ئه‌رمینیا له‌ ده‌ست پۆتین ده‌رهێنرا

شكسته‌ ستراتیژییه‌كانی ڕوسیا

ره‌نج نه‌وزاد 2023.09.25 09:57 PM
800 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

بە هۆی سەرکەوتنەکانی ئازەربيجان لە قەرەباخ و، بێ هەڵوێستی ڕووسيا، ئەگەرێکی زۆر هەیە ڕووسيا ئەرمينياش لەدەستبدات. سەرۆک وەزيرانی ئەرمينيا ماوەی پێشوو ڕايگەیاند کە پشتبەستنی ئەرمينيا بە ڕووسيا لە ڕووی ئەمنی و سەربازييەوە بە ڕێژی ٩٩٪٩٩ هەڵەیەکی ستراتيژی بوو و کاتی ئەوە هاتووە هاوپەيمانێتيمان فراوانتر بکەين نەک تەنيا پشت بە ڕووسيا ببەستين. هاوکات ئاماژەی بەوەش دا کە ئەرمينيا نابێت چاوەڕوانی پشتگيری سوپای ڕووسيا ببێت، لە کاتێکدا ڕووسيا خۆی کێشەی هەیە لە هاوکاريکردنی سوپاکەی لە ئۆکڕانيا. هەر زوو ئەمريکا هاتە سەر هێڵ و سوپای ئەمريکا و سوپای ئەرمينيا ڕاهێنانی سەربازيان ئەنجامدا و وەفدی ئەمريکی سەردانی ئەرمينيای کرد. لە ئێستادا پەيوەندی ڕووسيا و ئەرمينيا لە خەراپترين ئاستدایە و دەنگۆی ئەوە هەیە کە ڕووسيا پلانی ئەنجامدانی کودەتایەکی هەبێت بۆ گۆڕينی حکومەتی ئیستای ئەرمينيا.

سەرکەوتنی ئازەربيجان بەرامبەر ئەرمينيا، گورزێکی سياسی و جيوپۆلەتيکييە لە ئێرانيش. چونکە لە ململانێی ئازەربيجان و ئەرمينيا، ئێران هاوپەيمانی ئەرمينيایە لەبەر چەندين هۆکاری سياسی و نەتەوەیی و جوگرافی. یەکێک لە هۆکارەکانيش هەبوونی پەيوەندييەکی زۆر پتەوە لە نێوان ئازەربيجان و ئيسرائيل. لە ساڵی ٢٠٢٠ ئازەربيجان لە ٧٠٪ی چەک و کەرەستەی سەربازييەکانی لە ئيسرائيل کڕيووە، لە ئیستادا دەڵێن ئازەربيجان بەڕێژەی ٨٠٪ پشت بە ئيسرائيل دەبەستێت لە چەک و کەرەستەی سەربازی. واتە ئيسرائيل زۆر زیاتر لە تورکيا، چەک و کەرەستەی سەربازی دەفڕۆشێت بە ئازەربيجان. هاوکات لە ٣٠٪ی پێداويستی ئيسرائيل بۆ نەوت لە لایەن ئازەربيجانەوە دابين دەکرێت. یەکێک لە ڕابەرەکانی ئەم نزيکبوونەوەیەیی نێوان ئازەربيجان و ئيسرائيل، سوڵتانی مسوڵمانانە ئەردۆگان!
جگە لەوەش ئێران ترسی هەیە لەوەی کە ئازەربيجان سنووری نێوان ئێران و ئەرمينيا ببڕێت وەک هەنگاوی دووەم لەم ئۆپراسۆنە سەربازييەیی ئازەربيجان، ئەمەش گورزێکی جيوپۆلەتيکی قوورسە لە ئێران. نزيکبوونەوەی ئەمريکا لە ئەرمينيا، ديسانەوە مایەیی نيگەرانی ئێرانە، چونکە دەکرێت ئەرمينيا دوور بخاتەوە لە ئێران. ئەرمينيا لە ناوچەکەدا دوو دۆستی هەبوو، ڕووسيا و ئێران، دەرکەوت کەسيان نەيانتوانی بەرگری لێ بکەن، هەر بۆیە لە ئێستادا ئەرمينيا بە نيازە پەيوەندی لەگەڵ بەرەی ئەمريکا درووست بکات، ئەمەش واتە لەدەستدانی دۆستە نزيکەکەی ئێران لە باشووری قەوقاز.

ئازەربيجان کاتێکی زۆر گونجاوی هەڵبژارد بۆ هێرش کردن. ڕووسيا تێوەگلاوە لە جەنگی ئۆکڕانيا و ناتوانێت ڕۆڵی گەورە ببينێت لە بەرگری کردن لە ئەرمينيا. لە دوای جەنگی ئۆکڕانياوە ئەوروپا بڕياریان دا پشت بە وزەی ڕووسی نەبەستن، یەکێک لە بەديلەکان وزەی ئازەربيجانە، هەر بۆیە نە ئەمريکا نە ئەوروپا نايانەوێت ئازەربيجان لەدەست بدەن لەم کاتەدا بە هۆی ئەرمينياوە کە هەميشە هاوپەيمانی ڕووسيا بووە. کەواتە ئازەربيجان دڵنيابوو کە ئەرمينيا کەس هاوکاری ناکات، لە بەرامبەردا تورکيا و ئيسرائيل بە تەواوی هاوکاری ئازەربيجان دەکەن و ئەمريکا و ئەوروپاش بێ دەنگ دەبن. لە دوای ئازەربيجان دەکرێت تورکيا بە دووەم براوەی ئەم هاوکێشەیە دابنرێت.
ناوچەی قەوقاز بە گشتی دوو بەشە، باکوری قەوقاز کە ڕووسيایە، چيچان یەکێکە لە ناوچەکانی باکور، هەر وەها باشووری قەوقاز کە جۆرجيا و ئەرمينيا و ئازەربيجانە، بەشێک لە تورکيا و ئێرانيش. باشووری قەوقاز هاوشێوەی ئاسيای ناوەڕاست بە درێژایی مێژوو بە بەشێک لە ئاسايشی نەتەوەیی ڕووسيا و فکری جيوپۆلەتيکی ڕووسيا دانراوە، یان هەر بەشێک بووە لە ڕووسيا و سۆڤيەت. لە ئێستادا هەژموونی ڕووسيا بە تەواوی لە کێشەدایە لەو ناوچەیە، ئازەربيجان و جۆرجيا ساڵانێکە دوورکەوتونەتەوە لە هەژموونی ڕووسيا، ئەوا ئەرمينياش خەريکە لە هەژموونی ڕووسيا دوور دەکەوێتەوە. ئەگەر هەیە لە ئايندەدا هەژموونی ڕووسيا لە ئاسيای ناوەڕاستيش ڕووبەڕووی قەيرانی هاوشێوە ببێتەوە.

ڕووسيا بە هۆی ئەم جەنگەی کە پوتين هەڵيگرساند، ئۆکڕانيای لێ بووە گۆڕەپانی جەنگ، فلندا و سويد کە دوو دەوڵەتی تا ڕادەیەکی زۆر بێ لایەن بوون، چوونە ناو ناتۆ (سويد جارێ چاوەڕوانە)، ئەوە خەريکە ئەرمينياشی لە دەست دەردەچێت. جگە لەوەی لە چەنگی ئۆکرانياش تا ئەمرۆ سەرکەوتوو نەبووە لە گۆڕينی حکومەتی ئۆکڕانيا، یا سازشکردن بە ئۆکڕانيا، جارێ هيچ کام لە شارە گەورە و سەرەکييەکانی ئۆکرانيای نەگرتووە، بەڵکو ئێستا سوپای ڕووسيا لە دۆخی بەرگرييە و ڕۆژانە قووڵایی ڕووسيا گورزی سەربازی بەردەکەوێت.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ