کاک فواد ڕێبەرێکی سیاسیی کورد بوو کە کارییگەریەکی زۆری ھەبوو لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دامەزرێنەری حیزبی کۆمەڵەی زەحمەت کێشانی کوردستانی ئێران بوو ، تەنانەت دوای شەهید بوونی ئیتر کۆمەڵەی زەحمەت کێشان بەرەو پەرتەوازەیی و بچووک بونەوە چوو زۆر سەرکردە هەیە ، کە جیلی ئیستا نایان ناسن و مێژووەکەیان ونە ، لەنمونەی کاک فوئادی مستەفا سوڵتانی بۆیە لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەمەسەر ژیان و کەسایەتی کاک فوئادی مستەفا سوڵتانی .
ژیانی کاک فوئادی مستەفا سوڵتانی
کاک فواد ساڵی ١٩٤٩ لە گوندی ئەڵمانە سەر بە شاری مەریوان لەدایکبوو. ساڵی ١٩٦٨ چووە زانکۆی سەنعەتی شەریف لە تاران و لە بواری کارەبا دەستی بە خوێندن کرد. ھەر لەوێوە چالاکییە سیاسییەکانی دەستپێکرد. ساڵێک دواتر لەگەڵ ھێندێ لە ڕفیقانی لە پاییزی ١٩٦٨ ڕێخراوێکیان پێکھێنا کە دواتر بە کۆمەڵە ناسرا. کاک فواد و ھاوڕێکانی ڕۆڵێکی گەورەیان ھەبوو لە ڕووناککردنەوەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ژێر زۆری دەستگای شای ئێران.
لە ساڵی ١٩٧٦، ساواک دەستبەسەری کرد بەڵام ئەو لە بەندیخانە بووبە سەرۆکی شۆڕشەکان و بزووتنەوە ناڕەزاییەکانی ناو بەندیخانە. لە ١٩٧٨ (گەلاوێژی ١٣٥٧) لە بەندیخانە ڕزگاری بوو. کاک فواد ڕۆڵێکی گرینگی لە پێشکەوتن و یەکگرتنی شەپۆلەکانی شۆڕشی دژە دەسەڵاتی شای ئێران لە شارەکانی مەریوان و سنە ھەبوو. پێکھێنانی یەکیەتی جووتیاران و چالاک کردنی یەکەمین دەستەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە (ئۆرگانی زەحمەتکێشانی کوردستان) یەکێک بوو لە گرینگرین دەستکەوتەکانی کاک فواد لەو بوارەدا. کاک فواد لە ساڵی ١٩٧٩ (٩ خەرمانانی ساڵی ١٣٥٨) بە دەستی ھێزەکانی حکوومەتی ناوەندیی ئێران لە شەڕێکی چەکداریدا کوژرا.
ژیانی سیاسی و خەباتی کاک فوئادی مستەفا سوڵتانی
کاک فواد ڕێبەرێکی سیاسیی کورد بوو کە کارییگەریەکی زۆری ھەبوو لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دوای ڕاپەڕینی جەماوەری ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا. پێش تەواوبوونی خوێندن لە ڕووداوێکدا ھێزەکانی گاڕدی شای ئێران ھێرش ئەکەنە سەر شوێنی حەسانەوەی خوێنکارەکان، کاک فواد کە ئەودەم تەمەنی نزیک بیست ساڵ دەبێ، لە ئاکامی پاراستنی مافەکانی خۆی و ھاوڕێکانی بە ئاجوور ھێرش ئەکا بۆ فەرماندەیەکی گاڕد. ھەر بۆیە قۆڵبەست و ڕەوانەی بەندیخانە دەکرێت.
دوای ڕزگار بوون و تەواو کردنی خوێندن کاک فواد لە چەن پۆستی باش بۆ کار کردن دادەمەزرێ بەڵام ھەمیشە لە ژێر چاودێری ساواک بووە و ھەر بۆیە قەت ڕێگەی پێنەدراوە لە کوردستان خەریکی کار ببێت. لەو سەردەمەدا و دوای کوودەتای ١٩٥٣، پارلەمان دەسەڵات و سەربەخۆیی خۆی لەدەست دابوو و لە ئاکامدا ھیچ ڕێخراوێ بە شێوەی تەواو دەسەڵاتی نەمابوو مەگەر پاشایەتی. بۆ پاراستنی ئاسایشی دەزگای پاشایەتی بە یارمەتی وەر گرتن لە CIA ڕێخراوەیەکیان پێکھێنا بە ناوی ساواک کە لە ڕۆژانی دواتر سێبەری ترس و مردنی خستە سەر ھەموو بوارەکانی ژیانی جەماوەری ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەت. دوای ١٩٥٣ ئۆپۆزسیۆنی جیبھەی میللی و حیزبی توودە بە تەواوی سەرکوت کران بەڵام چەند بزووتنەوەی تر درووستبوون کە بڕوایان بە شەڕی چەکداری بوو.
لە ساڵی ١٩٦٩دا کاک فواد و چەنکەس لە ھەڤاڵەکانی کە زیاتر خوێنکارەکانی زانکۆ بوون، ڕێخراوێکی سیاسی پێکدێنن کە دواتر ناوی بوو بە کۆمەڵە. ئەوان بڕوایان بە مارکسیسم و سۆشیالیزمی ڕاستی بوو یانی لەسەر داخوازیەکانی خەڵک، نەک ئەوەی وڵاتانی ڕۆژھەڵات لە سەر بنەمای ئایدییا دایاننابوو. وەھا کە بڕوایان بە شەڕی چەکداری نەبوو و خۆیان بە جیاواز لە سیاسەتەکانی حیزبی توودە ئەزانی و لەو سەردەمەدا بزووتنەوەی پارتیزانیان بە پێویست نەدەزانی.
نزیکی ڕاپەڕینی ئێران کاک فواد لە بەندیخانە دەبێ و لە ئاکامی مانگرتنێکدا لا گەلاوێژی ١٩٧٩ لەگەڵ بەندکراوە سیاسییەکانی دیکە ڕزگار دەبن. کاتێ کاک فواد لە بەندیخانە ڕزگاری بوو کوردستان خەریک ڕابردنی ئەزموونێکی گەورە بوو و گۆڕانکاریەکی گرینگی سیاسی بەسەر دەھات. لە ماوەیەکی کەم و بە گەڕانەوەی ئەندامەکانی کۆمەڵە بۆ شارەکانی خۆیان و بزووتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی بەڕێکەوت کە بە دڵنیاییەوە بێ ھەبوونی کەسایەتی وەک کاک فواد، حەمە حسەین کەریمی، دوکتور جەعفەر شەفیعی و سدیق کەمانگەر، قەت پێک نەدەھات. ڕیخراوی کۆمەڵە ھەتا چەن ڕۆژ پاش سەرکەوتنی ڕاپەرینی جەماوەری ئێران نھێنی بوو، بەڵام بە دوای کوژرانی حەمە حسەین کەریمی یەکێ دی لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە لە ڕووداوی داگیرکردنی بنکەی پۆلیسی شاری سەقز لە ١٥ی شوباتی ١٩٧٩ (٢٦ی ڕێبەندان ١٣٥٧)، بزووتنەوەی کۆمەڵە خۆی ئاشکرا دەکات.
لە کەمتر لە ساڵیکدا خەڵکی کوردستان کە ئێستا ڕووداوە سیاسیەکانیان لا گرینگ ببووە و خۆیان بە بەرپرسی داھاتووی وڵات دەزانی، قۆناغێکی خۆشی دیموکراتیان ڕابردبوو، بەرامبەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەوەستان و لە مافە ڕەواکانی خۆیان دەستھەڵگر نەبوون. ھەر بۆیە خومێنی ڕابەری ئەوکاتی کۆماری ئیسلامی دەستووری کردە سەر ھێزە تازە پێکھاتەکەی سوپای پاسداران کە کوردستان داگیر بکەن. ھەروا بەنی سەدر یەکەمین سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند تاکوو ھێزەکان کاریان لە کوردستان تەواو نەبووە نابێت پۆتینەکانیان دەرھێنن.
لەو کاتەدا لە سەرانسەری وڵاتی ئێران، کوردستان تەنھا شوێنێک بوو کە فەزای ئاوەڵای سیاسی ھەبوو بویە دەسەڵاتی ناوەندی دەیەویست سەرکوتی بکات. لە ھاوینی ساڵی ١٩٧٩ (١٣٥٨) شار و گوندی کوردستان بوو بە ئامانجی ھێرشەکانی سوپای پاسداران و ئەرتەشی ئێران لە ئاسمان و زەویەوە و ھیزەکانی ئەرتەش ڕەوانەی شارەکانی کوردستان کران. بەڵام لە پاییزی ھەر ئەو ساڵەدا بو دەربڕینی ناڕەزایی گشتی جەماوەری شارەکان، مەجبوور بوون شارەکان جێ بھێڵن. کوردستان ھەتا بەھاری ١٩٨٠ (١٣٥٩) ئازاد مایەوە تاکوو دیسان بووە ئاکامی ھێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەوە بووە دەستپێکی دووھەمین بەرەنگار بوونەوەی گەلانی ڕۆژھەلاتی کوردستان بەرامبەر ھیزەکانی کۆماری ئیسلامی و کاک فواد ئەرکێکی دیاری ھەبوو لە ڕیخستنی ئەو کۆڵنەدانە.
ئەودەستکەوتانەی کە کاک فوئاد بەدەستی هێناوە.
کاک فواد لەو سەردەمەدا بووە ھۆی چەن سەرکەوتن لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستاندا، لەوانە :
• ھاندان بۆ ڕێکەوتنی بزووتنەوەیەکی بێوێنە لە کوردستان
• کردنەوەی درگەی وتووێژ لەگەڵ داگیرکەران
• ھێنانە ناوەی ژنان بۆ بزووتنەوە کۆمەڵاییەتیەکان
• گەیاندنی ئەنجامەکانی وتووێژەکان و دانیشتنەکان بە جەماوەر
• سووربوون لەسەر بڕیاردان لەلایەن ھەڵبژێردراوەکانی خەڵک
• پەیوەندی نێوان حیزبەکانی کوردستان
• ئامادە کردنی کوردستان بۆ ھێرشەکانی دواتر
• ڕێخستنی ڕێخراوێکی بەرگری پێکھاتوو لە پێشمەرگەکان بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان و مافەکانی لە ھێرشەکانی نامرۆڤانەی ئەرتەش و بەتایبەت سوپای پاسدارانی ئێران
• بەرگری لە شەر و توندوتیژی کە باشترین بەڵگە بۆ ئەوە، لە ھاوینی ساڵی ١٩٨٠ (١٣٥٨) خەڵکی مەریوان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان لە جیاتی توندوتیژی بەرامبەر بە داگیرکەران، شار جێدەھێڵن.
ڕۆڵی کاک فواد لە مێژووی بزووتنەوەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دوای ١٩٧٩ بێوێنەیە. تەنھا ٨مانگ دوای ڕزگاری لە بەندیخانە و تا کاتی کوژرانی لە تەمەنی ٣١ساڵیدا، لەو ماوە کەمەدا، توانی لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی ئازادیخوازی گەلی کورد بنەخشێنێت.
گیان بەختکردنی کاک فوئاد
گیانبەختکردنی کاک فواد ئەگەرچی خەمێکی یەکجار گەورە بۆ جەماوەر و بزووتنەوە بوو، ئەما لەراستیدا شێوازی ڕووداوەکە بۆخۆی دڵتەزێن و دوور لەوەی بوو کە بتوانرێت چاوەڕێ بکرێ. خۆمێنی ڕابەری کاتی کۆماری ئیسلامی، سادق خەڵخاڵی دەکات بە حاکمی شەرع لە کوردستان و ئەویش لە کوشتنی ڕۆڵەکانی کوردستان ھیچ کەمکاری نەدەکرد. لە یەکێک لە ھەڵمەتەکانی لە شاری مەریوان دوو دانە لە براکانی کاک فواد بە تاوانی ئازادیخوازی لە سێدارە دەدات. بە بڵاوبوونەوی ئەو ھەواڵە شاری مەریوان تووشی ئاڵۆزی ئەبێت. کاک فواد کە لەو کاتەدا لە دەرۆی شاری مەریوان دەبێ، بۆ ھێمن کردنەوەی شار و بۆ لای دایکی جەرگسووتاوی (نەھیە خان) بە نھێنی دەگەڕێتەوە مەریوان. دوای دیتنەکانی، کاتی گەڕانەوە، لە گۆندێک بە ناوی بەستام، لە نێوان شاری سەقز و مەریوان، زۆر بە ھەڵکەوت تووشی دەستەیەک خۆفرۆش و پاسداری سوپا دەبن و بەشەڕ دێن. ژمارەی ھەواڵانی کاک فواد زۆر کەم دەبێ و بۆ شەڕ نەڕۆشتبوون بۆیە لە ئاکامدا، بەداخەوە کاک فواد و چەندانە لە ھاوڕێکانی گیان بەخت دەکەن.
مستەفا چەمران کە خوێندنی لە ولاتی ئەمریکا تەواو کردبوو و زانای شەڕی پارتیزانی بوو، ھەر بۆ بەرەنگاری دەگەڵ بزووتنەوی خەڵکی کوردستان و پووچەڵ کردنەوەی خەباتی چەکداری پێشمەرگەکانی کوردستان ڕەوانەی کوردستان دەکرێت. وەک ئەوەی باسی دەکەن ئەگەرچی دۆشمنایەتی ھەبووە دەگەڵ کاک فواد بەڵام ڕیزیان ھەبووە بۆ یەک. دەڵێن دوای دیتنی تەرمی کاک فواد فرمێسک دەڕێژێت و دەڵێن ھەر بە دەستووری چەمران بوو کە نەوەک ھەمیشە کە بێڕێزیان دەکرد بە تەرمی شەھیدانی کورد، تەرمی کاک فواد ھەتا شاری مەریوان دەبەن و ئەیسپێرنە دەستی خەڵک. تەرمی کاک فواد لە قەبرانی تاڵەسواری گوندەکەی، لە تەنیشتی دو براکەی حسەین و ئەمین دەنێژرێت، ھەر ئەو دوو برای کە بۆ دیتنی تەرمی ئەوان گەڕابوویە مەریوان و ببوە ھۆی گیانبەختکردنی؛ ھەر ئەو گۆڕستانەی دوو ساڵ دوای ئەوە دوو برای دیکەی کاک فواد و ژمارەیەک زۆرتر لە بنەماڵەکەی و ھاوڕێکانی تێیدا بوونە میوان.
ڕێبازی کاک فواد و کاک حەمە حسەین کەریمی و دوکتور جەعفەر شەفیعی لە بواری سیاسەت، کۆمەڵایەتی و شەڕی چەکداری و ھۆکارەکانی دامەزراندنی کۆمەڵە، دەگەڵ کۆمەڵە دوای ئەوان بە ڕابەری کەسایەتیەکانی دیکە گۆڕدرا. بۆیە زۆر کەس کۆمەڵەی کاتی کاک فواد لە کۆمەڵەی ئێستا جودا دەزانن و ھێندێ کەس ھۆکاری ئەوە، زۆر نزیک بوونەوەی کۆمەڵە لە کومونیستی ئێران دەزانن.