كێ سودمه‌نده‌ له‌ شكاندنی لاهور ؟

دوای لاهور.. ماڵی مام جه‌لال و یه‌كێتی به‌ره‌و كوێ ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.07.22 08:34 PM
3008 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

هەڵوێست پشدەری
ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر ئەوکاتەی دەزگای دژە تیرۆر بێ سەرپەرشتیار دەبێ، مام راستەوخۆ لاهوری شێخ جەنگی هەڵدەبژێرێ بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە... ئاخر مام یانی مام جەلال تاڵەبانی،  یانی دەریایەک لەئەزمون و دنیادیدەیی و سەلیقە و وردبینی، مام واتە خوێندنگەیەک لە دووربینی و مرۆڤناسی...
ئیتر دوای ئەمە ئەم دەزگایە بوە سەکۆیەک بۆ ئارامی و ئۆقرەیی و دڵنیایی خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی لە دژی تیرۆریستان و هێرشە توندڕەوییەکانیان، مامی بە ئەزموون و حەکیم، کاتێک لاهوری هەڵبژارد داعش دروست نەبوو بوو، ڕووداوەکانی کۆبانی و عەفرین ڕووینەدابوو.
بەڵام وەختێک، تیرۆریستان لە کەرکوک بۆ ماوەی ٢٤ سەعات لە ناو جەرگەی شاری کەرکوک جەواهیر مۆڵیان کۆنترۆڵکرد و هێزەکانی دژە تیرۆر توانیان بەتەکنیکی سەربازی نوێ عەمەلیەی ئازادکردنی مۆڵەکە و کەرکوک جێبەجێ بکەن.
وەختێک، کە داعش لەگوندی تەپەی مەلا عەبدوڵا مرخی لەکەرکوک خۆشکرد و دژە تیرۆر و لاهور بەفریاکەوتن.
(وێنەکان ماون کە کۆسرەت رەسوڵ و رەفعەت عبداللە و شێخ جەعفەر و محمود سەنگاوی و ئاسۆ ئەڵمانی و عەدنانی حەمەی مینە و زۆری تر لەفەرماندەکان. لەچواردەوری لاهور کۆبونەتەوە و ئەمیش جیهازەکەی بەدەستەوەیە).

لاهور شێخ جه‌نگى و ساڵح موسلیم ـ رۆژاڤای كوردستان

وەختێک گەشتە کۆبانی و فریای کوردانی ئەوێ کەوت.
هەموو ئەمانە پێمانی وت کە مام جەلال لە هەڵبژاردنی لاهور بۆ سەرپەرشتی دژە تیرۆر چەندێک ڕاست و دروست و بە سەلیقە بووە.
هەروەک لە دیوەکەی تریشدا، چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد کە چەندین دوژمنی ئیقلیمی و ناوخۆیی بۆ لاهور جەنگی دروست دەبێت و لە ناوخۆی حیزبەکەیشی ناحەز و لەناو ماڵی تاڵەبانیش خەڵکی بۆ دروست دەبێت کە ئیرەیی پێ ببەن.
هەموان لە یادمانە لە دوای نەخۆشکەوتنی مام، هیچ کەسێک وەک ماڵی مام جەلال بێکەس نەبوو.
هەندێک، رۆژێک داوای بینینی لاشەی مامیان دەکرد لەهێرۆخان و دەیانوت مام جەلال نەماوە و دەیشارنەوە.
هەندێک داوای پرکردنەوەی کورسیەکەی سەرۆک کۆماریان دەکرد، خوا ماڵی شیعە و سونەکان ئاواکات کەوتیان تا مام جەلال مابێت، روومان نایە کەس لەسەر ئەو کورسیە دابنێین. ئەگەر نا هەر ئەوکات گۆمەکە پر دەبوو لەخوێن.
هەر لەدوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال، هەندێکی تر ناوەندێکی بڕیاریان دروستکردوو، وتیان بریار نابێ لە دەباشان بدرێ و ئێمە ناوەندو بریاردەری یەکێتین و ئیتر کۆتایی بەدەوری ئێوە هات.
کارەکە گەشتە ئەوەی کە جارێک بریاری سزادانی لاهور جەنگی و شاناز برایم ئەحمەد بەیەکەوە بدەن، ئەمە جگە لە چەندین ڕووداو و پێشهاتی تر کەهەندێکیان هەر خەڵک تا ئێستا نەیزانیوە.

په‌یوه‌ندی لاهور و هێرۆخان په‌یوه‌ندی كوڕ و دایك بووه‌

بەڵام لە هەموو ئەمانەدا کەس بەهێندە ماڵی مام جەلال بێکەستر نەبوو. چونکە مام جەلال لە نەخۆشخانە بوو لە ئەڵمانی، بافڵ تاڵەبانی لە دەرەوەی وڵات بوو زۆرتر لای باوکی بوو، هێرۆخان دوای شکستی هەڵبژاردن لە مەڵبەندی سلێمانی کشابویەوە و ڕۆژ دوای رۆژ چاکنەبوونی مامجەلال ئەمیشی توشی نەخۆشی زیاتر دەکرد.
قوباد تاڵەبانی تازە لە ئەمریکا گەرابویەوە و بەرپرسی فەرمانگەی زانیاری و هەماهەنگی حکومەتی هەرێم و دواتر جێگری سەرۆک وەزیران بوو. کەمتر لە ناو کێشەکان دەگەیشت.
شاناز بەرپرسی ناوەندی دەرەوە بوو، تەنانەت مەکتەب سیاسی کۆنی یەکێتیی ئیعترافیان پێنەدەکرد و هەر ڕۆژە گێچەڵێکیان پێدەکرد
لە نێوان ئەو هەموو بێکەسی و بێ دەرەتانیە کە دوای مام ڕووی لە خانەوادە کردبوو، تەنها کەسێک لە پشتی هێرۆخان و بافڵ تاڵەبانی بەراستی مایەوەو پشتی نەکردە ئامۆزاکانی و پیلانەکانی هەڵدەوەشاندەوە، لاهوری شێخ جەنگی بوو کە بەهۆی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆر و بەسەلیقەی خۆی ئەمانەی کرد.
کەواتە ئەگەر لاهور خیانەتی بکردایە لەو ساڵانی پێشتر زۆر بەئاسانی دەیتوانی ئەمە بکات، دەیتوانی لەگەڵ کۆنەکانی مەکتەب سیاسی و دوژمنە زۆرەکانی ماڵی مام جەلال دەست تێکەڵ بکات، ئیتر چ پێویست بەجاسوس و ژەهر دەکات؟

به‌ ئه‌ندازیاری هه‌ستانه‌وه‌ی یه‌كێتی داده‌نرێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2018

لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانیش خەڵکانێک نەک باوەڕیان بە یەکێتیی نامابوو بەڵکو ڕوویان نەدەهات هەڵمەتی هەڵبژاردن بکەن و بچنە ناو جەماوەر، ئەوە لاهور بوو لەگەڵ کاندیدەکان و بەجۆش و خرۆشەوە دەیانوت ڕێبازی مام جەلال دەمێنێ و یەکێتیان لە دۆرانێکی حەتمی ڕزگار کرد.
ئەوەی لەدوای هەشتی تەموزەوە دەگوزەرێ، هێشتا دیوی تابلۆکە بە تەواوی دەرنەکەوتووە و جۆرێک لە سەرسوڕمان و شۆکی بۆ خەڵک و جەماوەری یەکێتیی دروستکردوە، خەڵکانێکی زۆر لێی تێناگەن و دۆش داماون، بەڵام ئەوەی کە دەردەکەوێ، دیارە کە شکاندنی لاهور، پشتشکانی یەکێتیی یە بەجۆرێک کە گورزی توند لەمەدا بەر ئامۆزاکانی لاهور دەکەوێ، وە زۆریش ناخایەنێت هەموان ئەوە دەبینین.
چونکە ئەگەر لاهور گۆشتیشی خواردبێت، ئەوا ئەمانەی ئێستا کە لە دەوری بافڵ کۆبونەتەوە ڕۆژێک دێت، نەک هەر گۆشتەکە ئێسقانەکەی بافڵ و قوباد تاڵەبانی دەشکێنن.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ