له‌ داهاتوودا چوار بلۆك ململانێ ده‌كه‌ن

نوێترین لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌نته‌ری ئاسایشی ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی داهاتووى ناوچه‌كه‌

شادمان رۆسته‌م 2020.07.26 12:43 PM
1207 جار خوێندراوەتەوە

شادمان رۆسته‌م

نوسه‌ر
چاودێری سیاسیى

٢٠ی ئەم مانگە دوو لە لێکۆڵەرەوەکانی، سەنتەری ئاسایشی ئەمریکای نوێ، دۆکۆمێنتێکی کورتیان بڵاوکردوەتەوە، کە زیاتر وەک ستراتیژێکە کە چۆن ئەمریکا سیاسەتی خۆی لەچەکداماڵێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 
كارل بیلت، سیاسی و دیپلۆماتکارێکی سویدییە و پێشتر سەرۆکوەزیران و دواتر وەزیری دەرەوەی سوید بوە، کارل ئێستا چاودێری سیاسیە و پێیوایە ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتوی سەرۆکایەتی ئەمریکا گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەدا بکرێت، "دۆکۆمێنتەکەی" سەنتەری ئاسایشی ئەمریکا دەبێتە بەشێک لە ستراتیژیی ئاسایشی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 
سەنتەری ئاسایشی ئەمریکای نوێ، سەنتەرێکی ناحکومی-ناحیزبیە، لێکۆڵینەوە ئەکەن بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، بەڵام کاتێک سەیری لیستی ڕاوێژکار و شارەزا و لێکۆڵەرەوەکانیان ئەکەیت زیاتر ئەو خەڵکانەن کە سەر بە دیموکراتەکانی ئەمریکان و بەشی زۆریان لە ئیدارەی کلینتۆن و ئۆباما بەرپرسیارێتیان هەبوە.
دۆکۆمێنتەکە بە گشتی بژاردەی سەربازی ڕەتدەکاتەوە و لە جێگەی بژاردەی دیپلۆماسی و لایەنی ئابوری بۆ چارەسەری زۆربەی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشیاو دەزانێت، جەخت ئەکەن کە ئەبێت ئەمریکا ڕونتر بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکە دیاریبکات و باشترە ئەمریکا خۆی سەرمایەگوزاریی لە خەڵکی ناوچەکەدا بکات لە جیاتی ئەوەی هاوکارییە دارایی و ئەمنیەکان بە دەسەڵاتە سەرەڕۆکان بسپێرێت. 
چەسپاندنی ژمارەی سەربازی وڵاتەکەیان لە ناوچەکە بەگرنگ دەزانن و لەو ڕێگەیەوە خەرجی هێزەکانیان کەم دەبێتەوە. 
دۆکۆمێنتەکە ئاماژە بە خواستی ٢٠ ساڵەی وڵاتەکەیان ئەدات بۆ بەجێهێشتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام بەهۆی نەبونی ستراتیژێکی ڕون، زیاتر بیرکردنەوە لە ململانێی زلهێزەکان و گوێنەدان بە کێشە بنەڕەتیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمریکا جار لە دوای جار توشی ململانێ و شەڕی تازە بوەتەوە. بەهۆی هێزە لۆکاڵیەکانەوە! پەلکێشی ململانێی بێکۆتایی کراوەتەوە.

بەهۆی نەبونی ستراتیژێکی سنوردارەوە گەورە بڕیاربەدەستان ئەمریکا هەمیشە سەرنجیان لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئەوەش ڕێگر دەبێت لە ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی خەرجیەکانی لە هەرێمەکە و ئەوەی لە ناوچەکە بەدەستدەهێنرێت خەرج دەکرێتەوە، ئەوەش سەرنجی ئەمریکا لادەبات لەسەر ململانێی ستراتیژیی لەگەڵ چین. 

دۆکۆمێنتەکە بژاردەی سەربازیی بۆ چارەسەری کێشەکانی ناوچه‌كه‌ بەشیاو نازانێ

لە دەیەی ڕابردودا، شەڕی ناوخۆ، پێناسەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، هۆکاری سەرەکی ئەو شەڕانە: لاوازی دەسەڵاتە ناوخۆییەکان، نەبوونی ئازادیی، نەبوونی یەکسانیى هەروەها حکومەتە گەندەڵە بێتواناکان خواستەکانی گەلەکانیان فەراهەم ناکەن، سەرئەنجام دەبێتە هۆکاری ناسەقامگیریی و خۆپیشاندان.
خۆپیشاندانەکانی بەهاری عەرەبی ٢٠١١ و خۆپیشاندانەکانی عێراق، لوبنان، جەزائیر ...هتد لە ٢٠٢٠ ئەو واقعیەتە پیشانئەدات، خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ چەند ساڵی داهاتوش ئەبێتە بەشێک لە خەسڵەتی ناوچەکە تا ئەو کاتەی کێشە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان بونیان هەبێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت دۆخەکە خراپتر ئەکات. 
وەک ئاماژەی پێکرا، لاوازی حکومەتە ناوخۆییەکان ئەبێتە هۆکاری ناسەقامگیریی، لە 
هەمانکاتدا هێزگەلێک هەن لە ناوچەکە ململانێ دەکەن لەسەر گۆڕینی خۆپیشاندان و ململانێ بچوکە ناوخۆییەکان بۆ شەڕی درێژخایەنی ناوخۆیی، ئەوەش لە پێناوی فراوانکردنی نفوزی خۆیان.
لە ناوچەکەدا 4 بلۆک ململانێ دەکەن بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکانیان کە ئەوانیش: بلۆکی دژە ڕیفۆرم کە لە سعودییە، میسر و ئیمارات پێکهاتووە، بلۆکی هاوپەیمانی تورکی-قەتەری كە زیاتری پشتیوانی گروپە ئیسلامیەكان دەكات، بلۆکی ئێران هەروەها ئیسرائیل. 
کاتێک بەهۆی نەبونی خزمەتگوزاری خۆپیشاندان دروست ئەبێت و حکومەتە ناوخۆییەکان لاوزتر ئەبن ئەوکات ئەو چوار بلۆکە جیاوازە پارە، چەک و شەڕکەر دەنێرن تا ململانێکان لە بەرژەوەندی هەیمەنەی خۆیان یەکلایی بکەنەوە. 
لە دۆخێکی وادا ژینگەی لەبار دروست دەبێت بۆ گروپە تیرۆریستیەکان و خەڵکێکی زۆر ناچار دەبن بە کۆچکردن بەرەو وڵاتانی ئەوروپا، ئەمەش دەبێتە کێشە بۆ وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە ئەوروپا شاڵاوێکی زۆری کۆچبەران دەچنە ئەو وڵاتانە و دەبنە هۆکاری گەشەکردنی هێزە نادیموکرات و دژە بێگانەکان. 

به‌هۆی ململانێی چوار بلۆكه‌كه‌ شه‌ڕه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

لە ٢٠ ساڵی ڕابردودا سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە، دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریکا لە زۆر وڵات ئاگری لە شەڕەکان بەرداوە. فرۆشتنی چەک بە بڕی چەندین ملیار دۆلار بە وڵاتانی هەرێمەکە، دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی ڕاگداکوتاو کردووە، هەڵبژاردن و هاوکاریکردنی لایەنێکی ململانێکان بوەتە هۆکار بۆ هاندان و بەردەوامی ململانێکە، لە پاڵ هەمو ئەو هەڵانەدا لە جیاتی چارەسەری دبلۆماسی شەڕە هەڵبژێردراوە. 
دۆکۆمێنتەکە، داوا ئەکات ئەمریکا ڕۆڵی هەبێت لە پێکهێنانی یەکێتیەک بۆ وڵاتانی ناوچەکە تا بتوانن لەوێ چارەسەری کێشەکانیان بە گفتوگۆ بکەن و پرسی ژینگە و وازهێنان لە پشتگیری میلیشیا و هێزەجوداخوازەکان! کە خۆیانهەڵئەقورتێنن لە پرسی وڵاتانی یەکتر بکرێت و هاوشێوەی وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا ئەو یەکێتیە ببێتە هۆکاری کۆبونەوەی گشت وڵاتانی هەرێمەکە. 
ئەوەی جێگای سەرنجە، دۆکۆمێنتەکە بە بیرێکی تەواو جیاواز لە سیاسەتی ئەمڕۆی ئەمریکا لە ئێران ئەڕوانێت و پێیانوایە، پێویست بەوە ناکات ئەمریکا ڕۆڵی ئێران لە گشت وڵاتانی ناوچەکە نەهێڵێت، لەگەڵ ئەوەی ئێران وەک وەحشێک وێنا کراوە بەڵام وڵاتێکی لاوازی هێزمامناوەندە کە GDP کەی هێندەی GDP نیوجێرسیە بەڵام ژمارەی دانیشتوانەکەی ٩ هێندەی نیوجێرسی زیاترە.
ئێران وڵاتێکە ئەبێت چاودێری بکرێت هەرکات دەرفەت هەبو بەرهەڵستی بکرێت بەڵام بکرێتە چەقی ململانێی ئەمریکی هەڵەیە، ئەمریکا هەقە زیاتر هەنگاو بنێت بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی و ڕوبەروبونەوەی هەڕەشەکانی بەڵام کۆتایی هێنان یان نەهێشتنی تیرۆریزم بە نزیکەیی مەحاڵە.   
دۆکۆمێنتەکە بوونی هێزی سەربازیی لە هەندێک ناوچەی پڕ لە ململانێ بە پێویست دەزانێت بەتایبەت ئەو ناوچانەی بونەتە ژینگەی هێزە سەلەفیە توندڕەوەکان و هێزەکانی سوپای قودسی ئێرانی. 
لە دۆخێکی وادا بەگرنگی دەزانن دەسەڵاتدارانی ئەمریکی چەند پرسیارێکی گرنگ بکەن بۆ بەشداری سەربازیی، کە ئەوانەی ناوچەکە بەڕێوە ئەبەن کێن و تا چەند هاوپەیمانی ئەمریکان؟ لەکاتێکدا ئەمریکا بەشداری بکات ئەو جوڵە سەربازییە بەهیچ هێزێکی هاوپەیمانی ئەمریکا نەکرێت. هەروەها ئاماژە بۆ گرنگی ڕێگەگرتن لە ئێران دەکات تا نەگات بەچەکی ئەتۆمی.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ