پردی پەیوەندییه‌ لە نێوان دامه‌زراوه‌كان و ڕایگشتی

ئەتەکێتی پرێس كۆنفرانس له‌ ڕوانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانه‌وه‌

چــرۆ شـه‌هاب 2024.05.02 01:51 AM
3681 جار خوێندراوەتەوە

چــرۆ شـه‌هاب

مامۆستای زانكۆی سلێمانى

ڕاهێنه‌ری پرۆتۆكۆڵ و ئه‌ته‌كێت
خوێندكاری دكتۆرا له په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كان

پرێس كۆنفرانس، گرنگی خۆی هەیە بۆ سەرجەم دامەزراوە گشتی و تایبەت و ڕێكخراو و پارتە سیاسییەكان، لە ڕوی گرنگیەكەوە دەتوانرێت ڕایگشتی بۆ دامەزراوەكەت ڕابكێشیت، لە ڕوانگەی زانستخوازانی بواری پەیوەندییە گشتییەكانەوە لە ڕووی ئەتەكێتی كەسی كۆنفرانس بەڕێكار، ئاماژە بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە دەكرێت:
یەكەم: پرێس كۆنفرانس كاتێك دەبەسترێت كە هەواڵێكی گرنگ هەبێت و نەتوانرێت لە ڕێگەی بەیاننامەیەكەوە بخرێتە نێو بازاڕی میدیاوە.
دووەم: لەبەر گرنگی بابەتەكە، هەل دەڕەخسێندرێت بۆئەوەی پرسیار و وەڵام لە نێوان پەیامنێران و كەسی بەڕێكاری پرێس كۆنفرانسەكە دروست ببێت.
سێیەم: لە ڕوانگەی گرنگی هەواڵ یاخود زانیاری یان ئەو بابەتەی نمایش دەكرێت، دەشێت لایەنی وەڵامدەر ڕێگە بە دروستبونی گفتوگۆی پەیامنێران بدات و بۆ هەر پرسیارێكیان وەڵامی گونجاوی هەبێت، لەكاتێكدا وەڵامی نەبوو بۆ پرسیارێك یاخود بە پێویستی زانی وەڵامی پرسیارێك نەداتەوە دەبێت زۆر بە سانایی بڵێت زانیاریی دروستم لەو بارەیەوە نییە و هەوڵدەدەم لە نزیكترین دەرفەت زانیاری دروسست بۆ بەردەست بخەم، واته‌ بە شێوازێكی دیبلۆماسیانە خۆی ڕزگار بكات.

 پرێس كۆنفرانس كاتێك دەبەسترێت كە هەواڵێكی گرنگ هەبێت و نەتوانرێت لە ڕێگەی بەیاننامەیەكەوە بخرێتە نێو بازاڕی میدیاوە

چوارەم: ئەگەر تەنها بابەتەكەی خۆی نمایش كرد و ڕێگەی بە پرسیاری پەیامنێرەكان نەدا، ئەوە باشتر وایە هەر لە بنەڕەتدا پرێس كۆنفرانسی ئەنجام نەدایە، چونكە بە هەموو پێوەرێكی زانستی ئەم شێوازە ناچێتە بواری پرێس كۆنفرانسەوە.
پێنجه‌م: لایەنێكی گرنگی تری پرێس كۆنفرانس ئەوەیە كە ڕۆڵی پردی پەیوەندی دەبینێت لە نێوان توێژەكانی جەماوەر و ڕایگشتی.
كەواتە، بۆئەوەی دامەزراوەكان نەكەونە ژێر پرسیاری كەسانی نەشارەزا لە ئەنجامدانی پرێس كۆنفرانسەكان، پێویست دەكات ئەو كەسەی هەڵدەستێت بە ئەنجامی ئەم كارە، كەسێكی زیرەك و دیبلۆماسی و گوێگرێكی باش بێت لەگەڵ ئەمەشدا توانای لەخۆگرتنی بابەتەكانی هەبێت كە لێوەی ئەدوێت.

زۆر جار هەرمامەڵەیەكی پێچەوانە ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ئەدای كار و چالاكییەكانیان دروست دەكات

هەروەها لە ڕوی جلوبەرگ و پۆشین و وەستان و دیقەتتدانەوە ورد بێت، توانای ئامادەبون و تەعبیركردن و كورت كردنەوە و پوختی بابەتەكان زۆر شارەزابێت.
لەگەڵ هەموو ئەوانەی باسكران گرنگە ئەو كەسانەی بەردەوام لە بەردەم كامێرا و ڕیكۆردەر و وێنەگرانی فۆتۆگرافەرانەوەن و خەریكی پرێس كۆنفرانس و لێدوانن كەسانێكبن پەیوەندی شەخسی و سیاسی و ڕۆحیان لەگەڵ ئەم توێژەدا بەهێز بێت و هیچ كاتێك بە لوت بەرزی و لەخۆباییەوە مامەڵە لەگەڵ میدیاكاراندا نەكەن، چونكە زۆر جار هەرمامەڵەیەكی پێچەوانە ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ئەدای كار و چالاكییەكانیان دروست دەكات.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ