![دهسهڵاتی یهكهمی تاڵیبان 1996 ـ 2001 تهنها سێ دهوڵهت ئیعترافی پێكرد](https://dynamic.politicmedia.net/root/root/images/181292021_834ca8c4-e955-4b7e-8953-1d88fbea60ba.jpg)
بەھرۆز عیزت
دوای بیست ساڵ جارێكی تر تاڵیبان توانی لە ماوەی چەند رۆژێكدا تەواوی ئەفغانستان كۆنتروڵ بكات، لە 15ی ئاب چەكدارانی تاڵیبان چوونە نێو كۆشكی كۆماریی ئەفغانستان و دەستیان بەسەرداگرت، دواتریش تەواوی ئەفغانستانیان كۆنتروڵ كرد.
تاڕادەیەك هاتنەوە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان و ڕاكردنی ئەشرف غەنی و شكستی سوپا لە چەند رۆژێكدا شۆكێكی گەورە بوو لەسەر شانی سیاسەتی نێودەوڵەتی!
چەندین پرسیار دێنەپێشەوە ئایا هەر خۆی ئەمە دەرفەتێكی سیاسی نەبوو، كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تاڵیبانی دایەوە دوای بیست ساڵ؟ ئەمە داگیرساندنی چرای سەوز نەبوو بۆ دواتر داننان بە حكومەتە نوێیەكهی تاڵیبان؟ ئایا ئیتر تاڵیبان گۆڕاوە؟ یاخۆد بەشێوەیەکی گشتی ئەرکەکانی ئەمریکا لە جەنگی دژی تیرۆر تەواو بوون، تەواوی گرۆپە تیرۆریستییەکان لاوازکران!؟ وە سەردەمێکی نوێ دەست پێ دەکات؟
بێگومان هەر لەگەڵ هاتنەوەی تاڵیبان كاردانەوەی جیاواز هەبوو لە نیوان وڵاتانی جیهان ئەمە بەرامبەر دانپیانان بە حكومەتە نوێیهكەی تاڵیبانیش بەهەمان شێوە دەبێت.
ئیستا وڵاتانی جیهان هەریەكە لە بەردەم ئەو پرسیارەدان كە ئایا حكومەتە نوێیهكەی تاڵیبان وەك حكومەتیكی شەرعی ئەفغانستان دەناسێننن (دانی پیا ئەنێن) یاخۆد نا؟ لەكاتێكدا پێشتر كە تاڵیبان حكومرانی ئەفغانستان بوو تەنیا سێ وڵات دانیان نابوو بە حكومرانی تاڵیبان ئەوانیش (پاكستان ،سعودیە، یٔیمارات).
لەگەڵ ئەوەی زۆربەی وڵاتە زلهێزە جیهانی و هەرێمییەکان بە ئاشكرا یان دانوستان و گفتۆگۆیان كردووە لەگەڵ سەرانی تاڵیبان، یاخۆد بە ئاشكرا ئاماژەیان بەوە كردووە، كە ئامادەی گفتۆگۆن لەگەڵ تاڵیبان.
بەڵام پێ ناچێت وڵاتان لە بە فەرمی ناساندنی حكومەتە نوێیەكەی تاڵیبان پەلە بكەن! بۆیە وەك دیارە چاوەریی ئەوە ئەكەن كە سیاسەتی تاڵیبان دوای بیست ساڵ گۆڕانكاری بەسەرداهاتووه یاخۆد نا ؟ تاڵیبان چ جۆرە ئیمارەتێکی ئێسلامی بنیاد دەنێت؟
كەوایە ئیمارەتە ئیسلامییەكەی تاڵیبان لە بەردەم چەندین پرسیار وگرێمانە، ئەگەردایە؟ ئەفغانستان لەژێر حوكمرانی تاڵیبان دەبێتە وڵاتیكی ئەمن و سەقامگیر؟ ئایا نابێتە كێشە وهەڕەشە بۆ ناوچەكە و تەواوی جیهان؟ دووبارە نابێتە ناوەندێک بۆ دروستبوون و بەھێزبوونی گروپە جیهادی و تیرۆریستییەكان؟ دووبارە 11ی سێپتهمبەرێكی تر ڕوودەدات یان ئەمە نزیک بوونەوەیە لە کۆتایی سەردەمی جەنگی تیرۆر؟ یاخۆد حكومەتەكەی تاڵیبان رێز لە مافەكانی مرۆڤ دەگرێت وە دەبێتە جێگەی رەزامەندی گەلی ئەفغانستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؟
لەئێستادا جیهان لە پێشوازیی حكومەتە نوێیەكەی تاڵیبانە؟ جیهان چوون پێشوازی لە حكومەتە نوێیەكەی تاڵیبان دەكات؟ لە بارۆدۆخێكی بەم شێوەیە پێ ناچێت هیچ وڵاتێك پەلە بكات.
كەوایە لەگەڵ ئەوەی كە پەلە ناكەن لە داننان بە حكومەتە نوێیەكەی تاڵیبان، بەڵام زۆربەی وڵاتە كاریگەرەكانی جیهان و ناوچەكە، بەشێك لەوانە بە ئاشكرا ھاوکاری و دانوستان و گفتۆگۆیان لەگەل تاڵیبان كردوە، بەشێكیش بە ئاشكرا ئاماژەیان بەوە داوە كە ئامادەن گفتوگۆ لەگەل تاڵیبان بكەن، جیا لە ھاوکاری و دانوستان و گفتۆگۆ نهێنی و شاراوەكان.
لێرەدا بە كورتی ئاماژە بە هەڵۆێستی چەند وڵاتێكی زلهێزی نێودەوڵەتی و هەرێمی دەكەین، دوای ئەوەی كە تاڵیبان كۆنترۆڵی ئەفغانستانی كرد:
ئەمریكا: واشنتۆن ئاشكرای كردوە كە بەجۆریك حكومەتی تاڵیبان بە ڕسمی ئەناسینین كە رێز لە مافی ئافرەتان بگرێت و پەیوەندیەكانیان بە گروپە تیرۆریستیەكان كۆتایی پێ بهێنن.
چین: لە كاتی كۆنترۆڵكردنی كابوڵ باڵیۆزخانەی چین كارەكانی خۆی بەرێوەدهبرد و پەیوەندیهكی باش هەیە لە نێوان چین و تاڵیبان.
یەكێتی ئەوروپا: ئاشكرای كردووە كە پێویستە گفتۆگۆ لەگەڵ تاڵیبان بكەین لەسەر هەموو شتێك ئەمەش بەو مانایە كە دان بە تاڵیباندا بنێن ناهێت.
ڕوسیا: یەكێك بوو لەو وڵاتانهی كاتی كۆنترۆڵكردنی كابول باڵیۆزخانەكەی كارەكانی بەرێوەدەبرد، ئامادەی خۆی دەربریووە بۆ گفتۆگۆكرن لەگەڵ تاڵیبان، روسیا ساڵانێکە پەیوەندیهكی باشی لەگەڵ تاڵیبان هەیە، موسكۆ ئاماژەی بەوە داوە كە سەقامگیریی و سەلامەتی ئەفغانستان سەلامەتی ناوچەكەیە.
بەریتانیا: سەرۆك وەزیران ئاشكرای كرد داننان بە حكومەتهكەی تاڵیبان وابەستەیە بە پاراستن و ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ.
كەنهدا: سەروك وەزیرانی كەنهدا رَایگەیاند كە كەنهدا مەبەستی نییە دان بە حكومەتەكەی تاڵیبان بنێت.
توركیا: پێشتر توركیا هەڵوێستی جۆریك بوو بەرامبەر تاڵیبان، بەڵام دوای دانوستان و گفتۆگۆكانی واشنتۆن و تاڵیبان، هەروەها دواتریش كۆنترۆڵكردنی ئەفغانستان لە لایەن تاڵیبانەوە هەڵوێستی توركیا گۆڕدرا. ئەردۆغان ئاشكرای كرد كە ئەگەر بەرپرسانی تاڵیبان لە دەرگامان بدەن دەرگامان كراوەیە، ناتوانێن واقعیەتی تاڵیبان نادیدە بگرین.
قەتەر: یەكێكە لەو وڵاتانهی كە یارمەتیدەری تاڵیبان بووە، تا كۆنترۆڵكردنەوەی ئەفغانستان زۆرێك لە بەرپرسانی تاڵیبان لە قەتەر بوون.
پاكستان: ئاشكرای كردووە كە لەوە پەلە ناكەن، بەڵام تاڵیبانی ڕازی بە دانوستان كردووه، وە پەیوەندیکی باش ھەیە لە نێوان پاکستان و تاڵیبان.
ئێران: سەرۆك كۆمار رهئیسی ئاشكرای كردووە كە لە نزیكەوە چاودێری بارودۆخی ئەفغانستان دەكەن بە وردیی، دوای جێهێشتنی ئەمریكا وتی ئاشتی بەرقەرار دەبێت.
بۆیە ئەمەش وابەستە دەبێت بەوەی کە تاڵیبان بەرژەوەندیی و ئەمنیەتی ئێران ناخاتە مەترسی ...
سعودیە: پەیوەندیهكی باشی هەبووە لەگەڵ تاڵیبان لە ڕابردوو، بەڵام لە ئێستادا زۆر شت گۆڕاون، ئایا هەر بەم شێوەیە دەبێت. سعودیەکان ئاماژەیان بەوە كردوە كە دەبێت تاڵیبان ئەمنیەت و گیان وماڵی هاوڵاتیان بپارێزیت.
لە كۆتاییدا لەگەڵ ئەوەی كە تاڵیبان بانگەشەی گۆڕانكاریی و كرانەوەی گەورە دەكات، بەڵام دەتوانین بڵێین كە وڵاتان نایانەوێت پەلە بكەن لە داننان بە حكومەتەكەی تاڵیبان، بە واتایەکی تر ئەم پرسە پەیوەستە بەوەی كە تا چەند تاڵیبان ئامادەیی كرانەوەیە، تاچەند دیمركراتیانە و مەدەنیانە هەنگاو دەنێت، تا چەند ڕێز لە مافەكانی مرۆڤ و مافی نەتەوەكانی تری ئەفغانستان دەگرێت.
تاچەند دەتوانێت سەقامگیریی و ئەمنیەت بۆ ئەفغانستان دابین بكات، یاخزد دووبارە نەبێتە ناوەندێك بۆ بەھێزبوونەوەی گروپە تیرۆریستییەكان، وە بەرژەوەندەییەکانی وڵاته زلھێزە نێودەوڵەتی و ھەرێمییەکان ناخاتە مەترسی.