەو دە رۆژە، زێدەتر لە ١٨ هەزار و ١٢١ پۆستیان بڵاڤکردونەتەوە، لە کۆی گشتی ٤ هەزار و ٣٨٩ پۆستیان پێوەستبون بە نێوخۆی یەکێتیی و هەمویان بەپێی سیاسیەت و روانینی خۆیان بەرانبەر یەکدی (وێنە، ڤیدیۆ، راپۆرت، تێکست، ڤیدیۆهەواڵ، کارکاتێر ... هتد) بلاڤکردونەتەوە.
٥٧٠ پۆست و بابەتیان لە دژی پارتیی بون، یان بەجۆرێک تۆمەتبارکردنی ئەو حزبە بوە لە دۆخی نێوخۆی یەکێتیی. ٦ هەزار و ٧٨٩ پۆستیان، هەواڵ و زانیاری گشتیی حکومەت و راگەیاندراو بون. ٣ هەزار و ٢١٠ پۆستیان بابەتی ئاسایی و هەواڵی دیکەی رۆژانە لەجیهان بون. ٣٠٠ هەواڵ و بابەت گوتاری شیکاری هێرشکردن بون لەبارەی نێوخۆی یەکێتی و کراونەتە بابەتی رۆژ. هەزار بابەتیان  لەبارەی حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان و پەرلەمان وهەڵبژاردنەکان بون.  نزکەی ٨٦٠ بابەتەیان تایبەتبون بە هەواڵەکانی ئەنجومەنی پارێزگە، پاریزگارەکان، کەرتی تەندروستی، وەزارەتی دارایی و موچە. هەزار و نۆ بابەتیان تایبەتبون بە کاردانەوەکانی نێوخۆیی و دەرەوە لە بارەی روداوەکانی نێو یەکێتیی. 
گروپی پێنجەمی سەکۆکانی یەکێتیی یان نزیک لەو حزبە، بەگشتی کەسێتیی دیاریکراویان لەپشت نییە بەڵکو بەشیوازێکی گشتی بۆ یەکێتیی هەوڵدەدەن، کۆی فۆڵەوەرسی ئەو سەکۆیانە یەک ملیۆن و ١٨٤هەزار کەسن و لەماوەی ئەو دە رۆژەی بنکۆڵکاریێکەی تێدا ئەنجامدراوە ٣١٤٠  بابەتیان بڵاڤکردونەتەوە.
ئەو لاپەڕانە کەمتر چالاکن چونکە بەرپرسی دیاریکراو پشتیوانییان ناکەن ئەوە وایکردوە زۆر بەهێزنەبن، زۆرتر لەڕێگەی لاپەڕەی کەس و بەرپرس و سەرکردەکانی یەکێتیی، جەنگی نێو یەکێتیی بەرێوەبراوە، بۆیە لەکاتی ناکۆکی و ململانێکان بەکاردەهێنرێن و روبەڕوی یەکدی دەبنەوە.
ئەم سەکۆیانە بەهەمانشێوەی ئەوانی دیەک، پۆستیان لە دژی حزبەکەی خۆیان بڵاڤکردوەتەوە. لەماوەی ئەو دە رۆژە، تەنیا  ٨٩٣ پۆستیان دژی دەرەوەی یەکێتی بون، بەڵکو زۆربەی پۆستەکانیان دژی نێوخۆی یەکێتی بون .
هەزار و ١١٠ پۆست، بۆ بەرژوەندی یەکێتیی بون و داوای "کۆتاییهێنان بەکێشەکان، یەکگرتن، پێکهاتن، کۆتاییهێنان بە باڵەکان، پاراستنی یەکێتیی نێو یەکێتیی و مانەوەی یەکێتیی دەکەن". هەزار و ١٣٧ پۆست و بابەتیان بۆ دژایەتی نێوخۆی یەکێتیی بەکارهێنراون و روبەڕوی یەکدی بونەتەوە لەروداوی رۆژی ٨ی مانگەوە بەردەوام لایەنگیریان کردوە و دژایەتی یەکێتییان کردوە.
ئەوانەی پیشوو سەکۆ و لاپەڕە و کەناڵە فەرمی و نافەرمی و نزیکەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بون، کە روبەری بەرفراوانی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و بەتایبەت فەیسبوک (سۆرانی)یان روپۆشکردوە.
هەورەکانی پارتیی
کۆی کەناڵ و لاپەڕەکانی پارتی یان نزیک لەو حزبە زێدەترن لە ٣٥ دانە، کە نزیکەی  ١١ ملیۆن و ٧٧٥ هەزار فۆڵەروەرسیان هەن، لەماوەی ١٠ رۆژی رابردوو (٨-١٨ی تەمموز)  بەهەموو ئەو سەکۆیانە نزیکەی ٧ هەزار و ٣٢٠ بابەتی جۆراوجۆریان لەبارەی دۆخی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بڵاڤکردوەتەوە.
سەکۆکانی پارتیی (سۆرانی) لە دوو گروپی سەرەکی پێکدێن، هەندێکیان کەناڵی تەلەڤزیۆنیی و لاپەڕەی تۆڕی کۆمەڵایێتین و هەندێکیان تەنیا لە لە تۆڕی کۆمەڵایێتی سەکۆیان هەن.

کۆی کەناڵ و لاپەڕەکانی پارتی له‌ فه‌یسبووك زیاتر له‌ 35 سه‌كۆیه‌


گروپی یەکەمی سەکۆکانی فەیسبوکی (سۆرانی)، کەناڵەکانی پارتی یان نزیک لەو حزبە، کۆی فۆڵەوەرسیان ٨ ملیۆن و ٨٨٥ هەزار کەسن و لەماوەی ئەو دە رۆژەدا ١١١٠ی تایبەتیان لەبارەی دۆخی نێوخۆیی یەکێتیی بڵاڤکردونەتەوە. لەنێو ئەو کەناڵانە هەندێکیان کە نزیکن لە کەسێتییەکی دیاری نێو پارتی زۆرتر کاریانکردوە، لەبارەی دۆخی یەکێتیی.
جگە لەو کەناڵانە گروپی دوەمی سەکۆکانی پارتیی دیموکراتیی کوردستان هەن کە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ نزیکن لەو حزبە،  کۆی فۆڵەوەرسی ئەم سەکۆیانەی فەیسبوک زێدەترن  لە ٢ ملیۆن و ٨٩٠ هەزار، جگە لەوە، سێ ملیۆنی سڕکراوهەن هی پەیجێکی نزیک لە پارتی، لە لایەن کۆمپانیاى فەیسبوک تاوەکو ئێستا وەستێنراوە. لەماوەی دە رۆژی بنکۆڵکاریی دێسکی ڤێرجواڵی ئینڤیستیگەیتی ئایپڵەس، ئەو لاپەڕانە نزیکەی ٢١٠٠٠ بابەتیان پۆستکردون.
  لەو پۆستانە شەش هەزار و ٢١٠ پۆستیان دژ بە یەکێتیی و سەرکردایەتی ئەو حزبە و بەرپرسانی بون کە تۆمەتی جۆراوجۆریان داوەتە پاڵ یەکیتیی. زێدەتر لە سێ هەزار پۆستیان تایبەت بون بە پشتگیری لە پارتیی دیموکراتیی کوردستان و سیاستەکانی ئەو حزبە. زێدەتر لە پێنج هەزار پۆستیان تایبەت بون بە هەواڵ و زانیاری گشتی و نێوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان.  ٣٠٠ پۆستیان دژی پەکەکە و رۆژاڤای کوردستان بون. ١٨٩ پۆستیان دژی هێندێک پەرلەمانتاری کورد بون لە بەغدا و هەرێمی کوردستان. ٤٥٠ پۆستیان تایبەتبون بە داواکاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی نرخی بازاڕ و ئاو و کارەبا.
دێسکی ڤێرجواڵی ئینڤیستیگەیتی ئایپڵەس تێبینینەکرد لەهیچ لاپەڕەیەکی فەیسبوکی پارتی یان نزیک لە پارتیی دیموکراتیی کوردستان هیرشکرابێتەسەر، بەرپرس یان کەسێتیی نێو پارتی، جگەلەوە، بەدەگمەن رەخە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گیراوە و زۆرتر داواکاریی بەرزکراوەتەوە.

ڕاپۆرتی بنکۆڵکاریی/ دێسکی ڤێرجواڵ ئێنڤێستیگەیتی ئایپڵەس


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ