چاره‌نووسی حزبێكی ئاڵۆز و پڕ سەری جیاواز

کێ گرەوەکەی ناو یەکێتی دەباتەوە ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.12.25 11:34 PM
2071 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

ئەو کاتەی کە یەکێتییەکان بارهێنرابوون بڵێن:(مام جەلال لە کوێ دانیشت، ئەوە لای سەرەوەیە) سەرباری هەر سەرنج و ڕەخنە و سەنگەربەندییەکی ناو یەکێتیی و لە خراپترین حاڵدا، هێشتا بەڵگە بوو لەسەر کاریزمایی تاڵەبانیی باوك، چونکە لە ئەوپەڕی چڕبوونەوەی ناکۆکییەکانی ناو ئەو حیزبەدا کە لە گروپی ئیمزای ساڵی٢٠٠٤دا خۆی بینیەوە، ئەو تەکەتولەی کە دژبەری ماڵی مام جەلال بوون، بەدیلیان بۆ خودی خۆی نەبوو، بەڵکو داوای کۆمەڵێك گۆڕانکاریی و دەستکاریی پەیکەرەی یەکێتیی و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سکرتێری گشتییان ئەکرد نەك لابردن.
مام جەلال بەو سرووشتە هەژمووندارەیەوە هێشتا دەستی بۆ هەندێ تابۆی ناو حیزبەکەی نەبرد، بگرە ڕەنگە پێیوابووبێت ئەوە ئەسالەتی یەکێتیی بێت کە بەو تایبەتمەندییەوە بمێنێتەوە.
بە کورتیی ئەو ڕاهاتبوو بە ئیدارەدانی ئەو سەرزەمینە ناکۆك و نائارامەی زۆنی سەوز، خەڵکیش ڕاهاتبوو بە جوڵە سەیر و ناباوەکانی ئەو، ماوەیەك فیگەرێکی وەك جەبار فەرمانی ئەهێنایە پێشەوە و زۆنەکە ڕەنگی ئەوی ئەگرت، هەر خۆی پەراوێزی ئەخست و لەگەڵ کۆسرەت ڕەسوڵدا وەزارەت بە وەزارەت ئەگەڕا و پێگەی کۆسرەتی قایم و قایمتر ئەکرد.
کەچی پاش ماوەیەك ئەوان و کۆی مەکتەب سیاسیشی وەلا ئەنا و لەگەڵ(سەلاحەدینی موهتەدیی)دا لە میدیاکانەوە دەرئەکەوت!

تاڵه‌بانی خۆی جه‌مسه‌ره‌ حزبیه‌كانی دروست ده‌كرد و هه‌ر خۆشی ده‌یتوانده‌وه‌

مام جەلال ئەهات و ئەچوو، ڕووداوی ئەخولقاند و میدیاکانی پڕ ئەکرد لە هەواڵ، پێڕێك لە نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ناوخۆیی و دەرەکیی سەرقاڵ ئەکرد بە خۆیەوە، کەسی تا سەر نەئەکرد بە براوەوە و فیکەی دۆڕانی یەکجارەکیشی بۆ کەس لێنەئەدا!
ئیدارەی ناوچەیەکی ئاڵۆز و حیزبێکی پڕ لە سەری جیاوازی ئەکرد، کام کاتەی یەکێك لەو فیگەرانە هەستی بە غوبن و کەم بایەخیی ئەکرد، دروست لەو کاتەدا ئەیخستەوە ناو حەلەبەکە!
ئەوە ئەو بوو کە ئەیتوانی موویەك بهێڵێتەوە، موویەك کە نابێت لە دوو سەرەوە ڕابکێشرێت تا نەقرتێت، کاتێك ڕایئەکێشا دڵنیابوو لەوەی فڵان سەرکردە مرونەتی ئەوەی تێدایە و مووەکە ناقرتێت، خۆ ئەگەر پێچەوانەکەی درك بکردایە ئیتر بۆ خۆی مووەکەی شل ئەکرد و نەیئەهێشت بقرتێت.
کەچی بەو هەمووە هەژموون و پێگە بێ چەند و چۆنەیەوە هێشتا بە ئاستەم دەستی بۆ هەندێ سنووری کەس و کانتۆنەکانی ناو یەکێتیی ئەبرد!
کۆسرەت ڕەسوڵ کە سەرۆك وەزیرانی حکومەتی پاش ڕاپەڕین و پاشتر ئیدارەی سلێمانیی بوو، بەجۆرێك گەورە بوو بوو خەریك بوو سێبەری بەسەر هەموواندا ئەکرد، لەپاش پرۆسەی ئاشتەوایی دوای شەڕی ناوخۆ و بڕیارنامەی ٩٨٦ی ئەنجومەنی ئاسایش(نەوت بەرامبەر بە خۆراك) کەڵەکەبوونی سەرنج و ڕەخنەیەکی زۆر لەسەر حکومەتەکەی، بڕیاری گۆڕانکاریی درا، بەرهەم ساڵەح لە ئەمریکاوە هێنرایەوە و خرایە جێگاکەی.
کۆسرەت بۆ دەربڕینی بێزاریی لەو ڕێکارانە، ڕووبەڕووی تاڵەبانیی بوویەوە، تاڵەبانیی لەکاتی هاتنە دەرەوەیدا لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی لە قەڵاچوالان، کۆسرەت بەخۆی و هێزێکی چەکدارەوە لەبەردەم دەرگاکەیدا ئامبازی بوو!
لەبەرچاوی بەشێك لە ئەندامانی م.س و فەرماندە و تەنانەت پاسەوانەکاندا پێیووت: کێ بڕیاری لادانی منی داوە؟
تاڵەبانییش ئەڵێ: بەبڕیاری من.
کۆسرەت پێیئەڵێ: تۆ بە کامە ناونیشان ئەتوانیت ئەو بڕیارە بدەیت؟!
ئەڵێ: وەك سەرۆکی هەرێم(ئەو ماوەیە تاك لایەنە، یەکێتیی ناونیشانی سەرۆکی هەرێمی بەخشی بوو بە تاڵەبانیی)
کۆسرەت بە توندیی ئەڵێ: تۆ تەنیا خۆت ئەو ناونیشانەت داوە بە خۆت!
کە گفتوگۆکە بۆ ئەم ئاستە پەرەئەگرێت، ئەندامانی م.س تێچێن ئەکەن و داوای چوونە ژوورەوە و لەیەكتێگەیشتن ئەکەن.

ڕۆژگارێك كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ جه‌مسه‌ره‌ به‌هێزه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر مام جه‌لال بوو

کە کۆسرەت ڕەسوڵ لادرا و بەرهەم ساڵەح بە پشتگیریی بێ سنووری تاڵەبانیی و نەوشیروان مستەفا و زۆرینەی ڕەهای یەکێتیی بوو بە سەرۆك وەزیرانی ئیدارەکە، نەهاتن بەیەکجاریی ئەستێرەی بەختی کۆسرەت ئاوا بکەن، بەڵکو پاشتر و لە چەندین پێگەی حیزبیی و حکوومییدا پارسەنگیان دایەوە.
ئێستا وا دیسانەوە گەڕێکیتری گۆڕانکاریی لەناو یەکێتییدا لەسەر دەستی کوڕانی تاڵەبانیی بەڕێوەیە، هەرچەندە ئەوترێت(خلە ئەگۆڕن بە بلە) وەك ئاماژەیەك بەوەی(خوشکەزایەکی شێخ جەعفەر لادرابێت و پورزایەكی لە جێگای دانرابێت) بەڵام پێئەچێت گۆڕانکارییەکان هەندێ سنووری نەبەزێنراو بگرێتەوە!
ڕەنگە دەست ببرێت بۆ بەرژەوەندیی زۆر کەس، ئەوەی تاڵەبانیی باوك نەیکرد، یان ڕەنگە نەیتوانی بێت بیکات، ئێستا ئەمان ئەنجامی بدەن، هەروەك ئەکرێت لەم هەورازەدا لە جێگایەکدا مێزەکە بەسەریاندا هەڵگەڕێتەوە و بگەڕێنەوە بۆ چوار گۆشەی یەکەم!
زەمین و زەمانی تاڵەبانیی باوك لەگەڵ ئێستادا جیاواز بوو، ڕەنگە ئەم هەنگاوەی «کوڕان» شمشێرێکی دوو سەر بێت بە دەستیانەوە، سەرێکیان تیژ و ڕوو لە نەیارەکانیان، سەرێکیش دیسان تیژ بەڵام ڕوو بە خۆیان!
ئاخر لە سەردەمی باوکیاندا کابوسی پارتیی و ترس لە سەنگەرگۆڕینی بەشێك لە جەمسەرەکان ڕەنگە یارمەتیی دابن تا بە ویستی خۆیان پێ ڕاکێشن، بەڵام خۆ ئێستا ئیتر ئەمان خۆیان دیوێکیتری پارتیین(مەبەستمان فۆڕمی حیزبایەتییە) و کەسیش لای ئەمان لە پێشتر نین لای بارەگای بارزانیی!

ئامۆزاكان له‌سه‌ر میری سیاسی یه‌كێتی هه‌رزوو به‌شه‌ڕ هاتن

یان هەر خودی سروشت و پێکهاتەی یەکێتیی وەك حیزبێکی نیمچە بەرەیی وای لە تاڵەبانیی باوك کردبێت کە بیر لە پاراستنی جیاوازییەکان بکاتەوە، بەڵام کاتێك کە یەکێتیی ئەخوازێت کۆپی پێستی پێکهاتەی پارتیی بکاتەوە، کەواتە ئەم مەیلە بۆ خۆی هاوکارێکی باش ئەبێت.
بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو تەفسیرەش ڕاستیی تێدایە کە ڕەنگە سەرەتای سەرەولێژبوونەوەی یەکجارەکیی یەکێتیی بێت، ئەگینا هیچ کەسێك کە بچووکترین ئاوەز لە کەللـەیدا مابێت لە یەك کاتدا دەیان بەرەی جەنگ و ململانێ بەڕووی خۆیدا ناکاتەوە.
برای دوێنێ ناکات بە دوژمن و لەکات و ساتی تریشدا وەك فیلمی «سکویت گەیم» پاکتاوی دۆستی کۆن و نوێ ناکات!
خۆ مەگەر بگەڕێینەوە بۆ یەکەم تەحلیلی ڕووداوەکانی هەشتی_تەمووز کە ڕوانینێکی تەئاموریی بوو، پێی وابوو ((لە نێوان دوو ئامۆزای هاوسەرۆکدا گەمەیەك هەیە بۆ پاکتاوکردنی کانتۆن و کارەکتەرە خاوەن نفوزە سەربازییەکانی ناو حیزبەکەیان))
دەستکورتیی و هەژاریی ئەم تەحلیلەش لەوەدایە کە «پارتیی» لە چەقی ڕووداوەکە و هەنگاو بە هەنگاو پشتگیر بووە، لەحاڵێکی وادا چۆن پشت لە«باشترین» دۆستەکانی خۆی ئەکات؟!
یان تەنانەت ئەکرێت بەم دۆخەی یەکێتییەوە پارتییان غافڵگیر کردبێت و بۆ خۆیان تەراتێن لە گۆڕەپانەکەدا بکەن؟!

هادی حه‌مه‌ ڕه‌شید


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ