ئیدارەى میدیایى قەیران

ده‌شتی عه‌لى 2022.06.15 08:27 PM
340 جار خوێندراوەتەوە

ده‌شتی عه‌لى

ڕۆژنامه‌نووس
مامۆستای زانكۆی گه‌رمیان

ئیدارەی میدیایی قەیران لە ناوەڕاستى مانگى ئابى ٢٠١٦، پاش ماوەیەکى کەم لە خستەبازاڕى مۆبایلى گالاکسی نۆت٧ لەلایەن کۆمپانیاى سامسۆنگەوە، بەکارهێنەران تێبینیانکرد مۆبایلەکە بەشێوەیەکى نائاسایى گەرم دەبێت، ئەوە لەکاتێکدا بڕیاربوو گالاکسى نۆت٧ کێبڕکێیەکى بەهێزى ئایفۆن٧ پڵەسى کۆمپانیاى ئەپڵ بکات، بەڵام سامسۆنگ ئەو خولەیشى لە بەرامبەر ڕکابەرەکەى دۆڕاند.

لەماوەى چەند هەفتەیەکدا سامسۆنگ نزیکەى (٣) ملیۆن مۆبایلى (نزیکەى ٩٦%ى مۆبایلە فرۆشراوەکانى) لە بازاڕەکان کشاندەوە و، زیاتر لە (٧٠٠) ئەندازیار و شارەزاى خستەگەڕ بۆ دۆزینەوەى گرفتى گەرمبوونى مۆبایلەکە، بەو کشانەوەیەش سامسۆنگ متمانەى لاى بەشێکى زۆرى بەکارهێنەرانى لەدەستدا، هەروەها ئەو زیانانەشى بەهۆى کشانەوەى مۆبایلەکانەوە بەر کۆمپانیاکە کەوت، زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار بوو.

سامسۆنگ بەڵێنیدا جارێکیتر ئەو گرفتە دوبارە نەبێتەوە و، شەفافیەت و پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ کڕیار و هەوادارانیان دەبێتە هەنگاوەى یەکەمى مامەڵەکردنى لەگەڵ بابەتەکە، بەشێوەیەکى خێرا دەستیکرد بە لێکۆڵینەوەى جددی، لە تەواوى کارگەکانیدا جێگاى تایبەتى بە تاقیکردنەوە و پشکنین (اختبار) دانا، زیاتر لە (٢٠٠) هەزار مۆبایلى نۆت٧ لەگەڵ پاترییەکانیان (اختبار) کران. پرۆسەکانى پشکنین سەرجەم قۆناغەکانى بەرهەمهێنانى گرتەوە، بەشدارى بە سێ گەورە کۆمپانیاى دیکە کرد لە پرۆسەى تاقیکردنەوەى (اختبار) بەشێوەیەکی بێلایەنانە، تەنانەت لەڕێگەى ئەو تاقیکردنەوانەوە کۆمپانیاکە گەشەیدا بە تاقیکردنەوەى نوێ و توند بۆ تەواوى جۆرەکانى مۆبایل لەنێویاندا گالاکسى ئێس٨. کۆمپانیاکە لەڕێگەى ئامرازەکانى ڕاگەیاندنەوە داواى لێبوردنى لە کڕیاران و کۆمپانیاکانى بڵاوکردنەوە و فڕۆشتن کرد، سوپاسیکردن لەسەر ئارامگرتن و پشتیوانى بەردەوامیان بۆ سامسۆنگ.

دواتریش هەر لەڕێگەى ڕاگەیاندنەوە بەوردى هۆکارە سەرەکییەکانى ڕوودانى ئەو کێشەیەى بۆ هەمووان خستەڕوو، هەروەها سێ گەورە کۆمپانیاکەش بەهەمانشێوە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، ئاشکرایانکرد کە گەیشتوون بەهەمان ئەو ئەنجامانەى کە خودى کۆمپانیاى سامسۆنگ پێیگەیشتووە. بەو زنجیرە ڕێکارانە، سامسۆنگ توانى متمانەى کڕیاران بەدەستبهێنێتەوە و ئامادەکاری بکات بۆ خستەبازاڕى جۆرێکى نوێى گالاکسى نۆت.

لە زانستى کارگێڕیدا ئەو گرفتەى ڕووبەڕووى کۆمپانیاى سامسۆنگ بووەوە پێى دەوترێت (قەیران)، ئەو زنجیرە ڕێکارانەشى کە بۆ کەمکردنەوەى لێکەوتە خراپەکانى ئەو قەیرانە گرتیەبەر، پێیدەوترێت (ئیدارەى قەیران)، بەشێکی گرنگى ئەو ڕێکارانە کە ئیدارەى قەیرانى کۆمپانیاکە گرتیەبەر، ئەو پەیوەندییە بەردەوامەبوو کە سامسۆنگ لەڕێگەى ئامرازە جیاوازەکانى ڕاگەیاندنەوە لەگەڵ بەکارهێنەران و فرۆشیاران و ئەوانەى کاریگەربوون بە قەیرانەکە بەستبوویان، ئەوەش پێیدەوترێت (ئیدارەى میدیایى قەیران)


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ