له‌ مێژووی ئیسلامدا 40 جار حه‌ج وه‌ستاوه‌

كۆرۆنا لە مەككە.. چاره‌نووسى وه‌رزی حه‌جى ئه‌مساڵ

یاسین تەها 2020.04.15 12:31 AM
116 جار خوێندراوەتەوە

یاسین تەها

رۆژنامەنووس و توێژەر

شارەزای کاروباریی عێراق

ماستەر لە مێژووی ئیسلامیی ـ زانکۆی مەنسورە ـ میسر

كۆرۆنا بەپێی پەرەسەندنی بایۆلۆجیانەی خۆی بەردەوامە لە پەلاماردانی مرۆڤ لەسەرانسەری دنیا، زیانە دارایی و ئابوورییەكانی ئەم نەخۆشییەش رۆژ لە دوای رۆژ بە ملیارەها و ترلیۆنەها دۆلار كەڵەكە و زیاتر دەبن، بەڵام لە عەرەبستانی سعودیە جگە لە زیانی دارایی مەترسی لەسەر ناوبانگی بەڕێوەبردنی شاری مەككە دروستكردووە كە یەكێكە لە پایە و شانازییەكانی سیستمی حوكمڕانیی وڵات.
بەپێی پێوەرەكانی WHO، كۆرۆنا بەڵایەكی جیهانییە، ئەم ڤایرۆسە تەنانەت گەیشتووە بە كۆشكی سپی و پنتاگۆن و بارەگای UN، بەڵام بڵاوبوونەوەی لە شارەكانی مەككە و مەدینە، جۆرێك لە مەترسی لای حوكمڕانانی سعودیە دروست كردووە كە بەشكستخواردوو یان كەمتەرخەم لە ئاست بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەكە بێنە بەرچاو، بەتایبەت ئەگەر تا ڕەمەزان و دەستپێكردنی وەرزی حەج سنورێك بۆ نەخۆشییەكە دانەنێن.
ژمارەی دانیشتوانی مەككە دەگاتە دەوروبەری دوو ملیۆن كەس، شارەكەش دابەش بووە بەسەر هەژارنشین و دەوڵەمەند، بەپێی ئامارە تەندروستییە متمانەپێكراوەكانیش تا ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە ژمارەی توشبوانی مەككە بە كۆرۆنا سەروو هەزار كەسی تێپەڕاندووە، بەشی هەرە زۆری حاڵەتەكانیش هی گەڕەكە هەژارنشینەكان بوون كە زۆرێكیان لانە و پەناگەی كرێكار و خزمەتكار و خەڵكانی بیانین بەتایبەت كرێكارە پاكستانی و هیندییەكان.

مەراسیمی نوێژەكان و نوێژی هەینی لە هەردوو حەرەمی مەككە و مەدینە تەنها لە لایەن ستاف و تیمێكی تایبەتەوە بەجێ دەهێنرێن


ئەگەر كۆرۆنا لە مەككە كۆنتڕۆڵ نەكرێت، ئەوە ناكرێت حەرەمەكان بە رووی گەشتیاران و حاجیاندا بكرێنەوە، ئەم لێكەوتەیەش جگە لەوەی دەوروبەری 7 ملیار دۆلار زیان لە ئابووری سعودیە دەدات، دەبێتە پێشینەیەكی تری مێژوویی وەستانی حەج لە كاروانی مێژووی ئیسلام كە 40 جاری تر حەجی تێدا وەستاوە لە ماوەی 14 سەدە، بەڵام مەترسی ئەم جارەیان لەوەدایە دەكرێت ببێتە هۆكارێك و پاساوێك بۆ ئەو دەوڵەتانەی لە دەسەڵاتدارانی سعودیە لالوتن و داوای بە نێودەوڵەتیكردنی بەڕێوەبردنی وەرزی حەج دەكەن؛ ئێران و قەتەر.
لە كۆتاییەكانی ئازاری رابردوو ژمارەی توشبووانی كۆرۆنا لە مەككە تەنها 5 كەس بوون كە لەكۆمپانیای بن لادن كاری فراوانكردنی حەرەمیان دەكرد، بەم هۆیەشەوە 8 هەزار كرێكاری تر كەرەنتینە كران.

لە حاڵەتی كردنەوەی دەرگای حەجیشدا ئەوە بیانییەكان و میوانەكانی وڵاتانی توشبوو چەند قات دەبن و رەنگە ببنە هۆی كارەساتی گەورە

لە ئێستادا مەراسیمی نوێژەكان و نوێژی هەینی لە هەردوو حەرەمی مەككە و مەدینە تەنها لە لایەن ستاف و تیمێكی تایبەتەوە بەجێ دەهێنرێن كە پێشنویژ و بانگبێژ و كارمەند و پاسەوانەكانن، ئەوانیش ناوبەناو پشكنینی سەلامەتییان بۆ دەكرێت و ئەمەش وەهایكردووە پەخشی نوێژەكانی حەرەمەکان بەردەوام بن بە پێچەوانەی مزگەوتەكانی تری وڵاتەوە كە سەرجەمیان داخراون و لەبانگەكاندا بە "الصلاه‌ فی الرحال" ناهێڵن كەس روویان تێ بكات وەک زۆرێکی تر لە وڵاتان.
رێگرییەكی گەورە لە بەردەم دەسەڵاتدارانی عەرەبستان بۆ كردنەوەی مەككە یان بیركردنەوە لە وەرزی حەج، گەشتیار و میوانە دەرەكییەكانن، چونكە شیكاری ئامارەكانی ناوخۆ ئەوەیان دەرخستووە لە دەوروبەری پێنج هەزار توشبووی كۆرۆنا لە كۆی 30 ملیۆن دانیشتوان و نیشتەجێی وڵات، دەوروبەری 80% یان هاوڵاتی نیشتەجێكراو و بیانین، لە حاڵەتی كردنەوەی دەرگای حەجیشدا ئەوە بیانییەكان و میوانەكانی وڵاتانی توشبوو چەند قات دەبن و رەنگە ببنە هۆی كارەساتی گەورە، هەر ئەمەش وایكرد وەزارەتی حەجی سعودیە دەرگای گومان بكاتەوە لەسەر ئەنجامدانی فەرزی حەج بۆ ساڵی 2020 لە كاتێكدا لێكەوتەكانی ئەم بڕیارە قورس و ئازاربەخش و رەنگە مەترسیداریش بێت بۆ دەسەڵاتێك كە چەندین ساڵە سەروەری گەورە و شانازییەكانی لەوەدا چڕ كردووەتەوە كە "خادم الحرمین" ـە و بە باشی و رێكوپێكی سەرپەرشتی گەورەترین كۆبوونەوەی موسوڵمانانی دنیا دەكات.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ