چۆن وڵاته‌كه‌ ڕاده‌ستی شیوعى و دواتر ئیسلامیه‌کان كرا ؟

ئەفغانستان.. 48 ساڵە خوێنى ناکۆکى دوو ئامۆزاى لێدەچۆڕێت

ئەحـمـەد عـەبـدوڵا 2023.01.02 03:43 PM
4256 جار خوێندراوەتەوە

ئەحـمـەد عـەبـدوڵا

وەرگێڕ و رۆژنامەنووس

بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزیی - زانكۆی سلێمانی

 

١٧ تەمموزى ١٩٧٣ کاتێک محەمەد زاهیر شاى پاشاى ئەفغانستان بەمەبەستى وەرگرتنى چارەسەرى پزیشکى چووە ئیتالیا، محەمەد داود خانى ئامۆزا و سەرۆک وەزیرانى حکومەتەکەى هەلەکەى قۆستەوە و بە کودەتایەکى سپى دەسەڵاتى گرتەدەست و رێگرى لە گەڕانەوەى محەمەد زاهیر شا کرد، لەکاتێکدا ئەو دوو ئامۆزایە تەمەنیان نزیکبوو لە یەکەوە و لە یەک خێزانى گەورەدا گەورە بووبون، چونکە زاهیر شا دواى کوژرانى باوکى تەمەنى زۆر گەنج بوو، زیاتر کاروبارەکان لەلایەن مامەکانیەوە بەڕێوەدەبران.
هەڵگەڕانەوەکەى داود خان زۆربەى ئەفغانییەکان تائێستاش لۆمەى دەکەن و هاوشێوەى کودەتاى ١٤ى تەمموزى عێراقە، چونکە دەرگاى بۆ چەندین ئینقلابى دیکە کردەوە و برینێکى خوێناوى دروستکرد، تائێستاش خوێن لە جەستەى ئەفغانستاندا دەچۆڕێنێت، داگیرکارى شۆڤیەت و دەرکەوتنى موجاهید و "عەرەب ئەفعانەکان"ى لێکەوتەوە.
بە هاتنى داود خان گۆڕانکارى لە سیستمى دەسەڵاتدا کرا و شێوازى حوکمڕانى لە مەلیکییەوە بۆ کۆمارى کۆڕا، بۆ یەکەمجاریش ئەنجومەنێک لە شێوەى پەرلەماندا دروستکرا پێیان دەوت"لۆیا جەرگا" و هەولێدا ئەفغانستان لە ململانێیەکانى شەڕى سارد دوربخاتەوە، ئەمەش دەرفەتى بۆ شیوعییەکان رەخساند بە یارمەتى شۆڤیەت کودەتاى بەسەردا بکەن و پێنج ساڵ دواتر بیڕوخێنن.

محەمەد زاهیرشا 1914 ـ 2007

هاتنى شیوعییەکان دۆخەکەى خراپترکرد، چونکە لەلایەک ئەزمونى حکومڕانیان نەبوو، چەندین یاسایشیان دەرکرد لەگەڵ واقیعى کۆمەڵگەى ئەفغانیدا نەدەگونجا، بۆیە ڕووبەڕووى بەرهەنگارى توندى تیرە و هۆزەکانى لێکەوتەوە، بەتایبەتى حزبەکە خۆى دوو کوتلە بوون"باڵى خەڵق" باڵى پەرچەم".
هەردوو کوتلەکە کەوتنە پلانگێڕان و دەستشکانەوەى یەکتر بون، دەرفەتى بۆ سۆڤیەت رەخساند لە کۆتایى ١٩٧٩ دا هێرشى سەربازى بۆ داگیرکردنى ئەفغانستان دەستپێکرد، پاش ئەوەى فەیزوڵا ئەمین، یەکێک لە سەرکردەکانى حزبى شیوعیى کودەتاى بەسەر نور محەمەد تەرەقى، سەرۆکى حزب و وڵاتدا کرد و کوشتى، کە دۆستى سۆڤیەت بوو، بۆیە سۆڤیەتیش شەوى ٢٧ى کانوونى یەکەمى ١٩٧٩ تیمێکى تایبەتى هەواڵگریان ناردەسەرى و کوشتیان و بارەک کارمل، سەرکردەى باڵى پەرچەمیان کردەسەر سەرۆکى وڵات.
داگیرکارى سۆڤیەت کاردانەوەى نێودەوڵەتى لێکەوتەوە و جیمى کارتەرى سەرۆکى ئەمریکا بە توندى دژى وەستایەوە، بەتایبەتى وەک هەوڵێکى سۆڤیەت دەبینرا بۆ دۆزینەوەى رێڕەوێک بەرەو ئاوە گەرمەکان کە ئەمریکا کۆنترۆڵى کردبوو، بۆیە دەزگاى هەواڵگرى ئەمریکا هەوڵەکانى بۆ دەرکردنى سۆڤیەت چڕکردەوە، بەتایبەتى لە رێگەى کارئاسانى بۆ گەیاندنى ئەو چەکدارانەى کە بەناوى جیهادەوە روویان لە ئەفغانستان دەکرد.

شه‌ڕی موجاهیدین دژی سۆڤیه‌ت 10 ساڵی خایاند

لە ماوەى پێنج ساڵدا دەیان هەزار چەکدار لە حەوت حزبى ئەفغانستان کۆبونەوە و شەڕێکى قورسیان لەگەڵ سوپاى سور دەکرد، بەهۆیەوە زۆربەى ئەفغانستان وێران بوون، خەڵکەکەى ئاوارەى پاکستان و ئێران و ئەوروپا بون، دەیان بازرگان و میرى جەنگ دروستبوون. کە دیارترینیان
قەلبەدین حیکمەتیار
ئەحمەد شا مەسعود
بورهانەدین رەبانى
عەبدولڕەشید دۆستم
و چەندین سەرکردەى دیکە بوون، ئەمانە بە هاوکارى پاکستان و ئەمریکا لە ماوەى ١٠ ساڵدا سۆڤیەتیان راونا، هاوشێوەى دەرکردنەکەى ئەمریکا لەمساڵدا لەلایەن تاڵیبانەوە، بەڵام بەپێچەوانەى ئێستا کە تاڵیبان لە ماوەى کەمتر لە ساڵێکدا زۆربەى خاکى ئەفغانستانى کۆنترۆڵکرد، حکومەتەکەى محەمەد نەجیبوڵا تا سێ ساڵ بەرگرى کرد و ١٩٩٢ موجاهیدەکان کابوڵیان گرت و سەرۆکى وڵاتەکەش پەناى بردەبەر نەتەوەیەکگرتووەکان.
دواى سەرکەوتنى موجاهیدەکان ناکۆکى کەوتە نێوانیان گروپەکانیانەوە، بەتایبەتى ئەحمەد شا مەسعود و قەلبەدین حیکمەتیارەوە و بەوەش سەرکەوتنى موجاهیدەکان زۆرى نەخایاند و جارێکى دیکە ماڵوێرانى بۆ گەلى ئەفغانستان دەستپێکردەوە، هیچ حکومەتێکى فەرمى لە وڵاتدا نەما، هەر هۆز و عەشیرەتێک بووە دەسەڵاتدارى ناوچەکەى خۆى، تاوان و کوشت بە رێژەیەکى زۆر بڵاوبوەوە، بۆیە ئەمریکا و سعودیە ناچاربوون گروپێک دروستبکەن هەموو وڵاتەکە کۆنترۆڵبکاتەوە، ئەوەش نەواتى یەکەم ئیلهامى دروستکردنى تاڵیبان بوو.

ئه‌حمه‌د شا مه‌سعود (1953 ـ 2001) سه‌ركرده‌ی به‌ناوبانگی ئه‌فغانی

تاڵیبان سەرەتاکەى لەو فێرخوازە ئەفغانیانەبوون، کە لە خوێندنگە ئاینییەکانى پاکستاندا خوێندبویان، بە رابەرایەتى مەلا محەمەد عومەر دروستکرا، لەسەرەتادا هاوکارى و پشتیوانى زۆرى کرا لە ماوەیەکى کەمدا زۆربەى خاکى ئەفغانستانى کۆنترۆڵکرد، لە ئەیلولى ١٩٩٦ دا کابوڵى گرت و محەمەد نەجیبوڵاى لە بارەگاى نەتەوەیەکگرتووەکاندا دەرهێنا و بە ئاشکرا لە سێدارەیدا، تەواوى گروپە چەکدارەکانى بۆ ناوچەکانى باکورى ئەفغانستان دەرپەڕاند، بۆیە ئەوانیش بە ناچارى هاوپەیمانى باکوریان دروستکرد، کە دیارترین فەرماندەکانیان ئەحمەد شامەسعود و عەبدلڕەشید دۆستم بوون.
لە هاوینى ٢٠٠٠ دا، عەبدولڕەشید دۆستم ئەفغانستانى جێهێشت و ئەحمەد شامەسعود وەک تەنها فەرماندەى دژە تاڵیبان مایەوە. تاڵیبان گەشەى تەواوى کرد و بێجگە لە زۆربوونى ژمارەى چەکدارەکانى بەپێى ئامارێک لەلایەن ٣٧ هەزار عەرەب-ئەفغان"بەو موجاهیدە عەرەبەکان دەوترێت" پشتیوانى دەکرا.
٩ى ئەیلولى ٢٠٠١، لە رێگەى دوو کەسەوە کە خۆیان وەک رۆژنامەنوس ناساندبوو، توانیان ئەحمەد شامەسعود بکوژن و بەوەش سەرەتاییان بۆ بە تەواوەتى سڕیەوەى ئۆپۆزسیۆنى ئەفغانى دەستپێکرد، ئەگەر رووداوەکانى ١١ى سێپتەمەر هاوکێشەکەى هەڵنەگێڕایەتەوە و ئەمریکا هێرشى سەربازى نەکردایەسەر رێکخراوى قاعیدە و تاڵیبان، چونکە تاڵیبان ئامادەنەبوو، سەرکردەکانى قاعیدە تەسلیم بکات.

بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان جارێكی تر گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات

بە داگیرکردنى ئەفغانستان، ئەمریکا هەمان هەڵەى سۆڤیەتى دووبارە کردەوە، چونکە لە ماوەى ٢٠ ساڵدا نەیتوانى حکومەتێکى بەهێز دروستبکات و تاڵیبان بە تەواوەتى کۆتایى پێبهێنێت، هەرچەندە زیاتر لە دوو ترلیۆن دۆلاریشى لە شەڕەکەدا خەرج کرد، بێجگە لە کوژرانى نزیکەى پێنج هەزار سەرباز.
بە ناچارى ٢٨ى شوبانى ٢٠٢١ لەگەڵ تاڵیباندا رێککەوت و ئەفغانستانى بە قەدەرێکى نادیار سپارد، تاڵیبان گەڕایەوە و هەمان مێژووى ٢٥ ساڵ پێشتر دووبارە دەبێتەوە. سەربارى ئەوەش بەرپرسیارەتییەکى هەڵناگرێت و سەرۆکى ئەمریکا لە نوێترین لێدوان سەربارەت بە کوشت و کوشتارەکانى ئەفغانستان وتى"پەیوەندى بە ئەفغانییەکان خۆیانەوە هەیە"
ئێستا خەڵکى ئەفغانستان سەرچاوەى تەواوى نەهامەتییەکانیان دەگێڕنەوە بۆ ناکۆکى ململانێى نێوان دوو ئامۆزاى دەسەڵاتدار، کە نەیانتوانى لەسەر میراتى باو و باپیرانیان فەرمانڕەواى بکەن و وەک پارویەکى چەور تەسلیمى شیوعى و ئیسلامییەکانیان کرد. شەڕى ئامۆزاکان وڵاتێکى داڕزاوى دروستکرد، کە خەڵکەى ئاوارە و میرەکانى جەنگ و داڕوخانى ئابورى و تێکچونى پەیوەندى کۆمەڵایەتى لێکەوتەوە، کە سەرخان و ژێرخانى شارستانى


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ