دارشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی سیاسیی جیهان له‌سه‌ر بنه‌مای ئابوریی

بۆ روونه‌دانی جه‌نگێكی گه‌وره‌، سیستمی دوو جه‌مسه‌ریی به‌رێوه‌یه‌

هونەر تۆفیق 2020.01.21 10:07 AM
809 جار خوێندراوەتەوە

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بەرلەوەی پەیوەندی سیاسی - دیپلۆماسی بن، پەیوەندی ئابوریی - بازرگانین، مۆنۆپۆلکردنی بازرگانی جیهانی لە لایەن ئەمریکاوە بەرەو کۆتایی دەڕوات، هێزێکی ئابوریی - بازرگانیی رکابەری لە جیهاندا بۆ دروستبووە کە لە توانایدایە بەنرخی هەرزانتر و کاتی خێراتر کاڵاکانی بگەیەنێتە دوورترین شوێنی دونیا، ئەویش هێزی ئابوریی - بازرگانیی چینە.

پاڵەپەستۆی جیوگرافی
بەشێک لە فشارەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشوری ئاسیادا،  دروستکردنی پاڵەپەستۆی سەربازییە بۆسەر چین و هاوپەیمانەکەی کە روسیایە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە دیواری ئاسیاوە کە ئێرانە، ئەمریکا دەیەوێت بەر بە کشانی ئابوری چین و میلیتاری روس بگرێت، لە باشوری ئاسیاشەوە بەتایبەتی لە گەرووی مەلەکا ( مەلقە) لە نێوان مالیزیا و ئەندۆنیسیاوە ئەمریکا دەیەوێت ڕێگری لە جوڵەی دەریایی چین بکات، بۆئەوەی نەتوانێت بەئاسانی بازرگانییەکەی بە جیهاندا بکشێت.
لە بەرانبەردا چینییەکان پرۆژەی ڕێگای حەریریان زیندوو کردۆتەوە، کە بە درێژایی هەزاران کیلۆمەتری زەمینیدا لە چینەوە بۆ ئەوروپا درێژ دەبێتەوە، جیهانگیریی نوێ بە شێوازی چینی بەو جیوگرافیایانەدا بڵاودەکاتەوە کە ڕێگای حەریری - ئابوری چینی بەناویدا گوزەر دەکات، هاوتەریب بەو ڕێگایە، چینییەکان پشتیوانی ئابوری و  دارایی خۆیان بەو وڵاتانە دەبەخشن تا پرۆژەکەیان سەربگرێت، ببێتە ئەڵتەرناتیڤی ئابوری ئەمریکی لە جیهاندا. دەرچوونی چین لە پاڵەپەستۆ جیوگرافیەکانی ئەمریکا، دەکاتە دەست بەسەرداگرتنی ( چینی و روسی ) بەسەر ئابوری جیهاندا کە ئەمەش هەڕەشەی جدییە بۆ سەر بوون و کیانی ئەمریکی.

گه‌شه‌سه‌ندنی سیحراوی ئابوری چین ئه‌مریكای ته‌نگه‌تاو كردووه‌



داڕشتنەوەی نەخشەکانی جیهان
نەخشە ئابوریی و سیاسییەکانی جیهان لە پاش کەوتنی یەکێتی سۆڤیەتەوە بە قازانجی ئەمریکی داڕێژرایەوە، بەڵام بە بوژانەوەی ڕوسی و گەشە گەورە ئابورییەکەی چینییەکان، جارێکی تر دوو جەمسەری لە جیهاندا لەنێوان روس - چین - هاوپەیمانەکانیان و ئەمریکا -هاوپەیمانەکانی پێوستی بە داڕشتنەوەیە. زۆربەی ناکۆکی و بەریەککەوتنەکانی ئەم ساڵانەی دواییش لە جیهاندا بۆ ئەو داڕشتنەوەیە دروست بوون، ئەمەش بۆتە هۆکاری دروستبوونی قەیرانی ئابوریی لە دونیادا. ساڵی ٢٠٢٠ ساڵی رکود (ریساژن ) و قەتیسبوونی ئابورییە لە جیهاندا، ڕێکەوتنە بازرگانییەکانی نێوان چین و ئەمریکا ناتوانێت فریای ئابوریی جیهان بکەوێت، چونکە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی لە بەردەم هەڵوەشاندنەوە و سڕبوونی تەواوەتیدایە. زۆربەی دەوڵەتان بەهۆی ئابڵۆقەکانی 
ئەمریکاوە بۆسەر چین و روسیا و ئێران و وڵاتانی ترەوە دووچاری دابڕان و ڕاگرتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بوون لە نێوان یەکتردا، ئەمەش جۆرێکە لە جەنگی ئابوریی لە نێوان وڵاتاندا و کاریگەریی لەسەر ئابوریی جیهان داناوە.

زیندووكردنه‌وه‌ی رێگه‌ی كۆنی ئاوریشم (حه‌ریر) خه‌ونی گه‌وره‌ی چینییه‌كانه‌

لەهەمان کاتدا ئەمریکا نیگەرانە لە کشانە ئابوریی و بازرگانییەکانی چین کە کاریگەری لەسەر دراوەکەی ( دۆلار) داناوە و بەرەو روخانی دەبات، دۆناڵد ترەمب دەڵێت: چینیەکان ساڵانە زیانی دوو تریلیۆن دۆلار بە ئەمریکا دەگەیەنن بەهۆی کاڵاکانیانەوە بەتایبەتی کاڵا کۆپی کراوەکانەوە. بۆیە لە قەرەبووی ئەو زیانەدا داوا لە چینیەکان دەکەن بایی ٣٥٠ ملیار دۆلار کاڵای ئەمریکی بکڕن. هێشتا ئەو ڕێکەوتنە سەرەتاییە ناتوانێت ببێتە فریادڕەسی ئابوریی جیهانی و ببێتە ڕێکەوتن لەسەر داڕشتنەوەی نەخشەی ئابوریی و سیاسی جیهان، چونکە چینی و ڕوسەکان وەک جەمسەری دووەم داوای پێگە و بەشی نفوزی خۆیان دەکەن لە سیاسەتی جیهانیدا و دەیانەوێت ئەمریکا ناچار بکەن ئەو دابەشکردنەیان لەگەڵدا بکات.

ئابوریی ئەمریکا
کۆی ئابوریی ساڵانەی جیهان بایی ٨٥ ترلیۆن دۆلارە، لە سەدا بیستی ئەو ئابورییە بەشی ئەمریکایە، بەڵام کێشەی ئەمریکا بەراورد بەو داهاتە زەبەلاحە، قەرزە گشتیەکانیەتی کە بایی ٢٥٠ ترلیۆن دۆلارە، ئەمریکا قەرزە گشتیەکانی سێ ئەوەندەی داهاتی گشتی دەبێت، ئەمەش لاوازی ئەو وڵاتە زلهێزەیە لە کۆی سیستەمی ئابوریی جیهاندا، ئەگەر کڕینی سەنەدەکانی دراوەکەی لە لایەن سعودیەی عەرەبی و چینیەکانەوە ڕابگیرێت یان داوای بکەنەوە بەهای دۆلاری ئەمریکی ملیۆنێک بار زیاتر دادەبەزێت کە دەکاتە ملیۆنێک خوار سفرەوە لە ئابورییەکەیدا.
ئەو خاڵە لاوازەی ئەمریکا لە بەردەم هەڕەشەی چینیەکاندایە لە حاڵێکدا ئەمریکا فشاری زیاتر بخاتەسەر چین، یان ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە هەیە لە نێوانیاندا، لە پێناو ڕوونەدانی ئەو جەنگەدا، ئەمریکییەکان لە ئایندەدا ناچار دەبن سیستەمی دوو جەمسەری لە جیهاندا قبوڵ بکەن، لە پێناو ڕزگارکردنی ئابوریی وڵاتەکەیان نەخشەی سیاسی جیهان لە نێوان خۆیان و ڕوس و چینییەکاندا دابەش بکەنەوه‌.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ