
كێشه‌ى كه‌مبوونه‌وه‌ى ڕێژه‌ى ئاو، یه‌كێكه له كێشه هه‌ره گه‌وره‌كان كه ڕووبه‌ڕووى جیهان بووه‌ته‌وه و به‌تایبه‌تى عێراق و کوردستان. پێشتر لە ڕێگەى نوسین و بڵاوکردنەوەى کتێبەوە هۆشداریمدا کە ئەم وڵاتە تووشى گرفتى کەم ئاو دەبێت بە تایبەتى لە دواى ساڵى ٢٠٢٠، به‌هۆى لاوازى به‌ڕێوه‌بردنى ئاو له ناوخۆى وڵات و لاوازى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى عیراق.
كه‌مى ئاو كاریگه‌ریى ته‌واوى له سه‌ر سه‌روه‌رى و ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى عێراق و کوردستان دروست ده‌كات و ئه‌بێته هۆى هه‌نگاونان به‌ره‌و جه‌نگێكى هه‌رێمایه‌تی گه‌وره.
ڕه‌هه‌نده جیۆسیاسییهكانى تایبه‌ت به گرفت و كێشه‌ى ئاو له عێراق و کوردستان به‌نده به ڕه‌هه‌ندى جوگرافییه‌وه، كه وڵاتانى دراوسێ (ئێران، توركیا و سوریا) كۆنترۆڵى سه‌رچاوه‌كانى ئاوى عێراقیان كردووه به ڕێژه‌ی زیاتر له 60% به‌هۆى ئه‌وه‌ى کە عێراق وڵاتى ڕێژگه‌یه.
ڕه‌هه‌ندى سیاسییش له‌وه‌دا خۆى ئه‌بینێته‌وه كه هه‌موو په‌یماننامه و پرۆتۆكۆڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به ڕێكخستنى ڕووبار و ده‌ریاچه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پشتگوێ خراون.
لە پێشودا که ئێران و توركیا ڕێژه‌ى به‌ردانه‌وه‌ى ئاوى ڕووباره نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان كه‌م ده‌كرده‌وه، ده‌یان كێشه و گرفتى كۆمه‌ڵایه‌تى و به تایبه‌تى له نێو جوتیارانى باشوور و ناوه‌ڕاستى عێراق ڕوویده‌دا و له هه‌ندێ حاڵه‌تدا جوتیاران یه‌كتریان له‌سه‌ر به‌شه ئاوى ئاودێرى ده‌كوشت.
بۆیه كه‌مبوونه‌وه‌ى ڕێژه‌ى ئاو و ڕوودانى ململانێ له‌سه‌ر ئاو ته‌نها واتاى جه‌نگ نییه له نێوان دوو وڵات‌دا، به‌ڵكو له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ململانێ و كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى له نێوان هه‌رێمه‌كان یا پارێزگاكانیشدا ڕووده‌دات و ته‌نانه‌ت له نێوان جوتیاراندا له هه‌مان شوێنى جوگرافیدا.
هه‌موو ئاماژه‌كان ئه‌وه‌مان پێڕاده‌گه‌یه‌نن، كه جیهان به‌ره‌و گرفتى كه‌مى ئاو هه‌نگاو ده‌نێت و زۆربه‌ى وڵاتان (جگە لە عێراق و هەرێمى کوردستان) هه‌موو ئامرازه‌كانیان به‌كارخستووه بۆ گلدانه‌وه‌ی (خه‌زنكردن)ی ئاو، چونكه به‌شى تاك له ئاو به‌پێی پێشبینییه‌كان له ساڵى (2030) بۆ خوارووى هێڵى هه‌ژار كه‌م ده‌بێته‌وه، واتا كه‌متر له (1000 م3/ساڵ)، كه كاریگه‌ریى زۆر به‌هێزى له‌سه‌ر ئاسایشى خۆراكى هه‌موو وڵاتان ده‌بێت.ئەگەر سەیرى بارودۆخى بەنداوەکانمان بکەین لە هەرێمى کوردستان ئەوە پێویست دەکات بە کوڵەوە بگرین و ئەوەى ئێستا ڕوویداوە سەرەتاى کۆتاییە
ئەگەر سەیرى بارودۆخى بەنداوەکانمان بکەین لە هەرێمى کوردستان ئەوە پێویست دەکات بە کۆڵەوە بگرین و ئەوەى ئێستا ڕوویداوە سەرەتاى کۆتاییە.
واتا ئەم گرفتە بەردەوام دەبێت بە هۆى تەواوبوونى پرۆژە ئاوییەکانى ئێران لە سەر روبارى سیروان وزێى بچووک و پێشتر لەسەر روبارى ئەڵوەند و قۆرەتوو.
هەموو ئەو پرۆژانە کوردستان تووشى وشکییەکى بەتین دەکەن کە هەرگیز لە مێژووى ئەم ناوچەیە ڕووى نەداوە پێشتر، له ئایندەیەکى نزیکدا كه‌مى ئاو كاریگه‌ریى ته‌واو له سه‌ر سه‌روه‌رى و ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى کوردستان دەبێت.
بۆ چارەسەرکردنى ئەم گرفتە، پێویستە گرنگیدان به ئاسایشى ئاو ببێتە ئه‌وله‌ویه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بە تایبەتى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو، وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار، ده‌سته‌ى ژینگه.
پێویسته پلانى زانستى بۆ به‌رێوه‌بردنى سه‌رچاوه‌كانى ئاو دابڕێژرێت و به‌كردارى په‌یڕه‌و بكرێت و ساڵانه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئاستى جێبه‌جێكردنى پلانه‌كانى پێشووتر بكرێت، بە پێچەوانەوە دەبێت چاوەڕوانى مەرگى ئەم وڵاتە بین.