سەنگەرگۆڕینی عهبدوڵای كوێخا موبارهك ئەم زاتە لە هەر کارەکتەرێکی سیاسی و سەربازی سەنگەرگۆڕاو دەلالاتی جیاوازتر و ترسناکتر لەخۆ دەگرێ، بوون بە پارتی ئەم زاتە لە بوون بە پارتی عارف ڕوشدی و نەجمەدین کەریم و ڕێباز حەملان و محەمەد حاجی ناچێت، پێداگری پارتی و ئەو ئۆفەرەی لە بەرامبەر سەنگەرگۆڕینیدا پێشکەشیکردووە لە هیچ کارەکتەرێکی سیاسی و سەربازی سەنگەرگۆڕاوی پێشوتردا بەرچاو ناکەوێ، ئەمەش پەیوەندی بە سروشتی کەسایەتی ئەمنی و سەربازی ئەم زاتەوە هەیە کە دەمێکە پارتی لەم دەڤەرەدا بە دوایدا دەگەڕێ.
سودی ڕێباز حەملان و هاشێوەکانی بۆ پارتی، جگە لە هەندێک پەیامی سیاسی ئاڕاستەکراو، تەنها لە خودی شەخسی خۆیان و بازنەیەکی بەرتەسکییاندا دەسوڕێتەوە، بەڵام بۆ ئەم زاتە جیاوازترە و جگە لە پێگەی عەشیرەتی و نفوسی کۆمەڵایەتی، لە هەمانکاتدا توانای ڕیسکی هەیە و هەڕەشە و سەرئێشەی زۆرە، بۆیە بوون بە پارتی ئەم زاتە دەروازەیەکی نوێیە بۆ چاندن و سەوزبوونی خواست و ویستی لە مێژینەی پارتی کە تائێستا دەرفەتی زێڕینی لەم چەشنەی بۆ هەڵنەکەوتووە...
وادەردەکەوێ گۆڕانەکان زیاتر لە هەر گروپ و لایەنێکی تر ئەم هەنگاوەی عەبدوڵای کوێخا موبارەکیان بەدڵ بێت، چونکە بەم هەنگاوە، بەرەی ناڕازیى گۆڕان لاوازتربوو، لە هەمانکاتدا زەبرێکی کوشندە بەر ئەو گوتارە کەوت کە گۆڕان بە پاشکۆبوونی پارتی تۆمەتبار دەکات، بۆیە بە ئاشکرا هەندێک لە گۆڕانەکان بە هەستێکی تێکەڵ بە شانازیى و توانجدانەوە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تەنها گۆڕانی ئێستا مانیفێستی بیر و دیدگای نەوشیروان مستەفا دەکات و ئەوانی تر موزەیەف بون، لە کاتێکدا ئەم بیرکردنەوەی جگە لە گەورەبوونی پارتی هیچی دی بەرهەم ناهێنێت، باشتر وابوو گۆڕان لەبری ئەوە؛ دیراسەیەکی وردی دیاردەی بە "پارتی"بوونی بەشێک لە کارەکتەرە دیارەکانی بکات کە ساڵانێکە دەرگیری جەستەی خۆی بووە، یاخود لەسەر فڕاندنی کارەکتەرەکانی، هەڕەشەیەکی جدی لە پارتی بکات ...
بۆ یەکێتی ئیحراجییەکی گەورەیە کاتێک کەسایەتییەکی لەمشێوەیە لەژێر هەژموونی دەسەڵاتخوازی ئەودا دەبێتە پارتی، ئەم ڕووداوە پێی وتین؛ یەکێتی لە کڕین و ڕاکێشانی کارەکتەرە سیاسی و سەربازییەکانی دەرەوەی ماڵی خۆی لەگەڵ پارتیدا کێبڕکێی پێناکرێ و پێشی نەکراوە، دەشبێ یەکێتی لە دوای ئەم ڕووداوەوە خۆی بۆ هەندێک پێشهاتی ناجۆر و مەترسیدار ئامادە بکات کە ڕەنگە پێشتر ڕووبەڕووی نەبووبێتەوە، چونکە سەنگەرگۆڕینەکە دروستکردنی هێز و پڕچەککردنی تێدایە، واتە ڕیسک و هەڕەشەکانی ئەم زاتە هی سەردەمی گۆڕانبوونی نییە، بەڵکو ئەمڕۆ پشت ئەستورە بە هێزێکی گەورەتر و پارە و چەکیشی دەخرێتە بەردەست..!
هەڵمەت عەلی