پارتی بە بەردێک چەند چۆلەکەیەک دەکوژێت

پارتی.. لە سورچییەکانەوە بۆ برادۆستییەکان

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.05.20 01:33 AM
1843 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

د.ئه‌حمه‌د میره‌ ـ سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری لڤین
ماوەیەکی زۆرە، پارتیی بەهۆى پێگەى جەماوەرییەوە لە دەڤەرى بادینان و بارزان حوکمى هەرێمی کوردستان دەکات. لاوازبوونى پێگەى جەماوەریی ئەو حیزبە لە شارەکانى هەولێر و کەرکووک و سلێمانیی و هەڵەبجە کارینەکردووەتەسەر پاشەکشێی پێگەى جەماوەریی و سیاسیی پارتیی، چونکە توانیویەتی ئەو ناوچەیە لە ڕێگاى زەبرى سەربازیی و ئاسایشیی و بەکارهێنانی ململانێی خێڵ و عەشرەتەکان و زاڵکردنى هەژموونى تورکیاوە بەسەر دەڤەرەکەدا بە تەواوەتیی جڵەوى تەواوى ناوچەکە بگرێتەدەست. 
بارزانییەکان دواى دەرکەوتنیان لە ژیانی سیاسیی عێراق و کوردستاندا بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو هەوڵیانداوە تەواوى ئەو خێڵ و عەشرەتانەى، کە لەگەڵ بارزانییەکاندا ناکۆکن، لەکەدار بکەن و بە زۆر بیانخزێننە ناو خانەى ناپاکیی و جاشایەتییەوە.

لە پەنجاکانى سەدەى ڕابوردوودا مەلا مستەفاى بارزان بە ئەوپەڕی لێزانینەوە توانى گەورە پیاوانى عەشرەتەکانى سورچیی و هەرکیی ناچاربکات، کە ملی ڕێی بەغداد بگرن و دواجاریش ناسنامەى ناپاکیی و جاشایەتیی خستە پاڵیان، کاتێکیش لە دواى ڕاپەڕین ترسی گەورەبوون و بەهێزبوونى سورچییەکانیان لێنیشت، بە ئەوپەڕی نامەردییەوە قەتڵوعامی سورچییەکانى بەئەنجامگەیاند و حسێن ئاغاى سورچیی تیرۆرکرد و پێگەى بەهێزی گەورە پیاوانى سورچیی بە تەواوەتیی لاوازکرد. 

كۆچكردوو كه‌ریم خانى برادۆست

نەوشیروان مستەفا لەبارەى پەیوەندیی پارتیی و عەشرەتە گەورەکانى ئەو ناوچەیەوە بە وردیی دەوەستێت و پێیوایە، کە هەر کاتێک کەلێنی گەورە و قووڵ کەوتە نێوانیانەوە و ئەو عەشرەتانە گەیشتنە ئەو بڕوایەى، کە پارتیی و بارزانییەکان دەیانەوێت دواى کپکردنیان پاکتاویان بکەن، ئەوە تەقینەوەى دۆخەکە دەبێتە ئەگەرێکی حەتمیی، بۆیە پێیوایە تا ئەو دۆخە نەیەتە پێشەوە، هەرگیز ناتوانین بیر لە لاوازکردنی پێگەى جەماوەریی پارتیی لەو ناوچەیەدا بکەینەوە. 
دوا ڕەفتارى پارتیی بەرانبەر بە عەشرەتە گەورەکانى ئەو دەڤەرە، تێوەگلاندنى بنەماڵەى ناودارى کەریم خانى برادۆستییە لە ڕوداوى هۆقەبازی هەولێردا. گومانى تێدا نییە، کە دەستگاى پاراستنى پارتیی ئەندازیارێکی لێزانە لە دروستکردنی سیناریۆى ئەمنیی سەرسوڕهێنەردا، بە جۆرێک ئەو دەستگایە ئەزمونى خۆی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەى ڕۆژنامەنوسێکی خاوەن خەونی لیبڕالی وەک سەردەشت عوسمان بکاتە تیرۆریست، هەروەها لە پێناو تۆڵەو بە پێی تەڵەیەکی هەرێمیی بە هەمان شێوە دەیەوێت نەیارەکانى خۆی لە ناو برادۆستییەکاندا لەو ڕوداوە گوماناوییەوە بگلێنێت. بۆیە دەبینین ئەوانەى، کە لەو ڕوداوەدا دەستگیرکراون، لە نەیارە مێژوییەکانی بنەماڵەى بارزانیین، تەنانەت دەتوانین بڵێین لە نەیارە هەرە سەرسەخت و ڕاستگۆکانى خودى مەلا مستەفایشن.
 بەندە هەرگیز لە نزیکەوە یەک کەسی بنەماڵەى کەریم خانى برادۆستم نەبینیوە، بەڵام ئاگام لە تەواوى دیوە تاریکەکانى ئەو مێژوى ململانێیە هەیە، کە برادۆستییەکان لە پێناو شکۆى عەشرەتەکەیاندا ڕووبەڕووی مەلا مستەفاو بنەماڵەى بارزانییەکان وەستاونەتەوە.

سه‌لام كه‌ریم خان میری ئێستای عه‌شیره‌تی برادۆست

ڕاستە پارتیی دەیەوێت ڕاستەوخۆ بەریەککەوتنى لەگەڵ ئەو عەشرەتەدا بۆ دروست نەبێت، بۆیە دێت باس لەوە دەکات، کە ئەوەى بەرانبەر برادۆستییەکان ڕویداوە، تەنها هەندێک کەسایەتیی دەگرێتەوە، کە لەسەر هێڵی پارتیی_بوون و ئەدەبیاتى بارزانییەکان نەوەستاون، دەنا لەناو برادۆستییەکاندا کەسانێک هەن، کە لاى پارتیی و بارزانییەکان ڕێزلێگیراون و بە هۆقەى خۆیان لە باڵی کوردایەتین. تەنها تاوانى کوڕانی کەریم خانى برادۆستیی ئەوەیە، کە لەسەر بەڕەى ئەوان دانەنیشتوون و بەشێک نەبوون لەو پیلانانەى، کە دەستگاى پاراستن نەخشەى بۆ کێشاون.
لەم ڕوداوەدا پارتیی بە بەردێک چەند چۆلەکەیەک دەکوژێت، لەلایەک ڕێگا بە تورکیا دەدات، کە بە ویستی خۆى پەلامارى سەربازیی بۆ سەر ناوچەکە ئەنجامبدات و لەلایەکی تریشەوە دەیەوێت دوا بزمارى هەڕەشە لەسەر پێگەى بارزانییەکان لە ناوچەکەدا هەڵبکێشێت، هەروەها دەستکەوتێکی گرنگیشە بۆ پاکتاوکردنى حساباتی ناوخۆیی باڵەکانى ئەو حیزبە، بەڵام ڕەنگە ئەو پیلانەى پارتیی ئەمجارەیان وەک خۆی سەرنەگرێت، بەڵکو هاوکێشەکە پێچەوانەدەبێتەوەو دواى بنەماڵەى کەریم خانى برادۆستیی عەشرەتەکانى ناوچەکە قۆناغی بێدەنگیی تێبپەڕێنن و ئەو خوێندتەوە سیاسییە بێتەدیی، کە نەوشیروان مستەفا پێش (28) ساڵ لەمەوبەر باسیکردبوو.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ