وڵاته‌ قه‌رزاره‌كه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست

لوبنان.. ئه‌و وڵاته‌ی تووشی په‌تای "ئێران ڤایرۆس" بووه‌

ره‌نج نه‌وزاد 2022.04.05 09:18 PM
991 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

لوبنان وڵاتێکی بچوک ولاواز و دابەشبووە بەسەر چەندین تایفە و میلیشادا، بەگشتی سێ پێکهاتەی سەرەکین؛ مەسیحی و شیعە و سوونە. ئەو پێکهاتانەش لە ناوخۆیاندا دابەش دەبنەوە بەسەر وردە گروپی تر. هەر پێکهاتەیەک ناوچەی هەژموونی خۆی هەیە، بە ڕادەیەک لوبنان کە ڕووبەرەکەی لە پارێزگای سلێمانی بچووکترە، بەشێوەیەکی گشتی دابەش بووە بەسەر سێ ناوچەدا، وەک ئەوەیە سێ دەوڵەت لەو وڵاتە بچوکەدا بوونی هەبێت.
 هەر یەک لەو گرووپانە لە حکومەت و پەرلەمانی لوبنان، نوێنەری بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەکەن نەک بەرژەوەندی گشتی لوبنان، ساڵانێکە حیزبوڵای نزیک لە ئێران، زۆرترین دەسەڵاتی هەیە لە لوبنان. هەر یەک لەو گرووپانە نوێنەری وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی ترن.
ئابووری لوبنان بەگشتی پشت بە کەرتی گەشتیارانی (لوبنان یەکێکە لە جوانترین وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە) و وەبەرهێنەری بیانی و کڕینی خانوبەرە لە لایەن بیانیەکان و خزمەتگوزاری تر وەک بانکەکان... دەبەستێت. ئابووری لوبنان پشت بە دەرەوە دەبەستێت نەک ناوخۆ. لە ئابوورییەکی لەم شێوەیەدا، ئەوا لوبنان پێویستە هەمیشە لە ڕووی سەقامگیری سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئەمنیەوە باش بێت، تا گەشتیار و وەبەرهێنەری بیانی بێنە لوبنان بێ ترس و بە متمانەیەکی زۆرەوە.
بۆ وەبەرهێنەرە بیانییەکان، ئەوا لوبنان ساڵانێکە متمانەی نەماوە، چونکە قەرزارترین وڵاتی عەرەبییە. بەپێی داتای ٢٠٢١ قەبارەی قەرزەکانی سەر لوبنان نزیک بووەتەوە لە ١٠٠ ملیار دۆلار، لە کاتێکدا جی دی پی لوبنان لە ٢٠٢١ لە خوار ٤٠ ملیار دۆلار بووە. واتە قەرزەکانی بەرامبەر قەبارەی ئابوورییەکەی سەروو ١٤٠٪ە. بە پێی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، بۆ وڵاتێکی وەک لوبنان  درووست نییە ئەو ڕێژەیە ٦٠٪ تێپەربکات. لە لایەکی ترەوە، بەهۆی نا سەقامگیری سیاسیەوە، ئەو وڵاتە ساڵانێکە دەناڵێنێت و وەبەرهێن متمانەی پێ ناکات، چونکە خەڵک زۆربەی هەژارە و خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی بەردەوام هەیە، ئەمەش دۆخێکی گونجاو نییە بۆ وەبەرهێنان.
کەواتە لوبنان بۆ ئەوەی بیەوێت سەرنجی وەبەرهێنەرە بیانیەکان ڕاکێشیت، ئەوا پێویستە لە ناوخۆ هەندێ هەنگاو بنێت، وەک کاراکردنەوەی ئابووری و جوڵاندنی بازار، بۆ ئەمەش پێویستی بە پارەیە، وەک باسکرا داهاتی سەرەکی لوبنان پشت بە دەرەوە دەبەستێت، ساڵانێکشە گەشتیار و وەبەرهێنەر کەمتر دێنە لوبنان. بۆیە لەو ڕووەوە ناتوانێت داهات پەیدا بکات تا گەشە بە ناوخۆ بدات. 

100 ملیار دۆلار قه‌رز لوبنانی مایه‌چووچ كرد

 ڕێگەی دووەم بریتییە لە قەرز وهاوکاری دەوڵەتانی تر، بەهۆی کەڵەکە بوونی ئەو هەموو قەرزەی سەر لوبنان و سستی ئابووریەکەی، بانک و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و دەوڵەتان و وەبەرهێنەرەکان متمانەیان نییە قەرزی تر بدەنە لوبنان، چونکە توانای دانەوەی قەرزەکانی نییە. دەوڵەتانی کەنداو و فەرەنسا و ئەمریکاش نایانەوێت هاوکاری لوبنان بکەن، چونکە لە لایەن حیزبوڵا و ئێرانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە. جاران زۆر کات سعودییە و فەرەنسا هاوکارییان دەکرد، ئێستا ئەو هاوکارییانە کەمترە یا نەماوە، بەهۆی هەژموونی ئێرانەوە.
 کەواتە ئەوەی دەمێنێتەوە بریتییە لەوەی حکومەتی لوبنان لە ناوخۆ داهات بەدەست بهێنێت. ئەمەش بە کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات بەدی دێت، واتە پێویستە باج بخاتە سەر کۆمپانیا گەورەکان و سەرمایەدارە دەوڵەمەندەکان، هەوەها هانی سەرمایەدارە لوبنانیەکان بدات وەبەرهێنان لە ناوخۆ بکەن، لە پاڵ ئەوانەشدا خەرجی کەمبکرێتەوە. ئەمەش دیسانەوە بەربەستی زۆری لەپێشە، کێشەی سەرەکی لوبنان ئەوەیە، ئەوانەی لە حکومەت و پەرلەمانن، هەر خۆیانن خاوەن کۆمپانیا گەورەکان و بازار، واتە پێویستە ئەندامانی حکومەت و پەرلەمانی لوبنان، سەرەتا باج بخەنە سەر خۆیان و پارەی خۆیان بگەڕێننەوە بۆ دەوڵەت  وسنورێک بۆ گەندەڵی و دزییەکانی خۆیان دانێن. 
سەبارەت بە کەرتی گەشتیاری، ئەوا دیسانەوە بەهۆی نا سەقامگیری سیاسیەوە، گەشتیاران کەمتر دەچن بۆ لوبنان. جاران کەرتی گەشتیاری لوبنان پشتی بە هاووڵاتیانی کەنداو دەبەست، بەڵام لە ئیستادا سعودیە و دەوڵەتانی کەنداو کە نیگەرانن لە لوبنان بەهۆی هەژموونی ئێرانەوە، ڕێ بە هاوڵاتیانیان نادەن بچن بۆ لوبنان بۆ گەشتوگوزار تا لوبنان زیاتر ڕۆبچێت لە قەیرانا و لەگەڵشیدا حیزبوڵا بەرەو پوکانەوە بچێت یا بێزراو بێت لای کۆمەڵگە. لە دۆخێکی وادا کە لوبنان باجی ئەوە دەدات لە ئێرانەوە نزیکە، دەبوو ئێران هاوکاری بکردایە، بەڵام ئێرانیش چەند سالێکە ئەگەر دۆخی ئابووری و گوزەرانی لە لوبنان خەراپتر نەبێت ئەوا باشتر نییە.
هەر بۆیە توێژەرێک بە ناوی جێمس ریکارد لە توێژینەوەیەکیدا بە ناونیشانی (crisis in Lebanon anatomy of a financial collapse) لە ساڵی ٢٠٢٠ لە بارەی قەیڕانی ئابووری لە لوبنان گریمانەی ئەوە دەکات کە لوبنان لە دۆخێکدایە کە ئیتر ناتوانرێت هاوکاری بکرێت و لەسەر ڕێگایەکە گەڕانەوەی نییە و هەر دەبێت بەرەو ئیفلاسی و کارەسات بڕوات. هەرئەوەش ڕوویدا. 

دزی و گه‌نده‌ڵی كاستی سیاسی لوبنان وڵاته‌كه‌یان تووشی داڕمانی ئابوریی كرد

ئەو توێژەرە پێیوایە کە لوبنان بۆ ئەوەی ڕزگاری بێت لەم دۆخەدا پێویستی بە ٩٣ ملیار دۆلار هەیە، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە مێژووی خۆیدا نەک ٩٣ ملیار، بەڵکو ٦٠ ملیار دۆلار قەرزی نەداوە بە هیچ دەوڵەتێک، جگە لەوەی ئامادە نییە چەند ملیار دۆلارێکی کەم بداتە لوبنان لەم دۆخەدا، چونکە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی قەرز بداتە دەوڵەتێک چەند مەرجێکی هەیە؛ دیاریکردنی هۆکار و سروشتی قەیرانە ئابوورییەکە، پەیرەوکردنی پلانێکی ئابووری ڕوون لە لایەن دەوڵەتەکەوە، هەروەها دەبێت بزانێت ئەو دەوڵەتە دەتوانێت قەرزەکە بداتەوە... هیچ کام لەم مەرجانە لە لوبناندا نییە. تەنانەت حکومەتی لوبنان توانای نییە هۆکارەکانی ئەم قەیرانە بە ڕوونی دەستنیشان بکات، چونکە ئەندامانی حکومەت و حیزبەکان دزە گەورەکانن. 
ئەو توێژەرە پێیوایە دەوڵەتانیش کاتێک قەرز دەدەنە دەوڵەتێکی تر، کە ئەو مەرجانەی سەرەوەی تێدا بێت. ئەوەی کە دەمێنێتەوە بریتییە لە هاوکاریکردنی بێ مەرج، لە لایەن دەوڵەتانی دۆستەوە، بەپێی توێژەر ئەوەش بڕەکەی ئەستەمە بگاتە یەک ملیار دۆلار. چونکە ئەو دەوڵەتانەی کە توانای هاوکاریکردنی لوبنانیان هەیە، ڕازی نین هاوکاری پێشکەش لوبنان بکەن لە کاتێکدا حیزبوڵا هەژموونی گەورەی هەیە لەوێ.
 هەر بۆیە توێژەر پێیوایە ئەو مەرجانەی کە بۆ هاوکاریکردنی دەوڵەتێک هەیە، هیچ کام لەو مەرجانە لە لوبناندا بەدی ناکرێت.
ئەوەی بەسەر لوبناندا هات هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حیزب و سیاسیەکانی لوبنان لە باڵاترین ئاستی گەندەڵی و نابەرپرسیارێتین، ساڵانێکە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و چەندین دەوڵەت لوبنان ئاگادار دەکەنەوە لەو مەترسیانەی کە تووشی دەبێت. بەڵام حیزب و سیاسیەکان تەنیا خەریکی مل شکاندنی یەکتر و گەندەڵی بوون.

لوبنان تووشی په‌تای ئێران ڤایرۆس بووه‌

هۆکارێکی تر بریتییە لەو ڤایرۆسەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە و تووشی دەوڵەت دەبێت. ئەویش (ڤایرۆسی ئێران یان ئێران ڤایرۆس)ە، ترسناکترین و کووشندەترین ڤایرۆسە کە بچێتە لەشی هەر دەوڵەتێکەوە لەم ناوچەیەدا.
 ئەو ڤایرۆسە چووەتە لەشی عیراق و لوبنان و سووریا و یەمەنەوە، ڤایرۆسێکە دەوڵەت بەرەو دارووخانی ئابوریی، سیاسیی، دەزگایی، یاسایی، ئەخلاقیی، کۆمەڵایەتی... دەبات. ڤایرۆسێکە هیچ بەها و سوودێکی نییە نە بۆ خۆی نە بۆ بەرامبەر، جگە لە وێرانی و هەژاریی و نا سەقامگیری و تیرۆر و تلیاک هیچی تر پێشکەش ناکات.
 بە ملیۆنان مرۆڤی برسی  و موعتاد و لەش فرۆش کردوە لە ناوخۆی وڵاتەکەی خۆی، گوایە دژی ئەمریکا و ئیسرائیلە، لە کاتێکدا خەونی ئێرانیەکان ئەوەیە بگەنە ئەمریکا بژێن، خەونی کەسوکاری ئاخوندەکان ئەوەیە گرین کارتی ئەمریکا بەدەستبهێنن. وڵاتێکە خۆی برسی و ڕسوا کردوە، بگاتە هەر وڵاتێکی تر، ئەویش برسی و ڕسوا دەکات. یەکێک لە هۆکارەکانی وێرانبوونی لوبنان، ئەوەیە کە تووشی ئەو ڤایرۆسە بووە و تا ئێستاش ڤاکسینێکی نییە بۆ لە ناوبردنی.
دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو و ئەوروپییەکان و ئەمریکاش زیان ناکەن بە وێران بوونی لوبنان لە دوورەوە تەماشای دەکەن و با ناڕاستەوخۆ پێی دەڵێن با ئێران فریات بکەوێت.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ