نەوشیروان مستەفا، سەنگینترین سەرکردەی سیاسیی بوو، لە باشوری کوردستان و ناوچەکە.
نەوشیروان مستەفا، قەڵەم بە دەستێکی ئێجگار بەبڕشت و بە ئەزموون بوو، لە بابەتەکانی (مێژوو، ئەدەب، سیاسەت، ڕۆژنامەگەریی، ڕەخنە).
وەک ئاشکرایە نەوشیروان مستەفا، لە کاتی مردن و سپاردنی ڕۆحی بەرزەفڕی، خاڵکانێکی زۆر لە هەمو ئاستەکانی تەمەنی مرۆڤدا بەدوای بەرنامە و ڕێبازەکەی کەوتن. ئەمەش بەهۆی ئەو سیاسەتە ڕێک و دروستەوەبوو کە کۆمەڵگای کوردی وەک پێویستییەکی بنەڕەتی پێویستی بوو.
نەوشیروان مستەفا، لە دوای کۆچکردنی لە ڕێکخەری گشتیی حیزبێکی دیاریکراوەوە بوبە سومبل و نەمامی هیوا و شکێنەری بت و بەخشینی هێزی گۆڕانکاریی و چاکسازیی نەتەوەک، ئەوەی لێرەدا جێگەی تێڕامان و لەسەر وەستانە، ئەوەیە کە شوێنکەوتوانی بیری نەوشیروان مستەفا، دابەشبوون بەسەر دوبەشی سەرەکیدا:
یەکەم:
ئەو شوێنکەوتوانە دەگرێتەوە کە هەر لە بنەڕەتدا بڕوایان بە خود و بەرنامە و پرۆگرام و ئەجێندای کاری حیزبیی نەوشیروان مستەفا هەبوە. هەر بۆیە بە بڕوایەکی بەهێز و بە ئیرادەیەکی گەش و ڕوناکەوە هەوڵیانداوە چاکسازیی ڕیشەیی بێننە بەرهەم، بۆ کۆمەڵان و خەڵکی بەشخوراوی کوردستان. ئەم شوێنکەوتوانە بەبێ گوێدانە بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان و لەهەمان کاتدا مەترسیی دروستکردن بۆ سەر ژیانی خۆیان و خێزان و خزم کەس و کاریان، ئەمەش بەتەواوەتی لەو بەڵێن و متمانەیەوە سەرچاوەی گرتبوو کە بە ڕەوانشادیان دابوو، کە تا دواهەناسەی ژیانیان کار بۆ سەرخستنی بیر و بەرنامەی سیاسی ئەو حیزبە بکەن لەپێناو خزمەتکردنی خەڵکی کوردستاندا دمەزراوە.
بەتەواوەتی پێچەوانەی دەستەی یەکەمە کە ئەو شوێنکەوتوانە دەگرێتەوە، بە هەلپەرست و خۆساچێن و بەرژەوەندیخواز ناویان دەرکردووە. هەڵبەتە ئەمانیش خۆیان بە شوێنکەوتەی بیری نەوشیروان مستەفا دەزانن و کاریان بۆ سەرخستنی ئەو ڕێگایە کردوە کە ڕەوانشاد بڕوای پێی هەبووە، بەڵام لەبنەڕەتدا هەمو ئەو کارانەیان بۆ مەرامی سیاسیی و تایبەتیی خۆیان کردوە، نەک بۆ سەرخستن و خزمەتکردنی بەرنامە و بیری سیاسیی نەوشیروان مستەفا، ئەمەش بەبەڵگەی ئەوەی کە ماوەیەکی کەم لەدوای وەفاتی نەوشیروان مسەتەفا، بە ئاشکرا هەست بەو هەڵوێست گۆڕینە دەکرێت کە لەلایەن هەندێ ئەندام و شوێنکەوتەی نەوشیروان مستەفاوە ڕویداوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات ئەوانە تەنها بۆ مەرامی تایبەتیی و خۆ گەورەکردن و تەقوێکردنی کەسایەتیی خۆیان، ناو و خودی نەوشیروان مستەفایان بەکارهێناوە.
بەبڕوای من ئەم جۆرەیان زۆرترە لە جۆری یەکەم. بە واتایەکی تر، هەلپەرستان و خۆساچێن و ئەوانەی کار بۆ خۆپێگەیاندنی خودی خۆیان دەکەن ژمارەیان زۆر زیاترە، لەوانەی کە بە ڕاستیی و بەشێوەیەکی پاک بەبێ مەرامی سیاسیی و بەرژەوەندی تایبەتی شوێنکەوتەی بیری ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفان.
هەر بۆیە لاتان سەیرنەبێت، ئەوانەی کە بە ناپاکی خەریکی کاری سیاسیی و بەدیهێنانی مەرامە تایبەتیی و بەرژەوەندییە مادییەکانی خۆیانن، هەوڵدەدەن لەڕێگەی شیعار و دروشمی بێماناوە ئەو جیاوازییە لە نێوان خۆیان و ئەو کەسانەدا کە شوێنکەوتەی ڕاستیی بیری نەوشیروان مستەفان کاڵبکەنەوە و هەستیان پێنەکرێت.