به‌رژه‌وه‌ندیی میسر و ئیمارات له‌ لیبیا چییه‌ ؟

میسر و ئیمارات.. به‌نزین بۆ ئاگری شه‌ڕی ناوخۆی لیبیا

ره‌نج نه‌وزاد 2020.05.10 05:07 AM
585 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

بەشی (2) و (3)
میسر..
لە هەموو دەوڵەتانی بەشداربوو لە ململانێی لیبیا، میسر لەوانەیە هەستیارترین پەیوەندی هەبێت بەو کەیسەوە. لیبیا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی میسرەوە هەیە. میسر 1200 کم سنوری هەیە لەگەڵ لیبیا، دوای کودەتاکەی سیسی ولابردنی مورسی، زۆرێک لە ئیخوانەکانی میسر پەنایان بردە ناو لیبیا، کە ئێستا لەگەڵ سەراجن، میسر زۆر هەستیارە بەرامبەر بە لیبیا، ترسێکی گەورەی هەیە لەوەی ئیخوانی وئیسلامیەکان لیبیا حوکم بکەن وکاریگەری خەراپ دانێن لەسەر میسر وئیخوانەکانی میسر بجوڵێنن لەناوخۆی میسر، بێ گومان دیاریشە دەبێت پشتگیری حەفتەر بکات، چونکە ئیخوانەکان وزۆربەی گروپە ئیسلامیەکان لە بەرەی دژ بە حەفتەرن، هەروەها سیسی و حەفتەر هەردووکیان جەنەراڵی سەربازین وتێڕوانینی سیاسیان لە یەکەوە نزیکە.
دەستێوەردان وڕۆڵی میسر لە لیبیا مێژوویەکی کۆنی هەیە وزۆر کات ڕوویداوە میسر لە لیبیا رۆڵی گەورەی هەبووە. هەر بۆ نموونە، لە ساڵی ١٩٧٧ کاتێک میسر وئیسرائیل خەریکی ڕێکەوتننامەی ئاشتین، قەزافی بەوە نیگەران دەبێت و شەڕێکی ڕاگەیاندنی گەورە دژی میسر وئەنوەر سادات دەست پێدەکات، لە وەڵامدا سوپای میسر دەچێتە ناو لیبیا ولە ماوەی چوار رۆژدا رۆژهەڵاتی لیبیا داگیر دەکات وزیانێکی گەورە دەگەیەنێت بە لیبیا. لە کاتی شۆرش وبەرخودانی لیبیەکان دژی داگیرکاری ئیتالیا، میسر سەرچاوەی سەرەکی بوو بۆ هاوکاری لیبیەکان. جگە لەوەی ئەو تێڕوانینە لە ناو هەندێ میسریدا هەیە، کە لیبیا لە کۆندا بەشێک بووە لە میسر.
هاتنی تورکیا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ ناو هاوکێشەی لیبیا، میسری زۆر زیاتر ترساندوە. میسر وتورکیا دوای کودەتاکەی سیسی ولابردنی ئیخوانەکان لەسەر حوکم، پەیوەدنی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە زۆر تێکچوو، چونکە تورکیا وەک ئاشکرایە پشتگیری ئیخوانەکان دەکات بە هۆی ئوردگان وحیزبەکەیەوە کە ئیخوانین. زاڵبوونی تورکیا لە گۆڕەپانی لیبیا، واتە هەرەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر دەسەڵاتی سیسی وپاڵنەرێکی سەرەکی بۆ جوڵاندنەوەی ئیخوانەکانی میسر. هەروەها، میسر لە دوای ٢٠١٠ ودۆزینەوەی گازی سروشتی ونەوت لە ڕۆژهەڵاتی دەریایی ناوەڕاست، هیوای ئەوەی هەیە ببێتە فرۆشیارێکی گەورەی وزە لە جیهاندا، بە تایبەت فرۆشتنی وزە بە ئەوروپا، ئەمەش لە ئەمریکا وئەوروپا زیاتر نزیکی دەکاتەوە وسیسی پارێزراوتر دەبێت، سیسی پێویستی بە پشتگیری رۆژئاوایە بۆ مانەوە، بە تایبەت کە بە هەڵبژاردن نەهاتووە وبە گومانە لە میسریەکان. هەروەها لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ تا ڕووخاندنی قەزافی ٢٠١١ چەندین ڕێکەوتن وکاری هاوبەش هەبووە لە نێوان میسر ولیبیا لە بارەی کارکردن وبەرهەمهێنان لە نەوت وگازی سروشتی، کە میسر زۆر مەبەستیەتی ئەو ڕێکەوتن وکاری هاوبەشە بەردەوام بێت لە لیبیایی ئایندە، کە سەرکەوتنی سەراج وتورکیا وقەتەر، ئەو رێگەوتن وهاوکارییانە لەناودبات، بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەیەکی زۆر.

ئەو تێڕوانینە لە ناو هەندێ میسریدا هەیە، کە لیبیا لە کۆندا بەشێک بووە لە میسر


هاتنی تورکیا بۆ ئەو ناوچەیە، کێشەی گەورە دروست دەکات بۆ بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە ناوچەکە، کە هەر یەک لە وڵاتانی میسر وقوبرس ویۆنان وئیسرائیل لەو بارەیەوە ڕێکەوتن وپلانیان هەیە، کە ئەو گازە سروشتیە تازە دۆزراوەی رۆژهەڵاتی دەریایی ناوەڕاست بکەنە سەرچاوەیەکی وزە بۆ ئەوروپا، خودی تورکیاش پاڵنەرێکی سەرەکی بۆ هاتنی بۆ ئەو ناوچەیە بریتییە لە بەشداری بوون لەو سامانە یاخود تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە بۆ دروستکردنی بەربەست لەبەردەم ناردنی ئەو گازە بۆ ئەوروپا کە سوودی بۆ خۆی نەبێت وبەڵکو زیانیشی هەبێت، چونکە خۆی پردێکە بۆ گواستنەوەی وزە بۆ ئەوروپا.
هەر ماوەیەکی کەم دوای ڕێکەوتنەکانی ئۆدۆگان وسەراج لە بارەی هاتنی سوپای تورکیا بۆ لیبیا وئامادەبوونی لە کەناراوەکانی لیبیا لە دەریایی ناوەڕاست، میسر هەستا بە مانۆڕێکی گەورەی هێزی دەریایی خۆی وەک بەرپەرچدانەوەیەک بۆ تورکیا. ئەو مانۆرە سەربازییە چەن ئاماژەیەکی گرنگی تیا بوو، مانۆرەکە زیاتر دەریایی بوو، چونکە ئەگەر جەنگی نێوان میسر وتورکیا ڕووبدات، ئەوا لەبەر ئەوەی هەردوو دەوڵەت سنوری ووشکانیان بە یەکەوە نییە، جەنگەکە دەریایی دەبێت، ئەگەر دەریایش بێت، ئەوا هێزی ئاسمانیش بەشداری تێدا دەکەن. بە پێی هەندێ سەرچاوە، هێزی دەریایی میسری لە پلەی شەشەمدایە لەسەر ئاستی جیهان، هی تورکیا لە پلەی ١٢، هێزی ئاسمانی میسر لە پلەی ٩ وهی تورکیا لە پلەی ١٠. واتە لە ڕووی تیورییەوە، ئەو جەنگە میسر تیایدا سەرکەوتوو دەبێت، چونکە تورکیا لە ڕووی هێزی ووشکانیەوە لە میسر بەهێزترە، ئەم هێزەش کەمتر رۆڵی دەبێت لەو جۆرە جەنگانەدا. بەڵام ئیتر لە ڕووی واقعیەوە، جەنگ حیسابات وپلانی جۆراوجۆری هەیە ومەرج نییە ڕەنگدانەوەی تیورییەکە بێت. ڕوودانی ئەم جەنگەش ئەگەرێکی دوورە تا ئیستا.
هاوکات لەگەڵ مانۆری هێزی دەریایی میسری، مانۆری هێزی ووشکانی هێزەکانی حەفتەریش ئەنجامدرا، وەک پەیامێک لە دەریایەوە هێزەکانی میسر پەلاماری هێزی تورکی دەدەن، لە ووشکانەوە هێزەکانی حەفتەر، پەلاماری هێزی ووشکانی تورکیا وبەکرێگیراوەکانی لە ناو خاکی لیبیا دەدەنەوە.نابێت ئەوەش لە بیر بکرێت، کە بوون ورۆڵێ قەتەر کە تا ڕادەیەکی زۆر وەک رۆڵی تورکیایە وگەورەترین هاوکاری ئیخوانیەکانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دیسانەوە میسری تەواو نیگەران کردوە. بە کورتی میسر بە ڕاشکاوی ئەوەی ڕاگەیاندوە کە لیبیا پرسێکی ئاسایشی نەتەوەییە بۆ میسر، پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییش جەنگی بۆ بەرپا دەکرێت. بۆیە دەست تێوەردانی میسر لە لیبیا لە دۆخێکی وادا، ئاسایی وچاوەڕوانکراوە.

ئیمارات..
جگە لە میسر، هیچ وڵاتێکی تر هاوشێوەی ئیمارات بە ئاشکرایی وبە بەهێزی ئامادەیی نەبووە و نییە لە لیبیا، بۆ میسر کە هاوسنوری لیبیایە، ئاساییە ئامادەیی هەبێت لە لیبیا لەبەر ئەو هۆکارانەی لە بەشی دووی ئەم نووسینە باسکران. بەڵام وڵاتێکی بچوکی وەک ئیمارات کە سنووری نییە لەگەڵ لیبیا ودووریشن لە یەکەوە، ئەو ئامادەبوونەی ئیمارات لەوێ مایەیی پرسیارە، تەنانەت ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیمارات بنکەیەکی سەربازی هەیە لە ناو خاکی لیبیا. بۆ تێگەیشتن لەو پرسە، دەبێت ئاگاداری هەندێ وردەکاری سیاسەتی ئیمارات بین. هەر چەن ئیمارات وهاوپەیمانە نزیکەکەی کە سعودیەیە کە دوو دەوڵەتی نادیموکراتن، هەر لە سەرەتای بەهاری عەرەبیەوە دەیانویست شکست بێنن بە خۆپێشاندانەکان وپاراستنی حکومەتەکانی ئەو کات، پاش ڕووخاندنی حکومەتەکان، هەوڵی ئەم دوو دەوڵەتە بووە هەوڵدان بۆ شکستپێهێنانی ئەنجامی ئەو جموجۆڵە جەماوەریانە. بەلام پرسی دەست تێوەردانی ئیمارات لە لیبیا، تەنها ئەوە نییە، بەڵکو لە پاڵ ئەو هۆکارە سەرەکیە، هۆکاری گرنگی تر هەیە.

سیاسەتی ئیمارات سێ پایە یا سێ لایەنی سەرەکی هەیە، دانەیەکی دەتوانین ناوی بنێین سیاسەتی بەندەر، دووەمی ترس لە ئێران هەژموونی بەسەر ناوچەکە، سێهەم، سیاسەتی دژایەتی وسەرکوتکردن وڕێگرتن لە تەشەنەکردنی ئیخوانەکان لە هەو شوێنێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت.
سەبارەت بە سیاسەتی بەندەر، یەکێ لە پاڵنەرە هەرە سەرەکیەکانی هەڵسوکەوت وسیاسەتی ئیمارات بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی زۆرترین بەندەرە دەریایی وئاوییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنانەت هەوڵدەدات ئامادەیی هەبێت لە زۆربەی بەندەرە گرنگەکانی جیهان.لەم ڕووەوە سەرکەوتنی گەورەشی بەدەست هێناوە. ئیمارات لە ئێستادا لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی خۆیەوە (DP world) ئامادەیی هەیە لە بەرێوبردنی زیاد لە ٧٠ بەندەر لە جیهاندا، لە هەر شەش کیشوەرکە، بۆ نموونە ئامادەیی هەیە لە بەڕێوبردنی هەندێ بەندەر لە چین وکۆریا، مۆزەمبیق وسینیگال، ئەڵمانیا وفەرەنسا، کەنەدا وئوسترالیا ودۆمینیکان، پاکستان وهیند وڤێتنام...

بن زاید سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌هێزی پاره‌ و یارمه‌تی سه‌ربازییه‌ بۆ خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر

ئیمارات لە ئێستادا چەن بەندەرێکی باشووری یەمەنی کۆنترۆڵ کردوە، چەن ساڵێکە لە یەمەن دەجەنگێت لە ڕێگەی بەکرێگڕاوەکانی وپارەیەکی زۆر لەو پێناوە خەرج دەکات، چونکە یەمەن لەو وڵاتانەیە کە گرنگیەکی گەورەی هەیە لەو ڕووەوە، شەش بەندەری نێودەوڵەتی هەیە بۆ گواستنەوەی شمەک وسێ بەندەری تر بۆ گاز ونەوت، هەشت بەندەری ناوخۆش. بە هەمان شێوەیە یەکێ لە مەبەستە سەرەکیەکانی ئیمارات لەو دەستێوەردانە زۆری لە لیبیا، بۆ مەبەستی سەپاندنی هەژموونی خۆیەتی بەسەر بەندەرەکانی لیبیا، کە نزیکەی ١٠ بەندەر دەبن، بەندەرەکانی لیبیا ئەفریقیا وئاسیا و ئەورپا بە یەکەوە دەبەستنەوە. بەڵام ئیمارات بۆچی بەو ڕادەیە بایەخ بە بەندەرەکان دەدات، هۆکار زۆرە بۆ ئەوە، هەندێک لەوانە:
١- ئیمارات بەشێکی دیاری ئابووریەکەی پشت بە ئابووری بەندەرەکان دەبەستێت، گەورەترین بەندەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر هی خۆیەتی کە بەندەری (جبل علی)ە لە دوبەی.
٢- ئیمارات دەیەوێت بەندەرەکەی خۆی مونافسی نەبێت لە ناوچەکەدا، هەر بۆیە زۆر بایەخ بە یەمەن دەدات، چونکە یەمەن دەکرێت ببێتە مونافسی، چونکە بەندەری زۆرە وشوێنەکانیشی زۆر گرنگن و لە کەنداویشە. ئێران لە یەمەن دەسەڵاتی هەیە، بۆیە ئیمارات دەیەوێت هەژموونی هەبێت لە یەمەن یا خۆی سوود لە بەندەرەکان ببینێت یان ڕێ نەدات ببنە رکابەری بەندەرەکەی دوبەی.
٣- لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ولە کەنداو، رکابەری سەرەکی ئیمارات لەڕووی بەندەرەوە، قەتەرە کە بەندەری (حمد)ی هەیە ورکابەری ئەوەی دوبەیە، قەتەر وئیماراتیش پەیوەندیان دوژمنکارانەیە لە نێوان یەکتر، بۆیە ئیمارات دەیەوێت زۆرترین بەندەرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆنترۆڵ بکات یا بەرێوەی ببات لە ڕێگەی کۆمپانیا گەورەکەی خۆیەوە، تا هەژموونی دەریایی وئاوی قەتەر سنوردار بکات وگەمارۆی زیاتر بخاتە سەر قەتەر وناچارکردنی بە سازش.
٤- لە لیبیا ئەگەر حەفتەر سەربکەوێت، واتە سەرکەوتنی ئیماراتیشە، ئەو کات بەندەرەکانی لیبیا دەچێتە ژێر کۆنترۆڵی ئیمارات. پێش رووخاندنی عەلی عەبدولا سالحی سەرۆکی یەمەن، بەندەری عەدەن کە لە گرنگترین بەندەرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وجیهانیشە، بۆ ماوەی ١٠٠ ساڵ بەرێوبردنی درا بوو بە کۆمپانیاکەی ئیمارات، بەڵام دوای ڕووخاندنی سالح، ئەو ڕێکەوتنامەیە هەڵوەشایەوە. بۆ کەیسی لیبیاش، ئیمارات هەمان ترسی هەیە، دەزانێت ئەگەر سەراج سەربکەوێت، هیچ کام لەو بەندەرانە نادرێت بە ئیمارات.
٥- دوای هەڕەشەکانی ئێران لە داخستنی گەرووی هورمز ودەسەڵاتی ئێران لە یەمەن کە هەندێ لە بەندەرەکانی یەمەنی کۆنتڕۆڵ کردوە وبەکاری دەهێنێت بۆ ناردنی هاوکاری بۆ حووسیەکان. ئیمارات دەیەوێت ڕێڕەوی ئاوی وبەندەری تر بدۆزێتەوە دوور لە دەسەڵاتی ئێران، چونکە ئێران دەسەڵاتی هەیە بەسەر گەرووی هورمز کە لەسنوری خۆیەتی ولە ڕێی حووسیەکانەوە دەتوانێت کێشە بۆ گەرووی باب المندبیش دروست بکات لە یەمەن، کێشە دروستکردن بۆ باب المندب واتە دەریایی سوور ونۆکەندی سوێسی میسریش کێشەی بۆ دروست دەبێت. بۆیە ئیمارات لە لیبیا هەوڵدەدات هەندێ ڕێرەوی ئاوی وبەندەری دەست بکەوێت کە دوورە لە هەژموونی ئێران. پێشریش ئیمارات بۆندێکی لەگەڵ جەزائیر مۆرکردوە کە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ بەندەری (جن جن)ی جەزائیر بەڕێوە دەبات، ئەو بەندەرەش خاڵی بە یەکەوە بەستنی ئەوروپا وئەفریقیا ورۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئیمارات بایەخێکی گەورە بەو ڕێگە ئاوییە دەدات، ئەگەر بەندەرەکانی لیبیاش کۆنترۆڵ بکات، ئەوا هەژموونێکی باشی دەبێت لەو ناوچە ئاوییە گرنگە.
٦- بە پێی زانستی جیوپۆلەتیلک، زۆربەی کات هێزی دەریایی ودەسەڵات بەسەر دەریا و ڕێڕەوە ئاوییەکان، دەوڵەت بە هێز دەکات، نەبوونی هەژموون لە دەریادا، دەوڵەت بێ هێز بێ رۆڵ دەکات، بە تایبەت بۆ وڵاتێکی وەک ئیمارات کە وڵاتێکی بچووکە وناشتوانێت لە ڕووی ووشکانیەوە فراوان بێت، وڵاتێکی پیشەساز بەهێزیش نییە، بۆیە ئەگەر بیەوێت هەژموونی فراوان بکات، دەریا وزەریاکان دەرەفەتێکی باشتر وئاسانترە، کە زۆر لێزانانەش کار دەکات لەو بوارەدا.

ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی لیبییه‌كانی كردووه‌ به‌ چه‌ند هێزی ناكۆك و به‌شه‌ڕهاتوو له‌گه‌ڵ یه‌كتردا


٧-ئیمارات وەک دەوڵەتانی تری خەلیج بە هۆی ئەمریکاوە پارێزراوە، بە تایبەت لە دەست ئێران، بەڵام چەن ساڵێکە لە سەردەمی ئۆباما وترمپ، ئەمریکا لەوە دەچێت بیەوێت کەمتر خۆی تێوەبگلێنیت بە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیمارات ترسی ئەوەیە هەیە ئەمریکا ناوچەکە بەجێ بهێڵێت، یا خودی سەردەمی ئەمریکا لە ناوچەکە بەرەو کۆتایی بچێت وسەردەمی چین دەست پێبکات. بۆیە لە ئێستاوە خۆی ئامادە دەکات ودەیەوێت ببێتە دەوڵەتێک بێ ئەمریکاش خۆی بپارێزێت لە ئێران کە لەدروستبوونەوە لە ١٩٧١ گلەیی ئەوە دەکات کەسێ دوورگەی ئیماراتی داگیر کردوە وناشتوانێت ئازادیان بکات، و بە هەڕەشەیەکی سەرەکیشی دەزانێت بۆ سەر خۆی وکەندوا. بۆیە ئەو هەژموونەی ئیمارات بەسەر بەندەر وڕێڕەوە ئاوییەکان ڕەنگە وای لێ بکات هەژموونێکی جیهانی هەبێت وئێران ودەوڵەتانی تریش نەتوانن دەستی لێ بوەشێنن، هەروەها ئیمارات لە ڕێگەی ئەم سیاسەتی بەندەرەوە، دەتوانێت باش خۆی ئامادە بۆ ئەگەری هاتنی سەردەمی چین وتەواو بوونی پلانە گەورەکەی چین کە ڕێگای بازرگانیەکانە (ڕێگاکانی ئاوریشم) بۆ ئەم ناوچەیە، کە ئیمارات لەوانەیە گەورەترین سوودمەند بێت ئەو کات بە هۆی هەژموونی لەسەر زۆربەی بەندەر وڕێڕەوە ئاواییە گرنگ وبازرگانیەکان، ڕێڕەوە ئاوی وبەندەر وگەرووەکان شادەماری بازرگانی جیهانن وڕیگەی سەرەکین بۆ گواستنەوەی شمەک ووزە لەجیهاندا..
هۆکارێکی سەرەکی تر لە ئامادەبوونی ئیمارات لە لیبیا، بریتییە لە دژایەتی کردن وڕێگرتن لە ئیخوان وگروپە ئیسلامیەکان لە گرتنە دەستی دەسەڵات لە لیبیا، هەر بۆیە بە هەموو هیزێکی خۆیەوە یارمەتی حەفتەر دەدات. جگە لەوەی ئیمارات نایەوێت بەرەی سەراج سەربکەوێت، چونکە سەرکەوتنی قەتریش دەبێت. قەتەر بۆ ئیمارات وسعوددییە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر دەسەڵات وهەژموونیان، لە بەشەکانی تر زیاتر باس لەم خەڵە دەکەین.
ئیمارات لە درووستبوونیەوە پەیوەندیەکی زۆر باشی هەبووە لەگەڵ میسر تەنانەت کاتی ڕێکەوتنامەی کامپ دیفیدی نێوان میسر وئیسرائیل. ئیمارات هەر پەیوەندییەکانی نەبڕی لەگەڵ میسر، ئەمەش وای کردوە ئیمارات ئامادەیی هەبێت لە بەندەرەکانی میسر ولە نۆکەندی سوێس کە گرنگی گەورەیان هەیە. پەیوەندی ئیمارات ومیسر تەنها ئەو کات تێکچوو کە موورسی بووە سەرۆکی میسر، بە هاتنی سیسی پەیوەندیەکانیان دەستی پێکردەوە، بۆیە ئیمارات، زۆر مەبەستیەتی میسر پارێزراو بێت لە حوکمی ئیخوانییەکان، ئەگەر سەراج وقەتەر وتورکیا سەربکەون، ئەوا میسریش دەکەوێتەوە ژێر هەڕەشەی ئیخوانیەکان. کە ئەمەش لای ئیمارات کارەساتە.
جگە لەو خاڵانە، چەندین هۆکاری بازرگانی وئابووری تر هەیە وا لە ئیمارات دەکەن زۆر بایەخ بە لیبیا بدات، وەک دەنگۆی ئەوەی بە ملیار دۆلاری لیبیا لە بانکەکانی ئیماراتە وسەراج سەربکەوێت داوای دەکاتەوە، یا ئاڵتونێکی زۆری لیبیا گواستراوەتەوە بۆ ئیمارات... بەڵام هەموو ئەم هۆکارانە ناکرێت ببنە هۆکاری سەرەکی بۆ تەدەخولی ئیمارات لە لیبیا، بەڵکو هۆکاری لاوەکین وبەشێکن لەو هۆکارە سەرەکیانەی لەسەرەوە باسکران. ڕۆلی سعوودییەش لە لیبیا، تا ڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی ڕۆڵی ئیماراتە، بەڵکو زۆر کات سعودیە هەر لە ڕێگەی ئیماراتەوە تەدەخولی لیبیا دەکات. چونکە دوژمنە هاوبەشەکانیان یەکن؛ ئێران، ئیخوانیەکان وقەتەر.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ