له‌ به‌رده‌م قورسترین كۆنگره‌دا

یه‌كه‌م كۆنگره‌ی یه‌كێتی له‌ غیابی دامه‌زرێنه‌ره‌كانیدا

هونەر تۆفیق 2019.11.30 11:37 AM
354 جار خوێندراوەتەوە

دامەزرێنەرە سەرەکیەکانی یەکیتی نیشتمانی کوردستان هیچیان لەژیاندا نەماون . هاوکات سەردەمی سەرکردەی ڕابەریش لە هەرێمی کوردستاندا لەگەڵ مەرگی ئەواندا ڕوو لەتەواوبوونە ، نەوەیەکی تر لە دەرەوەی سەردەمی ڕابەرایەتی دروست بووە .
نەوەی ڕابەری حیزب و شۆڕش لەگەڵ کاریگەریەکانی شۆڕشی چەپ و سۆسیالیزم و مارکسیەوە ، بەرهەمی ناکۆکیەکانی هەردوو بلۆکی خۆرهەڵات و خۆرئاوابوون . بەڵام ئەم نەوەیەیان بەرهەمی کۆمەڵێک ناکۆکی ئەم سەردەمەن کە بەرژەوەندیەکانی نەوت و دابەشبوونەکانی شیعەگەرایی و سونەگەرایی لەناوچەکەدا لەنێوان دەوڵەتانی تورکیا - ئێران و سعودیەدا فێری سیاسەتی کردوون .
ئەم نەوەیەیان ، نەوەی ئایدۆلۆژیا و مەزهەبە شۆرشگێریەکان نین ، بەڵکە نەوەی چۆنیەتی ئیدارەدانی ناکۆکیەکانن لەناو بەرژەوەندیە ئیقلیمی و نێوخۆیەکاندا .
لەم ئەجوائەدا یەکێتی نیشتمانی لەناو دوو جۆر قەیراندا بەنیازی کۆنگریە ( هەرچەندە لەباشترین حاڵی گونجاندا ڕەنگە دوابخرێت بۆ مانگی شەشی ساڵی داهاتوو و لەیادی دامەزراندنی یەکێتی دا ئەنجام بدرێت ).

چه‌ند ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی

 

قەیرانی یەکەم : نەمانی دەستەی دامەزرێنەرە کە ئەوان شارەزای هەموو قۆناغە فیکری و سیاسیەکانی ئەو حیزبەبوون و دەیانتوانی دەرچەی سیاسی بۆ بنەبەست بوونی فیکر لەناو حیزبەکەیاندا بدۆزنەوە .
قەیرانی دووەم : کێشەی شوێنگرەوەکانی نەوەی دامەزرێنەرە . لەنێوان بەرەی کوڕانی دامەزرێنەر و کوڕانی دامەزرێنراودا ، پرسی کێ خاوەنداریەتی حیزبەکە بکات لەپێشترە لە قەیرانی یەکەم .

دەستەی دامەزرێنەر شارەزای هەموو قۆناغە فیکری و سیاسیەکانی ئەو حیزبە بوون و دەیانتوانی دەرچەی سیاسی بۆ بنەبەست بوونی فیکر لەناو حیزبەکەیاندا بدۆزنەوە

نەوەی دامەزرێنەر کە لە کۆنگرەدا بە فیعلی قۆناغی دوای تاڵەبانی دەستپێدەکەن وەها دەردەکەون تێڕوانینیان تاڵەبانیانە ( هێڵی گشتی ) بێت لەناو حیزبەکەدا . هێڵی گشتیش وەک تەنیا کوتلەی بەمیرات ماوە لەو حیزبەدا کە لە نێوان کۆمەڵە و شۆڕشگێڕاندا تاڵەبانی باوک خۆی پێ دەپاراست لە کۆتلەکاریەکانی ناو یەکێتی ، ئەمڕۆ نەوەکانیشی بەزیندووکردنەوەی ئەو هێڵە هەم خۆیان لە کوتلەکان دەپارێزن و هەم واریسکردنی تاڵەبانیزمە بۆناو خۆیان .
لە فەزای ئامادەکاریەکانی ئەو کۆنگریەدا داهاتووی ئەو حیزبە بە بوژانەوەبێت یان پوکانەوە لە ئێستاوە دەردەکەوێت . لەگەڵ ئەوەدا فرسەتێکی لەباریان بۆڕەخساوە بە نەمانی بکەرە کاریگەرەکانی حیزب کە ئاڕاستەیان بگۆڕێت ، بەڵام مەترسی حیزبە نەیارە مێژوویەکەشیان لەسەرە کە نایەوێت بەو ئاستەش بوژانەوەیان ڕووبدات کە ببنەوە بە ڕکابەری سەرەکی بەردەمیان . بۆیە لەچاو کۆنگرەکانی دیکەی ئەو حیزبەدا ئەمەیان قورسترین کۆنگرەیان دەبێت کە مان و نەمانیانی پێوەبەندە .


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ