ده‌یه‌وێ به‌ڕه‌كه‌‌ى به‌غدا له‌ژێر پارتی و یه‌كێتی ده‌ربهێنێ

شاسوار عه‌بدولواحید.. ڕێبواره‌ تازه‌كه‌ی ڕێگه‌ی به‌غدا

رێبـوار ئه‌وره‌حمان 2020.07.30 04:42 PM
1346 جار خوێندراوەتەوە

رێبـوار ئه‌وره‌حمان

نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس

سیاسەت و مامەڵەى هەردوو حزبى باڵا دەستى کوردستان و کورتبینیان لە سیاسەتکردن بەرامبەر بەغدا و رانەگرتنى باڵانسى پەیوەندییەکان و دانانى هەموو هێلکەکانیان لە سەبەتەى وڵاتانى دراوسێ، بۆ ماوەیەک وایکردبوو بەغدا ببووە بێگانە و غرور و لوتبەرزى دەسەڵاتى کوردى گەیشتبووە ئەو ئاستەى کە بەراست و چەپدا بەغداى رەتدەکردەوە، بەڵام ساڵانەش بەشکستخواردوویى و بۆ وەرگرتنى بڕێک پارە دیسان بەرەو بەغدا دەکەوتنەوە رێگە.
ئێستا رێگەى بەغدا جیاوازە، ئەو رێگەیە تەنها تایبەت نییە بە یەکێتى و پارتى، تەنها ئەوان لەبەغدا ژمارە نین، کە لە بنەڕەتدا بەهۆى ئەوەى پێشتر هێزێک نەبووە لە دەرەوەى یەکێتى و پارتى، خۆى لەوان جیابکاتەوەو بە جیا بچێتە بەغدا، ئەو دوو حزبە ئەوەیان بۆ چووبووە سەر کە خۆیان کردبووە تاکە نوێنەرى کورد، بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازە، رێگەکە چەند رێبوارێکى ترى پێوەیە کە خۆیان لە یەکێتى و پارتى جیاکردۆتەوەو بە عەقڵیەت و نیەتێکى ترەوە و بۆ داخوازییەکى جەماوەرى دەچنە بەغدا، نەک نیەتى بە دەستهێنانى چەند پۆستێک و چەند ملیار دینارێکى مانگانە.

كۆبوونه‌وه‌ی شاسوار عه‌بدولواحید و هادی عامری ـ به‌غدا

جوڵەکانى ئۆپۆزسیۆن لە هەفتەى رابردوودا، بەدیاریکراویش دیدارەکانى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لە بەغدا کە دواهەمینیان دیدارى بوو لەگەڵ مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق و پاش دیدارەکەش رایگەیاند کە دواى جەژن بەغدا کێشەى مووچە چارەسەر دەکات، دوو ماناى گرنگى بەخشى.
یەکەمیان ئەوەیە کە چیدى بە تەنها یەکێتى و پارتى نوێنەرى کورد نین لە بەغدا و ئێستا بەغدا لە دەرەوەى ئەوان مامەڵە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن دەکات و متمانەى پێیەتى و بە چاوێکى جیاوازیش سەیرى دەکات.

كۆبوونه‌وه‌ی شاسوار عه‌بدولواحید و حه‌یده‌ر عه‌بادی ـ به‌غدا

بگرە ئێستا پارتى و یەکێتى نوێنەرێکى لاواز، بێ ئیرادە و تەسلیمبوون، ئێستا ئەوان نوێنەرێکى بێ روئیا و بێ دنیابینین، هەموو ئامانجیان ئەوەیە کە بەغدا بۆیان ببێتە فریادرەس و لەو بێ شکۆییە رزگاریان بکات کە تێى کەوتوون، بۆ ئەوەش ئامادەن هەموو شتێک تەسلیمى بەغداى پایتەختى عێراقى دراوسێ بکەن.
دووەمیشیان، ئەوەى پارتى و یەکێتى لە کوردستان راستەوخۆ لە ڕێگەى میدیا و خەڵکانى خۆیانەوە و ناڕاستەوخۆش لە ڕێگەى خەڵکى ترەوە دەیانویست برەوى پێبدەن و وا لە خەڵک بگەیەنن کە ئۆپۆزسیۆن لاوازە و هیچى پێناکرێت و بە کڕینى چەند پەرلەمانتار و کەسێکى سەر بە ئۆپۆزسیۆن دەیانویست بە تەواوى لاوازى بکەن، پێچەوانەکەیان دەستکەوت.

كۆبوونه‌وه‌ی شاسوار عه‌بدولواحید و خه‌میس خه‌نجه‌ر ـ به‌غدا

ئەوەتا سەرۆکى جوڵانەوەیەکى ئۆپۆزسیۆن لە بەغداوە و پاش دیدارى سەرۆک وەزیران مژدەى ئەوەى بە مووچەخۆراندا کە دواى جەژن بەغدا پارە دەنێرێت، ئەگەر پارتى و یەکێتى بە دەردى 400 ملیارەکەى نەبەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پارتى و یەکێتى ئامادەن هەموو شتێک تەسلیمى بەغدا بکەن لە پێناو ئەو پارە مانگانەیەدا، بەڵام بەغدا وەڵامى پێویستیان ناداتەوە.

كۆبوونه‌وه‌ی شاسوار عه‌بدولواحید و ساڵح موتڵه‌گ ـ به‌غدا

ئێستا دەرکەوت پیادەکردنى ئەو سیاسەتە جیاوازە، سیاسەتى خۆ جیاکردنەوە لە پارتى و یەکێتى، یان لانى کەم خۆ هەڵنەواسین بەواندا و نەکەوتنە ژێر کاریگەرى دروشمە بریقەدار و بێ کردارەکانیان، سیاسەتێکى سەرکەوتووە، چونکە لە ڕابردووشدا دەکرا لایەنى تر لە دەرەوەى پارتى و یەکێتى جوڵەى لەم جۆرەیان بکردایە و خۆیان نەخستایەتە ئەو بەرە درۆینەیەى کە پارتى و یەکێتى بە ناوى کوردایەتیەوە کاسبیان پێوە دەکرد و پۆست و پارەیان لە بەغدا پێ بەدەست دەهێنا.
لە کاتێکدا بەپێى هەموو سەرچاوەکان شاندەکانیان بە ناوى گفتوگۆ لەسەر کێشەکانى هەرێمى کوردستان دەچوونە بەغدا، بەڵام ئەندامێکیان داواى دەکرد کچەکەى لە وەزارەتى دەرەوە بۆ دابمەزرێنن و یەکێکیان داواى دەکرد دۆسیەکانى گەندەڵى فڵانە بەرپرسیان لە دادگا دابخەن و یەکێکى تریش گلەیى ئەوەى دەکرد کە دەبوو لەبرى فڵانەکەس ئەو بە ڕاوێژکار لە ئەنجومەنى وەزیران دابنێن.



دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ