عه‌بدوڵا كوردى چۆن عاشقى ناتالیای ڕۆمانیى بووه‌ ؟

عەبدوڵا کوردى لە بیرەوەریی و شیعری مۆریتس هارتمانی نەمسایی

به‌كر شوانی 2020.07.01 02:14 PM
220 جار خوێندراوەتەوە

به‌كر شوانی

نوسه‌ر

نووسەر و شاعیر و ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەداری نەمسایی (ئۆتریشی)، مۆریتس هارتمان (١٨٢١-١٨٧٢)، یەکێك لە ناوە درەوشاوەکانی ئەدەبیاتی نەمسا و وڵاتانی ئەڵمانیزمانە لە سەدەی نۆزدەیەمدا. لە شاری بوێمن (لەم سەردەمەدا دەکەوێتە وڵاتی چیکەوە) لە خێزانێکی ڕۆشنبیردا چاوی بۆ ژیان هەڵهێناوە. 
ساڵی ١٨٣٨ لە پراگ دەستی بە خوێندنی فەلسەفە و ئەدەب کردووە. هەر لەو سەروبەندەدا دەستی داوەتە نووسین و نۆبەرەی بەرهەمەکانی خۆی لە گۆڤاری "ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا"دا بڵاو کردووەتەوە.
ساڵی ١٨٤٠ چووەتە ڤییەنا و لەوێ هەموو کاتی خۆی بۆ کاری ئەدەبی تەرخان کردووە و هەمان کات وەك مامۆستا وانەی بە منداڵانی قەیسەر و لێپرسراوانی تری نەمسا گوتووەتەوە.
ساڵی ١٨٤٤ چووەتە ئەڵمانیا و ماوەیەك لە لایپزیگ و بەرلین و پاشان لە فەرەنسا ژیاوە. لە پاریس شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ئەڵمان هاینریش هاینە (١٧٩٧-١٨٥٦)ی ناسیوە و بوون بە دوو دۆستی زۆر نزیکی یەکدی.
ساڵی ١٨٤٧ گەڕاوەتەوە بۆ بوێمن و ساڵی دواتر هەڵبژێردراوە بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانیی فرانکفورت ئام ئۆدە (لەم سەردەمەدا دەکەوێتە ئەڵمانیاوە). هارتمان لە ماوەی ژیانیدا ١١ کتێبی بە چاپ گەیاندووە کە لە ڕۆمان و چیرۆك و شانۆنامە و شیعر و گەشتنامە پێكدێن. ئەگەر سەرجەم بەرهەم و کتێبەکانی هارتمان بەشێکی بنەڕەتی بن لە ئەدەبیاتی ئەڵمانیزمانی سەدەی نۆزدەیەم، ئەوا دوو دانە لە کتێبەکانی؛ "گەشتنامە" و دیوانی "ئەبەدی"، بۆ ئێمەی کورد هەڵگری واتایەکی زۆر گەورەن. 
ئاخر نووسەر لە ڕێی ئەو دوو کتێبەوە نموونەیەکی جوانی کورد پێشانی ڕۆژئاوایییەکان دەدات. لە کتێبی یەکەمدا بەسەرهاتی عەبدوڵای کورد دەگێرێتەوە و لە دووەمیشیاندا شعیرێك هەیە کە بۆ هەمان کەسی نووسیوە.

ناسینی عەبدوڵا لە ڕۆمانیا و چیرۆکی ئەڤینی ئەو و ناتالیا
مۆریتس هارتمان لە کتێبی "گەشتنامە"دا کە ساڵی ١٨٥٦ چاپ کراوە، ١٥ لاپەڕەی تەرخان کردووە بۆ گێڕانەوەی چۆنیەتیی ناسینی گەنجێکی کورد بەناوی عەبدوڵا و چیرۆکی حەزکردنی ئەو کوردە لە کچێکی پۆڵۆنی بەناوی ناتالیا.
بە خوێندنەوەی ئەو بەشەی کتێبی ئاماژە بۆ کراو تێدەگەین کە هارتمان و چەند هاوڕێیەکی، لە ساڵی ١٨٥٤دا بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی ڕێیان دەکەوێتە وڵاتی ڕۆمانیا. لەوێ، لە ماڵی پزیشکێکی ئەڵمانی، کوردێك بەناوی عەبدوڵا دەناسن. 

ئەم کوردە یەکێك بووە لەو کەسانەی کە دەوڵەتی عوسمانی وەك "سەربازی باشیبۆزوق" لە کوردستان و هەڕێمەکانی تری ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە بردبوونی بۆ شەڕەکانی بالکان. "باشیبۆزوق" سەربازی نانیزامی بوون و بۆیان هەبوو شان بە شانی سوپاکانی عوسمانی بکوژن و ببڕن و لەو ڕێیەوە داهاتی خۆیان پەیدا بکەن. 
عەبدوڵا سەرنجی هارتمان و هاوڕێکانی بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت و هارتمان لە یاداشتەکانیدا وەك مرۆڤێکی ژیر و قۆز و ڕۆمانتیك وەسفی دەکات. 
عەبدوڵا بۆچوونی خۆی دەربارەی مرۆڤدۆستی و شەڕ و ئاشتی و سرووشت و ئاینەکان بۆ هارتمان و هاوڕێکانی باس دەکات و بە قسە و بۆچوونەکانی خۆی هەموویان تووشی سەرسوڕمان دەکات. 

مۆریتس هارتمان (١٨٢١-١٨٧٢)


بۆ نموونە، لە باسی ئایندا دەڵێت: "هەموو ئاینەکان وەك یەکن، جیاوازییان وەك جیاوازی گیا وایە کە بەپێی زەویی ژێریان و ئاسمانی سەریان، تەنیا ڕەنگیان دەگۆڕێت."
هارتمان دەنووسێت سوپای عوسمانی هەموو جۆرە هاوکارییەکی لە باشیبۆزوقەکان بڕیبوو و ئەوانیش لە ناچاریدا دەستیان دابووە تاڵان و بڕین. فەرماندەی ئەو دەمەی سوپای عوسمانی لە بالکان، عومەر پاشا، هەواڵ بۆ باشیبۆزوقەکان دەنێرێت و داوایان لێ دەکات چەك و ئەسپەکانیان ڕادەستی سوپا بکەنەوە. 
ئەوانیش ڕازی نابن و لە ئاکامدا لە ناوچەیەکی نزیك لە ڕووباری دۆناو شەڕێکی دژوار لە نێوان چەکدارانی باشیبۆزۆك و سوپای عوسمانیدا ڕوودەدات و ژمارەیەکی زۆر لە هەردوولا دەکوژرێن. لەو کاتەدا هارتمان و هاوڕێکانی لە بوخارست دەبن و هەواڵیان پێ دەگات کە عەبدوڵایش لەو شەڕەدا کوژراوە. بەڵام دواتر هارتمان دەگاتە ئیستانبوڵ و لە ڕێی دۆستە پۆلۆنییەکانییەوە بۆی دەردەکەوێت هەواڵی کوژرانی عەبدوڵا ڕاست نییە. عەبدوڵا پاش ئەوەی لەو شەڕەدا لە لایەن سەربازانی تورکەوە بریندار دەکرێت، برینەکانی خۆی دەپێچێت، سواری ئەسپ دەبێت، دوای چەندین ڕۆژ خۆی دەگەیەنێتە شاری شوملا لە باشووری بولگارستان و لەوێ خۆی بە کەسێکی پۆلۆنیایی تەمەن ٧٠ ساڵ دەسپێرێت کە دەیان ساڵە وەك پەنابەر لەو شارە دەژی.
ناتالیای کچی کابرای پۆلۆنیایی، لە ماڵی بە گوڵ و ئاو دەوردراوی خۆیاندا برینەکانی عەبدوڵا تیمار دەکات. ماوەیەك دواتر هەندێك سەربازی باشیبۆزوقی برسی و پەرێشان بەمەبەستی تاڵانکردن پەلاماری ماڵی کابرای پۆڵۆنیایی دەدەن. بەڵام عەبدوڵا لێیان دێتە دەست و لەو ناوە دووریان دەخاتەوە.

هەر لەو ماوەیەدا عەبدوڵا دڵی دەچێتە ناتالیا، دەیەوێت بیخوازێت و لەگەڵ خۆی بیباتەوە بۆ کوردستان. ئەگەرچی ناتالیایش دڵی بەو گەنجە کوردەوە بووە، بەڵام ترسی ئەوەی هەبووە لە کوردستان ببێت بە ژنی دووەم، یان سێیەمی عەبدوڵا.
دواتر عەبدوڵا پێشنیار بۆ ناتالیا و باوکی دەکات بۆ خۆپاراستن لە مەترسییەکان بولگارستان بەجێ بهێڵن و ڕوو لە ئیستانبوڵ بکەن. هەر وایش دەکەن و مانگی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ، ١٨٥٤، هەرسێکیان دەگەنە ئیستانبوڵ.
ڕۆژێك عەبدوڵا لە ئیستانبوڵ قەشەیەکی نەستووری دەبینێت کە پێشتر لە زێدی خۆی لە کەناری ڕووباری فورات ناسیوێتی. لە ئەنجامی گفتوگۆدا بۆی دەردەکەوێت کابرای قەشە بە نوێنەرایەتیی نەستووری (مەسیحی) و ئێزدییەکانی کوردستان هاتووە، چونکە بۆیان دەرکەوتووە عوسمانییەکان بەنیازن لەژێر گوشاری فەرەنسی و ئینگلیزەکاندا مافی زیاتر بەو دوو پێکهاتە ئاینییە بدەن. لەو کاتەدا بیرۆکەیەك بۆ عەبدوڵا دێت و بە کابرای قەشە دەڵێت:
"دەستی فەرەنسی و ئینگلیزەکان ناگاتە چیایەکانی ئێمە. زۆر جاریش بۆمان دەرکەوتووە یاساکانی تورك لە خەمی ئێمەدا نین. ئەگەر پاراستنتان دەوێت، دەتوانن تەنیا لە کورد داوای پاراستن و ئاسایش بکەن. من ئێستا تکایەکم لێت هەیە، ئەگەر هاوکاریم بکەیت، بە خوا سوێندت بۆ دەخۆم هەموومان لە وڵات بە ئاشتی پێکەوە بژین."
کابرای قەشە بەپەرۆشە بزانێت داخوازەکەی عەبدوڵا چییە. ئەویش دەڵێت:
"من عاشقی ناتالیام کە کچێکی مەسیحییە. ئەویش دڵی بە منەوەیە، بەڵام پێم وایە لەبەر نیگەرانیی ئاینی نایەوێت لەگەڵم بێت بۆ کوردستان. ئەگەر هەوڵ بدەیت قایلی بکەیت لەگەڵم بێت بۆ کوردستان، ئەوا لە ناوچەی فورات دەبێت بە فریشتەی ئێوەی مەسیحیش."

هارتمان دەنووسێت؛ کابرای قەشە دەچێتە سەردانی ناتالیا و قایلی دەکات شوو بە عەبدوڵا بکات. عەبدوڵایش بەڵێن دەدات هەرگیز ژن بەسەر ناتالیادا نەهێنێت و هەموو توانای خۆیشی بخاتە کار بۆ پاراستنی مەسیحییەکانی کوردستان.

شیعرەکەی هارتمان بۆ عه‌بدوڵا كورد

پایزی هەمان ساڵ کاروانێکی بچووکی پێکهاتوو لە ناتالیا و باوکی و قەشەی سریانی و عەبدوڵای کورد و چەند خزمەتکارێکی، ئیستانبوڵ بەجێ دەهێڵن و ڕێی کوردستان دەگرنەبەر و دوای ئەوە هەواڵیان نامێنێت. سەرەتای بەهاری ساڵی دواتر هارتمان دەنووسێت:
"لەم مانگی ئادارەدا نامەکیان گەیشتە ئێمە لە ئیستانبوڵ. لە نامەیەکی باوکی ناتالیادا کە بۆ هاوڕێیەکی خۆی نووسیوە و کەوتە دەستی من، زانیاری زۆرم دەربارەی ئەو شۆڕشەی ئێستای کوردستان دەست کەوت. لە ڕێی ئەو نامەیەوە بۆم دەرکەوت ناتالیا لە کوردستان لەژێر ڕەشماڵێکدا بە کامەرانی دەژی. عەبدوڵایش یەکێک لە سەرکردەکانی شۆڕشی کوردستانە و لە ناو گەلی خۆیدا خاوەن پێگەیەکی گەورە و گرانە."
ئەو بزووتنەوەیەی کە هارتمان لێرەدا بە شۆڕشی کوردستان ناوی بردووە، ڕاپەڕینی ئێزدین شێری جزیرییە کە ساڵی ١٨٥٤ لە دژی دەوڵەتی عوسمانی بەرپای کردووە.

هارتمان بە شیعرێك یادی عەبدوڵای کورد دەکاتەوە:
مۆریتس هارتمان بەجۆرێك دەکەوێتە ژێر کاریگەریی کەسایەتی و بۆچوونەکانی عەبدوڵای کوردەوە کە تەنانەت دوای گەڕانەوەیشی بۆ نەمسا لە بیری ناکات و لە خەیاڵی خۆیدا دەیخاتە خانەی هاوڕێ نزیکەکانی خۆیەوە. هارتمان هەر بە ئەوەندەوە ناوەستێت چەند لاپەڕەیەك لە "گەشتنامە"کەی بۆ چیرۆکی ناسینی ئەو گەنجە کوردە و ئەڤینی وی لەگەڵ ناتالیا تەرخان بکات، بەڵکو بە نووسینی شیعرێك بە سەردێڕی "عەبدوڵای کورد بەمجۆرە بۆم دوا"، ناوی ئەو گەنجە کوردەی خستووەتە دووتوێی دیوانی "ئەبەدی"یەوە کە ساڵی ١٨٥٨ چاپ کراوە و بە یەکێك لە شاکارەکانی ئەدەبی ئەڵمانیزمانی سەدەی نۆزدەیەم دادەنرێت.

شیعرەکەی هارتمان بە کوردی:

عەبدوڵای کورد بەمجۆرە بۆم دوا:

"دەزانی بۆچی بووم بە هاوڕێت؟

چونکە تۆ گوێ دەگری و بێدەنگ دەبی کاتێ ئەوانی تر دەدوێن،

چونکە تۆ گۆرانی دەچڕی کاتێ ئەوانی تر بێ ئەندازە سەرخۆش دەبن.

موسڵمانت دەبینی لە نوێژدا،

تۆی فەرەنگ بەڕێزەوە بێدەنگ دەبی.

تۆی نەخۆشی دەردەدار تەنیا شەوان دەناڵێنی،

بەیانیان ئازایانە سواری ئەسپ دەبی.

هەرگیز گوێم لێ نەبوو گازندەت لە دوێنێ هەبێ،

بەڵام زۆر جوان دەربارەی ڕۆژەکانی داهاتوو دەدوێی."


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ