چیرۆكه‌كانى موچه‌ له‌ كوردستان

كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ موچه‌ی زیاد كرد و پارتی كه‌می كرده‌وه‌ .. چیرۆكه‌كه‌ چییه‌ ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.05.16 09:23 PM
1811 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

ڕێبین فه‌تاح
پاش 31ی ئابی 1996 کە پارتی لە هەولێر یەکێتی دەرکرد و کابینەیەکی نوێی حکومەتی پێکهێنا، یەکەمین بڕیارەکانی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران بوو کە لە کۆتایی تەمەنی کابینەکەی حكومه‌ت بە سەرۆکایەتی کۆسرەت ڕەسووڵ دەرکرا بوو.
سەرەڕای ئەوەی دەرکردنی بڕیاری زیادکردنی مووچە، بێبەش نەبوو لە فشاری میدیا و فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمان بۆ سەر حکومەتەکەی کۆسرەت ڕەسووڵ، کە کۆسرەت ڕەسوڵ ئەو داواکاریی و پێداگیرییانەی پارتی بۆ زیادکردنی مووچە بە موزایەدەی سیاسی و هەروەها ئامانجێکی سیاسیی بۆ قورسکردنی باری حکوومەتەکەی یەکێتی لێکدەدایەوە.
پاش 31ی ئاب کە پارتی کابینەی حکومەتی لە ئیدارەی هەولێر پێکهێنا، لە بڕیاری زیادکردنی موچەی فەرمانبەران پاشگەزبوه‌وه‌.
هه‌روه‌ها کۆمەڵێک بڕیاری دیکەیشیان هەڵوەشاندەوە کە بەرپرسیارێتی یان پابەندبوونێکی داراییان دەخستە سەر حکومەت.

پاش وازهێنانی فواد مه‌عسوم، كۆسره‌ت ره‌سوڵ كابینه‌ی دووه‌می پێكهێنا له‌ حوزه‌یرانى 1993

لە کاتی باسکردنی بودجەی 1996 و ئەو مەسەلانەدا كه‌ ئه‌وكاته‌ پارتی به‌بێ یه‌كێتی حكومه‌تی دروستكرده‌وه‌ له‌ هه‌ولێر، پارتییەکان دەیانگوت بڕیاری زیادکردنی موچەی فەرمانبەران و هەموو بڕیارەکانی تر کە پابەندێتی دارایی بۆ حکومەت دروست دەکەن، لە لایەن یەکێتی و کۆسرەت ڕەسوڵەوە بە پیلانێک کراوە بۆ دروستکردنی شەرمەزارییەک بۆ پارتی یان شکستپێهێنانی حکومەتەکەی پارتی له‌ ئاینده‌دا.
ساڵانی پاش 2014 کە قەیرانی ئابووری و دارایی بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرت، حکومەت بە زۆرەملێ ستەمی پاشەکەوتی موچەی بەسەر فەرمانبەراندا سەپاند، تا ماوەی ڕابردوو کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت لە ماوەی کاربەڕێکەرییدا بڕیاری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ستەمی پاشەکەوتی مووچە دەرکرد.

پارتییەکان دەیانوت بڕیاری زیادکردنی موچەی فەرمانبەران لە لایەن یەکێتی و کۆسرەت ڕەسوڵەوە بە پیلانێک کراوە

لەناو خەڵکانێک بە دەنگی بەرز و لەناو پارتییش بە دەنگی کز و لە سێبەردا، گومانی ئەوە ناشاردرێتەوە کە بڕیارەکەی نێچیرڤان بارزانی لە کۆتایی تەمەنی حکومەتەکەیدا بۆ ئەوە بوو دەرفەت بە مەسرور بارزانی سەرۆک حکومەتی نوێ نەدات هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی موچە وەک دەستکەوتی خۆیی و کابینەکەی بخاتە ڕوو.
ئەو گومان و بابەتە ململانێیەی سەرەوە ئەگەر لەمەڕ بڕیارەکە بنەمایەکی واقیعی هەبێت، شتێکی ئەوتۆ لە دۆخەکە ناگۆڕێت، بەڵام گومانە خراپەکە ئەگەر وەک هەمان بانگەشەکانی پارتی بێت لە پاش 31ی ئاب لەمەڕ بڕیاری زیادکردنی مووچە لە لایەن کابینەکەی یەکێتی، واتە تەڵەیەک بێت بۆ شەرمەزارکردن و قورسکردنی باری کابینەی نوێ، ئەگەر بڕیارەکە بەبێ بەرنامەیەک و ڕەچاوکردنی واقیع دەرکرا بێت، ئامانجەکە پێوەست بێت بە قورسکردنی باری کابینەی نوێ، ئەوە هیچ باش نابێت!


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ