بهكالۆریۆس و دبلۆم له جوگرافیا
بەرێوەبەری ڕێکخراوی خاوێن دۆستی ژینگە
وتەبێژی تۆڕبەندی ئیکۆپۆتامیای نێودەوڵەتی بۆ داکۆکی لە حەوزی ڕووباری دیجلە
جمهوری ئیسلامی ئێران یەکێکە لە دەوڵەتە هاوسێکانی عێراق لە ڕۆژهەڵاتەوە به درێژایی ١٦٠٠ کم هاوسنوورە بە ڕووبەری وشکانی، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر فراوانی هەژموونی لە عێراق دا هەبووە، ئێران بە مێژووی دەوڵەتی فارسی کۆن کاریگەری و نەخشی سیاسەتی خۆی لەسەر میللەتانی هاوسی خۆی هەبووە، چ لە ڕووی داگیرکاریی، دوژمنکاریی، ئابوریی، سەربازیی، فەرهەنگیی ... هتد.
لە ئێستاشدا ئەم کاریگەرییەی بەهێزتر و کاریگەرتر بووە بەتایبەت دوای ساڵی ٢٠٠٣ چونکە ڕژێمی حزبی بهعس بە درێژای ٣٥ ساڵی حکومڕانی ڕێگر و بەرهەڵستکاربوو بۆ بڵاوبوونەوە بیری مەزهەبی شیعە و هەناردەکردنی مۆدیلی شۆڕشی ئیسلامی ساڵی ١٩٧٩ بە ڕابەرایەتی ئیمام خومەینی، بەڵام لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بهعسی عهرەبی ئیشتراکی عێراق بوویە ناوەندی گەرمی ململانێی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان بەهۆی بایەخی ئابوریی و جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆلەتیکی و جیۆستراتیجی هەڵکەوتەی جوگرافیای عێراق لە نێو ململانێکاندا، بەڵام تەنها دوو هێزی ڕکابەر مانەوە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا ئەویش جموری ئیسلامی ئێران و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە هەریەکەیان خاڵی بەهێز و لاوازی خۆیان هەیە لەم ململانێدا ئەوانیش:
١- ئەمریکا لە ڕووی جیۆپۆلەتیکیەوە کاریگەره بەڵام ئێران لە ڕووی جوگرافیای سیاسی.
٢- ئەمریکا عێراق بۆ باڵانس دانی نرخی نەوت بەکاردێنێ، بەڵام ئێران وەک بازاڕێک بۆ دەستکەوتنی دۆلار.
٣- ئەمریکا لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مامەڵە لەگەڵ عێراق دەکات، ئێران لە چوارچێوەی تەواوکردنی هێڵی هیلالی شیعە.
٤- ئەمریکا لە چوارچێوەی تیۆری ئاسمانی دیسفرسکی هێزی خۆی ڕێکخستۆتەوە، ئێران تیۆری گەمارۆدان پەیڕەو دەکات.
٥- عێراق لە ستراتیجی ئەمریکادا کەوانەی یەکەمی گەمارۆدانی پەلهاوێژی هێزی سەربازی روسی و ڕێگری ئابوریی چینە، عێراق لە ستراتیجی ئێراندا گەشتنە بە قوڵای ستراتیجی نەیارە عهرەب و شکانی لۆبی سوننە و دروستکردنی مەترسیە لەسەر دەوڵەتی ئیسرائیل.
پلانی B ئەمریکا دەرفەتی زیاتر دەدات بە مانەوەی هێزەکانیان لەسەر دەستی مستهفا کازمی
ئەمانە و چەندین خاڵی تر بابەتی تێڕوانین و کەرەستەی ململانێکانن لە عێراقدا، ئەوەی ئێستا جێگەی مشتومڕە کشانەوەی هێزی ئەمریکایە لە عێراق، کە گروپە شیعەکان لەلایەک وەک کەرەستەی هەڵبژاردن و لەلایەکی تر وەک فشاری ئێران بۆ یەکلاکردنەوەی پاکێجی عێراق کاری لەسەر دەکرێت، بەڵام پلانی B ئەمریکا دەرفەتی زیاتر دەدات بە مانەوەی هێزەکانیان لەسەر دەستی کازمی، هەروەک چۆن ناچاری عیبادی وەها لێکرد بەپێی خۆی بچێتە واشنتن و داوای درێژکردنەوەی مانەوەی هێزی ئەمریکا و هاوپەیمانان بکات لە عێراق.
ئاماژەکانیش ئەوە نیشان دەدەن کابینەکەی ئیبراهیم رهئیسی گۆڕانکاریی دەکات لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن لە بوارەکانی فشاری گروپە چەکدارییە بە وەکالەتەکانی و مهلهفی ئەتۆم و پرەنسیبەکانی شەراکەت بۆ کەمکردنەوەی فشارە ئابورییەکانی سەر ئێران.