"زۆنی سەوز لەسەر پەتی پێکدادانی ئامۆزاکان"

کۆنگرەی پێنجه‌م.. شەرعیەتی خوێنی یەکەم

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2023.09.28 05:52 PM
2403 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

بـەخـتـیـار نـامـیـق
هەرێم لەبەردەم کێشەکاندا بەرەو داڕزان و لێکهەڵوەشان دەچێت ، لەسەر ئاستی هەرێمی و ناوچەیی و جیهانی پێگەی هەرێمی کوردستان بەرەو لاوازبون دەچێ ، هێڵی کێرڤی گشتی بەرەو نزمبونەوە دەچێت ، ئەوەی لەم هەرێمە دەستەڵاتی هەیە و دەتوانێ گۆڕانکاری بکات حیزبە ، لە ئێستادا دوو زۆن و دوو حیزب دەستەڵاتیان هەیە بەهۆی دابەشکاری هێزی هەرێمایەتییەوە ( ئێران و تورکیا) لەم دوو زۆنە پارتی و یەکێتی کە درێژکراوەی دوو دەستەڵاتی هەرێمایەتین لەسەربنەمای (ڕێککەوتنی ستراتیژی) کار دەکەن ، ئەوەی دەمانەوێ قسەی لەسەر بکەین ، ئەوەی کە ڕودەدات و ئەوەی کە هەیە نەک ئەوەی دەمانەوێ ، واتا ڕیالیزمی نەک سوریالی .
کۆنگرەی پێنجی یەکێتی دەبێت لەسەر دوو ئاست خوێندنەوەی بۆ بکرێت ، پێش کۆنگرە و کاتی کۆنگرە ، پێش کۆنگرە و قۆناغی دوای مام جەلال ، قۆناغی ململانێی ئامۆزاکانە ، قۆناغی بەتەوریسکردن و سڕینەوەی خوێنەکانە ، واتا خوێنی یەکەم خوێنەکانی تر بسڕێتەوە بچێتە لوتکەی دەستەڵات ، ئیتر ئەوەی دەوترێت دژ بە تەوریس ، واقعی هێز و تەماعی ناو کۆشکی سەرکردەکانی شاخ ئەوەی سەلماند کە جگە لە دروشمی نەرم هیچی تر نیە ، لە ناوەندەکانی دەستەڵاتدا و لە دەرەوەی کۆشکی سەرکردەکانی شاخیش حیزبی ڕابەر و سەرکردەی ڕابەر وەک ئۆپۆزسێون بونی نیە ، کەواتە دوو زۆن و دوو دەستەڵات هەیە ، دوو حیزب هەیە پارتی و یەکێتی و ڕێککەوتنێکی دابەشکاریش هەیە ناوی ( ڕێککەوتنی ستراتیژیە) و لە ئەنقەرە و تارانەوە بە پێی بەرژەوەندی هاوبەشیان ڕەسم کراوە و گەورەتریش بە (کارت بە کارت) عێراق بۆ ئێرانە و سوریا بۆ تورکیا بە گڵۆپی سەوزی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی وڵاتانی زلهێزەوە ، کەواتە لە زۆنی سەوز یەکێتی هەیە و دوای کۆمەڵێک قەیرانی ناوخۆیی و ململانێ خوێن و ئامۆزاکان لە ئێستادا کۆنگرە دەکات.

پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ لیژنه‌كان له‌ ڕۆژی یه‌كه‌می كۆنگره‌دا ـ 2023.9.27


ئەگەر پێش کۆنگرە ناوبنێن قۆناغی سڕینەوەی خوێنی دوهەم ئامۆزکان و خوێنی سێیەم ، ئەوا خوێنی یەکەمی مام جەلال خوێنەکانی دوهەم و سێیەمی تری کردبێتە دەرەوەی کۆشک کە دەتوانین ناوی بێیین (قۆناغی گرێدەر) خوێنی یەکەم وەک گرێدەر خوێنەکانی ڕاماڵی بۆ دەرەوەی کۆشک ، ئەوا پێویست بو دوای گرێدەر شەرعیەتی حیزبی بدات بە خاوەن دەستەڵاتەکانی ناو کۆشک کە خوێنی یەکەمی مام جەلال دەکات ، واتا ئەم کۆنگرە دیوی دوهەم و فۆتۆکۆپی کۆنگرەی ١٤ی پارتی بو ، بە واتایەکی تر ئەگەر سەیری پەیڕە و پڕۆگرمی هەردوو حیزب بکەی ئەوە ڕونە کە گواستنەوەی حیزبە لە مۆدێلێکەوە بۆ مۆدێلی تەوریسی سیاسی ، ئامانجی سەرەکی هەردوو کۆنگرەکەی پارتی و یەکێتی تەنها شەرعیەت دان بوە بە خوێنی یەکەم ، ئەمەش وەک مۆدێل و قۆناغێک بۆ هەمو حیزبەکانی تر ڕاستە ، هەر لە حسک و نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتو و بە شێوەیەکی تەماوی گۆڕانیش ، خۆ ئەگەر واقعیانە بابەتەکە هەڵسەنگێنین حیزبەکان هەمویان ببونە حیزبی فرە گروپ و فرە تەکەتول و مەرجعیەت نەمابو و کەس کەسی نەدەخوێندەوە و ئەوەی کاری پێنەدەکرا دەستور و پەیڕەوی حیزبەکان بو ، حیزبەکانیش وەک کۆمەڵێکی دابڕاوی بە دەستەڵات کەوتونەتە ناو کۆشکێکی جیاواز لە شەقام و بونەتە سەرچاوەی گەندەڵی و نەبونی دامەزارەوەی دادگای و یاسایی و دامەزراوەی حکومیەوە ، کەواتە یەکێتی وەک قۆناغ و پێویستی ئێستای حیزب و دەستکاریکردنی ڕەسمی دەستەڵاتی ناو کۆشکی یەکێتی ، وەک حیزبەکانی تر مەحکوم بون بەوەی خوێنی یەکەم جڵەوەی دەسەڵاتی حیزب بگرێتە دەست و ئەم پلانەش لەلایەن ئێرانییەکانەوە ئۆکەی بۆ کراوە ، هەر بۆیە کۆنگرەکانی پارتی و یەکێتی یەک مانا و یەک وێنە دەدا بە دەرەوەی خۆی ، ئەویش مەحکوم بون بە دەستەڵاتی خوێنی یەکەمی ( بارزانی و تاڵەبانی) کەواتە دەتوانین وێنای نێچیرەڤان بە لاهور وێنا بکەین ، بەڵام تا بارزانی مابێ شەڕەکان بە شاراوەیی دەکرێ و پێ دەچێت نێچیرەڤان بەرەی بەیعەت بە مەسرور بێت و بێ کێشە وەک دەستەڵاتی دوەمی پارتی واژۆ بکات .

دەتوانین وێنای نێچیرەڤان بە لاهور بکەین بەڵام تا بارزانی مابێ شەڕەکان بە شاراوەیی دەکرێ و پێدەچێت نێچیرەڤان بەرەی بەیعەت بە مەسرور بێت.

کۆنگرەی یەکێتی بۆ بافڵ تاڵەبانی و بەرەی بەیعەت بۆ یەکێتی قۆناغێکی هەستیارە و دەکرێ قۆناغەکە باشتر نەبێ بەڵام زۆنی سەوز لەسەر پەتی پێکدادانی ئامۆزکان نزیک تر دەکاتەوە ئەگەر لەڕێی پلانێکەوە خوێندنەوە بۆ دەرئەنجامەکانی قۆناغی دوای کۆنگرە نەکرا بێ ، بە مانایەکی تر کۆنگرە بۆ شەرعییەتدان بە ماوەکان لەگەڵ خوێنی یەکەم و بەرەی بەیعەتی دوای لاهور پێداویستیەکی گرنگ بێت بۆ یەکێتی ئەوا ئەوانەی دەرەوەی یەکێتی بە تایبەت فیگەرەکان بە پێی کۆنفرانس و کۆنگرە دەکەونە دەرەوەی یەکێتی و سفر دەبنەوە ، بە مانا حیزبییەکەی لە کاتی کۆنگرەدا هەمو ئەندامانی حیزب دەبنەوە بە ئەندام و دوبارە لەڕێی کەرت و کۆمیتە و مەڵبەند وەک کۆنفرانسی ناوخۆیی دەتوانن بە پێی دەستور خۆیان هەڵبژێرنەوە ، ئەوەی ناوی نەبێ و بەشدار نەبێ مافی ئەندامێتی حیزبی نامێنێ ، پاشان کۆنگرە بڕیار لەسەر پۆستەڵاکانی حیزب دەدا بە پێی تەشکیلاتی نوێ و کار لەسەر هەموارکردنەوەی دەستوری ناوخۆ و ئامانجەکانی حیزب دەدات و حیزب و ئۆرگانەکانی و دەستور و هەیکەلی ڕێکخستنی شەرعیەت وەردەگرێ.

كۆنگره‌ بافڵ تاڵه‌بانی كرده‌ سه‌رۆكی بێ ڕكابه‌ری یه‌كێتی


ئەگەر دۆخی ئێستای یەکێتی پێویستی بەم کۆنگرە ببێت و بافڵ تاڵەبانی و قوبادی برای پێداویستی ئێستای دەستەڵاتی خوێنی یەکەم بن ، ئەوا دەکرا جیاواز لە کۆنگرەی ١٤ ی پارتی سیناریۆی جیاوازتر هەبوایە ، ئەگەر چی هەردوو کۆنگرەکە لەسەرەتاوە وێنەکە دیار بو ، ئەندامانی کۆنگرە بە قەناعەت و ترس و بەرەی بەیعەتەوە دەزانرا و دەزانرێ کێ دەردەچێ ، بەڵام یەکێتی بە درێژایی خەباتی فۆرمی جیاوازتری هەبوە لە پارتی ئەگەرچی لەم کۆتاییانەدا لە ناوەڕۆکدا دوو زەردێنەی ناو یەک هێلکە بون ، بەڵام دەکرا کەمێک جیاوازتر بوایە و سینارێوی نوێ هەبوایە ، وەک :
١-بۆ سەرۆک چەند کاندێک هەبوایە و ڕێژەی دەنگەکان بە قایمە شۆڕ بکرایەتەوە.
٢-لە بەرەکان ( بەرەی شاخ ، بەرەی هێز ، بەرەی کەمایەتییەکان ، ناوچەکان ٫ ئایینەکان ، بەرەی بەیعەت ) نوێنەریان بەئۆکەی بافڵ تاڵەبانییەوە ئەندامی گۆنگرە بونایە ، دەربچونایە.
٣-بەرنامە لەسەر دوو ئاست بخرایەتە ڕوو ، ئاستی حیزبی وەک هەیکەلی تازە و ئامانج و دەستور ، ئاستی حکومی دیاریکردنی ئەجێندای کارکردنی داهاتو.
بە کورتی یەکێتی لەبەردەم قۆناغێکی زۆر هەستیاردایە بە تایبەت دوای کۆنگرە کە ئەرکی خوێنی یەکەمە وەک گرێدەری ڕاماڵینی نەیارەکان بۆ بافڵ و قوباد زۆر سەخت دەبێ و دەکەوێتە بەردەم کۆمەڵێک لێپرسراویەتی گەورەوە ، گرنگترینیان:
١-کێشەی حیزب و دامو دەزگاکان و گەندەڵی.
٢-کێشەی گەندەڵی حیزبی و ئەوانەی لێپرسراویەتی حیزبی و حکومیان هەیە ، چەندیان بوە و ئێستە خاوەنی چین.
٣-کێشەی ئیداری و مالی دامودەزگا حکومییەکان لە زۆنی سەوزدا.
٤-کێشەی پەیوەندی یەکێتی بە حیزبەکانی تر و بە تایبەت پارتی.
٥-کێشەی هاوسەنگی هێز و ڕێککەوتنی ستراتیژی.
٦-کێشەی پێگەی یەکێتی لە بەغداد و ململانێی نێوان هەرێم و بەغداد و چەندین کێشەی تر.
بە گشتی خوێندنەوەی واقعی ئێستای یەکێتی ئەوەمان پێ دەڵێ کە دروشمی کۆنگرە ( نوێگەری لە کاردا و کۆدەنگی لە بڕیاردا) ئەرکێکی زەحمەتە و سەرۆک و پۆستەکانی تر و بەرپرسیارییەتیەکانی تری یەکێتی قۆناغی دوای کۆنگرە دەکەونە بەردەم قۆناغێکی سەختەوە وەک چۆن لە مێژوی یەکێتیدا کەوتوەتە بەردەم قۆناغە جیاوازەکانەوە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ