به درێژایی ڕووداوه‌کانی 16 ساڵی ڕابردووی عێراق ناوه ناوه باس له پێکهێنانی هه‌رێمێکی سوننه له‌م وڵاته‌دا کراوه. ده‌توانین بڵێین که بوونی هه‌رێمی کوردستان پاڵنه‌رێک بۆ ئامانجێکی له‌م شێوه‌یه بۆ سوننه‌کان بووه که هه‌ست به‌وه ده‌که‌ن له عێراقی پاش 2003 له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی شێعه‌وه په‌راوێز خراون، هەڵبه‌ت نابێت ئه‌وه‌ش به بێ کاریگه‌ر بزانین که کاتی خۆی له ئه‌مریکاوه باس له دابه‌شکردنی عێراق بۆ سه‌ر سێ هه‌رێمی شێعه، کورد و سوننه کراوه.
ئه‌مجاره چی ڕوویداوه که دیسانه‌وه باس له هه‌رێمی سوننه له عێراق ده‌کرێت؟ ئایا کۆبوونه‌وه‌که‌ی ئیمارات و هه‌واڵی به‌شداریکردنی سه‌رکرده‌کانی سوننه به تایبه‌ت محه‌ممه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق وه‌ک ده‌سپێکی ئه‌م گه‌ڕه‌ی گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌یه بۆ ئه‌وان؟ وه‌ڵامی پرسیاره‌کان بۆ گۆڕانکارییه‌کانی ناوچه‌که و کاریگه‌رییه‌کانی له سه‌ر عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ڕووداوه‌کانی که‌ی وه‌نی که‌رکوک، قائم، به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا، فڕۆکه‌خانه‌ی به‌غدا و عه‌ین ئه‌سه‌د وایکردووه که ناتوانین به ئاسۆی به‌رده‌م عێراق له ژێر کاریگه‌ری ئاڵۆزییه‌کانی نێوان ئێران و ئه‌مریکا گه‌شبین بین.
ئێران ده‌رکردنی هێزه‌کانی ئه‌مریکای له ناوچه‌که به تۆڵه‌ی کوژرانی قاسم سولێمانی داناوه، ڕه‌نگه ته‌نیا شوێن که بتوانێت ئه‌و ئامانجه‌ی ده‌ست پێ‌بکات عێراقه و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه که له لوبنانیش هه‌مان سیناریۆ جێبه‌جێ بکرێت. له عێراق لایه‌نه شێعه‌کان به بێ ئاماده‌بوونی کورد و سوننه بڕیاری ده‌رکردنی هێزه بیانییه‌کانیان له په‌رله‌مان په‌سه‌ند کرد، ئه‌وان داوا ده‌که‌ن که ئه‌مریکا له عێراق بکشێته‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ وڵاتێک که به گۆڕانکارییه‌کانی ساڵی 2003 خۆی به خاوه‌نی عێراق ده‌زانێت به شکستێکی گه‌وره له به‌رامبه‌ر ئێران داده‌نرێت.
ئه‌مریکا چه‌ندین کارتی بۆ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی عێراق له‌م بڕیاره به ده‌سته‌وه‌یه، ته‌نانه‌ت دوناڵد تره‌مپ ئاماژه‌ی به هه‌ندێک له‌و کارتانه داوه و ده‌وترێت که له نامه‌یه‌کدا بۆ به‌رهه‌م ساڵحیش به وردی باس له کاردانه‌وه‌کانی ئه‌م وڵاته کراوه. هه‌ر بۆیه له ئه‌گه‌ری پێداگری شێعه‌کان له سه‌ر ده‌رکردنی هێزه‌کانی ئه‌مریکا به‌ده‌ر له گه‌مارۆ و سزای ئابوری په‌نا بۆ چه‌ند ڕێوشوێنێکی دیکه ده‌بات.
به پێی ئامارێک به‌شێکی زۆری بنکه سه‌ربازییه‌کانی ئه‌مریکا له عێراق که‌وتوونه‌ته ناوچه سوننه‌نشینه‌کان، ئه‌مریکا له گه‌ڵ سوننه‌کان وه‌ک هاوپه‌یمانێک بووه، له گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ی سوننه‌ی ناوچه‌که‌ش په‌یوه‌ندییه‌کی توندوتۆڵی هه‌یه، ڕه‌نگه له ئێستادا باسکردنی هه‌رێمێک له لایه‌ن سه‌رکرده سوننه‌کانه‌وه هه‌وڵێکی ناڕاسته‌وخۆی ئه‌مریکا بێت بۆ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی شێعه له بڕیاری ده‌رکردنی هێزه‌کانی ئه‌م وڵاته.
هه‌رێمی کوردستان قه‌واره‌یه‌کی یاساییه به پێی ده‌ستووری عێراق، له‌و ده‌ستووره‌دا باس له هه‌رێمه فیدراڵه‌کان کراوه، سوننه‌کان پێیان خۆشه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی شێعه‌کاندا نه‌بن و وه‌ک کوردستان خۆیان بڕیاربه‌ده‌ستی ناوچه‌کانی خۆیان بن، ئه‌مریکاش ئه‌مه‌ی وه‌ک گوشارێک ناڕاسته‌وخۆ خستووه‌ته کایه‌ی سیاسی عێراق.
به دڵنیاییه‌وه که ئه‌گه‌ر به‌غدا له سه‌ر ده‌رکردنی هێزه‌کانی ئه‌مریکا سور بێت ڕووداوی زیاتری له‌م شێوه‌یه له عێراقدا ده‌بینرێت، گرنگی زیاتر به هه‌رێمی کوردستان و ئه‌گه‌ری پێکهێنانی هه‌رێمی سوننه له‌و ڕووداوانه ده‌بن. به دڵنیاییه‌وه که ئه‌و بابه‌ته په‌یوه‌ندیی به ئێستای عێراق و ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئێران و ئه‌مریکا له سه‌ر خاکی عێراقه‌وه هه‌یه، وڵاتێک که له ئاکامی ململانێی تاران و واشنتن له وڵاتێکی سووتاو ده‌چێت و شتێکی به ناوی ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ت تێدا نه‌ماوه.