بۆچی زلهێزه‌كانی دژی ده‌وڵه‌تی كوردیی بوون؟

په‌یماننامه‌ی لۆزان.. 100 ساڵ به‌سه‌ر بێ ده‌وڵه‌تكردنی كورد تێپه‌ڕی

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر 2023.07.23 06:26 PM
1614 جار خوێندراوەتەوە

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس

لەگەڵ كۆتایی هاتنی جەنگی یەكەمی جیهانیی، دەرفەتێكی نوێ‌ هاتەپێش بۆ دووبارە داڕشتنەوەی سنورە دەستكردەكان و ئازادبوونی بەشێك لەگەلانی دونیا كە بەهۆی دۆخی سیاسی و سەپاندنی هێزەوە خاك و نیشتیمانیان داگیركراو بوو، بەتایبەتیش یاخود نەگەیشتبوون بەقۆناغی رزگاری نیشتیمانیی.
ئەنجامی جەنگی جیهانیی یەكەم، بووە هۆی دابەشكردنی خاكی بەشێك لەو وڵاتانەی كە لەجەنگەدا دۆڕان و شكستیان خوارد. شكست و روخانی رژێم و دەوڵەتی عوسمانیی، دەرفەتێكی دروستكرد بۆ دابەشبوونی ئەو وڵاتەو ئازادبوون یاخود سەربەخۆبوونی بەشێك لەو گەلانەی كە لەژێر كۆنترۆڵ و داگیركاریی دەسەڵاتدارێتی عوسمانیی بوون، لەنێوانیشیاندا گەلی كورد كە لەدوای جەنگی چاڵدێرانەوە 1514 لەلایەن هەردوو ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی و سەفەویەوە خاكەكەی كرابویە دوو بەش.
وڵاتانی هاوپەیمان بڕیاریاندا پشتیوانی گەلانی غەیرە تورك بكەن بۆ ئازادبوون و دروستكردنی قەوارەی حوكمڕانی سەربەخۆ، بەسود وەرگرتن لەبنەماكانی ویدرۆ ویڵسن سەرۆكی ئەمریكا بۆ وەرگرتنی مافی چارەی خۆنوسین كە پێكدێت لە 14 بنەما. 
گرنگترین بنەمای ژمارە 12 كە لەبەشێكیدا دەڵێت "پێدانی مافی چارەخۆنوسین بەگەلانی غەیرە تورك".
دوابەدوای كۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی یەكەم ساڵی 1919 لەپاریس كۆنگرەیەك لە سیڤەر بۆ ئاشتیی و چارەسەری لێكەوتەكانی جەنگەكە بەسترا، لەو كۆنگرەیەدا وەفدێكی كورد بەسەرۆكایەتی شەریف پاشا بەشداریكرد. دوای هەوڵێكی زۆر توانرا چەند ماددەیەك لەپەیماننامەی سیڤەر سەبارەت بەچارەنوسی ناوچە كوردستانییەكانی ژێر ركێفی عوسمانیی جێبكرێتەوە، كە بریتی بوو لەماددەی  (62- 63- 64) كە لە 10ی ئابی 1920 لەپاریس لەلایەن هاوپەیمانان ئیمزای لەسەركرا.
ئەو ماددانە باسی ئەو ناوچانە دەكات كە زۆرینەی كوردەو دەكەوێتە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیی نەك فارس. ماددەی 62 باسی سنوری ناوچەی كوردستانی دەكات كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی فورات تا دەگاتە باشوری سنوری ئەرمەنیی یاخود باكوری میزۆپۆتۆمیا.
لەماددەی 63 دا هاتووە كە دەسەڵاتی خۆجێیی یان حوكمی زاتی بدرێت بەكورد لەناوچەكانی خۆیان. لەماددەی  64 یشدا باس لە دروستكردنی قەوارەی دەوڵەتی كوردستان لەوناوچانەی خۆیان دەكرێت كە دوای ئەوەی بەپێی ماددەی 62 سنورەكان یەكلایی دەكرێتەوە.
ئەوەی گرنگە لەو پەیماننامەیەدا رێكاری جێبەجێكردن و سەقفی زەمەنی دیاریكرابوو كە دەبوو دوای تەواوبوونی كاری لیژنەیەكی تایبەتمەند كە ماوەی یەك ساڵی بۆ دەستنیشانكرابوو جێبەجێ بكرێت. هەر لەماددەی 64 دا هاتووە كە هاوپەیمانان لاریان نییە ئەگەر هاوڵاتیانی ویلایەتی موسڵ داوایانكرد ببنە هاوڵاتی ئەو قەوارەیەی بۆ كورد دروستدەكرێت.

ئیمزاكردنی ڕێكه‌وتننامه‌ی سیڤه‌ر له‌ فه‌ره‌نسا ـ 1920.8.10

بێگومان وردەكاری پەیماننامەی سیڤەرو هۆكارەكانی جێبەجێنەكردنی زۆری لەسەرنوسراوەو رەنگە نەتوانرێت لە وتارێكدا جێبكرێتەوە، بەڵام سەركەوتنەكانی ئەتاتورك بەسەر یۆنانەكان و  دامەزراندنی دەوڵەتی توركیا، واقعێكی نوێی دروستكرد كە وایكرد جێبەجێكردنی پەیماننامەكە خاوەخاوی لێبكرێت و جێبەجێكردنی زەحمەت ببێت. بەتایبەت ئەتاتورك دانی بەهیچ نەتەوەیەك نەنا كە لەناو توركیا دەژیان، ناویان لە كورد نا، توركەكانی شاخ. 
ئەوكاتە ئەتاتورك داوای هەموو ناوچەكانی دیكەی كوردستانی دەكرد بەتایبەت باشوری كوردستان و ویلایەتی موسڵ. هاتنی ئەتاتورك رێگرییەكی گەورەبوو لەبەردەم مافی چارەی خۆنوسین، چونكە ئەو بەهیچ شێوەیەك پەیمانی سیڤەری قبوڵنەكردو ئەوانەیشی كە بەهیوای رێككەوتننامەكە بوون، بەتایبەت كوردەكانی باكور، زۆربەیان لەلایەن تورك دەستگیركران و خرانە زیندان، هەندێكیشیان لەسێدارەدران.
1921 كورد زۆر هەوڵیدا پەیماننامەی سیڤەر جێبەجێبكرێت كە هیوایەكی گەورەی بۆ گەلی كورد تێدابوو، كەسایەتی و سەركردەكانی كورد زۆر نامەیان بۆ كۆمەڵەی گەلان نوسی، داوای حوكمی زاتیان دەكرد، بەڵام هیچی سەرینەگرت. ئەوەبوو بزوتنەوەی نەتەوەیی كورد سەریهەڵدا كە زۆر ناوچەی گرتەوە، بەڵام بزوتنەوەكانی كورد لەلایەن رژێمی ئەتاتورك دامركێنرایەوە.
 ئەتاتورك لەماوەی دوو ساڵی دوای پەیماننامەی سیڤەر، بەرژەوەندی زۆری بۆ فەرنسی و ئیتاڵیا دروستكرد، ئەوە بووە هۆی جێبەجێنەكردنی پەیماننامەكەو بێدەنگبوونی ئەو وڵاتانە لەكپكردنەوەی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان لەباكورو باشوری كوردستان.
دوابەدوای پەیماننامەی سیڤەر، ساڵی 1921 كۆنگرەی لەندەن بەسترا، باسی قەزیەی كورد نەكرا تەنها لەپەراوێزی دانیشتنەكان نەبێت. ئەمەش بەڵگەی ئەوەبوو كە ئیدی پەیماننامەی سیڤەرو باسكردنی كورد كپكرایەوە. 
- تورك رێككەوتنی ئابوریی سەربازیی سیاسیان لەگەڵ روس و فرەنسا بەجیا ئیمزاكرد، ئەمە دەمی ئەو وڵاتانەی چەوركرد كە باسی كورد نەكەن و بەڵكو بەرژەوەندی گەورەیان لەگەڵ تورك دوبارە بۆدروستبویەوە. بەریتانیاش دەستی چەوری خۆی بەگەلی كوردستان سڕیەوەو خۆی لەكورد دوورخستەوە، داواكانی كوردی پشتگوێ خست. 
ئەو لێكەوتانە درێژبویەوە تا پەیماننامەی لۆزان كە لە 24ی تەمموزی 1923 بەسترا. لەوێ‌ پەیماننامەی سیڤر هەڵوەشێنرایەوە. لۆزان جێگەی گرتەوەو لەو پەیماننامەیە هیچی بۆ كورد تێدا نەبوو.
لەو پەیماننامەیەدا واتە لۆزان سەرباری جێگیربوونی سنورە دەستكردەكان، كە دەرئەنجامی جەنگی جیهانی یەكەم درستبوون، هاوكات كێشەو مشتومڕی ویلایەتی موسڵ لەنێوان بەریتانیاو توركیا مایەوە، بەپێی نەخشەی دابەشبوونی ئیداری سەردەمی عوسمانیی، ویلایەتی موسڵ كوردستانی باشوربوو بەپارێزگای نەینەواوە.
ساڵی 1918 كاتێك بەریتانیا هێواش هێواش لەباشورەوە هاتە ناو عیراق، عوسمانیەكان بەپێی رێككەوتن بەچەند قۆناغێك لەناوچە جیاوازەكانی سنوری ئێستای عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە كشانەوە. بەشێك لە سەرۆك عەشیرەت و دەستڕۆیشتوانی كورد بیریان لەقەوارەیەك بۆ كوردستان كردەوە. دەتوانین بڵێن دەرفەتێك هاتەپێشەوە تاوەكو داوای دروستكردنی قەوارەیەك یان دەسەڵاتدارێتیەك بكەن.

ئیمزاكردنی په‌یماننامه‌ی لۆزان ـ 1923.7.24

لە نیسانی 1920 دوای ئەوەی بەپێی رێككەوتن عوسمانیەكان عیراقیان بەتەواوی بەجێهێشت و بەریتانیا ئینتیدابی بەسەر عیراقدا راگەیاند. هەر لەو ساڵەدا بزوتنەوەی چەكداریی دژی داگیركاریی بەریتانیا لەعیراق سەریهەڵدا، لەو بزوتنەوەیەدا بەشێك لەكورد بەشداربوون. 
كاتێكیش حكومەتی كاتی عیراق لەكۆتایی دروستبوو 1920 هێشتا پەیماننامەی سیڤەر هەڵنەوەشابویەوە. بۆیە پرسی چارەسەركردنی دۆزی كورد لەعیراق بووە پرسی رۆژی دەسەڵاتی ئینتیدابی بەریتانیاو حكومەت و دەوڵەتی تازە دامەزراوی عیراق. واتە حكومەتی عیراق ترسی هەبوو كە پەیماننامەی سیڤەر جێبەجێ ببێت و ویلایەتی موسڵ بچێتەوە سەر توركیا بۆیە بیریان لەچارەسەرێك كردەوە بۆ كوردستان. 
مەندوبی سامی بەریتانیی (پرسی كۆكس) نوسراوێكی رەسمیی ئاراستەی حكومەتی (كاتیی) عیراق كرد كە عبدالرحمن گەیلانی سەرۆكایەتی دەكرد. وتی داوایكرد ئەو بۆخۆی سەرپەرشتی كاروباری كوردستان بكات. 
نوسراوەكە جۆرێك لە فێڵی تێدابوو یان هەوڵێك بوو بۆ ترساندنی حكومەتی كاتیی عیراق، تا بێتە ژێرباری داواكاری بەریتانیا و لەنوسراوەكەیدا دەڵێت "بەپێی پەیماننامەی سیڤەر (ئاشتی) تا ساڵێك دانیشتوانی لیوای موسڵ مافی ئەوەیان هەیە بچنە سەر كوردستان كە مەبەستی باكور بوو. بۆیە واباشە چارەسەرێك بۆ ئەم دۆخە بكەین و لیوایەك لەسلیمانی دەستبەجێ دروستبكرێت و مەندوبی سامی سەرپەرشتی بكات، تاوەكو ماوەی ساڵەكە تەواو ببێت كە لەپەیماننامەی سیڤەردا هاتووە" پێدەچێت لێرەدا مەبەستی ئەوەبێت كە فێل لەكورد بكەن  تا ئەو ماوەی ساڵە داوای مافی خۆیان نەكەن. 
ئەوەبوو مەندوبی سامی ژمارەی فەرمانبەرانی خۆی لەسلێمانی و ناوچەكان كەمكردەوەو قایمقامی ناوچەكان لەخەڵك و دانیشتوانی ناوچەكان دامەزراند وەك سەرەتایەك یان كاركردنێك بۆ دانانی ئیدارەیەكی خۆجێیی (محلی) بەجۆرێك سەر بە مەندوبی سامی یان ئیدارەی بەریتانیا بێت، نەك حكومەتی عیراق، بەڵام پرسی كۆكس پێشنیاریكرد ئەو پێشنیارەی ئەو بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، بەهیوای ئەوەی پەسندی بكەن. 
ئەو داوایەی مەندوبی بەریتانیا لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق (كاتی) رەتكرایەوە. هەر لەسەرەتاوە شۆڤینیانە مامەڵە لەگەڵ پرسی كورد لەعیراق كرا، وڵامەكەیان لەرستەیەكدا كورت كردەوە (ابقا‌ء القدیم علی قدمه) واتە هیچ گۆڕانێك ناكرێت.
دوابەدوای ئەو رووداوانە، لەبەهاری 1921 كۆنگرەی قاهیرە لەقاهیرە بەسترا، كە وەزیری موستعەمەراتی بەریتانیا وینستون چەرچڵ سەرپەرشتی دەكرد. ئەو كۆنگرەیە بۆ گفتوگۆی گرفت و پرسە جیاوازەكانی ناوچەكە بوو، لەنێوانیشیاندا پرسی كورد. 
لەوێ پێشنیاری بەمەلیككردن یان بەپادشا دانانی فەیسەڵ بەسەر عیراق دوپاتكرایەوە. هەروەك لەكۆنگرەكەدا دووبارە دۆزی كورد هێنرایە سەر مێزی گفتوگۆو باسی خواستی كورد كرا، ئینجا چ بەیەكگرتن بێت یاخود جیابونەوە لەعیراق، بەڵام مخابن پەیماننامەی سیڤەر هەڵوەشایەوە ئیدی هەمووشت كۆتایی هات.
لە ساڵی 1921 بڕیاری راپرسی درا بۆ شەرعیەتدان بەدامەزراندنی مەلیك فەیسەڵ كە بەبنەچە خەڵكی سعودیە بوو وەك مەلیكی عیراق. ئەوەبوو حكومەتی بەسەرۆكایەتی عەبدورەحمان نەقیب عیراق پێشنیاری بۆ پرسی كۆكس كرد كە كورد سەرپشك بن لەوەی مەلیك هەڵدەبژێرن لە راپرسی یان نا.
 هەڵوێستی كورد لەبارەی دانانی فەیسەڵ كوڕی حوسێن هیچ كاریگەری نەبێت لەسەر بارودۆخی كورد لەعیراق، لەبڕگەی دووەمی نوسراوی پێشنیارەكەی حكومەتی عیراق، هاتبوو كە نابێت بەشداریكردن یان نەكردنی كورد لەراپرسی هەڵبژاردنی مەلیك فەیسەڵ كاریگەری لەسەر ئایندەیان هەبێت. (هەروەك چۆن لەپەیماننامەی سیڤەردا هاتووە) لەوەوە دەردەكەوێت كە پەیماننامەی سیڤەر زۆر كاریگەربووە بۆیە هیچ شتێك نەكراوە لەدەرەوەی ئەو پەیماننامەیە.

 دیاركردنی سنوری نێوان كورد و تورك به‌پێی ڕێكه‌وتننامه‌ی سیڤه‌ر

لەهەڵبژاردنی مەلیك فەیسەڵ جیاوازی بیروبۆچوون هەبوو لە كوردستان. دانیشتوانی سلێمانی بەڕێژەیەكی زۆركەم بەشداریان لەراپرسیەكەدا كرد. بەوپێیەی سیڤەر هەیەو چاوەڕێی ئەنجامی پەیماننامەی دەكەن. دانیشتوانی هەولێر و كەركوك و موسڵ بەمەرج بەشداریان كرد. دانیشتوانی كەركوك 21 داواكاریان پێشكەشكرد كە چاوەڕێی ئەنجامی سیڤر دەكەن. 
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی دامەزراندن بڕیاربوو ساڵی 1922 بەڕێوەبچێت. ئەوكاتە ناوچەكانی كوردستان لەهەولێر وموسڵ و سلێمانی لەدەرەوەی ئیدارەی بەغدابوون و كورد كەمێك خۆی جیاكردبۆوە. داوایان دەكرد لەچوارچێوەی پەیماننامەی سیڤەر مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت. بۆیە هەڵبژاردن دواخرا تا 1923. 
ناوچەكانی كوردستان وەك پێویست لەژێر كۆنترۆڵی بەغدا نەبوو، ئەو خۆ بەدوورگرتنەوەی كوردو داوای جیابونەوە یان دروستكردنی قەوارەیەكی تایبەت بەرژەوەندی بەریتانیەكانی خستبووە مەترسی، بۆیە بەریتانیا لەڕێی بەكارهێنانی هێز دووبارە دەستی بەسەر كوردستاندا گرتەوە. بۆ یەكەمجار لەتەمموزی 1923 ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق چەند بڕیارێكی دەركرد بۆ دڵنیاكردنەوەی كورد لەوانە:
 یەكەم؛ حكومەت نایەوێ فەرمانبەرانی عەرەب لە كوردستان دابمەزرێنن. 
دووەم؛ كورد ناچار ناكرێن زمانی عەرەبی فەرمانگەكانی دەوڵەت بەكاربێنن.
سێیەم؛ حكومەت حەقی رێورەسمی ئاینی خەڵك دەپارێزیت.
ئەنجومەنی دامەزراندن لە 1923 هەڵبَژێردران و لەسلێمانی بەهۆی بزوتنەوەی نارەزایی كورد لە قەزایەكی نزیك سلێمانی بەڕێوەچوو. لەو شارە 5 كەس هەڵبژێردران كە یەكیكیان برای شێخ مەحمودی حەفید بوو بەناوی شێخ قادر.
لە كةركوك 5 كەس هەڵبژێردران لەوانە جمیل بابان، شێخ حەبیب تاڵەبانی. لە هەولێر 8 كەس لە موسڵ 14 كورد هەڵبژیردران.
كاتێك یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی تاسیسی كرا لە 1924 كە گفتوگۆی دەستورو قانون و رێككەوتنەكانی لەگەڵ بەریتانیا كرا، ژمارەیەك ئەندامی كورد لە پەرلەمانی ئەوكاتەی عیراق ئەندام بوون.
سەرباری هیوای گەلی كوردستان بەجێبەجێكردنی پەیماننامەی سیڤەر (1920) كە ژمارەیەك بڕگەو بەندی تێدابوو تێیدا بەڵێنی دروستكردنی قەوارەی سەربەخۆی بەگەلی كوردستان دەدا، كەچی دوای ماوەیەك تەرازووی هێز بەشێوەیەكی دیكە گۆڕاو قەومەچییەكانی توركیا بەڕابەرایەتی كەمال ئەتاتورك لە ژمارەیەك بەرەی جەنگ سەركەوتنیان لە بەرامبەر یۆنانەكان لە چەند ناوچەیەكی كۆستەنتین (ئیستەمبۆل) بەشی ئەوروپا و لە باكوری كوردستان بەرامبەر فەرەنسیەكان بەدەستهێنا، دواتر حكومەتی نوێی دوای روخانی عوسمانیەكان بەرژەوەندی ئابوری گەورەیان بۆ بەشێك لەوڵاتانی براوەی جەنگی یەكەمی جیهانیی لە توركیا و ناوچەكە دابینكرد، ئەمە وایكرد هەڵوێستی ئەو وڵاتانە سەبارەت بە جێبەجێكردنی پەیماننامەی سیڤەر بە تەواوی بگۆڕێت و بیر لە رێككەوتن یان پەیمانناكەیەكی نوێ‌ بكەنەوە. 
ئەوەبوو لە 24ی تەمموزی 1923 جارێكی دیكە لایەنە پەیوەندیدارەكانی جەنگی جیهانیی یەكەم (فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، سربیا، كرواتیا، سلۆڤینیا، رۆمانیا و نوێنەری توركیا) كۆبونەوە و پەیماننامەیەكی نوێیان مۆركرد كە ژمارەیەك پەیمان و بڕیاری نوێی لەخۆدەگرت جیاواز بوو لەپەیماننامەی سیڤەر. 
بەهیچ شێوەیەك باسی كورد لەو پەیماننامەیەدا نەكراو، مافی گەلی كوردو بەشێك لەگەلانی ناوچەكە بەتەواوی فەرامۆشكراو كرایە قوربانی بەرژەوەندی باڵای وڵاتانی براوەو باڵادەست.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ