كێ ئیدریس بارزانی پاراست ؟

نهێنیه‌ گەورەكانى ناو كتێبه‌كه‌ی لیوا محێدین محەمەد یونس

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.11.22 10:48 PM
2606 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

محه‌مه‌د نورى ـ نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس
ساڵی ١٩٨٧محەمەد شێخەلی بوو بە وەزیری ناوخۆی عێراق، كۆمەڵێك بڕیاری قورسی دەركرد لەوانە قەدەغەكردنی قوماركردن و كەمكردنەوەی یانەكانی شەوانە.
بۆ چۆنێتی جێبەجێكردن كۆبونەوەیەكی لەگەڵ سەرجەم بەرپرسە باڵاكانی پۆلیس لە عێراقدا رێكخست، من وەك جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بەشداریم كرد، پاش قسەكردن، هاتە سەرەی من، وتم جەنابی وەزیر زۆربونی قومار خەتای حكومەتە، چونكە رێی دەدا لە چەند هۆتێلێكی گەورەدا لە بەغدا وەك شیراتۆن و میریدیان و بابل قوماربكرێت، كە قسەكانم تەواو كرد جەنابی وەزیر پێی وتم: تۆ لە كوێیەوە هاتووی ؟منیش وتم من عەقید محەمەد محێدینم و جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، وتی كوردی ؟ بەڵێ .
وتی جەنابی عەقید ئێمە بۆیە رێگری ناكەین لەو قومارخانانە، بۆیە ئەو موستشار و جاشانەی ئێوە كە پارەی باش لە حكومەت وەردەگرن بگەڕێتە بۆ خەزینەی دەوڵەت، چونكە ئەو قارەمانانەی ئێوە هەموو هەفتەیەك لێرە خەریكی قومار كردنن.

چۆن شاكر فەتاح كوژرا ؟
لە یانزەی مانگەوە بۆ ١٣ى ئازاری ساڵی ١٩٨٨ لە هەولێر هەموان بانگهێشتكراین بۆ كۆنفرانسێك بەناوی (گەلی كورد لە ویژدانی سەرۆك سەدام دا)، هەمووی هەڵسا دەستیانكرد بە قسەكردن و مەدحكردن، تەنها پیاوێكی بە تەمەن كە ئەویش نوسەر شاكر فەتاح بوو هەستا وتی: (دەبێت دەستبكرێتەوە بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو شۆڕشگێڕ و پێشمەرگانەی لە شاخن، دەبێت ڕاگواستن و كوشتنی دێهاتییەكان ڕابگیرێت، دەشبێت زمانی كوردیی بە تەواوی فەرمی بكرێت).

شاكر فه‌تاح  1914 ـ 1988

كە قسەكانی تەواو كرد لە هوڵەكە بوو بە هوها و قسەپێوتن بەم پیرە نوسەرە، تەنانەت لە كاتی پشووەكەدا بۆ نانخواردن كەس نەیوێرا لێی نزیكبێتەوە و هەمووی خۆی دوور دەگرت لە شاكر فەتاح.
چەند ڕۆژێك دوای كۆنفرانسەكە شەوی ١٨ لەسەر ١٩ دەزگاكانی ئەمن دەچنە سەر ماڵی شاكر فەتاح دەستگیری دەكەن.
لە ٢٧/٦/١٩٨٨ بە كتابی ژمارە ١٥٣٩ لە دائیرەی ئەمنی سلێمانییەوە نوسراوێكمان لەگەڵ لاشەكەیدا بۆ هات لە نوسراوەكە هاتبوو ( لاشەی یەكێك لە تێكدەرەكانی وڵاتتان بۆ دەنێرین و خۆتان بەیانی وەفاتی بۆ دەربكەن). كە تەماشامان كرد لاشەی پێرە پیاوێكی حەفتا ساڵە، لاشەی شاكر فەتاح بوو، كە بە لەشییەوە دیار بوو تەعزبێكی زۆر خراپ و پیس درابوو.

كاكلی پارێزگاری سلێمانی چی ووت؟
ساڵی ١٩٩٠هاوڕێم عەقید كاكل حەمەد مەولود بوو بە پارێزگاری سلێمانی، تەلەفۆنی بۆ كردم وتی: دەمەوێت تۆ ببی بە بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی سلێمانی، پێم وت: ڕەنگە نەهێڵن، وتی من هەوڵت بۆ دەدەم.

عه‌قید كاكل حه‌مه‌د مولود دواین پارێزگاری به‌عس له‌ سلێمانی

چەندین هەوڵیدا بەس سەری نەگرت. خێری پێوەبوو چونكە پاش ساڵێك راپەڕینەكە بوو، هەموو بەرپرسە گەورەكان كوژران، ئەوەی جێی داخ بوو لای من شەهیدبونی كاكل و هەردوو كوڕەكەی بوو بە ناوی نەریمان و پشتیوان.

كێ ئیدریس بارزانی پاراست ؟
لە ٦/١٢/١٩٧٠ بۆ شەوەكەی لە بەغدا ئیدریس بارزانی هەوڵی تیرۆركردنی درا، بەڵام دەربازبوو. پێشتر یه‌دوڵا فەیلی كە بەرپرسی لقی بەغدای پارتی بوو زانیاریی بیستبوو كە هەوڵێكی لەو جۆرە هەیە، بۆیە هەرزوو مەلا مستەفای ئاگاداركردبووە، ئەوانیش هەموو رێیوشوێنێكی ئەمنییان گرتوبوە بەر، هەرچەندە لەپاڵ ئەوەشدا بەڵام شۆفێرە تایبەتەكەی ئیدریس بارزانی بە موعجیزە توانی دەربازی بكات.

وەزیر رۆژنامەی پێ نادرێت
ساڵی ١٩٨٥ مەلا مەسعود بێبەش و شێخ لەتیفی بەرزنجی چوو بوونە لای عەبدوڵا ئیسماعیل كە كوردبوو وەزیری دەوڵەت بوو، ئۆفیسەكەی لە وەزارەتی پلاندانان بوو. داوایان لێكردبوو كە هەوڵم بۆ بدات و بمكەن بە بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەولێر.  كاتی بینینیان بۆدیاریكردم، منیش چووم بۆلای، دانیشتم و دەستمانكرد بە قسەكردن، لەو كاتەدا بەرپرسی نوسینگەكەی بانگكرد وتی كوا ڕۆژنامەكان، ئەویش وتی جەنابی وەزیر پرسگەكە پێی وتووم ڕۆژنامە بۆ وەزیری دەوڵەت نییە. توڕە بوو وتی ئێستا چارەسەریان دەكەم. ئەو ڕۆژنامەی نادرێتێت ئاخۆ چۆن من دەكات بە بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەولێر.
(تەماشاكە وەزیرە كوردەكان لەبەغدا لەسەردەمی سەدام چەندە بێ دەسەڵات بوون).

به‌رگی كتێبی بیره‌وه‌رییه‌كانی لیوای پۆلیس محێدین محەمەد یونس

كۆمەڵێك زانیاری ورد لەسەر ڕوداوەكانی هەشتاكان و شێخ بەهرام و كۆمەڵێك مستەشار و كۆمەڵێك مەلەفدار تێیدایە لەو كاتەی ڕاپەرینەكەی هەولێریش دەبێت ساڵی ١٩٩١ ئەم بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بووە، بۆیە زۆر نهێنی باس دەكات، ئەمانە هەمووی لە یاداشتەكانی لیوای پۆلیس محێدین محەمەد یونس دایە، كە لە هەشتاكاندا بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر و دواتر نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ بووە دوای ئەندامی دادگای تەمیزی هێزە ئەمنییەكان بووە .


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ