له‌ حاڵه‌ته‌وه‌ بۆ دیارده‌

مرداربوونەوەى ماسییەکان.. هۆكار و چاره‌سه‌ر

عه‌بدولموته‌لیب ره‌فعه‌ت 2021.08.17 03:09 PM
1167 جار خوێندراوەتەوە

عه‌بدولموته‌لیب ره‌فعه‌ت

مامۆستای زانكۆی گه‌رمیان
پسپۆری ژینگه‌ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو

ماوەیەکە دیاردەى مرداربوونەوەى ماسییەکانى نێو سەرچاوەکانى ئاودا لە کوردستان بووەتە دیاردەیەکى بەربڵاو کە پێشتر زۆر بە دەگمەن ئەو حاڵەتە رویدەدا.
ئاو ناوەندێکى گونجاوە بۆ ژیانى زیندەوەران کە هەموو مەرجێکى تێدایە بۆ گەشەکردنیان. بەڵام هەندێجار بەهۆى کارەساتى سروشتى یا هۆکار مرۆییەوە ئەو ناوەندە تێکدەچێت و هەموو مه‌رجەکان و تایبەتمەندیەکانى خۆى لەدەست دەدات و دواجار زیندەوەران تێیدا وەکو پێویست گەشە ناکەن و کێبڕکێ لەسەر ماددە خۆراکى, تیشکى خۆر, ئۆکسجین لە نێوانیاندا زیاتر دەبێت.
ئەمساڵ بەهۆى بڕینى سەرچاوەکانى ئاو لە لایەن وڵاتى ئێرانەوە ودیاردەى وشکە ساڵى کە کاریگەرى لە سەر هەموو کوردستان هەبوو, بووە هۆى ئەوەى کە ئەم دیاردەیە (مرداربوونەوەى ماسییەکان) زیاتر ڕوبدات. 
لەلایەکى ترەوە, بەکارهێنانى ماددەى ژەهراوى بۆ ڕاوکردن هۆکارێکى ترە بۆم بڵاوبوونەوەى ئەم دیاردەیە بەڵام ئەمەى لە کوردستان ڕودەدات زیاتر پەیوەستە بە دابەزینى ئاستى ئاو لە زۆربەى سەرچاوەکانى ئاودا. ئەم حاڵەتەش وادەکات کە رێژەى ئۆکسجینى تواو (Dissolved Oxygen) لە ناو ئاودا زۆر کەم ببێتەوە.

بەپێى ستاندەرى (WHO) رێژەى ئۆکسجینى ته‌واو کە پێویستە لە نێو ئاودا هەبێت بۆ گەشەکردنى ماسى, دەبێت کەمتر نەبێ لە (٥), ئەگەر دابەزى ئەوە ئەم دیاردەیە ڕودەدات، بەڵام هۆکارى سەرەکى بۆ دابەزینى رێژەى ئۆکسجینى (D.O) تواو تەنها دابەزینى ئاستى ئاو نییە. بەڵکو هەندێ جار لە گەڵ دابەزینى ئاستى ئاو رێژەى ماددە پیسەکەرەکان, ماددە خۆراکییەکان و ماددە ئۆرگانییەکان کە دەوڵەمەندن بە (نایترۆجین وفسفۆر) لە ئاودا زیاد دەبن کە لە ئەنجامى پیسکردنى سەرچاوەکانى ئاو بە پاشماوەو پاشەڕۆى زەوییە کشتوکاڵیەکان ویەکەکانى نیشتەجێبوون دروست دەبێت. 

پێویستە سەرچاوەکانى ئاوى سازگار بپارێزین لە مادە پیسکەرەکان و پاشەڕۆکان


ئەمەش وادەکات کە رێژەى ئۆکسجینى تواو (D.O) کەم بکات وبە پێچەوانەوە رێژەى ئۆکسجینى بایڵۆجیى پێویست (Biological Oxygen Demand) زیاد دەکات. 
بۆیە لە ئەنجامدا رێژەى قەوزە بە تایبەتى قەوزەى جۆرى (Cyanobacteria) زیاد دەکات. وڕەنگى ئاوەکە بۆ سەوز دەگۆڕێت وهەندێ جار ئاوەکە بە تەواوەتى بە قەوزە دادپۆشرێت وهیچ بڕە تیشکێک (تیشکى خۆر) ناگاتە چینەکانى خوارەوەى ئاوەکە, بۆیە زۆربەى ماسییەکان ژیان لەدەست دەدەن.
ئەم دیاردەیە لە رووى زانستیەوە پێى دەوترێت (Eutrophication), وئەو ناوچانەى کە ئەم دیاردەیە تێیدا رووداەدات بە ناوچەى مردوو دەناسرێت (Dead zone) وزیاتر لە هاویندا لە نێوان مانگى ٧ بۆ ١٠ رودەدات. 
هەندێجار گۆڕینى پلەى گەرمى یا زیادبوونى پلەى گەرمى ئاو رودانى ئەم دیاردەیە زیاتر دەکات بە تایبەتى لەگەڵ دابەزینى ئاستى ئاوو زیادبوونى رێژەى ماددەى پیسەکان.
بە مەبەستى کەمکردنەوەى ئەم دیاردەیە زۆر پێویستە سەرچاوەکانى ئاوى سازگار بپارێزین لە مادەە بیسکەرەکان وپاشەڕۆکان و ئەرکى حکومەتە پاڵاوگەى تایبەت بە پاشەڕۆکان دابمەزرێنێ وچیتر بە شێوەى ڕاستەوخۆ نەخرێنە نێو روبارەکانەوە.
هەروەها پێویستە سەرچاوەکانى ئاو بە شێوەى زانستى وبەپێى پێویست بەکاربهێنرێن بەمەبەستى پاراستنى ئاستى ئاو وکەمکردنەوەى ئەم دیاردەیە. 
     



دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ