ئایا عێراق دەتوانێت ببێتە خاوەن یەک سوپا ؟

ماکس ڤەیبەر و پێشمەرگە

د.سەردار عەزیز 2019.09.25 10:56 AM
407 جار خوێندراوەتەوە

د.سەردار عەزیز

نوسەر و توێژەر
مامۆستای زانکۆی کۆرک ـ ئیرلەندا


لە میانەی گفتوگۆم لە گەڵ خانەیەکی بیری ئەوروپی دەربارەی پرسی ئەوەی ئایا عێراق دەتوانێت ببێتە خاوەن یەک سوپا، کۆمەڵێک پرسی جیاواز هاتە ئاراوە کە زۆرێکیان رەهەندی تیوری و کەلتوری و مێژویی هەیە. کاتێک بیر لە بوارێکی وەک سوپا دەکەینەوە، ئەوا بیر لە ڕێکخستنی هێز دەکەینەوە لە دەستی دەوڵەتدا. ئەمە بنەمای پێناسە بەناوبانگەکەی بیرمەندی ئەڵمانی ماکس ڤیبەرە بۆ دەوڵەت. لای ڤێبەر دەوڵەت بریتیە لە مۆنۆپۆل یان قۆرغکردنی بەکاربردنی یاسایی هێز. ئەم پێناسەیە، لە هەناویدا کۆمەڵێک تێزی گەورە هەڵدەگرێت. یەکەم، لە هەناو یان لە ناو هەمو وڵاتێکدا دەبێت یەک هێز هەبێت، ئەو هێزە دەبێت بە یاسا بەکاربێت و تەنها دەوڵەتیش مافی ئەوەی هەیە کە بە شێوەیەکی یاسایی هێز یان توندوتیژی بەکاربهێنێت.

وەک دەبینین یەک یان تەنهایەتی کرۆکی تێزەکەیە. ئەگەر هاتو هێزێکی زیاتر هەبو، دەوڵەت دەسەڵاتی بە سەردا نەشکا، یان دەوڵەت لە دوو هێز زیاتری هەبو، ئەوا دەوڵەتەکە وەک شکستخواردو یان لاواز دادەنرێت، بە دیدی ماکس ڤەیبەر.
ئەم پارادایمە هێندە چەسپیوە کە ناتوانین وەک دیدێک یان زادەی کەلتورێک تەماشای بکەین بەڵکو وەهای دەبینین کە ڕاستییەکە.

ژمارەیەک پێشمەرگە لە سەنگەرێکدا


لە بەرامبەر ئەمەدا دیدێک یان تێزێکی تر لە هەڵکشاندایە ئەویش تێزی هایبرد، دوو-ڕەگ یان هەجینە. تێزی دوو رەگ، تێزێکی ئاڵۆزە و لە بواری جیاوازدا بە شێوازی جیاواز بەکاردێت. بۆ نمونە لە گەرمیان هەمیشە گوێت لەوە دەبێت کە دەڵێن تولەی دوو رەگ، کە یانی تولەی هەجین. یان لە هەندێک باردا هایبریدتی بەکاردێت بۆ لەیەکدانی دوو بون، لە پێناو بەرهەمهێنانی بونێکی تر وەک لە ئێستردا دەیبینین. بە هەمانشێوە لە دار و درەختدا بەکاردێت کە پێی دەوترێت موتوربە. لە بواری زانستی کۆمەڵایەتی چەمکی هایبرید بە زۆر شێواز بەکارهاتوە، وەک جۆرێک لە دانیپیانانی جیاوازبونی کۆمەڵگاکانی باشور و بەڕۆژئاوایی نەبونیان. ئەمە بە زەقی لە ڕاپۆرتی بانکی جیهانی ساڵی ٢٠١١دا دەردەکەوێت، کە داوای ئەوە دەکات کە دەبێت پێوەری جیاواز بەکاربهێنرێت بۆ کۆمەڵگا گەشەکردوەکان. لای هەندێک ئەم چەمکە وەک جۆرێک لە بەرگری دەبینرێت، بەتایبەتی لای کەسێکی وەک هۆمی بابا. بە دیدی ئەو هایبرید بەمانای ئەوەدەێت کە کەلتورەکانی باشور، لێرەدا مەبەستم باشوری گۆی زەویە، دەستبەرداری هەمو بەها و کەلتورەکانیان نابن، بەڵکو هەندێک وەردەگرن و هەندێک دەپارێزن، و تێکەڵیان دەکەن. ئەمە بە ڕونی لە بانگەشەی ئیسلامیەکاندا دەبینیت کە داوای ئەوە دەکەن، باشەکانی ڕۆژئاوا وەربگیرێت و خراپەکانی بە دیدی ئەوان، ڕەفز بکرێتەوە.
سەرباری ئەم هەمو پاشخانە، بەکاربردنی چەمکی هایبرید یان هەجین یان جوتەیی، لە بواری دەوڵەتداری و ئاسایش و هێز و سوپادا جیاوازە.

رژێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشوری گۆی زەوی زۆر جار لە ئەنجامی لاوازییان، یان زۆرجار لە ئەنجامی ستراتیژی پاراستنیان سیستەمێکی هەجین یان جوتەیی لە بونیادنانی هێز دەهێننە ئاراوە. بۆ نمونە عێراق وەربگرین لە حەرەس قەومیەوە یان پێشتریش هەمیشە جگە لە سوپا هێزی تر هەبوە لە وڵاتدا، جگە لە هێزی سەربازی فەرمی کە زۆرجار هێزی میللی و نافەرمی و خێڵەکین.
ئەم جوتەییە دەوڵەت بەرهەمی دەهێنێت بۆ هاوسەنگی و خۆپاراستن لە کودەتا یان ڕاپەڕین. بەڕای من هۆکاری سەرەکی ئەمە لاوازی دەوڵەتە وەک دەزگایەک و بنەمایەک لە هەناو خەڵکدا.

ژمارەیەک سەربازی سوپای عێراق


ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا عێراق دەیەوێت ببێتە خاوەن یەک سوپا، دەتوانێت ببێتە خاوەن یەک سوپا، یان بە سروشتی بێتوانایە لەوەی بە پێناسەکەی ماکس ڤەیبەر مۆنۆپۆلی توندوتیژی یان هێز بکات؟؟ ئەمریکاییەکان بەم دیدەی ماکس ڤەیبەرەوە هاتن، ٢٠ بلیون دۆلارییان سەرفکرد، داعش لە چەند ڕۆژێکێکدا بۆی کردن بە سفر.
بێگومان ئەگەر یەکبون نەبێت ئەوا کارایی بونی نابێت. بەو مانایە کاتێک زیاتر لە هێزێک هەیە ئەوا هیچ هێزێک کارا نیە. کاتێک هێز کارا نیە ئەوا بارە بە سەر کۆمەڵگاوە. چونکە توانای پاراستنی کۆمەڵگای نیە. بەڵام ئایا کورد دەتوانێت بە سەر ئەم گرێییەدا زاڵ بێت.

توانای یەکخستنی ئێمە، ئاستی حوکمداریمان بەرزدەکاتەوە بۆ ئاستێکی باڵاتر لە ئەوانیتر لە ناوچەکەدا. ئەمە سەرمایەیەکی دەگمەنی دیپلۆماسی دەبێت بۆمان. لە هەمانکاتدا کارایی یان ئەوەی ئەمریکاییەکان پێی دەڵێن ئیفێکتیڤیتی بەرهەم نایەت هەتا ئێمە ئەوە بەرهەم نەهێنین نابینە جێگای باوەڕ و پشتیوانی ڕۆژئاوا و بە تایبەتی ئەمریکا. لە دەستدانی ئەو پشتیوانیە لەم دۆخە گۆڕاوەی جیوپۆلەتیکیەدا، ئەوا ئێمە پەرت پەرت دەکرێین لەم ناوچەیەدا.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ