
ده‌زانم ئه‌م نوسینه‌م له‌وانه‌یه به لای زۆرتانهوه سه‌یر بێت، به‌ڵام بۆ من كه له ناخی ئه‌م واقعه‌دا ده‌ژیام نه‌ك هه‌ر سه‌یر نییه، به‌ڵكو راستی و حاشاهه‌ڵنه‌گره.
ئێران ده‌وڵه‌تێكی دراوسێییه و سه‌رده‌مانێكی زۆره بۆته مه‌نفای كورد. كوردانی باشور له زۆر قۆناغ و قه‌یراندا روویان له ئێران كردووه و له‌وێ داڵده‌یان دراوه. بۆیه ئاساییه ئێران كاریگه‌ری له سه‌ر ئێمه هه‌بێت، ئاسایشه ئاشنا بێت به دۆخی ئێمه.
بڕوا ناكه‌م وڵات هه‌بێت به ئه‌ندازه‌ی ئێران ئاشنای سۆسیۆلۆژیای نوخبه‌ی كوردی و دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابوریمان بێت. پاندۆر و كاریگه‌ریه‌كانی ئێران له سه‌ر ئێمه زۆرن. گه‌ر مێژووی ئه‌م كاریگه‌رییانه دوور و درێژ بن، ئه‌وا زیادبوون و هه‌ڵكشانیان بۆ ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه.
یه‌كێك له هۆكاره‌كانی هاتنه‌ژووره‌وه‌ی ئێران به خه‌ستی هه‌م له رووی كولتوری، هه‌م له روی دونیابینی، له ڕێگه‌ی ئه‌و خێزانه كوردانهوهبوون كه له دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلول چوبوونه ئێران. ئه‌م خێزانه كوردانه له‌گه‌ڵ هاتنه‌وه‌یان له ساڵانی ١٩٩٠كان هونه‌ر، كو‌لتور و زمان، جلوبه‌رگ و پۆشاك، دونیابینی، مۆدی ژیانی ئێرانیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێنایه كوردستانی باشور. له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان شاری سۆران، ناحیه‌ی مه‌سیف سه‌ڵاحه‌دین، چه‌نده‌ها شار و شارۆچكه‌ی دهۆك باشترین تاقیگه‌ی ئه‌م به لێشاوهاتنه ژووره‌وه‌ی كولتوری ئێران بوو بۆ باشور.
یه‌كێك له هۆكاره‌كانی هاتنه‌ژووره‌وه‌ی ئێران به خه‌ستی له ڕێگه‌ی ئه‌و خێزانه كوردانه‌وه بوو له دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلول چوبوونه ئێران
زۆرێك له هاوڕێكانم له نه‌وه‌ده‌كان له‌وانه‌بوون كه له ئێران ژیابوون. جگه له سه‌ر سه‌رسامیه‌كی زۆر بۆ كو‌لتور و هونه‌ری ئێران، زمانی فارسی زمانی رۆژانه‌یان بوو. ئه‌ده‌ب، هونه‌ر و دۆخی ئێران به‌شێكبوو له گفتوگۆكانیان. خواردنی ئێرانی خواردنیان بوو. ناوه‌و و دیكۆری ماڵه‌كانیان ئێڕانی بوو.
له ناو ئه‌و پاسانه‌ی رۆژانه پێیدههاتین بۆ هه‌ولێر، زیاد له چه‌نده‌ها جار شه‌ڕ و چه‌قه‌چه‌ق دروست ده‌بوو له سه‌ر دانانی گۆرانی. هاوڕێیانم كه له ئێران ژیابوون و به ئێرانیه‌كان بانگدهكران عاشقی موعین بوون، مهسیفیهكانش عاشقی كازم ساهیر و زهكریا بوون.
بۆ من، هێنانی كولتوری ئێران و دروستكردنی ئێرانێكی بچكوله له ڕێگه‌ی ئه‌م خێزانانه‌وه بوون و ئه‌مان به شێوه‌یه‌كی نائاگایانه بره‌ویان به ئێران و دونیای ئێران له باشوردا.