ئه‌زمونی 8 ساڵ به‌رگریی و حوكمڕانیى

ڕۆژئاوای كوردستان.. گڕێك له‌ خۆڵه‌مێشدا

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.07.21 02:41 PM
1100 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

 بەرهەم لەتیف ـ ئاژانسی رۆژ نیوز

لە ڕاپەڕینی چەند گەنجێکەوە، بۆ دامەزراندنی سوپایەک و ئازادکردنی خاکێکی دەستبەسەرگیراو، لە پەراوێزخستن و تەعریبەوە بۆ پێشکەوتن و پشتبەخۆبەستن و پێکەوەژیان، لە کەوتنەوە بۆ هەستانەوە و لە چەوساندنەوەوە بۆ شۆڕش تا نووسینەوەی داستانی بەرخۆدانێکی مێژوویی، ئەمە مێژووی هەشت ساڵە کە ڕۆژئاوای کوردستان تۆماریکردووە.
ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو گڕەی کڵپەی قەتیسماوی شۆڕشی لە هەناویدا هەڵگرت و ٨ ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی ٢٠١٢ نەورۆزی بەرخۆدانی پێ تاودا، داستانێکی تێروتەسەلی شۆڕشی تۆمارکرد و بووە نموونەیەکی درەوشاوەی بەرخۆدان و فیداکاریی و تێکۆشان بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی، لەم دۆسیەیەدا چاوێکی خێرا بە ئەزموون، بەرخۆدان و قۆناغە سیاسییەکان و گەشەسەندنەکانی ئەو بەشەی کوردستان لەماوەی ئەو هەشت ساڵی ڕابردوودا دەخەینەڕوو.
هێزی خۆی دامەزراند و ژنی کرد بە سەرچۆپیگری زەماوەندی شۆڕش، فکری خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی بەرجەستەکرد و ئیدارەی خۆی دامەزراند، لە خاکێکی پشتگوێخراوەوە بووە خاکێکی بەرهەمهێن، بناغە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابوورییەکانی پتەوکرد و توانی لە تەمەنێکی کەمەوە ئەزموونێکی دەوڵەمەند وەربگرێت.
ئەمڕۆ تەمەنی ئەو سەرهەڵدانە پێی نایە هەشتەمین ساڵییەوە، هەشت ساڵە لە هەنگاوی جەنگ و پڕیشکی ئاگرەوە شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت، چواردەوری بە ئاگر دەوردراوە و دەکرێتە قوربانیی مامەڵەی زلهێزە بەرژەوەندییخوازەکان، بەڵام ئەو پشت بە خەڵکەکەی دەبەستێت و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ داستانی نوێ تۆمار دەکات و بەسەر ئاستەنگەکاندا سەردەکەوێت.

کەی و چۆن شۆڕشی ڕۆژئاوا پێکهات؟
ڕاپەڕینی ئازاری ٢٠٠٤ی خەڵکی قامیشلو، وەک بناغەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان تەماشا دەکرێت، ئەوکات لە چوارچێوەی خولی پلەیەکی سوریا، یارییەک لە نێوان یانەکانی جیهاد و فەتوای سوریا لە قامیشلو بەڕێوەدەچوو، لایەنگرانی یانەی فەتوا کە لە دێرەزوورەوە برابوونە قامیشلو، دروشمیان بۆ پشتیوانیی حزبی بەعس وتەوە و سووکایەتییان بە کورد کرد و بە دار هێرشیانکردە سەریان.
دواتر بە فەرمانی قائیمقامی ئەوکاتی قامیشلو پۆلیس هێرشیکردە سەر کوردەکان و بەهۆیەوە سێ هاوڵاتیی کورد شەهیدبوون و دەیانی دیکەش برینداربوون، ئەوەش تووڕەیی خەڵکی قامیشلۆی لێکەوتەوە و ڕاپەڕینیان ئەنجامدا و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەشێک لە دامودەزگا حکومییەکانیان کۆنترۆڵ کرد، دواتر بەزەبری هێز لێیان وەرگیرایەوە.

شاری قامیشلۆ

دوابەدوای ڕاپەرینی قامشلو، گەنجانی کورد لە ژێر ناوی جیاوازدا لە زانکۆ و پەیمانگا و شارەکاندا، دەستیان بە ڕێکخستن و بڵاوکردنەوەی بەیاننامە کرد، هەموو ساڵێک لە ساڵیادی ڕاپەرینی قامشلودا خۆپیشاندان و چالاکیان ئەنجامدا و یادی شەهیدانیان دەکردەوە، تا سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبیی لە سوریا.
دوای ٨ ساڵ و تێکچوونی دۆخی سوریا و شەڕی ناوخۆیی سوریا، گەنجانی کورد چەخماخەی شۆڕشیان لێدا و لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٢ یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگەیان دامەزراند و ئیدی بەرخۆدان چووە قۆناغێکی باڵاترەوە.

جەنگی مان و نەمان
هێزەکانی ڕژێمی سوریایان لە تەواوی ڕۆژئاوای کوردستان دوورخستەوە، لە هەندێک شوێن ڕژێم خۆی ڕادەستکرد و لە هەندێک شوێنی دیکەش وەک کۆبانێ و عەفرین، بە شەڕ هێزەکانی ڕژێم دوورخرانەوە.
یەپەگە بەردەوامبوو لە خۆڕێکخستن کردن و هێزێکی تۆکمەی دامەزراند، ساڵی ٢٠١٣ چەتەکانی جەبهەت النوسرە لە سنووری تورکیاوە هێرشیانکردە سەر گرێسپی و سەرێکانی و هەوڵیاندا داگیری بکەن، بەڵام هەوڵەکەیان پووچەڵکرایەوە.

جەنگی داعش
تێکشکاندنی داعش، لەسەر دەستی کورد ئەو داستانەبوو کە ڕۆژئاوای بە جیهان ئاشناکرد، وایکرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بێنە سەرخەت و پشتیوانیی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بکەن، دەرگای ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی بەڕووی نوێنەرانی ڕۆژئاوای کوردستاندا کردەوە.
ساڵی ٢٠١٣ ڕۆژئاوای کوردستان کەوتە بەر تیخی خوێناوی داعش، تا ساڵی ٢٠١٤ هەریەک لە ناوچەکانی گرێسپی، ڕەقە، عەین عیسا، دێرەزۆر، منبج، سەڕین، بەشێکی حەسەکە، تەبقا، بەنداوی تشرین و بەنداوی تەبقا و چەندین ناوچەی دیکە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە داگیرکران.
بەڵام کۆبانێ بووە دوایین وێستگەی هێرشەکانی چەتەکانی داعش و بە بەرخۆدانی کورد خاڵی کۆتاییان بۆ داعش دانا، ١٠٦ ڕۆژ خۆڕاگیریی و تێکۆشان دژی داعش ناسنامەی ”سمبولی بەرخۆدانی” بەخشییە کۆبانێ-ی خۆڕاگر.
لەوە بەدوا شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە و دواتریش قەسەدە، قۆناغی ڕزگارییان لە کۆبانییەوە دەستپێکرد و بەخستنی ڕەقەی بەناو پایتەختی چەتەکان و باغۆز گەیاندیانە مەنزڵ.

هێرشەکانی دەوڵەتی تورک
لە پاڵ جەنگی داعشدا، دوژمنکاریی دەوڵەتی تورکیش لەلایەکی دیکەوە بەرۆکی بە ڕۆژئاوای کوردستان گرتبوو، سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ دەوڵەتی تورک هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر عەفرین دەستپێکرد و پاش ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدان، دەوڵەتی تورک عەفرینی داگیرکرد.
داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک هەر لە عەفرین نەوەستا و لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ش هێرشێکی دیکەی دەستپێکرد و شارۆچکەکانی سەرێکانی و گرێسپیی داگیرکرد، ڕۆژانەش بەردەوام هێرش بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدەدات و دوایین هێرشیش بۆ سەر کانتۆنی کۆبانێ بوو، کە بەهۆیەوە ٣ ژن شەهیدبوون.

شەڕ و ئاشتیی تەریببوون
لەپاڵ بەرخۆدان دژ بە چەتەکانی داعش، بناغەکانی خۆبەڕێوەبەریی دانران، ساڵی ٢٠١٥ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان دامەزرا و یەکەم کاریشی ئاوەندانکردنەوەی وێرانکارییەکانی جەنگ و بەگەڕخستنەوەی ژیان بوو.
کانتۆنەکانی عەفرین، جزیرە و کۆبانێ دامەزران سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی بەرجەستەکرا، دواتریش لە ساڵی ٢٠١٨ دوای ئازادکردنی ڕەقە و تەبقە و منبیج و دێرەزۆر، ئیدارەی خۆسەری بازنەی خۆی فراوانکرد و هەموو باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای گرتەخۆ.
لە هەموو جومگەکانی ئیدارەداندا، جگە لە ڕەچاوکردنی یەکسانیی ڕەگەزیی، ڕەچاوی بەشدارییپێکردنی پێکهاتەکانیش کراوە، نەتەوەکانی عەرەب، تورکمان و کلدوئاشورییش بەشدارییەکی کارایان هەیە لە بەڕێوەبردن و بڕیارداندا.

داگیركاریی توركیا جوگرافیای رۆژئاوای بچوك كرده‌وه‌

لە بواری ئابوورییەوە ژێرخانێکی پتەویان دامەزراند و کۆمەڵگەیان لە بەکاربەرەوە کردە بەرهەمهێن، پەرەیان بە کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییدا و دەستیانکرد بە دامەزراندنی کارگەی گەورە و بچووک و مامناوەند، سیستمی پەروەردەیان بەهێزکرد و کەلتوور و هونەری کوردییان زیندووکردەوە، پرۆژەی خزمەتگوزارییان پێشکەش کرد شار و گوندەکانیان ئاوەندانکردەوە.

لێرەدا خاڵ بەخاڵ باس لە پێشکەوتەکانی چەند ساڵی ڕابردووی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەین..

– خزمەتگوزاریی و ئاوەندانکردنەوەی وێرانکارییەکانی جەنگ
هەنگاوی یەکەمی ئیدارەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئاوەدانکردنەوەی شار و گوندەکان و وێرانکارییەکانی جەنگ بوون، تەنها لەماوەی ٢ ساڵی ڕابردوودا ئیدارەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ٤ هەزار و ٣١٠ پرۆژەی لە بواری خزمەتگوزارییدا ئەنجامداوە، کە بەشێکیان ئەمانەن:
– ٣٧٥ پرۆژەی دروستکردنی ڕێگاوبان و پرد
– ١٦٧ پرۆژەی ئاوەڕۆ
– ١٣٦ هەزار و ٩٩٥ کیلۆمتەر تۆڕی ئاوی خواردنەوە
– ٧٧ وێستگەی دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە
– ٢٠ تێرمیناڵی هاتووچۆ
– ٦٥ پرۆژەی تایبەت بە ژنان
ئەمە جگە لە دامەزراندنی دەیان یاریگای وەرزشیی و ئەکادیمیای کۆمەڵگەیی و سەربازیی و ژنان و گەنجان و دادگا.

ـ پێگەی ژن
یەکێک لەو ناسنامانەی ڕۆژئاوای کوردستانی پێ دەناسرێتەوە بەرخۆدانی ژنان بوون، کە ژنی سەرلەنوێ ژیاندەوە و ئاشنایکرد بە ڕۆڵ و تواناکانی، لە هەموو جومگەکاندا ژنان ڕۆڵی سەرەکییان هەیە خاوەن بڕیارن.
ژنانی یەپەژە هێزێکی کاریگەری بەرخۆدانی دژی داعش بوون، جیهان سەرسام بوو بە لێهاتوویی و بەرخۆدێرییان و چەندین فیلم و دۆکیۆمێنتەرییان لەسەر دروستکراوە.
لە ئیدارەی خۆسەریشدا ژنان بەڕێژەی ٥٠٪ بەشدارن لە جومگەکانی بەڕێوەبردندا، سیستمی ئیردارەدان هاوسەرۆکایەتییە و ژنێک و پیاوێک بەیەکەوە کارەکان بەڕێوەدەبەن، ئەمە جگە لە دامەزراندنی دەیان ڕێکخراوی مەدەنیی بۆ ژنان.

ژن، روخساره‌ پرشنگداره‌كه‌ی شۆرشی رۆژئاوایه‌

ژنان خاوەن پرۆژەی خۆیانن و لە دوو ساڵی ڕابردوودا ٦٥ پرۆژەیان ئەنجامداوە، گوندی ژنوار دامەزراوە و دانیشتووانەکەی لەو ژنانە پێکدێن کە  بوونەتە قوربانی شەڕ و ململانێکان، ئەوانەی هاوسەر و کەسوکارەکانیان لە دەستداوە، یان ئەو ژنانەی هاوسەرگیرییان نەکردووە و لە کەسوکاریان دابڕاون.

– کشتوکاڵ و ئابووریی
هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ئیدارەی خۆسەرییەوە، دەست بە دامەزراندنی پرۆژەی گەورە و بچووکی هەرەوەزیی کرا و ژێرخانێکی ئابووریی پتە و دامەزرێندرا، کە توانیی لە قەیراندا پشتی خەڵکەکەی بگرێت و لەسەر پێی خۆی ڕابووەستێت.
نەوت، کشتوکاڵکردن و ئاژەڵداریی سێ سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی ڕۆژئاوای کوردستانن، نەوت بەپلەی یەکەم دێت کە ڕۆژئاوای کوردستان لەسەدا ٩٤ پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ٣٪ تا ٥٪‌یش پشت بە داهاتی گومرگ دەبەسێت، بەشێکی دیکەش لە سەرچاوەی داهاتی ئیدارەی خۆسەر بریتییە لە باج و ڕسوماتی خزمەتگوزارییەکان.
هەرچەند ئامارێکی دروست لەبەردەستدا نییە لەبارەی دامەزراندنی کارگەکانەوە، بەڵام بەپێی قسەی هاوسەرۆکی دەستەی ئابووریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، سەدان کارگەی گەورە و بچووک لە بوارە جیاجیاکاندا لە سەرانسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دامەزرێندراون.
گرنگییەکی زۆریان بە پێشکخستنی زیاتری کەرتی کشتوکاڵ و پشتیوانییکردنی جووتیاران و هاندانیان بۆ کشتوکاڵکردن داوە، بەشێوەیەک ئێستا ٦٠٪ی گەنم و پەمووی هەموو سوریا لە سنووری ئیدارەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرهەمدێت.
 
– کەرتی پەروەردە
کەرتی پەرەوەردەش یەکێکی دیکەیە لەو کەرتانەی ڕۆژئاوای کوردستان گرنگییەکی زۆری پێدەدات، بەپێی ئاماری دەستەی پەروەردەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ٤ هەزار و ٣١٧ خوێندنگە و ٣ زانکۆ لە کۆبانێ، عەفرین و قامیشلو دامەزرێندراون ٧٨٩ هەزار و ٢٢٢ خوێندکار و ٣٨ هەزار و ٤٦٤ مامۆستایان هەیە.
ساڵانەش سەدان خوێندکار زانکۆ تەواو دەکەن و لە کەرتە جیاجیاکاندا دەستبەکاردەبن، کەمتریین گرنگییش بە کەرتی گشتیی دراوە و هەلی کاری زیاتر لە کەرتی تایبەتدا ڕەخسێندراوە.

– ئازادیی کاری سیاسیی لە ڕۆژئاوای کوردستان
مەودایەکی فراوان لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئازادیی کاری سیاسیی فەراهەمکراوە، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەریی خۆسەر، زیاتر لە ٣٠ حزب و لایەنی سیاسیی مۆڵەتی کارکردنیان لە ئەنجومەنی سوریای دیموکرات وەرگرتووە، ئەمە جگەلەوەی سەدان ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنییش لە ڕۆژئاوای کوردستان کار دەکەن.

– بواری کەلتوور و هونەر
ئیدارەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هاوشانی کەرتەکانی دیکە، گرنگیی زۆری بە کەرتی کەلتووریی و هونەریی داوە، کۆمینێکی بەرهەمهێنانی فیلمی دامەزراندووە تەنها لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ١٠ فیلمی کورت و درێژی بەرهەمهێناوە.
٣ ستۆدیۆی تۆمارکردنی گۆرانیی و بەرهەمی هونەریی دامەزرێندراوە و لە دوو ساڵی ڕابردوودا ٣٠ گۆرانی و کلیپ بەرهەمهێندراون.
جگەلەوەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا ١٥ ڤێستیڤاڵی کەلتووریی و هونەریی ڕێکخراون و ٥ پێشانگای هونەرییش کراونەتەوە.
ئەمەی لێرەدا باسمان کرد، بەرخۆدان و سەرکەوتنی پارچەیەکی کوردستانە، کە بە تەمەنێکی کەمەوە ئەزموونێکی دەوڵەمەندی کۆکردووەتەوە، بناغە و ئیلهامی ئەو سەرکەوتنانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فکرەی، کە ڕۆژئاوای کوردستان هەیکەلی ئیدارەدانی خۆی لەسەر داڕشتووە کە بریتییە لە فکری خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی و لە هزی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کوردەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەمڕۆ ئەو ئەزموونە بووەتە جێی ئومێدی دەوروبەرەکەی و سەرباری هێرش و مەترسییەکانیش، چاوەڕوانیی ئایندەیەکی گەش و پرشنگداری لێ دەکرێت.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ