مه‌ترسیه‌ گه‌وره‌كه‌ ڕوو له‌ مه‌سرور بارزانییه‌

چی پارتی برده‌ به‌رده‌رگای ماڵى بافڵ تاڵه‌بانى ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.12.20 10:12 PM
1451 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

دوای چەند ڕۆژێکی کەم لە لێدوانە توند و زبرەکانی نێوان هەردوو ووتەبێژی پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی سەرۆکایەتی کۆمار، شاندێکی باڵای پارتی دەچێتە دەباشان و لەوێشەوە بە زمانێکی زۆر دیبلۆماسی پرسی یەکلایی بوونەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێڕاق بۆ یەکێتی بە ناڕاستەوخۆ لە میدیاکان بڵاودەکەنەوە، وەک بڵێی مێواندارییەکەی بافڵ تاڵەبانی هێندە گەرموگوڕبووە هەرگیز پارتی و یەکێتی لەسەر ئەو پۆستە ناکۆکییان نەبووە بەڵام، بۆ پەردەپۆشکردنی ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە، پرسی سەرۆکایەتی کۆمار بە  ناوهێنانی چەند کەسێک پەیوەست دەکەن.
هەرچەندە لەماوەی ڕابردوو دیداری ئاشکرا و نهێنی لەنێوان سەرکردەکانی هەردوو حزب ئەنجامدراوە، کە دیارترینیان سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بوو بۆ سەری ڕەش و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، هەروەها دیداری ئەو سەرکرد یەکێتییانەی چاویان لە کورسییەکەی بەرهەم ساڵحە، بەڵام پرسی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەتایبەتیش خوێندکاران و هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش و شەهیدبوونی چەندین پێشمەرگە و پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێڕاق نەبووە هاندەرێک بۆ کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی. 
کەچی دوای هاتنی مەکگۆرک و نامەکەی هەرچوار باڵیۆزانی ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا بۆ سەرۆکی هەرێم سەبارەت بە پرسی چاکسازی لە ڕیزەکانی پێشمەرگە، ڕاستەوخۆ شاندی باڵای پارتی دەگەیەنێتە بەردەم دەرگای ماڵی تاڵەبانی لە دەباشان.

مه‌ترسی كه‌وتنی حكومه‌ته‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی پارتی برده‌ ماڵی بافڵ تاڵه‌بانی

بەپێی هەندێک زانیاری تایبەتی کۆبوونەوەکەی ١٩ی دیسەمبەری دەباشان لە نێوان پارتی و یەکێتی، هێندەی پەیوەست بووە بە دۆخی ناوخۆی هەرێم و چارەنووسی کابینەی نۆ، هێندە گفتوگۆکان لەسەر پرسی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و بەرنامەی هاوبەشی کورد بۆ بەغدا و پرسی سەرۆکایەتی کۆمار نەبووە. 
هەروەک یەکێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە ڕاگەیاندنەکان بەڕوونی ئاماژەی بەوەکرد لەگەڵ پارتی دەیانەوێت یەک بەرنامەی هاوبەشیان هەبێت بۆ بەغدا بەڵام تاوەکو ئێستا پۆستەکان بە فەرمی بۆ کوردیش یەکلایی نەبۆتەوە چ جای یەکێتی تا قسەی لەسەر بکەن.
کاتێک پارتی بە ئاشکرا لە ڕاگەیاندنەکانی نەک هەر چاوی لە کورسییەکەی بەرهەم ساڵح و پارێزگاری کەرکوکە، بەڵکو لە شەڕی دوو کورسییەکەی هەولێر و نەینەواشی ساردنەبۆتەوە، ئەمەش بە تەواوی ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە پارتی بۆ مەبەستێکی تر لە دەباشان بوو.

تاکە شتێک لە ئێستادا کە پارتی هەمیشە ئامادەیی تێدایە سازشی بۆ بکات و تەنازولی سیاسیشی لە پێناودا بکات، سەرکەوتنی کابینەکەی مەسرور بارزانی و سەلامەتی چارەنووسێتی

لە ١٩ی ئایاری ئەمساڵ؛ بلاسخارت؛ باڵاترین بەرپرسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێڕاق هۆشداریدا کە مانەوەی ئەزموونی ئێستای هەرێم بەشێوەی ئێستای مسۆگەر نییە، پێش ئەویش بەرهەم ساڵح لە جەولەیەک سەردانی بۆلای لایەنە سیاسییەکان هەمان مەترسی خستە گۆڕەپانی سیاسی و میدیایی هەرێمی کوردستانەوە.
بەپێی هەندێک لە شیکاری ناوەندەکانی توێژنەوەی ستراتیژیش لەگەڵ نزیک بوونەوە لە کۆتایی ساڵ و وادەی کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان و چالاکبوونەوەی داعش و مانەوەی باڵادەستی گروپە میلیشیا شیعییەکان و پەرتەوازەیی و خراپی دۆخی حکومڕانی و سیاسی و ئابووری ناوخۆ، زیاتر قەوارەی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هەڕەشەکان دەکاتەوە و لە مەترسییەکان نزیکتری دەکاتەوە.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتی ـ ده‌باشان

لەڕووی واقعی سیاسییەوە بەجیاوازی دۆخی سیاسی و ڕێژەی کورسی و باڵادەستی لە بڕیاردان لەنێوان هەردوو حزبدا، زۆر بە سانایی دەکرێ بڵێین هیچ شتێک ئەو غرورەی پارتی ناشکێنێت کە لەم ساتەدا پارتی بباتە دەباشان، نە ڕقی بەرهەم ساڵح و نە خۆشەویستی مەلا بەختیاریش، بەڵکو تاکە شتێک لە ئێستادا کە پارتی هەمیشە ئامادەیی تێدایە سازشی بۆ بکات و تەنازولی سیاسیشی لە پێناودا بکات، سەرکەوتنی کابینەکەی مەسرور بارزانی و سەلامەتی چارەنووسێتی، لە کاتێکدا ڕووبەڕووی ئالنگاری و زەحمەتی زۆربۆتەوە و چاوەڕێش دەکرێت لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێ کێشە و ئالنگارییەکان زیاترببن.
دوای کۆکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی دەسەڵاتەکان لە حکومەتدا بەشێوەیەکی ناوەندی، مەسرور بارزانی سەرکەوتووبوو لە پەراوێزخستنی تەواوی هێز و کەسایەتییەکانی ناو کابینەکەی بەشێوەیەک نوێنەرانی یەکێتی و گۆڕانی لە حکومەت بە تەواوی لە ڕووی کارگێرییەوە گەمارۆداوە، بۆیەش یەکێتی بۆ دەربازبوونی لەو دۆخە حکومڕانییە، لەپاڵ دۆسیەی ئەمنی کە دوای ڕووداوەکانی ٨ی تەمموز زیاتر خرایە ژێر هەیمەنەی ئاڕاستەیەکی حزب، دەستی بۆ داهاتی سلێمانیش برد وەک کارتێکی فشار و دروستکردنی کۆسپ لەبەردەم کابینەکەی مەسرور بارزانی، تاوەکو پێی بڵێت؛ بەبێ چەک و پارە دەسەڵاتی ئیدارییت هیچ بڕناکات لە زۆنی سەوز.

بۆیە پرسی نەگەڕانەوەی داهات بۆ حکومەت و دووبارە دروستبوونەوەی گرفتی نەناردنی بودجە لە بەغداوە، دەبێتە هەڕەشەیەکی جددی بۆسەر کابینەکەی مەسرور بارزانی لە ساڵی نوێدا، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بوونی پارتی بوو لە دەباشان تاوەکو چارەسەرێکی بۆ بدۆزنەوە و بە دووریش نازانرێت ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژییە نوێیەی باس دەکرێت لە نێوان هەردوولا ئەنجام بدرێت بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی داهات و دەسەڵاتەکان بێت.

ه‌موو پارتی سه‌رقاڵن به‌ ڕزگاركردنی كابینه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی له‌ خنكان

پەیام و شێوازی مامەڵکردنی مەکگۆرک لە دواهەمین سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان بۆ پارتی و یەکێتی زۆر ڕوون بوو، تەنها پەیوەستیش نەبوو بە لێکەوتەکانی کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکان لەسەر ئایندەی کورد و عێراق بەگشتی و پێکهاتەی کابینەی داهاتووی عێڕاق، بەڵکو دۆخی ناوخۆی هەرێم و حکومڕانی و ئایندەی هەردوو حزب و بنەماڵە و بەرژەوەندییەکانیشیان بەشێکی لکێنراوە لە هەمان پاکێجی پڕۆژە و نەخشەی پلانەکانی مەکگۆڕک بۆ عێڕاقی نوێ. ئەمەش پارتی و یەکێتی ناچار دەکات جارێکیتر بیر لە ڕێککەوتنێکی نوێی ستراتیژی بکەنەوە بۆ پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانیان و مانەوەیان بە ژمارەیەکی حساب بۆکراو لە هاوکێشە سیاسییە ئاڵۆزەکانی عێڕاق و ناوچەکە.

دووبارە دروستبوونەوەی گرفتی نەناردنی بودجە لە بەغداوە دەبێتە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر کابینەکەی مەسرور بارزانی لە ساڵی نوێدا

ئەوەی زۆر بۆتە جێگەی نیگەرانی کابینەی نۆ، کاریگەری ناڕەزایەتییەکانی خەڵکە کاتێک توێژێکی کۆمەڵگە داوای مافێکی دەکات جیاواز لە پێشتر کاردانەوەی دەبێت و حکومەت ناچاردەکات بەدەم داواکارییەکانیانەوە بچێت، بەتایبەتیش دوای هەردوو فشاری جەماوەری دەرچووانی ئامادەیی بۆ دووبارە پێداچوونەوە بە ئەنجامی سیستەمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان و مانگرتنی خوێندکاران بۆ داواکردنی دەرماڵە، کە چاوەڕێ دەکرێت چین و توێژەکانی دیکەش بە هەمان شێوەی ڕێکخراو لە ساڵی نوێ فشاری زیاتر بخەنە سەر حکومەت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، پارتیش باش دەزانێت ئەگەر یەکێتی لەگەڵ نەبێت ئەوا دەچێتە بەرەی پشتگیری لە داواکانی خەڵک و فشاری زیاتر بۆ مەسرور بارزانی دروست دەکەن هەروەکو لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە بینرا، ئەمەش وادەکات پارتی ناچاربێت بڕواتە دەباشان و جارێکیتر دەستی یەکێتی بگرێتەوە.
ئــاری غــازی


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ