ئاسۆ عەبدوللەتیف
بە مەفهومە سیاسیەکەی عێراق بە تەواوی دابەشبوە بۆ هێز و بلۆکە گەورەکانی نەوت و سەرباز، هەر ئەوەش زامنی هەڵبژاردنی ئایندە دەکات، ئیتر مانایەک بۆ چەمکەکانی دوای رێنیسانسی ئەوروپی و شۆڕشی ڕۆشنگەریی فەرەنسی و دیموکراسیەت نامێنێتەوە، ئەوەش کە باسی ئەو خەون و چەمکانە دەکات لە ناو ئەو جەنگەڵە پڕ فاشیزمە ئاینییەی عێراق سەرکێشی و شەڕێکی دۆڕاو دەکات، بۆیە یان لەگەڵ بلۆکی گەورە خۆت تەیار و ڕێکبخە یان ئۆپۆزسیۆنێکی جددی بە، بەڵام پیاوبە و بە دەنگی بەرز!
عێراق چیتر وەک دەوڵەتێکی دیموکرات و خاوەن سەروەریی و دەستوریی و بریاردەر کۆتایی هاتووە، ئەوەی ئێستا کاری پێ نەکرێت دەستور و یاسا مەدەنییەکان و تۆلێرانسە. ئەوەش کاری پێ دەکرێت شەرعیەتی شۆرشگێریی و هەژموونی حیزبی و مەزهەبییە. ئەوە ئیتر کۆتاییش دەهێنێت بە ڕیسکی موزایەداتی سیاسی و پروپاگەندەی حیزبی و پەرلەمانی و پرسی لامەرکەزیەت و بەهەرێمکردن و قاژکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پرسی موچە کە هەندێک حیزب و مەندوب بۆ مەرامی هەڵبژاردن جارناجار دەیکەنە سلۆگان و دروشمی خۆیان و کوللی جارێکیش شکست دەهێنن و دیسان قەوانەکەمان بۆ لێ ئەدەنەوە.
رێککەوتن لەسەر بودجە بە تەنها ڕێککەوتن نەبوو لەسەر داهات و نەوت و ڕەقەمەکان بەڵکو ڕێککەوتن بوو لەسەر دەسەڵاتەکانی مەرجەعیەتی دینی و نەتەوەیی کوردیی و عێراقی و مانەوەی پێشمەرگە و میلیشیاکانی حەشد و لیواکان وەک خۆی.
بەواتایەکی تر تێپەڕاندنی موازەنەی ئەمساڵ داننان بوو بە قەوارە ئەمنی و عەسکەریی و هەژموونە جوگرافیەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ئیتر هەندێک گروپی بچوک نیگەرانن ئەوە هیچ لە گەمە و تەونەکانی سیاسەت نەگەیشتوون.
ئەوەی هەبوو لە رابردوو جەنگێک بوو بۆ دەستخستنی زۆرترین بەرژەوەندی حیزبی و کورسی ئایندەی پەرلەمانی و دەبێ لەو هاوکێشە تێبگەین.
ئەوەی هەیە تەوافوقی فرۆشتنی نەوت و کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی داهات و هەبوونی هەژمونگەریی سەرباز و خاک و پارەیە. وەک بینیمان پرسی ژینگە و کارەبا و ڕێگاوبان و کەرتی تەندروستی و ئەنفال و جینۆساید بە تەواوی لە پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ وون بوو هیچ ئۆپۆزسیۆن و مەندوبێکیشی نەجوڵاند.
ئەوەی هەبوو لە رابردوو جەنگێک بوو بۆ دەستخستنی زۆرترین بەرژەوەندی حیزبی و کورسی ئایندەی پەرلەمانی و دەبێ لەو هاوکێشە تێبگەین.
بۆیە فۆرمی سیاسەتکردن و مۆدێلی حوکمرانی بە تەواوی گۆڕاوە و بەرەی ئۆپۆزسیۆنی کوردیی کە نییە دەبێ لەوە تێبگات. مەرج نییە ئەو فۆرمەی عێراق دیموکراسی بێت دەرکەوت دیموکراسیەتی ساختە عێراق بەرێوە دەبات ئیتر لات وانەبێ کوردستان پاریس و لاسفیگاسە.
بۆیە باشترە هەندێک هاوپەیمانی و بەرەی تازە ئەندێش و خەیاڵاویی، ئەوەندە ئیش لەسەر میزاجی شەقام و ختوکەدانی رای گشتی کوردیی نەکەن بەمەبەستی لێدان لە قەوارەی هەرێم، سیاسەتکردن بریتی نییە لە دەنگە دەنگ و زاهیرەی سەوتی بە تەنها بەڵکو هەندێک جار خۆگونجاندنە لەگەڵ واقیع و خۆنەرمکردنە لەگەڵ سێبەرە گەورەکاندا.