ناوچەکە له‌ به‌رده‌م دابەشکارییەکی نوێ دا

کێ بەرپرسە بەرامبەر لەناوچونی قەوارەی هەرێم ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.06.28 09:35 PM
1031 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

ده‌شتى عه‌بدولره‌حمان
فیعلەن مانەوەی قەوارەی هەرێم زۆر گرینگە، بە جۆرێک لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردودا، هیچ کات بە ئەندازەی ئەم تەوقیتە، مانەوەو پاراستنی لە بەرامبەر هەڕەشەو مەترسی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرو پاوانخواز گرینگ نەبووە بۆ کورد. لەبەرئەوەی پێشهات و ڕوداوە سیاسیەکانی ناوچەکەو جیهان، بە ئەگەرێکی زۆرەوە، ئەوەمان پێدەڵێن؛ کە دوور نیە لە داهاتویەکی زۆر نزیکدا، سەر لە نوێ نەخشەو جوگرافیای ناوچەکە گۆڕانکاری بەسەدا بێت و دوچاری دابەش کاریەکی نوێ ببێتەوە!
جوڵەو سەرەڕۆ سەربازیە فراوانەکانی تورکیاش لە ناوچەکەو بە تایبەت لە ناو ئەو جوگرافیایەی پێی دەگوترێت"ویلایەتی موسڵ" هەر پەیوەندی بە خۆ ئامادەکردن بۆ ئەو ئەگەرو ڕوداوانەوە هەیە کە دەکرێ لە ئایندەدا ڕوبدەن. کە تیایدا لە ڕۆژئاوای کوردستان لە سوریا بێ گوێدانە عورف و یاسا گشتیە نێو دەوڵەتیەکان، چەندین شارو ناوچەی ستڕاتیژی داگیرکردوەو لە باشوری کوردستانیش بە قوڵایی (۳۰) کیلۆمەتر سنوری بەزاندووەو بە بیانوی بوونی پەکەکە لەو ناوچانەدا، بە ئارەزوی خۆی لە ئاسمان و زەمینەوە تەرەتانێ دەکاو خەریکی جوڵەی سەربازی و ئەنجامدانی ئۆپڕاسیۆنە!
دەوڵەتی تورک، پێی وایە سەد ساڵ لەمەوبەر غەدرێکی گەورەی لێکراوە، کاتێک لە دوای کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم، پاش شەش سەدە لە حکومڕانی عوسمانیەکان بەسەر ناوچەکەوە، دەسەڵاتیان لە ویلایەتی موسڵ (باشوری کوردستان) و بەشێک لە خاکی ڕۆژئاوای کوردستان کۆتایی پێ هێنراوە. وە لەو دەمەوە هەتا ئێستا، هیچ کات نکۆڵی لەوە نەکردووە کە ئەو ناوچانە بە هی خۆی دەزانێت و هەرکات بواری لە بەردەمدا بڕەخسێت، سەر لە نوێ داگیری دەکاتەوەو دەیکاتەوە ژێر دەسەڵات و قەڵەمڕەوی خۆیەوە!

 تورک پێیوایە سەد ساڵ لەمەوبەر غەدرێکی گەورەی لێکراوە، کاتێک لە دوای کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم پاش شەش سەدە لە حکومڕانی عوسمانیەکان دەسەڵاتیان لە ویلایەتی موسڵ و خاکی ڕۆژئاوای کوردستان کۆتایی پێ هێنرا

کەواتە بۆ ئەوەی کورد بتوانێت لە قازانجی مانەوەی خۆی ڕوبەڕوی ئەو گۆڕانکاریانە بێتەوەو لەگەڵیدا هەڵ بکات و لەو دەمەی مەجلیس بۆ دابەشکاری میراتی ناوچەکە دەبەسترێت لە لایەن دەوڵەتانەوە، بێ بەش نەکرێت و وەک ڕابردو خاک و گەلەکەی بەسەر وڵاتانی دراوسێدا دابەش نەکرێت، لانی کەم پێویستی بە مانەوەی ئەم قەوارەیە هەیەو لە ناو ئەم قەوارەیەشدا پێویستی بە یەکڕیزی و خاوەن سیاسەت و ستڕاتیژێکی یەکگرتوی نەتەوەیی خۆماڵیە، کە بەداخەوە تا زیاتر نزیک دەبینەوە لەو تەوقیتە، پارتی گورزی کوشندەتر لە یەکڕیزی و تەبایی کورد دەدات و مەترسی لە ناوچونی قەوارەکە زیاتر دەکات!
ناخۆشتر لەوە ئەوەیە، کە هاوزەمان لەگەڵ ئەو ڕوداوانەدا، چەند ڕۆژێکە دەبینین، پارتی و ڕاگەیاندنەکانی، لە بەرامبەر ڕەخنەی هاونیشتیمانیان لە شێوازی خراپی ئیدارەدانی حکومەت، کە دیارترین و کاریگەرترینی نەبوون و کەمی موچەی هاوڵاتیانەو دۆخی ژیانکردنی گەیاندۆتە ئاستێکی زۆر مەترسیدارو بڕستی لە هاوڵاتیان بڕیوە، بێ شەرمانە سەنگەرێکی خەیاڵی و درۆینەی بە ناوی "پاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێم" ەوە، بۆ خۆی دروست کردوەو هاوڵاتیانی دڵسۆز و ڕەخنەگری ئەو سیستەمە خراپەی کە ئەوان لێی بەرپرسن، کردۆتە بەرەی دژو دەیەوێ لەم تەوقیتە هەستیارەدا، وەک نەیارو خائینی قەوارەی هەرێمی کوردستان وێنایان بکات.

ئەوە چیە داوای گواستنەوەی موچەکەیان بۆ سەر ئەو دەوڵەتی عێراقە دەکەن، کە خۆیان بۆ وەرگرتنی وەزیرێک، ئامادەیی ئەنجامدانی هەموو کارێکی نەشیاوی سیاسی و نەتەوەییان هەبوو!

 کورد لە باشور نە خۆیی و نە قەوارەکەشی ئامادە نیيە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئەو گۆڕانکاريیانە کە پەیوەندیدارە بە ئایندەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ناوچاکە

لێرەدا دەبێ ئەوەمان لا ڕون بێت، کە بەداخەوە کورد لە باشور، نە خۆیی و نە قەوارەکەشی ئامادە نیە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئەو گۆڕانکاریانە، کە پەیوەندیدارە بە ئایندەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە نەوچاکەدا. وە ئەوەی پێویستە سەر کۆنەو تاوانبار بکرێ و بە لاوازکردنی قەوارەی هەرێم و دروست کردنی مەترسی لەسەر مانەوەی سزا بدرێت، پارتی دیموکراتی کوردستانە نەک ئەو خەڵکە بەش مەینەتەی کە زەرەمەندی ئەو سیستەم و ئیدارە خراپەی هەرێمە کە پارتی لێی بەرپرسەو بە هۆیەوە سەر لە بەری سیستەمەکەی خستۆتە ژێر مەترسی لە ناوچوون!
چونکە ئەوەی پارتی بەسەر ئەم هەرێمەی هێناوە بە سیاسەتە شستخواردوەکانی لە ڕوی ئابوری و نەتەوەییەوەو ئێستاش چاوساغ و پێش لەشکری تورکیایە بۆ داگیرکردنی کوردستان، نەک بە پارێزەری قەوارەی هەرێم دانانرێت، بەڵکو ئەو هەنگاوانە خۆی لە خۆیدا خۆ ئامادەکردنە بۆ لە ناوچوونی قەوارەی سیاسی هەرێم و خۆ حازرکردنە لە سەرۆکایەتی حکومەت و هەرێمی کوردستانەوە بۆ سەرکاریەتی تورک لە کوردستاندا.

وە هەر ئەو خەڵکەی کە ئەمڕۆ پارتی بۆ داپۆشینی خیانەتەکانی خۆی، حەملەیەکی گەورەی ڕاگەیاندنی لە دژ وەگەڕخستوون و بە خائین لە قەڵەمیان دەدا، هەر ئەوانەن ئامادەی چونەوە شاخ و سەنگەرگرتنیان تێدایە لە دوژمن و داگیرکەر.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ