پێشبینیه‌كانی حه‌ماس بۆ كاردانه‌وه‌ی ئیسرائیل هه‌ڵه‌ ده‌رچوون

بۆچی حەماس هێرشی 7ى ئۆكتۆبه‌ری ئەنجامدا ؟

ره‌نج نه‌وزاد 2023.10.31 05:04 PM
1962 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

بۆچی حەماس ئەو هێرشەی ئەنجامدا..؟ وا دەردەکەوێت کە حەماس و ئێران و حیزبوڵا چاوەڕوانی ئەو وەڵامە توند و فراوان و وێرانکەرەی ئیسرائیلیان نەدەکرد بۆ سەر غەزە.
چەند هۆکارێکی گرنگ هەیە لە پشت ئەنجامدانی هێرشەکەی حەماس دژ بە ئیسرائیل:
١. چەند ساڵێکە ئیسرائیل لەناوخۆدا کێشەی سیاسی گەورەی هەیە. هاوکات لەگەڵ کێشە ئابوورییەکان. حەماس پێی وابوو ئیسرائیل لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، ئامادەیە تەنیا وەک جارەکانی پێشوو وەڵام بداتەوە، نەک زۆر بەهێزتر و توندتر و فراوانتر. 
٢. حەماس کەرتی غەزە بەڕێوە دەبات. کە ژیان تیایدا لە نزمترین و خەراپترین ئاستە لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و خزمەتگوزاری و شەفافیەت و ئازادی و ئیدارییەوە. بۆ بەدەست هێنانی شەرعیەتی سیاسی لە غەزە، تەنیا پشت بەو جۆرە هێرشانە دەبەستێت. چونکە گوزەران لە کەناری رۆژئاوای فەلەستین کە بەشێکی لە لایەن فەتح و دەسەڵاتی فەلەستینیەوە حوکم دەکرێت، باشترە لە هی کەرتی غەزە. شەرعیەتی مقاوەمە و جیهاد و بە سەربازیکردنی غەزە، تاکە ئامرازی حەماسە بۆ بەڕێوەبردنی غەزە.
٣. خەریکبوونی ئەمریکا بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکڕانیا و پرسی چین، هەروەها ئەو بۆچوونەی کە باوە و پێیوایە کە ئەمریکا ساڵانێکە هەوڵدەدات خۆی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەکانی ئەم ناوچەیەوە خەریک نەکات... هۆکارێکە کە وای لە حەماس کرد وابزانێت ئەمریکا هەوڵدەدات فشار لە ئیسرائیل بکات کە جەنگ ڕانەگەیەنێت و وەڵامێکی سنوردار بداتەوە. چونکە زۆرێک لە فەلەستینییەکان پێیانوایە بە بێ گلۆپی سەوز و پشتگیری ئەمریکا ئیسرائیل یەک لایەنە ناچێتە جەنگەوە. 


بەڵام ئەمریکا نەک پشتگیرییەکی ئاسایی، بەڵکو جوڵەی بە سێ کەشتی فڕۆکەهەڵگری خۆی کرد بەرەو دەریای ناوەڕاست. هەرچەن ئەو جوڵە گەورەیە هۆکاری تریشی هەیە، نەک تەنیا جەنگەکەی ئیسرائیل، چونکە ئەگەر ئێران ڕاستەوخۆش بەشداری جەنگەکە بکات، ئەوا پێویست بە سێ کەشتی فڕۆکەهەڵگر ناکات بجوڵێنرێنەوە. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە چوارچێوەی ململانێی ئەمریکا و چین، دووبارە بایەخێکی تایبەتی بۆ درووست بووە لای ئەمریکا.
٤. دەنگۆیەک هەیە کە پێیوایە سەرەتا پلانەکە ئەوە بووە کە لەگەڵ هێرشەکەی حەماس، حیزبوڵاش هێرش بکات. یاخود بەشداری جەنگەکە بکات ئەگەر ئیسرائیل جەنگی ڕاگەیاند، بەڵام دەوترێت فشارەکانی لایەنەکانی تری لوبنان وای کرد حیبزبوڵا پەشیمان ببێتەوە و بترسێت لەو پلانە. میدیاکارێکی نزیک لە حیبزوڵا لە چاوپێکەوتنێکدا وتی ئەگەر بە تەواوی بەشداری جەنگەکە بکەین و ئەگەر ئیسرائیل هاوشێوەی غەزە بەیروت و شارەکانی لوبنان کاول بکات، ئەوا لوبنان پێویستی بە ٣٠ ملیار دۆلار دەبێت دوای جەنگەکە، کە لە دۆخی سیاسی و ئابووری ئێستای لوبنان، دابینکردنی ئەو بڕە پارەیە مەحاڵە. لە ڕووی میدیایەوە هەندێک کێشە و ناکۆکی و گلەیی  لە نێوان حەماس و حیزبوڵا سەریهەڵدا، وادیارە ئێران کپی کرد. بە پێی ئەم خاڵە، حەماس پێیوابوو ئەگەر حیزبوڵاش بەرەیەکی شەڕ بکاتەوە، ئەوا ئیسرائیل لەبری کاردانەوەی توند، هەوڵدەدات شەڕەکە کۆتایی پێبهێنیت. 


٥. دەستبەسەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە دیلی ئیسرائیل و گواستنەوەیان بۆ غەزە، یەکێک بوو لە کارتەکانی حەماس بۆ ڕێگرتن لە وەڵامێکی توندی ئیسرائیل. بەڵام هەر زوو دەرکەوت ئەو کارتە سووتاوە. هەر بۆیە دوو ڕۆژ پێش ئێستا حەماس ڕایگەیاند دیلەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکەن بەرامبەر بە ئازادکردنی دیلە فەلەستینییەکانی لای ئیسرائیل. کەواتە حەماس بۆی دەرکەوت پرسی دیلەکان کارتێکی کارا نییە بۆ وەستاندنی هێرشەکەی ئیسرائیل.
٦. ڕۆڵی ئێران گرنگە لەبەرچاوبگیرێت. لەسەر بنەمای خاڵەکانی سەرەوە، ئێرانیش ویستی گورزێک لە ئیسرائیل بدات، لەبەرامبەر ئەو هەموو گورزەی ئیسرائیل لە سووریا لە ئێرانی دەدات. پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعوودییە و ئیسرائیل دەکرێت وەک هۆکارێکی لاوەکی بێت، چونکە سعودییە و ئێسرائیل ئێستاش نەبێت، ساڵێک یا دووانی تر پەیوەندییەکانیان بە فەرمی ئاسایی دەکەنەوە. ساڵانێکە لە ڕووی واقعییەوە پەیوەندییەکانیان ئاساییە، تەنیا ئەوە ماوە بە فەرمی و ئاشکرا و فراوان بکرێت. لەگەڵ چەندین هۆکاری تر پەیوەندیدار بە ئێرانەوە. 


٧. حەماس چاوەڕوانی ئەم هەڵوێستە لاواز و ترسە گەورەیەیی نەدەکرد لە لایەن ئێران و حیزبوڵا و تەنانەت تورکیاشەوە. تا ئەمرۆ کە غەزە بەشێکی زۆری کاول کراوە، سەدان هەزار فەلەستینی بێ ماڵ  وحاڵ بوونە... حیزبوڵا رۆژانە چەند موشەکێکی سادە و بێ کاریگەر ئاڕاستە ئیسرائیل دەکات، تەنیا بۆ ئەوەی بڵێت ئێمەش هاوخەمی غەزەین، کە سەد ساڵی تریش ئەو جۆرە هێرشەی حیزبوڵا بەردەوام بێت، کاریگەری نابێت لەسەر جەنگەکە.
ئێران لەولاوە لە ڕێگەی میلیشیاکانیاوە چەند هێرشێکی ناسک و بێ زیانیان کردوەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا، لە ڕووی فەرمیشەوە ئێران وەک ڕێکخراوە مەدەنییە نێودەوڵەتییەکان داوای ڕاگرتنی جەنگەکە دەکات. ئەردۆگان چەند شیعرێکی بەهێزی دژ بە ئیسرائیل خوێندەوە لە ئەستەنبول! قەتەریش بە فەرمی بێ لایەنە و تەنیا کەناڵی ئەلجەزیرەی خستوەتە کار دژ بە ئیسرائیل، کە ئەوەش ئەوەندەی زیانی بۆ فەلەستینییەکان هەیە، زیانی بۆ ئیسرائیل نییە. 
حەماس و ئەلجەزیرە یەکەم ڕۆژی جەنگەکە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئیسرائیل هەیبەتی شکا و ئیتر ئەمە سەرەتای کۆتایی هاتنی ئیسرائیلە... بەڵام دەرکەوت ئەو هێرشەی حەماس کە بووە هۆکاری ئەم وەڵامەی ئیسرائیل، وێنەی ئیسرائیلی زۆر تۆقێنەر و ترسناکتر کرد. ئەو هەڵوێستە لاواز و ترسە گەورەیەیی ئێران و گروپەکانی سەر بە ئێران بەڵگەن کە چەن ترساون لەوەی غەزە لە وڵاتەکانی ئەوانیش دووبارە ببێتەوە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ