چۆن توركیا و ئێران بوه‌ستێنرێن ؟

كاتى ئه‌وه‌یه‌ بارزانى بێته‌ ده‌نگ

گوڵ محه‌مه‌د به‌ختیار 2020.06.26 03:15 PM
2043 جار خوێندراوەتەوە

گوڵ محه‌مه‌د به‌ختیار

نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس

لە دوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن، لەسەرجەم ڕووداوەکان لە ڕێگەی میدیاکانییەوە هێرشێکی توندی دەکردە سەر دەسەڵاتی هەرێم، لە گەرمەی تۆپبارانکردنی سنورەکانی هەرێم لە لایەن وڵاتی ئێرانەوە، دەزگای میدیای (KNN)هێرشێکی توندی دەکردە سەر حکومڕانانی هەرێم. 
لەم کاتەدا عوسمانی حاجی مه‌حه‌مود، سەردانی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفای کردبوو. پێی وتبوو: کاک نەوشیروان ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌ ده‌ست گۆرانه‌وه‌ بێت، ده‌توانین ڕێگە لە ئێران بگرێت؟  لە وەڵامدا وتبووی نەخێر ناتوانێت. 
عوسمانی حاجی مه‌حمودیش وتبووی: دەی ئیدی ئەم هەموو هەڵا چییە لە میدیاکانی گۆڕانەوە!
هەتا ئامادەکردنی ئەم وتارە، ئەم پرسیارەی عوسمانی حاجی مه‌حمود، لە ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا ڕاستە، کورد خاوەنی هێزێکی زەمینی و ئاسمانی وەها نییە کە بە ڕووی وڵاتانی دراوسێدا بووەستێتەوە، یان سنورێک بۆ پێشێلکارییکانیان دابنێت. 
لەبەرئەوە کورد دەبوو لە دوای هاتنی وڵاتانی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ڕژێمی لە ناوچووی بەعس، ژیرانەتر بەبێ بیرکردنەوە لە بەرژەوەندی بنەماڵە و پاوانخوازیی و حزب حزبێنە، بە فۆڕمێکی نوێ دەستی بە سیاسەتکردن بکردبا. 
ئەویش ئەنجامدانی کۆنگرەی نیشتمانیی هەرچوار پارچەبوو، بۆئەوەی وتاری یەکگرتووی هەرچوار پارچەی کوردستان هەبێت، وە لەو کۆنگرەدا نەخشەڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی وڵاتانی زلهێز دابنرایە.

فرۆكه‌ بێفرۆكه‌وانه‌كانی توركیا له‌ ئاسمانی هه‌رێمی كوردستان ته‌راتێن ده‌كه‌ن

نەخشەڕێگاکە بەم چەشنەبێت، کورد لە ڕێگەی لۆبیکردن لە ناوعێراق و وڵاتانی عەرەبی لە کۆمکاری عەرەبی یەکێتیی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتۆکانی ئەمریکا، لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵێک بۆ لۆبیکردن دراوە، بەڵام ئەم لۆبیکردنە تەنها بەهەدەردانی سامانی وڵات بووە. 
ئەویش لەسەر دووخاڵ ئەنجامدراوە:
خاڵی یەکەم:
لە بری ئەوەی لۆبی بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان بکرێت.، لۆبی بۆ دوو حزبی پاوانخواز کراوە بەبێ ئەوەی ڕاوێژ، یان زەمینەسازیی کرابێت ئەم کارەیان کردووە. 
خاڵی دووەم:
لۆبی لەگەڵ کەسانی خاوەنبڕیار و کاربەدەستی بەهێز نەکراوە، بەڵکو ئەوەی هەبووە تەنها نووسەر، یان ڕۆژنامەنوسێک، یان سیاسییەک بووە بەرژەوەندی ناوخۆیی نەکردووە بە قوربانی بۆ سیاسەتی دەرەوە.
ئەو شەوەی داعش هێرشی بۆ سەر مه‌خمور کرد، هەولێر مەترسی گرتنی لەسەر بوو، مه‌سعود بارزانیی، بەوپێیەی کە لە ماوەی ڕابروویدا نەیتوانیبوو لە ناوەندی بڕیاردان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یان یەکێتیی ئەوروپا دۆستێکی بڕیار بەدەست بۆ کورد بەیار بگرێت. درەنگانێکی شەو پەیوەندی بە هۆشیار زێبارییەوە دەکات کە ناوبراو وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی عێراق بوو، بەڵام دوای چەندین جار لە پەیوەندیکردن وشیار وەڵامی نەبووبوو، ئیدی پەیوەندییان بە بەرپرسی پاسەوانەکانییەوە کردبوو بۆ وشیار، وەڵام نایاتەوە؟ لە وەڵامدا وتبووی خەوتووە داوایان کردبوو موبایلەکەی بۆ ببات. دواتر هۆشیار زێباری لە مەترسی داعش ئاگادارکردەوە. 
هۆشیار زێباریی، پەیوەندی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاوە کردبوو  ئاگاداری کردبووەوە لە پێشڕەوییەکانی داعش، ئەویش وتبووی ئێستە هیچم بەم کاتە پێناکرێت، بەڵام هۆشیار زێباری پێداگری کردبوو کە هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوە ڕاگەیەنێت، ئەویش لە پێگەی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پۆستێک دەکات پشتگیری وەزارەتی دەرەوە بۆ کورد دەردەبڕێت. ئەم کارەش هۆکاربوو بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بە بەشدایری ٧٦ وڵاتی جیهان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی داعش.

پێویسته‌ بارزانی قسه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌ توركیا وه‌ربگرێت


سەرکردایەتیی سیاسیی کورد، هەڵەکانی ڕابردوویان نەبووە بە وانەیەک بۆ داهاتوویان ئەوەبوو بینیمان بەبێ لۆبییەکی بەهێز چارەنوسی گەلیان خستە نێو سندووقەکانی دەنگدانەوە، ریفراندۆمیان ئەنجامدا بە بنەماڵەیەک و چەند سەرکردەیەکەوە.
لە ئێستادا کە لەشکرکێشی تورک، بە ڕێبەری کورد بۆ سەر باشوری کوردستان. دەستیپێکردووە. بەپێی ئاژانسە فەرمیه‌كانی ئێرانیش هێزەکانی سوپای پاسداران ئامادەکاریی دەکەن بۆ هێرش بۆ سەر باشوری کوردستان، بە مەبەستی بە ئامانجگرتنی پێگەکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، سەرکردایەتیی کوردیش جی پی ئێس ئاسا ڕێگەپێدەر و ڕێگەخۆشکەریان دەبێت .
لەبەرئەوە پێویستە لەسەر سەرکردایەتیی سیاسیی کورد چاوێک بە مێژووی قوربانیدانی گەلەکەمان بخشێنێتەوە، کۆتا ساتەکانی تەمەنی بارزانیی ڕووسوری ئاقیبەت بەخێری بۆ خۆی دەستەبەربکات.  
مه‌سعود بارزانی لە ئێستادا كه‌ تەمەنی ٧٤ ساڵە، هیچ پۆستێکی حکومی لە ئەستۆ نییە لە بارەگای بارزانییەوە کاروباری حزبی و كوردستانیى بەڕێوەدەبات، وەک ناوەندێکی بڕیاردان کار دەکات. 
لە ئێستادا پێویستە لەسەریان بە ئەرکی دوا ساڵەکانی تەمەنی، هەستن سەردانی دەڤەری سلێمانی بکات لەگەڵ هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدات کۆتایی بە گرژیی نێوانیان بێهنێت و بڕیاری کۆنگرەی ناوخۆیی ئەو حزبە قبووڵ بکات. 
هەر لە سلێمانی لەهەمان ڕۆژدا، داوا لە تەواوی لایەنە سیاسییەکان بکات، تا بە یەکگرتویی کاربکەن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم لەشکرکێشییەی وڵاتانی دراوسێ بۆسەر هەرێمی کوردستان. 

ئایا بارزانی ده‌توانێ بریاره‌ قورسه‌كه‌ بدات و پێ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حیزبییه‌كاندا بنێ ؟

 

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌وه‌ی لە ئێستادا پێویسته‌ بگیرێته‌به‌ر وه‌ك ڕێگە چاره‌ی گرنگ به‌مشێوه‌یه‌:
یەکەم: 
بەرهەمساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لەسەر پشکی کوردستان، وەزیری دەرەوەی عێراق کە فوئاد حسین پشکی کوردە، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی هەیانە داوا لە کومکاری عەرەبی بکەن، کۆبوونەوەی نائاسای سازبدەن بە مەبەستی تاوتوێكردنی لەشکرکێشیی تورکیا بۆ سەر دەوڵەتانی عەرەبی وەک (سوریا و لیبیا و عێراق) لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا. 
دووەم:
لە ڕێگەی نامەیەکەوە بەوردی پێشڕەوییەکانی تورکیا بۆ سەر باشوور، بەوردی وێرانکارییەکانی ئەو سوپادا گیرکەرە بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل بۆ هەریەک لە نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا بنێرن، داوابکرێت لیژنەیەکی نێودەوڵەتی پێک بهێنرێت بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە پێشێلکارییەکانی ئەم دوایەی تورکیا.
سێیه‌م:
ـ لە ڕێگەی دادگای تاوانه‌كان (محکمه‌ جنایات) مەلەفی تایبەت بە تاوانەکانی تورکیا لە هەرێم بکرێتەوە، لە ڕێگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە  ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات، بە ھۆی ئەنجامدانی تاوان پاڵپشت بە بەڵگەکان سکاڵای لە دادگای لاھای لەدژی تورکیا تۆماربکەن.
ـ بەوپێیەی عێراق تا ئێستە ئەندام نییە لە دادگای لاهای، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە یەکێک لە دەوڵەتانی ئەندام لە ستاتۆی رۆما کە ١٢٠ ئەندامە دادوەرانی دادگای سزای نێودەوڵەتیی دەست بە لێکۆڵینەوە دەکات.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ