مێژووى خیانه‌ته‌كانى ئه‌مریكا له كورد و مه‌سه‌له ڕه‌واكه‌ى درێژه وه‌كو ئازاره‌كانى، سه‌خته وه‌كو جوگرافیا و چیاكانى، خه‌مناكه وه‌كو جینۆساید و ئه‌نفاله‌كانى، ئه‌گه‌ر باسى ئه‌و بابه‌ته بكه‌م نازانم له كوێه‌وه ده‌ست پێ بكه‌م له دوا كاره‌سات و گورگانخوارد دانى كورد له خۆرئاواى كوردستان له ئێستادا، یان بگه‌ڕێمه‌وه بۆ سه‌ده‌یه‌ك به‌ر له ئێستا نازانم!
به هه‌رحاڵ له سه‌د ساڵى ڕابردوودا كورد قوربانى گه‌وره‌ى سات و سه‌وداى وڵاتانى زلهێز و كۆلۆنیالیستى جیهان بووه نه‌ك هه‌ر ئه‌مریكا، له ( سایكس ـ پیكۆ ) وه تاوه‌كو غه‌درى سۆڤیه‌تییه‌كان له كۆماره ساواكه‌ى مهاباد له خۆرهه‌ڵاتى كوردستان، به‌ڵام لێره‌دا و له باسێكى وا كورتدا ڕه‌نگه ئاسان نه‌بێت بچمه ناو بابه‌تێكى وا ئاڵۆز و كاره‌ساتباره‌وه،به‌ڵكو هه‌ر تیشكێك به كورتى ده‌خه‌مه سه‌ر داوه‌كانى ئه‌مریكا بۆ كورد له سه‌د ساڵى ڕابردوودا به كورتى :
1. له سه‌ره‌تاى بیسته‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوودا له دواى كۆتایى هاتنى جه‌نگى جیهانى یه‌كه‌م و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى عوسمانى كه ئه‌و كات پێیان ده‌گوت پیاوه نه‌خۆشه‌كه و كوردیش له ژێرده‌سته‌ڵاتى ئه‌و ئیمپراتۆریه‌ته‌دا بوون، ئه‌و كات وه‌كو زۆربه‌ى گه‌لانى ئه‌م ناوچه‌یه، ئا له‌وكاته‌دا ده‌سته‌بژێرى كورد به تایبه‌تى و هه‌موو گه‌لى كورد به گشتى خوازیارى پێكهێنانى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى كوردستان بوون، هاوپه‌یمانه خۆرئاواییه‌كانیش كه لایه‌نى سه‌ركه‌وتووى جه‌نگه‌كه بوون به‌ڵێننامه‌ى سیڤه‌ریان واژۆ كرد ساڵى 1920، كه مافى پێكهێنانى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى بۆ كورد مسۆگه‌ر كردبوو، كه توركه‌كان وه‌كو ئێستا ئه‌وكاتیش دژى سیڤه‌ر وه‌ستانه‌وه و دواتر به پشتیوانى ئه‌مریكا و به‌ریتانییه‌كان ڕێككه‌وتننامه‌ى لۆزانیان واژۆ كرد له ساڵى 1923 كه عێراق و سوریایان دابه‌شكرد بۆ خۆیان و هیچ به‌ندێكى تێدا نه‌بوو باسى مافه‌كان و ئاینده‌ى كورد بكات، ئه‌مه به یه‌كه‌م فێڵى گه‌وره و خیانه‌تى ئه‌مریكا دێته ئه‌ژماردن.
2. له دواى 14 ته‌موزى 1958 و ڕوخانى ڕ‌ژێمى پاشایه‌تى له عێراق، كرانه‌وه‌یه‌كى باش له عێراقدا هاته ئاراوه بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى كورد و بۆ یه‌كه‌مجار له ده‌ستورى كاتیى عێراقدا داننرا به ئه‌وه‌ى كه عێراق پێكهاتووه له دوو گه‌لى كورد و عه‌ره‌ب و هاوبه‌شن له عێراقدا و دواتر ڕێ به گه‌ڕانه‌وه‌ى مه‌لا مسته‌فاى بارزانى درا كه دواى یازده ساڵ ده‌ربه‌ده‌رى له یه‌كێتى سۆڤیه‌تى جاران بگه‌ڕێته‌وه بۆ عێراق، به‌ڵام حكومه‌تى قاسم دواتر پاشگه‌ز بووه و له به‌ڵێنه‌كانى و شه‌ڕو توند‌و تیژیى و به‌ریه‌ككه‌وتن له نێوان كورد و حكومه‌تى قاسم ڕوویدا، له‌و كاتیش‌دا ئه‌مریكا به جۆرێك له جۆره‌كان یارمه‌تى كوردى داوه له 1958 تاوه‌كو 1963 به‌ڵام دواتر ئه‌مریكا یارمه‌تى كوده‌تاى سه‌ربازیدا دژى قاسم و جارێكى تر كۆمه‌كه‌كانى بۆ كورد بڕى، بۆمبى ناپاڵم واێرانكه‌ر و قه‌ده‌غه‌كراوى نێوده‌وڵه‌تیى دا به حكومه‌تى ئه‌وساى عێراق بۆ سه‌ركوتكردنى كورد .
3. له حه‌فتاكان سه‌ده‌ى پێشووش كاتێك عێراق له بلۆكى سۆڤیه‌تى نزیك كه‌وته‌وه ئه‌مریكییه‌كان و ئیداره‌ى سه‌رۆك نیكسۆن و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌وكاتى ئه‌مریكا هنرى كیسنجه‌ر یارمه‌تى كوردی‌یان ده‌دا، كاتێك كورد له ساڵى 1970 له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق ڕێكه‌وتبوون و به‌یاننامه‌ى مێژوویى 11 ى ئازاریان ده‌ركردبوو، به‌ڵام ئه‌وان كاریان بۆ تێكدان و سه‌رنه‌گرتنى ڕێككه‌وتنه‌كه ده‌كرد و دواتر كه شه‌ڕ له نێوان شۆڕشى كورد و حكومه‌تى عێراقدا هه‌ڵگیرسایه‌وه، ڕێكه‌وتننامه‌ى جه‌زائیر له نێوان شاى ئێران و سه‌دام حسین واژۆ كرا ئه‌مریكییه‌كان هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كیان نه‌بوو، كورد چه‌ند هاوارى كرد نه‌گه‌یشته گوێی كه‌ڕوكاسى كیسنجه‌ر و ئه‌مریكا .
4. له كۆتایى ساڵانى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى ڕابردوو، له كاتى جه‌نگى عێراق – ئێران 1980- 1988 یشدا كاتێك ڕ‌ژێمى عێراق ده‌ستى دایه كوشتن و بڕینى كورد له عێراقدا و به‌كارهێننانى چه‌كى كیمیاوى وێرانكردنى هه‌زاران گوند و شارۆچكه و ئه‌نفالكردنى 182 هه‌زار كه‌س به به‌رچاوى هه‌موو دنیاوه ئه‌مریكییه‌كان هیچ كاردانه‌وه و هه‌ڵوێستێكیان نه‌بوو، بگره سه‌رۆك ڕیگن دژى هه‌وڵه‌كانى كۆنگرێس وه‌ستایه‌وه بۆ سزادانى ڕ‌ژێمى عێراق به هۆى ئه‌وه‌ى عێراق له شه‌ڕدا بوو دژى ئێران و ئه‌مه‌ش لاوازى بوو بۆ ڕ‌ژێمى عێراق، له‌م هه‌نگاوه‌دا زۆرێك له میدیاكانى ئه‌وكات هاوكارى ڕیگن بوون به‌وه‌ى باسى ئه‌و كاره‌سات و جینۆسایده‌ى ده‌رهه‌ق به كورد كرابوو نه‌كرد و چاوپۆشیان لێ‌كرد.
5. له ساڵى 1991 دواى گه‌رده‌لوولى بیابان كه ئه‌مریكا ده‌وڵه‌تى كوه‌یتى ڕزگاركرد له ده‌ستى ڕ‌ژێمى عێراق، سه‌رۆك جۆرج بۆشى باوك داواى له عێراقییه‌كان كرد كه ڕاپه‌ڕن و ڕ‌ژێمى سه‌دام بڕوخێنن، دواتر كورد و شیعه ڕاپه‌ڕین و ڕ‌ژێمى سه‌دامیان له ناوچه‌كانى خۆیان وه‌ده‌رنا به‌ڵام بوش درۆى له‌گه‌ڵ كردن و جه‌نگه‌كه‌ى وه‌ستان و وتى ئێمه ده‌ست وه‌رناده‌ینه كاروبارى ناوخۆى عێراق، ئه‌وه بوو كورد و شیعه به‌رشاڵاوێكى دڕندانه‌ى ڕژێم كه‌وتن و هه‌زاران كه‌س هاتنه كوشتن و زینده‌به‌چاڵكران و به‌شێكى زۆرى گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان كه دواتر دۆزرانه‌وه هى ئه‌وانه و ئه‌نفاله‌كانن كه كورد بوون، هه‌رچه‌نده دواتر به هۆى كۆڕه‌وى ملیۆنى گه‌لى كورده‌وه و له ژێر فشارى شه‌قامى ئه‌وروپا و پێشنیازى حكومه‌تى فه‌ره‌نسا بڕیارى ژماره 688 ئه‌نجومه‌نى ئاسایش بۆ دامه‌زراندنى ناوچه‌ى دژه فڕین و ئارام بۆ كورد درا.
تێبینیه‌كى زۆر گرنگ و ورد له سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتى دیماگۆجیانه و ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ كورد به تایبه‌تى له سه‌رده‌مى ئیداره‌ى كلینتۆن ئه‌وه بوو كه ته‌ماشاى كوردستانى باشوریان وه‌كو قوربانى ده‌ستى ڕ‌ژێمى سه‌دام ده‌كرد و به دۆست و خه‌باتگێڕ و ئازدیخواز ناویان ده‌بردن، به‌ڵام به كوردستانى باكور كه له بن ده‌سته‌ڵاتى توركیاى هاوپه‌یمانیاندا بوو به تیرۆریست و جوداخواز و شه‌ڕخواز ناوى ده‌بردن و تۆپ و بۆمباو چه‌كى پێشكه‌وتووى ده‌دا به توركیا تاوه‌كو بیانكوژێت و گوند و شاره‌كانیان خاپور بكات .
دوا خه‌نجه‌رى ژه‌هراوى ئه‌مریكا له خۆرئاواى كوردستان:
دواى ئه‌وه‌ى له 6 ئۆكتوبه‌رى ئه‌مساڵدا 2019 كۆشكى سپى ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند كه هێزه‌كانى له باكور و خۆرهه‌ڵاتى سوریا ده‌كشێنێته‌وه، گومانى گه‌وره دروست بوو، ده‌بێت سه‌رۆك تره‌مپ بۆ ئه‌م بڕیاره‌ى دابێت له به‌رچى ؟
بۆ ئه‌وه‌ى ڕێ چۆڵ بكات بۆ توركیا تاوه‌كو ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ى بۆ سه‌ر كورده‌كان ده‌ست پێ بكات كه چه‌ندین مانگه خۆى بۆ ئاماده ده‌كات و هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كات، یان له به‌رخاترى ڕوسیا و ئێرانه هه‌روه‌كو برێت ماكگۆرك نوێنه‌رى پێشووى ئه‌مریكا له هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تی دژى داعش له تویتێكدا وتى (( ئه‌مه باشترین دیارییه له سه‌رۆك تره‌مپه‌وه بۆ ڕوسیا و ئێران )) یان ئه‌مه گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ خووه كۆنه‌كه‌ى ئه‌مریكا، كه خیانه‌ته له كورد له كاته هه‌ستیار و چاره‌نووسسازه‌كاندا.
ئه‌وه‌ى ئه‌مجاره له‌وه‌یه مایه‌ى خۆشحاڵى بێت بۆ كورده‌كان له هه‌موو جیهاندا سه‌ره‌ڕاى ئازارى برینه‌كه‌یان كه خوێنى لێده‌چۆڕێت، ئه‌و كاردانه‌وه پۆزه‌تیف و جوانانه‌یه كه له خودى ئه‌مریكاوه به‌رامبه‌ر به هه‌ڵوێستى سه‌رۆكه‌كه‌یان ده‌ریان بڕیووه ، چ له سه‌ر ئاستى شه‌قامى ئه‌مریكى چ له سه‌ر ئاستى هه‌ردوو پارتى گه‌وره‌ى ئه‌مریكا كۆماریى و دیموكراتیى، چ له‌سه‌ر ئاستى میدیاكان به تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى له زۆر له سه‌رۆك تره‌مپیشه‌وه نزیكن، چ هونه‌رمه‌نده‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كان .
له‌وانه‌ش گرنگتر خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تى له 43 ولایه‌تى ئه‌مریكا دژ به‌م هه‌نگاوه نامه‌ردانه‌ى تره‌مپ له گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانى به تایبه‌تى كورد له كاتێكدا كورد و شه‌ڕڤانه‌كانى هه‌سه‌ده له باكورى سوریا ئه‌فسانه‌ى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ى ئیسلامیان نابووت كرد و پایته‌خته‌كه‌ى ئه‌و ده‌وڵه‌ته كه ڕه‌قه بوو ئازاد كرد، هه‌ر ئه‌مریكا بوو له‌سه‌ر زارى جێگرى پێشووى سه‌رۆكى ئه‌مریكاوه وتى ئێوه له جیاتى هه‌موو مرۆڤایه‌تى شه‌ڕى تیرۆرتان كرد.
جێگه‌ى دڵخۆشیه بۆ كورد نوسه‌رى ناودار ( جۆن شوارتز) كه ئه‌وه‌ى ئه‌و ئاماژه‌ى پێداوه كورد خۆى باسى نه‌كردووه ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێت سێ شت حه‌تمین و ده‌بێت ڕووبده‌ن و كه‌س ناتوانێت خۆى لێی بشارێته‌وه ئه‌وانیش ئه‌مانه‌ن: مردن كه هه‌قه و هه‌موو كه‌س ده‌بێت بیبینێت و كۆتایى به ژیانى بێت، دووه‌م باجى ده‌رامه‌ت كه هه‌موو هاوڵاتییه چۆن مافى هه‌یه ئه‌ركیشى هه‌یه ده‌بێت باج بدات، سێیه‌م كه زۆر گرنگه خیانه‌تى ئه‌مریكایه له كورد.
جۆن شوارتز له دینامیكه‌تى په‌یوه‌ندى ئه‌مریكا و كورد زیاتر قووڵ ده‌بێته‌وه و ده‌ڵێت هه‌موو جار كورده‌كان به ته‌مان له لایه‌ن ئه‌مریكاو خه‌ڵات بكرێن و تاج و ئه‌ستێره بده‌ن له ناوچاوانیان و سه‌ریان، به‌ڵام له كۆتاییدا پێچه‌وانه‌كه‌ى ده‌بینن له كۆتاییدا پشتیان لێ ده‌كه‌ن و به ته‌نیا به جێیان ده‌هێڵن.
شوارتز زیاتر ده‌ڕوات و ده‌ڵێت ئه‌مریكا له‌و چوار وڵاته‌ى كه كوردستانیان داگیركردووه له هه‌ركوێ پێویست بكات كورده‌كان چه‌كدار ده‌كات و دژى وڵاته‌كان به‌كاریان ده‌هێنێت به‌ڵام دواتر بۆ چاره‌نووسى ڕه‌شى خۆیان ده‌ستبه‌رداریان ده‌بێت.
له كۆتاییدا:
1. هه‌رچه‌نده تره‌مپ وتى من گڵۆپى سه‌وزم بۆ ئه‌ردۆغان دانه‌گیرساندووه تا په‌لامارى كورده‌كان بدات و كورده‌كان گه‌لێكى دیارن و و جه‌نگاوه‌رى لێهاتوون ده‌ستبه‌رداریان نابین، به‌ڵام توركیاش هاوپه‌یمانمانه له ناتۆ و هاوبه‌شى بازرگانى باشیشمان هه‌یه.
ئه‌م قسانه په‌رێزى تره‌مپ پاك ناكاته‌وه له‌و خیانه‌ته‌ى له كورد كردى له عێراقیش و له سوریاش له دواى شه‌ڕى تیرۆر و داعش.
2.له هه‌مانكاتدا كه باسى ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ى ئه‌مریكا ده‌كه‌ین ڕاستییه‌كى تریش هه‌یه ده‌بێت ئاماژه‌ى پێ بده‌ین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ساڵى 1991 دواى ڕاپه‌ڕین و كۆڕه‌وى خه‌ڵكى باشورى كوردستان هه‌رچه‌نده له سه‌ر پێشنیارى فه‌ره‌نسا بڕیارى 688 ى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش ده‌ركرا بۆ پاراستنى كورد و ناوچه‌ى ئارام و دژه فڕین له ناوچه‌ى باكورى هێڵى 36، ئه‌مریكییه‌كانیش ڕۆڵێكى كارا و دیاریان گێڕا بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و بڕیاره و بنكه‌ى ئه‌نجه‌رلیكیان له توركیا به‌كارهێنا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، له ئێستاشدا له خۆرئاواى كوردستان هه‌رچه‌نده سه‌رۆك تره‌مپ بڕیارى كشانه‌وه‌ى داوه به‌ڵام ئیداره‌ى ئه‌مریكا به زۆربه‌ى داموده‌زگاكانى دژ به‌و بڕیاره‌ن، بۆیه دواتر هه‌ندێك له هێزه‌كانیان گێڕاوه به بیانوى پاراستنى بیره نه‌وته‌كان، له‌به‌ر ئه‌وانه‌ش پێناچێت وا به ئاسانى بوار به ئه‌ردۆغان بده‌ن ئه‌جێنداكانى جێبه‌جێ بكات.