ئاراس مهسیفى
من تێبینی زۆرم لەسەر شێوازی خەبات و کاری پەکەکەدا هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی دەڕپەڕاندنیان لە شاخەکانی هەرێمی کوردستان بە بیانوی ئەوەی کاری ئەوان باکوری کوردستانە، کارێکی ستراتیژی هەڵەیە، چونکە تا پرسی کورد لە تورکیا بە کراوەیی مابێت، دەوڵەتی تورکیا بونی کورد لە تورکیا و دەوڵەتانی دەوروبەر نەسەلمێنێت، دەبێت پەکەکەش بونی هەبێت. بونی پەکەکە بۆ کوردانی باکور و رۆژئاوا، وەکو بونی ئاوە بۆ ماسی.
ئەو شەڕفرۆشییەی مەسرور بارزانی بە هێزەکانی پەکەکە بۆ رازیکردنی دەوڵەتی تورکیا، نەک تەنها بێ هێزکردنی پایەیەکی سەرەکی پرسی کوردە لە ناوچەکەدا، بەڵکو یاریکردنێکی ترسناکە بە داهاتوی هەرێمی کوردستان و پارتی.
کەتنێکی تری ستراتێژی هاوشێوەی داخستنی پەرڵەمان و ریفراندۆمە، کە زیانەکانیان بۆ خودی پارتی لە هەمو هێزەکان زیاتر دەبێت.
ئەگەر کەسێک لەناو پارتی سەرکێشیەکانی مەسرور رانەگرێت، لەوانەیە ئەو جارە شتێک نەمێنێت بە ناوی پارتی، چونکە شەڕ کردن لەگەڵ پەکەکە، واتە شەڕکردن لەگەڵ شاخەکانی کوردستان، کە قوڵایی رەگەکانیان تا ئامەد و ئورفا و عەفرین درێژ دەبێتەوە، لە کاتێکدا پایەکانی دەسەڵاتی پارتی لە هەرێمی کوردستان لە سایەی مەسرور بارزانی رۆژ بە رۆژ رو لە لاوازی دەکەن.
ئهگهر پارتی شهڕ لهگهڵ پهكهكه بهرپا بكات دهبێته كهتنێكی ستراتیژیی تر هاوشێوهی ڕیفراندۆم
شاراوە نییە، کە پارتی بە تەنیا نە شەڕی پەکەکە، نە شەڕی هيچ هێزێکی تری ناوچەکەی پێ ناکرێت و هەر لەبەر ئەمەش شەڕی ئەم جارەی، خوانەخواستە ئەگەر ببێت، لەسەر داوای تورکیایە و دەبێت پارتی داوای پشتیوانی لە تورکیا بکات، بەڵام نە تورکیا، تورکیای جارانە، نە عێراقيش، عێراقی سەردەمی سەددامە.
ئەگەر عێراق و هاوپەیمانان توانیان رێگە لە هاتنە ناوەوەی تورکیا بگرن، ئەوە واتا مانەوەی پارتی بە تەنیا لە شەڕەکە، کە دەبێتە ئامانجێکی ئاسان بۆ پەکەکە و هێزەکانی تری دژە پارتی.
ئەگەر حکومەتی عێراقیش نەیتوانی رێگە لە هاتنی تورکیا بگرێت، ئەوا ئەو ناوچەیەی ژێر دەسەڵاتی پارتی وەکو عەفرین و سەرێکانی بەسەر دێت. ئەوکات شتێک بە ناوی هەرێمی کوردستان بونی نامێنێت و پارتیش وەکو هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریایی سەر بە تورکیا دەبێت رۆڵەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت بۆ لیبیا و ئازەربایجان بۆ رازی کردنی دڵی ئەردۆغان و تورکیا.