لە سەرەتای سەدەی (٢١) و لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە (٢٠٠١/٩/١١) ئەمریکا ڕووبەڕووی گەورەترین و دڕاندانەترین و بە ناوبانگترین هێرشی تیرۆرستی بوویەوە، لە ڕێگای چوار فڕۆکەی سڤیلی نەفەرهەڵگر، چەند پێگەیەکی ستراتیژی ئەمریکا کرانە ئامانج، لە ناویاندا هەردوو تاوەری بازرگانی جیهانی لە نیویوڕک و بارەگانی پەنتاگۆن لە واشنتن، بە هۆیەوە (٢٩٧٧) کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی (٢٥٠٠٠) کەس بریندار بوون.
کاردانەوەی ئەمریکا بۆ ئەم هێرشانە وەرچەرخانێکی مێژووی دروستکرد، بە جۆرێک مێژووی مرۆڤایەتی پێش و دوای هێرشەکانی (١١ی سێپتەمبەر) لە هەموو ڕووەکانەوە گۆڕانکاری زۆری بەدوای خۆیەوە هێنا، لە یەکەم گوتاریدا سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا (جۆرج W بۆش) جیهانی دابەشکرد بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەکدا (بەرەی تیرۆر و بەرەی ئەمریکا).
لە سەرەتای هێرشەکانەوە، ئەمریکا رێکخراوی تیرۆرستی قاعیدەی تۆمەتبار کرد، دواتر ئەم ڕێکخراوە بەرپرسیاریەتی هێرشەکانی لە ئەستۆی خۆی گرت.
پەرچەکرداری ئەمریکا بریتی بوو لە ڕاگەیاندنی شەڕێکی سەرتاسەری هەمەجۆر (سەربازی، ئابوری، ئایدۆلۆژی.....هتد) بەرامبەر بە تیرۆریستان لەسەر ئاستی جیهان، لە دەرەنجامی ئەم هیرشانەدا ئەمریکا هەردوو ڕژێمی ئەفغانسان و عێڕاقی ڕوخاند و کۆمەڵێک بنکە و پێگەی سەربازی نوێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستکرد، لە ئێستادا ئهمهریكا زیاتر لە (١٦٠) هەزار سەربازی لە (١٥٠) وڵاتدا بەسەر (٨٦٥) بنکەدا دابەشکردووە، کە لە (٨٠) وڵاتدا دژایەتی تیرۆر دەکەن.
ئەم هێرشانە پرسی پاراستنی ئاسایشی کردە پرایۆرتی (ئەولەویەت) و گرنگی ئەم پرسەشی خستە پێش پرسەکانی تری وەک ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ، واتە بە هۆی ئەم هێرشانەوە ئازادی تاکەکان سنوردار کران و لە ڕێگای ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانەوە مرۆڤەکان خرانە ژێر چاودێریەوە.
دوای دوو دەیە لە شەڕی تیرۆر ئەمریکا ستراتیژیەتێکی نوێی گرتۆتەبەر کە بریتیە لە میکانیزمی پشتبەستن بە هاوپەیمانەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکانیان
دوای نزیکەی دوو دەیە لە شەڕی تیرۆر، ئەمریکا ستراتیژیەتێکی نوێی گرتۆتەبەر، کە بریتیە لە میکانیزمی پشت بەستن بە هاوپەیمانەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکانیان، واتە ئەمریکا چیتر بەشدار نابێت لە شەڕە بێکۆتاکان و پێویستە وڵاتانی ناوچەکە خۆیان ئاسایشی خۆیان بپارێزن، لەم چوارچێوەیەدا ئەمریکا بڕیاریداوە هێزەکانی لە عێڕاق و ئەفغانستان بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە، هەروەها گفتوگۆشی دەست پێکردووە لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبان.
یەکێک لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ستراتیژە نوێیەکەی ئەمریکا بریتیە لە ئاسایکردنەوە پەیوەندی (عەڕەب-ئیسڕائیل) و بەرقەرارکردنی ئاشتی لەژێر چەتری (گرێبەستی سەدە) بە مەبەستی دروستکردنی بەرەیەک لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی هەژموونی (چین و ڕوسیا و ئێران) و دەستەبەرکردنی ئاسایش و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەگەرچی ئەمریکا قوربانی زۆری داوە لە شەڕی تیرۆردا، بە جۆرێک مەزەندە دەکرێت زیاتر لە (۷) هەزار سەربازی کوژرا بن و نزیکەی (۷) ترلیۆن دۆلاریشی خەرج کردبێت، بەڵام تاکو ئێستاش دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی هێرشەکانی (۱١)ی سێپتەمبەر بەردەوامن و هەرشەی گروپە تیرۆرستیەکانیش هەر بەردەوامن.